رووماڵی کەناڵ8

فراوانبوونی جەنگەکە؛ هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێی ئێران لە گەرمەی جەنگێکی ئاسۆ نادیاردا

بازنەی جەنگی نێوان ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێران، جگە لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پریشکی گەیشتوەتە دەریای سپیی ناوەڕاست و قوقاز و سریلانکا.  جگە لە ئیسرائیل، ئێران هێرشی کردووەتە سەر 11 وڵات و سەرچاوەکانی وزە و ڕێڕەوە بازرگانییە جیهانییەکانی وەک گەرووی هورمز و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کردووەتە ئامانج. هێرشەکانی ئێران تاوەکو ئێستا وڵاتانی کوەیت، بەحرەین، قەتەڕ، ئیمارات، سعودیە، ئوردن، عێراق (هەرێمی کوردستان)، عومان، تورکیا، قوبرس و نەخجەوانی ئازەربایجانی گرتووەتەوە.

ئۆپەراسیۆنەکانی نەڕەی شێر و توڕەیی داستانخوڵقێن

 ئیسرائیل و ئەمریکاش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەڕەی شێر و توڕەیی داستانخوڵقێن، بە چڕی بەردەوامن لەسەر هێرشەکانیان بۆ سەر ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران. ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر"ی ئیسرائیل و ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی داستانخوڵقێن"ی  ئەمریکا، کە سەرلەبەیانیی 28ـی 2ـی 2026ـی بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەندین بەرپرسی سەربازی و ئەمنی کوژران. بەگوتەی دۆناڵد ترەمپ، عەلی خامنەیی لە کاتی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێراندا کراوەتەوە ئامانج و بەو هۆیەوە زیاتر لە 48 بەرپرسی سەربازی و ئەمنیی ئیران کوژراون. میدیاکانیش باس لەوە دەکەن، ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە 30 مووشەک و بۆمبی تایبەتی تێکشکاندنی سەنگەر و بڕینی کۆنکرێتیان بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی بەکارهێناوە.

دەستەی سەرکردایەتیکردنی ئێران و داوای چەکدانان

لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، لە ئێران حەوت ڕۆژ پشوو و 40 ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاندرا و بەگوێرەی دەستووری ئێران، دەستەیەکی کاتیی سێ کەسی بۆ سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردنی ئێران دروستکرا، کە پێکهاتوون لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، غولام موحسین موحسینی ئێژەی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد و ئایەتوڵای عەلیڕەزا ئەعرافی ئەندامی ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوور. ترەمپ لەبارەی داهاتووی ئێرانەوە دەڵێت، سێ بەربژێری باشی بۆ بەڕێوەبردنی ئێران هەیە و داواشی لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران کردووە، کە چەکەکانیان دابنین.

هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێی ئێران

هاوکات لەگەڵ ئەوەی بە گەرمی شەڕ و بۆردومان و هێرشی درۆنی و مووشەکی بەردەوامیی هەیە، دوێنێ شەو (8ـی 3ـی 2026) ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری  ئێران بڵاویکردەوە، کە موجتەبا خامنەیی، کوڕیی عەلی خامنەییان بە زۆرینەی دەنگ هەڵبژاردووە بۆ ڕێبەری ئێران. بەوەش موجتەبای تەمەن 56 ساڵ دەبێتە سێیەم ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1979ەوە. هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی ژمارەیەک کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، لەگەڵ هەڵبژاردنی موجتەبادا نین. دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند، بە هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێی ئێران دڵخۆش نییە. هاوکات لە لێدوانێکی دیکەدا بۆ ڕۆژنامەی "زە تایمز ئۆف ئیسرائیل" لەبارەی هەمان پرس، بە کورتی گوتی: "با بزانین چی ڕوودەدات".

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

نوورى مالیکى پیرۆزبایی لە موجتەبا خامنەیی دەکات

هاوکات نوورى مالیکى، ئەمیندارى گشتیی حیزبى دەعوەى ئیسلامى، پیرۆزبایی لە موجتەبا خامنەیی کرد بەبۆنەى هەڵبژاردنى بە ڕابەرى باڵاى ئێران.

نامەیەکی بۆ موجتەبا ناردووە

نوورى مالیکى نامەیەکى بۆ موجتەبا خامنەیی ناردووە بەبۆنەى هەڵبژاردنى وەکو ڕابەرى نوێ و پیرۆزبایی لە گەلى ئێران و ناوبراو کردووە بەبۆنەى بەدەستهێنانى متمانەى گەل لە ڕێگەى ئەنجوومەنى شارەزایانەوە.

ستایشی ئازایەتی گەلی ئێران

مالیکى ڕایگەیاندووە، ئەم دیاریکردنە بەڵگەی متمانەیەیەکى بەرزە بە زانست و توانا و لێهاتوویی لە ڕابەرایەتیکردنى نەتەوە لەم قۆناغە هەستیارەدا، دەشڵێت "گەلى ئێران جارێکى دیکە توانا و ئازایەتیی خۆى سەلماند بۆ هەڵگرتنى نەهامەتى و زەحمەتییەکان و دەستپێشخەرى بە پەلەى کرد بۆ پڕکردنەوەى بۆشایی ڕێبەرى کە دواى خامنەیی و سەرکردەکانى دیکە دروستبوو".

مالیکى، لە پەیامەکەیدا ئاماژەى بەوەکردووە، دۆخى سەخت و خەم و ئازارەکان، گەلى ئێرانى لە پاراستنى "ڕێبازى" کۆمارى ئیسلامیی ئێران و بەردەوامیدان بەهێزى جەماوەر لە ڕووبەڕووبوونەوەى دوژمن سەرقاڵنەکرد.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

ژمارەی کوژراوانی لوبنان گەیشتە 486 کەس

بەگوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ژمارەی کوژراوانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ 486 کەس بەرزبووەتەوە.

ژمارەی بریندارەکان

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە ڕاگەیێنراوێکدا گوتیشى "هەزار و 300 کەسیش برینداربوون".

هێرشەکان بەردەوامن

ئەمەش لەکاتێکدایە هێرش و بۆردوومانەکانى سەر باشووری بەیرووت بەردەوامن و گوتەبێژى سوپاى ئیسرائیل ڕایگەیاند، 35 باڵەخانەى نیشتەجێبوونیان کردووەتە ئامانج.

حیزبوڵاش بەردەوامە لە هێرش بۆسەر ئیسرائیل

لە بەرامبەردا حیزبوڵاش بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی ئیسرائیل و بۆردوومانکردنی مووشەکیی بنکەیەکی ئیسرائیلیان لە نزیک تەلئەڤیڤ ڕاگەیاند.

بەگوتەی حیزبوڵا، بنکەی سەربازیی 'رەملە'یان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تەلئەڤیڤ بە مووشەک بەئامانج گرتووە، گوتیشى "ئەمەش لە وەڵامی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلدا هاتووە بۆ سەر دەیان شار و شارۆچکەی لوبنان".

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

ترەمپ: جەنگی ئێران لە کۆتایی نزیکە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە جەنگی وڵاتەکەی و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند، جەنگی ئێران لە کۆتایی نزیکە.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

سوودانى پیرۆزبایی لە موجتەبا خامنەیی دەکات

هەروەها محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، پیرۆزبایی لە موجتەبا خامنەیی دەکات، بەبۆنەى هەڵبژاردنى بە ڕابەرى ئێران، متمانەى خۆى بە تواناى سەرکردایەتیی نوێى ئێران دەربڕى بۆ بەڕێوەبردنى ئەم قۆناغە هەستیارە.

متمانە بە سەرکردایەتی نوێی ئێران

سوودانى لە پەیامێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس، جارێکى دیکە سەرەخۆشى خۆى بۆ کوشتنى عەلى خامنەیی و ئەندامانى خێزانەکەى و کوژراوانى دیکەى ئێران دووبارە کردووەتەوە، متمانەى خۆى بە تواناى سەرکردایەتیی نوێى ئێران دووپاتکردووەتەوە بۆ بەڕێوەبردنى ئەم قۆناغە هەستیارە و هەنگاونان بۆ بەهێزکردنى یەکێتى گەلى ئێرانى لە بەرەنگاربوونەوەى ئاڵنگارییەکانى ئێستا.

وەستان لە پاڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا

سەرۆکوەزیرانى عێراق، جەختیکردووەتەوە لە هاوسۆزى و وەستان لە پاڵ کۆمارى ئیسلامیی ئێران و پشتیوانیکردنى هەموو هەنگاوەکان بۆ ڕاگرتنى ململانێکە و ڕەتکردنەوەى ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر سەروەرییەکەى، بەجۆرێک سەقامگیریی تەواوى وڵاتانى ناوچەکە و ئاسایش و ئارامى گەلەکانیان بپارێزێت.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

شاخەوان عەبدوڵا: لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە لەم جەنگەدا لایەندار بێت

شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانید ڕایگەیاند، لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە لەم جەنگەدا لایەندار بێت.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
ڕێبوار حەمەوەیس

سەرۆکى لوبنان دەستپێشخەریى دانوستانى ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل دەکات

جۆزیف عەون، سەرۆکى لوبنان، پێشنیازى دانوستانى ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئسرائیل دەکات بۆ ڕاگرتنى شەڕ.

هانای بۆ جیهان بردووە

جۆزیف عەون، لەوتەیەکدا بۆ ئەنجوومەنى ئەورووپى، داواى لە جیهان کرد، هاوکاریان بێت لە پێناو جێبەجێکردنى دەستپێشخەرییە نوێیەکە لەپێناو بەدیهێنانى ئاگربەست و ڕاگرتنى هەموو دەستدرێژییەکانى ئیسرائیل.

دەستبەسەراگرتنی ناوچەی گرژییەکان

گوتیشى، دەستپێشخەرییەکە، نوێیەکە بریتییە لە کۆنترۆڵى تەواوەتى و دەستبەجێى هێزە چەکدارەکان بەسەر تەواوى ئەو ناوچانەى بەمدواییانە گرژییان تێدا دروستبووە، لەگەڵ دەستبەسەراگرتنى هەموو چەکەکان لەو ناوچانە.

دانوستانی ڕاستەوخۆ

ڕاشیگەیاندووە، دەستپێشخەرییە نوێیەکە دەستپێکردنى دانوستانى ڕاستەوخۆ بە چاودێریی نێودەوڵەتى لە خۆدەگرێت، هاوکاتیش حیزبوڵا لە چەک دابماڵرێت.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
بەهزاد ئەحمەد

ڕوبیۆ: ئێران هەوڵدەدات جیهان بە بارمتە بگرێت

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا،ئێران تۆمەتباردەکات بە هەوڵدان بۆ بە بارمتەگرتنی جیهان، لە ڕێگەی هەڵدانی مووشەک و درۆنەوە بۆسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

مەترسی ئێران

ڕوبیۆ دەڵێت: "ڕژێمی ئێران مەترسییە بۆسەر ناوچەکە و جیهان".

هێرش بۆسەر هاوسێکان

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوان هێرش دەکەنە سەر وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و ژێرخانی وزە و دانیشتوونی سڤیل و باڵیۆزخانەکان".

ئامانج لە ئۆپراسیۆنەکان

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەشکردەوە، ئامانج لە ئۆپراسیۆنەکەیان لەناوبردنی توانای ئێرانە و ئەوان لەسەر ڕێگە درووستەکەن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.

"دانیشتوانی سڤیل بە ئامانج دەگرن"

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند "هەموومان ئەو مەترسییە دەبینین کە ئەم ڕژێمە بۆسەر ناوچەکە و جیهان دروستی کردووە. ئەوان هەوڵدەدەن جیهان بە بارمتەبگرن. هێرش دەکەنە سەر دراوسێکانیان، هێرش دەکەنە سەر وڵاتانی ناوچەکە و ژێرخانی وزە و دانیشتووانی سڤیل بەئامانج دەگرن، هێرش دەکەنە سەر باڵیۆزخانەکان. ئەمە حکومەتێکی تیرۆریستییە؛ ڕژێمێکی تیرۆریستییە. دەبینین کە بە بەکارهێنانی مووشەک و درۆنی یەک ئاڕاستە، تیرۆر ئەنجام دەدەن. ئامانج لە ئۆپراسیۆنەکانمان لەناوبردنی توانای ئەم ڕژێمەیە و ئێمەش لەسەر ڕێگە درووستەکەین بۆ گەیشتن بەو ئامانجە".

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
بەهزاد ئەحمەد

ڕوبیۆ: ئێران هەوڵدەدات جیهان بە بارمتە بگرێت

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا،ئێران تۆمەتباردەکات بە هەوڵدان بۆ بە بارمتەگرتنی جیهان، لە ڕێگەی هەڵدانی مووشەک و درۆنەوە بۆسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

مەترسی ئێران

ڕوبیۆ دەڵێت: "ڕژێمی ئێران مەترسییە بۆسەر ناوچەکە و جیهان".

هێرش بۆسەر هاوسێکان

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوان هێرش دەکەنە سەر وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و ژێرخانی وزە و دانیشتوونی سڤیل و باڵیۆزخانەکان".

ئامانج لە ئۆپراسیۆنەکان

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەشکردەوە، ئامانج لە ئۆپراسیۆنەکەیان لەناوبردنی توانای ئێرانە و ئەوان لەسەر ڕێگە درووستەکەن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.

"دانیشتوانی سڤیل بە ئامانج دەگرن"

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند "هەموومان ئەو مەترسییە دەبینین کە ئەم ڕژێمە بۆسەر ناوچەکە و جیهان دروستی کردووە. ئەوان هەوڵدەدەن جیهان بە بارمتەبگرن. هێرش دەکەنە سەر دراوسێکانیان، هێرش دەکەنە سەر وڵاتانی ناوچەکە و ژێرخانی وزە و دانیشتووانی سڤیل بەئامانج دەگرن، هێرش دەکەنە سەر باڵیۆزخانەکان. ئەمە حکومەتێکی تیرۆریستییە؛ ڕژێمێکی تیرۆریستییە. دەبینین کە بە بەکارهێنانی مووشەک و درۆنی یەک ئاڕاستە، تیرۆر ئەنجام دەدەن. ئامانج لە ئۆپراسیۆنەکانمان لەناوبردنی توانای ئەم ڕژێمەیە و ئێمەش لەسەر ڕێگە درووستەکەین بۆ گەیشتن بەو ئامانجە".

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

ماکرۆن: هێرش بۆ سەر قوبرس هێرشە بۆ سەر هەموو ئەورووپا

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا ڕایگەیاند: "هێرش بۆ سەر قوبرس هێرشە بۆ سەر هەموو ئەورووپا".

بەرگریکردن لە قوبرس

ماکرۆن سەردانێکی هاوبەشی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی یۆنان، بۆ دوورگەی دەریای ناوەڕاست لە قوبرس ئەنجامدا، کە لەسەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا – ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بە درۆن بە ئامانجگیرا، سەرۆکی فەڕەنسا لەوێوە جەختی لەوە کردەوە کە بەرگریکردن لە قوبرس کاری لەپێشینە دەبێت بۆ فەڕەنسا و یەکێتیی ئەورووپا.

جەنگی ئێران کاریگەریی لەسەر تەواوی ناوچەکە هەیە

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لەو بارەیەوە گوتی " بارودۆخی قەیراناویی ئێران، دۆخی جەنگ لە ئێران، کاریگەریی لەسەر تەواوی ناوچەکە هەیە، هاتنمان بۆ ئێرە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی یۆنان، بۆ ئەوەیە پێتان بڵێین: هێرش بۆ سەر قوبرس هێرشە بۆ سەر هەموو ئەورووپا، بێگومان بەرگریکردن لە قوبرس کاری لەپێشینەیە بۆ وڵاتەکەتان، یۆنانی دراوسێ و هاوبەش و دۆستەکانتان، بە تایبەتیش بۆ فەڕەنسا و یەکێتیی ئەورووپا".

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

ئەردۆغان: هۆشداری پێویست بە ئێران دراوە لە هەڵەکردن بەردەوام نەبێت

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دەربارەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بە ئاراستەی تورکیا ڕایگەیاند، هۆشداریی پێویست بە ئێرران دراوە لە هەڵەکردن بەردەوام نەبێت.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

پزیشکیان: هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەلە

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە دوای هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی، رەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی ئێرانە.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

سەرۆکی لوبنان: داوای گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل دەکەم

جۆزیف عەون سەرۆکی لوبنان سەرۆکی لوبنان، داوای گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل دەکات، بە چاودێری کۆمەڵی نێودەوڵەتی، لە پێناو وەستاندنی جەنگدا.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
بەهزاد ئەحمەد

سوودانی و سانچێز پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێکرد

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ پێدرۆ سانچێز، هاوتا ئیسپانییەکەی ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، کاریگەرییەکانی جەنگەکە تەنیا لە وڵاتانی ناوچەکەدا نامێنێتەوە.

داوای کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تیشک خراوەتە سەر دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و کاردانەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لەسەر ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی، هەردوولا ڕێککەوتوون پێکەوە کاربکەن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی کاردانەوەکانی جەنگ و سنووردارکردنی فراوانبوونی ململانێکان.

هۆشدارییەکانی عێراق لەسەر دۆخی ناوچەکە

سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی کردووەتەوە، عێراق بە بەردەوامیی هۆشداریی داوە لە مەترسییەکانی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا، جەختی لەوەش کردووەتەوە، کاریگەرییەکانی جەنگەکە تەنیا لە وڵاتانی ناوچەکەدا نامێنێتەوە، بەڵکو بۆ ئەورووپاش درێژدەبێتەوە و مەترسیی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست دەکات.

جەختکردنەوە لە هەوڵی هەمەلایەنە

لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا جەختی لە گرنگی هەوڵی هەمەلایەنە کردووەتەوە، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و ئاشتییانەی ناکۆکییەکان، هاوکات ستایشی هەڵوێست و هەوڵەکانی عێراقی لەو بارەیەوە کردووە.

هەماهەنگی یەکخستنی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

هەردوولا جەختیان لە پێویستی بەهێزکردنی هەماهەنگی و یەکخستنی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی کردووەتەوە بۆ وەستانی دەستبەجێی جەنگ و کەمکردنەوەی دەرئەنجامەکانی، جەختیان لە دیالۆگی بونیادنەرانە و ڕێکاری گونجاو کردووەتەوە، بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ململانێکان و پاراستنی سەقامگیری هەرێمی و نێودەوڵەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە مرۆیی و ئابوورییەکان، بە شێوەیەک ئاشتی و ئاسایشی جیهان بپارێزێت.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
عەدنان ئەحمەد

تورکیا دووەمین مووشەکی ئێرانی خستەخوارەوە

تورکیا مووشەکێکی دیکەی ئێرانی خستەخوارەوە و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەش هۆشداری توندتر بە ئێران دەدات.

سیستمی ناتۆ خستوویەتە خوارەوە

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆی دووشەممە، مووشەکێک کە لە ئێرانەوە هەڵدرابوو، گەیشتووەتە کایەی ئاسمانیی وڵاتەکەیان و لەلایەن سیستمی بەرگریی ناتۆ، کە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێگیرکراوە، خراوەتەخوارەوە.

پاشماوەی مووشەکە لە زەوییەکی کشتوکاڵی کەوتووەتەوە

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، پاشماوەی مووشەکەکە لە زەوییەکی کشتوکاڵی سنووری پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان کەوتووەتەخوارەوە.

زیانی گیانی نەبووە

بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، پاشماوەی مووشەکەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و هاوکات هۆشداری بە ئێران دەدات و دەڵێت، هەنگاوی پێویست دژی هەر مەترسییەک دەگرنە بەر، هەربۆیە گوێدان بە هۆشدارییەکانی ئەنقەرە، لە سوودی هەموو لایەک دەبێت.

چواری ئەم مانگەش، سیستمی بەرگریی ناتۆ لە هەمان شوێنەوە، مووشەکێکی خستەخوارەوە کە لە ئێرانەوە هەڵدرابوو.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
شۆڕش محەمەد

بارەگایەکی حەشدى شەعبى لە نزیک موسڵ بۆردوومانکرا

بارەگایەکی حەشدى شەعبى لە نزیک شارى موسڵ بۆردوومانکرا و هێشتا زیانەکانى ئاشکرا نەکراوە.

بە دووری 15 کیلۆمەتر لە موسڵ

دوو بەرپرسى سەربازیی حەشدى شەعبى ئاشکرایانکردووە "بارەگایەکی هێزەکانی دەستەى حەشدى شەعبى بە دووریى 15 کیلۆمەتر لە شارى موسڵ بۆردوومانکراوە".

بەگوتەى سەرچاوەکە "بۆردوومانەکە لەلایەن فڕۆکەیەکى ئەمریکییەوە ئەنجامدراوە و بارەگاکەی حەشدیش لە ناوچەى بەرتلە بووە".

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
رۆزا حیسام

ئەمريکا داوا لە ستافە ناپێويستەکانی دەکات کونسوڵخانەی ئەدەنە لە تورکيا بەجێبهێڵن

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، واشنتن ئامۆژگاریی کارمەندە ناپێویستەکانی کردووە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە نزیک شاری ئەدەنە لە باشووری تورکیا بەجێبهێڵن، کە نزیکە لە بنکەیەکی سەرەکیی ناتۆ.

چەند بنکەیەکی ئەمریکا لە تورکیان

تاوەکو ئێستا تورکيا يەکێک بووە لەو دراوسێيانەی ئێران کە تاوەکو ڕادەيەک ڕزگاری بووە لە هێرشەکان، سەرەڕای ئەوەی سەربازانی ئەمریکا لە چەند بنکەیەکی ئەو وڵاتە جێگیرن.

بنکەی ئاسمانیی ئینچەرلیک

یەکێکیان بنکەی ئاسمانیی ئینچەرلیکە، کە دامەزراوەیەکی گرنگی ناتۆیە و دەیان ساڵە لەلایەن سەربازانی ئەمریکاوە بەکاردەهێنرێت کە تەنيا 10 کیلۆمەتر لە شاری ئەدەنە دوورە.

هۆشدار وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

باڵیۆزخانەکە لە پۆستێکيدا لە تۆڕی کۆمەڵايەتیی ئێکس نووسيويەتی "وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا فەرمانی بە فەرمانبەرانی حکومەتی ئەمریکا و ئەندامانی خێزانەکانيان کردووە کە کونسوڵخانەی گشتی ئەدەنە بەجێبهێڵن بەهۆی مەترسییەکانەوە".

ئاماژەی بە هۆشداری گەشتکردن کردووە و دەڵێت: "ئەمریکییەکان هاندەدرێن ئێستا باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا بەجێبهێڵن".

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
شۆڕش محەمەد

قاسم ئەعرەجى: پابەندین بە ڕێککەوتنە ئەمنییەکەمان لەگەڵ ئێران

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەڵێت "لەبارەى حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئێرانەوە پابەندین بە ڕێککەوتنە ئەمنییەکەمان لەگەڵ ئێران".

ڕێککەوتنی تایبەت بە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئیران

قاسم ئەعرەجى، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لەگەڵ کلیمینس زیمتنر، باڵیۆزى یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق کۆبووەوە و باسى لە ڕێککەوتنە ئەمنییەکەى عێراق و ئێرانى کرد تایبەت بە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئێران.

هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان

لە کۆبوونەوەکەدا ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ئاماژەى بەوە کرد "حکومەتى عێراق بە هەماهەنگى لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان کاردەکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر چالاکییەکى حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئێران".

دەستوور و بەکارهێنانی خاکی عێراق

جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە "دەستوورى عێراق بەکارهێنانى خاکى عێراقى بۆ هەر چالاکییەکى دوژمنکارانە بۆ سەر وڵاتانى دیکە، قەدەغە کردووە".

ڕێگریکردن لە فراوانکردنی جەنگە

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕوونیشى کردەوە کە ناوچەکە لە دۆخێکى ناسەقامگیریدا دەژى بەهۆى ئەو جەنگەى لەئارادایە و حکومەتى عێراق بەرپرسیارێتى پاراستنى نێردە دیپلۆماسییەکان ئەوانەى لە عێراق کار دەکەن دەگرێتە ئەستۆ و لە ڕووى دیپلۆماسییەوە لەگەڵ وڵاتانى دیکە کار دەکات لە پێناوى ڕاگرتنى جەنگەکە و ڕێگریکردن لە بەرفراوانبوون و تەشەنەکردنى جەنگەکە.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

قوباد تاڵەبانی: کار بۆ فرەسەرچاوەکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا دەکەین

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بە مەبەستی بەدوداچوون بۆ کێشەکانی کارەبا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بەسەر کردەوە و ڕایگەیاند، کار بۆ فرەسەرچاوەکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی سیستمی سۆلار، بەرهەمی کارۆئاوی دەکەن و باسیش لە گرنگیی دانانی پێوەری زیرەک بۆ دۆزینەوەی کێشەکان و چارەسەرکردنیان کرا.

فرەسەرچاوەکردنی کارەبا

قوباد تاڵەبانی لەبارەی دۆخی کارەبا لە سەردەم جەنگدا گوتی، هەرچەندە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بە شێوەیەکی کاتی کەمبووەتەوە و دۆخی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت کار بۆ فرەسەرچاوەکردنی بەرهەمهێنان بکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە دۆخێکی نەخوازراوی هاوشێوەدا هاوڵاتییان تووشی کێشەی بێ کارەبایی نەبنەوە.

پەرەدان بە سیستمی سۆلار

لەو چوارچێوەیەدا باس لە پلانی چۆنییەتی پەرەپێدانی سیستەمی سۆلار کرا، کە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت هەنگاوی زۆر گەورەیان ناوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئاستی بەرهەمهێنان لە ڕێگەی سیستەمی سۆلارەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و جگە لەوەش خواستی هاوڵاتی بۆ بەکارهێنانی سیستمی سۆلار بەرزبووەتەوە.

بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ کارەبای کارۆئاوی

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پلانی نۆژەنکردنەوەی سیستەمی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەنداوەکان کرا و بەپێی ئەم پلانە لەڕێی بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیاوە ئاستی بەرهەمهێنانی کارۆئاوی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی پشتیوانی خۆی بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە دەربڕی.

کاریگەریی دانانی پێوەری زیرەک

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دوا قۆناغەکانی پڕۆژەی ڕووناکی و  پەرەپێدان بە سیستمی پێوەری زیرەک کرا. بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا، دانانی پێوەری زیرەک لە ساڵانی ڕابردوودا کاریگەری گەورەی هەبووە هەم لە کەمکردنەوەی ئاستی بەکارهێنانی کارەبا لەلایەن هاوڵاتییانەوە و هەم بەهۆی کۆکردنەوەی داتای ورد و زانستی  لە ڕێگەی سیستەمەکەوە توانراوە سەرچاوەی کێشەکان بدۆزرێنەوە و بەشێکی بەرچاوی کێشەکانیش چارەسەر بکرێن.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
رۆزا حیسام

پوتن پشتيوانیی خۆی بۆ ڕابەری نوێی ئێران دەربڕی

سەرۆکی ڕووسیا پشتیوانیی بەهێزی وڵاتەکەی بۆ موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە مۆسکۆ لە هاوبەشییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ تاران بەردەوام دەبێت.

پەیامی پشتیوانی و هاودەنگی

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، لە پەیامێکی فەرمیدا بۆ موجتەبا خامنەیی، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ تاران و هاودەنگیی لەگەڵ "دۆستە ئێرانییەکان" دووپاتکردەوە. پوتن ئاماژەی بەوە کرد کە ڕووسیا هەمیشە هاوبەشێکی متمانەپێکراو بووە بۆ ئێران و لە داهاتووشدا بەو شێوەیە دەمێنێتەوە.

ئایندەی دەسەڵات لە ئێران

سەرۆکی ڕووسیا لە پەیامەکەیدا بۆ موجتەبا خامنەیی ڕایگەیاند: "دڵنیام بە شەرەفەوە درێژە بە کارەکانی باوکتان دەدەن." پوتن متمانەی خۆی نیشاندا کە ڕێبەرە نوێیەکە دەتوانێت گەلی ئێران لە بەرامبەر ئەو تاقیکردنەوە سەختانەی ئێستا ڕووبەڕووی وڵاتەکە بووەتەوە، یەکبخات.

دیاریکردنی ڕێبەری نوێ

ئەم پشتیوانییەی پوتن دوای ئەوە دێت کە ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی ئێران، بە شێوەیەکی فەرمی موجتەبا خامنەیی، کوڕی دووەمی عەلی خامنەیی، وەک سێیەمین ڕێبەری باڵای وڵاتەکە دەستنیشان کرد. ئەم گۆڕانکارییە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی دێت و ئەنجوومەنەکە داوای لە تەواوی گەلی ئێران کردووە بەیعەت بە ڕێبەرە نوێیەکە بدەن.

هاوبەشیی ستراتیژیی مۆسکۆ و تاران

ڕووسیا لەم قۆناغە هەستیارەدا جەخت لەسەر پاراستنی پەیوەندییە سەربازی و سیاسییەکانی لەگەڵ ئێران دەکاتەوە. پەیامەکەی پوتن نیشانەی ئەوەیە کە گۆڕانکاریی لە هەڕەمی دەسەڵاتی تاران کاریگەریی لەسەر هاوپەیمانێتیی نێوان هەردوو وڵات نابێت و مۆسکۆ وەک پاڵپشتێکی سەرەکیی ڕێبەرە نوێیەکە دەمێنێتەوە.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

ئەمڕۆ ئێران بەیعەت بە موجتەبا خامنەیی دەدات

بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، وەکو رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە تاران و شارەکانی دیکە رێوڕەسمی جەماوەری بۆ بەیعەتدان بە ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی بەڕێوەبچێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە سوپای پاسداران بە فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ رێبەرایەتییەکەی راگەیاند.

کات و شوێنی رێوڕەسمەکە

بەپێی گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی راگەیاندنی ئیسلامی لە تاران، رێوڕەسمی سوێندخواردن و بەیعەتپێدانی خەڵک بۆ ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، کاتژمێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کاتی تاران لە مەیدانی ئینقلاب دەستپێدەکات.

بانگەواز بۆ بەشداریکردنی خەڵک

ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی راگەیاندنی ئیسلامیی ئێران، بانگەوازی بۆ هاووڵاتییان کردووە کە ئەمڕۆ لە تاران و تەواوی شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بێنە دەرەوە و کۆببنەوە، بۆ ئەوەی بە فەرمی "بەیعەت" بە رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی بدەن.

پشتیوانیی رەهای سوپای پاسداران

بەڕێوەچوونی ئەم رێوڕەسمە جەماوەرییە لە کاتێکدایە، دوێنێ سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمی هەڵوێستی خۆی راگەیاند و پشتیوانیی رەهای بۆ هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی دووپات کردەوە. سوپا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە بەتەواوی ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی رێبەری نوێ.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
سامیا حەسەن

هێرشی چڕ کرایە سەر پارێزگای ئەسفەهانی ئێران و زیاتر لە 7 شوێن بۆردومانکراوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە چەندین شوێنەوە هێرشی سەربازی کرایە سەر زیاتر لە حەوت ناوچەى جیاواز لە پارێزگای ئەسفەهانی ئێران.

شوێنی سەربازی و حکومی کراونەتە ئامانج

بە گوێرەی میدیاکانی ئێران ئەو شوێنانەی بەر ئامانجی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەوتوون چەندین شوێنی سەربازی و دامەزراوەی حکومی بوون کە یەکێکیان زانکۆی ئەمیرلموئمنینی سەر بە سوپای پاسداران بووە.

ناوچە بە ئامانجگیراوەکان

میدیای ئێرانی بڵاویکردووەتەوە، لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شارەکانی دەوڵەت ئاباد، مەلەک شەهر، کاوە، شاهین شەهر، محمود ئاباد و نجف ئاباد و چەند شارێکی دیک بە ئامانج گیراوە.

زۆرترین هێرش بۆ سەر ئەسفەهان

پارێزگای ئەسفەهان یەکێکە لەو پارێزگایانەی ئێران زۆرترین جار بەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کەوتووە و ڕۆژانەش هێرشی سەربازی دەکرێتە سەر، بۆیە تاوەکو ئێستا ئامارێکی دروست لە بارەی ژمارەی کوژراوان و زەرەروو زیانە داراییەکانی پارێزگاکە بەهۆی هێرشەکانەوە نەزانراوە.

زیاتر لە هەزار کوژراو

بە گوێرەی تەندروستی ئێرانیش تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە هەزار کەس لە سەرتاسەری وڵاتەکە کوژراوە ئەوە جگە لە برینداربوونی هەزارانی دیکە.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کیژان مەحمود

سعودیە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر وڵاتانی کەنداو دەکات؛ "نابێت ڕەوایی بە هێرشەکان بدرێت"

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا سەرکۆنەی هێرشەکانی و دەستدرێژییەکانی ئێران بۆسەر وڵاتانی کەنداو دەکات و دەڵێت، "ناتوانرێت بە هیچ شێوەیەک قبوڵ بکرێت و ڕەوای پێ بدرێت".

"هێرشەکان دەستدرێژین"

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیێنراوەکەیدا سەرکۆنەی خۆی بۆ هێرشەکانی ئێران بۆسەر سعوودیە، وڵاتانی ئەندامی کۆمکاری عيرەب و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دووپاتکردووەتەوە و بە دەستدرێژی ناوی بردووە.

"نابێت ڕەواییان پێ بدرێت"

 جەختیشکراوەتەوە ئەم هێرشانە، ناکرێت قبوڵ بکرێت و ڕەوایی پێبدرێت، جەختیشدەکەنەوە لە مافی خۆیان بۆ گرتنەبەری سەرجەم ڕێکاری پێویست لە پاراستنی ئاسایش سەروەری وڵاتەکە و وەستانی شەڕانگێزی.

هێرش بۆ سەر دامەزراوە مەدەنییەکان

سعودیە ڕاشیگەیاندووە، هێرشکردنەسەر دامەزراوە مەدەنییەکان لەوانە فڕۆکەخانە و دامەزراوەی نەوتی تەنیا نیشانەی هەڕەشەکردنە لە ئاسایش و سەقامگیری و پێشێلکاری زەوی بەیاننامە نێودەوڵەتی و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کیژان مەحمود

بۆ بەرزنەبوونەوەی نرخی غازی ماڵان قایمقامیەتی سلێمانی غازی ماڵان دابەشدەکات

لەپێناو دروستنەبوونی قەیران و بەرزنەبوونەوەی نرخی غازی ماڵان، قایمقامییەتی سلێمانی دەستیکردووە بە دابەشکردنی غاز لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی دیاریکراوی خۆیانەوە و بە نرخی هەشت هەزار و 500 دینار و قایمقامیەت دەڵێت، هەرکەس غازەکەی بهێنێت بۆى پڕدەکەنەوە.

70  ئۆتۆمبێل بۆ دابەشکردنی غاز

لەوبارەیەوە هیوا ساڵح سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، زیاد لە 70 ئۆتۆمبێلیان بە بتڵی غازی ماڵانەوە ئامادەکردووە و لە چەند خاڵێکی دیاریکراو دەوەستن بۆ دابەشکردنی، ئەوەش دوای ئەوە دێت لە بەنزینخانەکان و شوێنە بازرگانییەکان نرخى غازى ماڵان بەرزبووەوە.

شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلەکانی غازە

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی گوتیشی، ئۆتۆمبێلەکان لەلای بەنزینخانەی بینایی، بەنزینخانەی بەختیارى، بەنزینخانەی شاری سپی و چەند شوێنێکی دیکە دەوەست و هاونیشتمانیان دەتوانن سەردانى ئەو شوێنانە بکەن بۆ بەدەستهێنانى غاز.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
ژولیا ئەحمەد

جەنگ بۆ وزە؛ ئێران پلەی دووەمی یەدەگی گاز و پلەی سێیەمی یەدەگی نەوتی لەسەر ئاستی جیهان هەیە

ئێران ئەو وڵاتەی لە مێژە لەسەر توانا پیشەسازییەکانی خۆی وەستاوە و ئێستا لەنێوان مووشەکبارانی ئەمریکا و ئیسرائیل و سزا نێودەوڵەتییەکاندا ململانێ بۆ دۆخێکى باشتر بۆخۆى دەکات و بەو مووشەکانەی دەیهاوێژێت دەیەوێت نەکەوێتە دۆخێکەوە کە ناچاربێت بە سازشکردن.

پلەی سێیەم لە یەدەگی نەوت و پلەی دووەم لە یەدەگی گاز

وڵاتەکەی کەنداوی فارس، لە زۆرترین بڕی یەدەگی نەوتدا لە پلەی سێیەمی وڵاتاندایە و لە یەدەگی گازی سروشتیدا دووەمی جیهانە، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی توێژینەوەی دۆیچە بانک، یەک لەسەر سێی خەڵکەکەی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

زیانی لاوازیی ئابووری لە زیانی هێزی سەربازی زیاترە

هەرچەندە وڵاتەکە پشت بە داهێنان و تواناکانی خۆی دەبەستێت و لە مێژە پشتی لە نوێگەرییەکانی جیهان کردووە، هەرچی پێویستی بێت بەشی خۆی و وڵاتانی دراوسێی لە کارگە و کارخانەکانی دروست دەکات، بەڵام بەرزی ڕێژەی هەڵاوسان، هەژاریی، بێبەهابوونی دراوەکەی بڕستی لە خەڵکەکەی بڕیوە. ئەوزەبرەی بەر لە هەر مووشەک و تۆپ و تانکێک ئێرانی بەرەو لێواری داڕمان بردووە، لاوازبوونی ئابوورییەکەی بووە پێش ئەوەی ببێتە بەرکەوتەی زەبرە دەرەکییەکانی.

تاکە چەکی بەرگریی ئێران

بە واتەیەکی دیکە ئابووری تەنیا چەکی بەرگریی ئێران بوو کە چیدیکە وزەی تێدا نەماوە. لە نوێترین یاداشتدا ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە هەژماری خۆی لە ئیکس ڤیدیۆی گفتوگۆیەکی لیندسی گراهام سیناتۆری کۆمارییەکانی داناوە کە دەڵێت "ڤەنزوێلا و ئێران 31٪ی یەدەگی نەوتی جیهانیان هەیە و ئێمە دەبینە هاوبەشی ئەو بڕە".

نەوت کانزای ئێران و ڤەنزوێلا

گوتەبێژەکەی ئێران لەسەرو ڤیدیۆکەوە دەنووسێت:" ساتێکی دەگمەنی ڕاستگۆیی؛ کەواتە بابەتەکە هەمووی لەسەر نەوتە". ئەم دێڕەی ئیسماعیل عێراقچی لە ڕووی واتاییەوە هاوتایە لەگەل کۆتا قسەکانی مادۆرۆ، سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلا، کە دەیگووت:" ئەگەر کاراکاس نەوت و زێری نەبوایە، ئەمریکا ناوی وڵاتەکەشی نەدەزانی". لەگەڵ ئەوەشدا ئێران هەر بەهۆی بەرزی ئاستی ئابوورییەکەی توانیویەتی تاوەکو ئێستا بەرگە بگرێت، سەرەڕای سەرجەم ئەو بەربەستانەی بۆی دانراوە.

سامانی نەوتی ئێران

ئێران بۆ زۆرترین یەدەگی نەوت لە پلەی سێیەمی وڵاتانی جیهاندایە لە دوای ڤەنزوێلا و سعودیە، کە بەگوێرەی دوایین داتاکان بڕی 208 بۆ 209 ملیار بەرمیل نەوتی لە هەناوی خاکەکەیدا هەڵگرتووە.

سامانی گازی ئێران

هاوکات وڵاتەکە خاوەنی دووەم زۆرترین بڕی یەدەگی گازی سروشتییە لە دوای ڕووسیا، کەلە ئێستادا بازارەکەی بەنرختر و بەهادارترە لە سامانی نەوت، بەجۆرێک بڕی 34 تریلیۆن مەتر سێجاtcm گازی سروشتی یەدەگی هەیە.

ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران 50%

لەگەڵ دەوڵەمەندی ئێران بەسامانە سروشتییەکان، ڕێژەی هەڵاوسان بۆ زیاتر لە 50٪ تۆمارکراوە، سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا داتایەکی ورد و ڕاستەقینە نییە بۆ پێوانەی هەڵاوسان و پێشبینی دەکرێت زۆر لەو ڕێژەیەش زیئاتر بێت.

ئەوە لەکاتێکدایە چەندین ڕێگە و هەوڵی جیاواز تاقیکراوەتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان بەڵام بەگوتەی عەلی مەدانی زادە، وەزیری کاروباری ئابووری و دارایی ئێران هەوڵەکانی چارەسەر وەک نەشتەرگەریی بچوک لە مەیدانی جەنگدا وەسفکراوە".

بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار

ئەوەش لە کاتێکدایە ئێران بەدەست بێبەهابوونی دراوەکەی دەناڵێنێت، بەجۆرێک لە پاش کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2018 وە تاوەکو ئێستا ڕیاڵ و تمەنی ئێرانی 95٪ـی بەهاکەی بەرامبەر بە دۆلار لەدەستداوە.

خەرجییە سەربازییەکانی ئێران

 بەگوێرەی ڕاپۆرتکەی دۆیچە بانک، خەرجییە سەربازییەکانی ئێران بە بەراورد لەگەڵ هاوتاکانی ناوچەکە کەمە و نزیکەی 9 ملیار و 23 ملیۆن دۆلارە، ئەم بڕەش بەر لە هێڕشەکان لەلایان پەرلەمانی ولاتەکەوە زیادکراوە.

کۆگای مووشەکی بالیستیکی

ئێران گەورەترین کۆگای مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەیە  کە لە ناوخۆدا بەرهەمهێنراون.  ئەمریکا پێشتر کۆگای مووشەکی بالیستیکی ئێرانی بە سێ هەزار مووشەک خەمڵاندبوو، بەڵام دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانی 2025دا تواناکانی تاران دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

ئاکامی جەنگەکە ڕوون نییە

ئێستا وڵاتی ئێران بۆ دەیەم ڕۆژە لەسەریەک لەملانێدایە لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکا، ئیسرائیل و بنکەکانیان و ناوەندەکانی کەرتی وزە لە وڵاتانی دراوسێی تەنانەت هاوبەشی بازرگانییەکانی دەکاتە ئامانج، بەڵام هێشتا ڕوونییە ئاکامی ئەم جەنگە تاکوێ درێژە دەکێشێت و ئێرانی دوای جەنگ بە چ هێزێکەوە دێتەوە نێو نەخشەی وزەی جیهانی.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
ژولیا ئەحمەد

نرخی نەوت یاری لەنێوان هەڵکشان و داکشان دەکات

نرخی نەوت بۆ یەکەم جار دوای چوار ساڵ گەیشتە سەروو 100 دۆلار و، لەبەرزترین ئاستیدا گەیشتە نزیکەی 120 دۆلار و دواتر کەمێک پاشەکشەی لە نرخەکەیدا کرد.

بەرزبونەوەی بۆ 118 دۆلار

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕە داراییەکاندا نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە ڕێژەی 28٪ بەرزبوونەوەی تۆمارکرد و دووجار گەیشتە 118 دۆلار و 60 سەنت، بەڵام هەردوو جارەکە پاشەکشەی لە نرخەکەیدا کرد و ئێستا نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی بە  108 دۆلارە.

دابەزین بۆ 103 دۆلار

دابەزینەکەی نرخی نەوتیش بەهۆی لێدوانەکانی ترەمپ بوو لەسەر وزە، کە کەمێک بووە هۆی ڕەوینەوەی نیگەرانییەکان هاوکات نرخی یەک بەرمیل نەوتی تەکساس لە سەرەتای کردنەوەی بازاڕە داراییەکاندا هاوشێوەی نەوتی برێنت گەیشتە 118 دۆلار، ئەمەش بەرزبوونەوە بوو بەڕێژەی 31٪، پاشان دابەزیەوە و ئێستا نرخی یەک بەرمیل بە 103 دۆلار و 20 سەنتە. ئەو نرخەی نەوت پێی گەیشتووە بۆ یەکەمجارە تۆماری بکات لە مانگی تەمووزی 2022ـەوە.

گەرووی هورمز

داخستنی نزیکەی تەواوەتی گەرووی هورمز و پچڕانی دابینکردن، هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخەکانە، بەتایبەت پاش ئەوەی ئیمارات و کوەیت، کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانیان ڕاگەیاند بەهۆی پڕبوونی کۆگاکانیان.

10هەمین ڕۆژی جەنگ

ئەوە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ دەبێتە 10 ڕۆژ بەسەر سەرهەڵدانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داخستنی گەرووی هورمز، تاوەکو ئێستاش هیچ ڕێگە چارەیەکی ئەوتۆ پەیڕەونەکراوە بۆ کرانەوەی گەرووەکە، کە یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.

دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوت

بەگوێرەی بلومبێرگ، ئیمارات و کوەیت لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەهۆی پڕبوونی کۆگاکانیان پەیوەندییان بە عێراقەوە کردووە، کە ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی نزیکەی 60% دابەزیوە. هاوکات سعودیە نەوتی خاو دەگوازێتەوە بۆ کەناراوەکانی دەریای سوور بۆ هەناردەکردن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی بەشێک لە فشارەکان.

کۆگاکان پڕ بوون لە نەوت

بەگوێرەی شرۆڤەکارانی کۆمپانیای جەی پی مۆرگان چەیس JPMorgan Chas:" ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت ڕەنگە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەرهەمهێنانی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت پەکبخرێت، چونکە هیچ کۆگایەک نامێنێت بۆ هەڵگرتن ئەگەر هەناردە نەکرێت".

هەژاندنی بازاڕەکان

شیکارانی گرووپی ING ئای ئێن جی، لە سیناریۆی نوێی نەوتدا دەڵێن:" ڕەنگە دوو بۆ چوار هەفتە لەسەریەک بازاڕەکان بەهۆی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بهەژێن".

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کیژان مەحمود

سێنتکۆم: حەوت سەربازی ئەمریکی لە شەڕی ئێراندا کوژراون

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، سەربازێکی دیکەی ئەمریکا کە لە هێرشەکانی ئێراندا لە سعودیە برینداربووە، گیانی لەدەستداوە بەوەش، تاوەکو ئێستا ژمارەی کوژرانی ئەمریکا لە شەڕی ئێراندا گەیشتووەتە حەوت سەرباز.

هێرش بۆ سەر بنکەی سێنتکۆم لە سعودیە

شەوی ڕابردوو سێنتکۆم لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەربازێکی ئەمریکی کە لە هێرشەکانی یەکەمی ئێراندا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەختی برینداربووە، گیانی لەدەستداوە.  سێنتکۆم دەشڵێت، ئەو سەربازە لەمیانی هێرشێکی ئێراندا بۆسەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە سعودیە لە یەکی ئەم مانگەدا برینداربووە، واتە دووەم ڕۆژی دەستپێکی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.

 کوژرانی حەوتەم سەربازی ئەمریکی

بەگوێرەی سێنتکۆم، ئەمە حەوتەم سەربازە کە لە ئۆپراسیۆنی "توڕەیی داستان ئامێز"ـی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران کوژرابێت و دڵنیایی دەدات لە بەردەوامی ئۆپراسیۆنەکە.

سەربازێک لە کوەیت گیانی لەدەستداوە

هەر لە ڕاگەیێنراوەکەدا سێنتکۆم ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەربازێکی دیکەی ئەمریکی لە کوەیت بەهۆی حاڵەتێکی پزیشکی لەناکاودا گیانی لەدەستدا و ئێستا لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی دەکرێت.

 شەڕی ئێران و ئەمریکا - ئیسرائیل

ئەوە لەکاتێکدایە، لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و ئەمڕۆ 10ـم ڕۆژی شەڕەکەیە و هەردوولا بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر یەکدی.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
محەمەد عەلی

تونجەر باکرهان بۆ نێچیرڤان بارزانی: تەنیا نین و ئیدانەی هێرشەکان دەکەین

هاوسەرۆکی دەم پارتی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێم ڕاگەیاند و ئیدانەی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێری کرد.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە و پشتیوانیی سیاسی

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی ئازاری 2026، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا. لە پەیوەندییەکەدا باکرهان بە سەرۆکی هەرێمی ڕاگەیاند: "تەنیا نین" و پشتیوانیی پارتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان لەم دۆخە هەستیارەدا دەربڕی.

ئیدانەکردنی هێرشەکانی سەر هەرێم

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی نووسینگەی دەم پارتی، باکرهان بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە لەلایەن ئێران و گرووپە نزیکەکانییەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان. هاوسەرۆکی دەم پارتی هیوای سەلامەتی بۆ سەرۆکی هەرێم و خەڵکی کوردستان خواست و جەختی لە هەستیاریی پارتەکەی کردەوە لەبارەی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە.

قوربانییانی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر

لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، تونجەر باکرهان سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری ئەو کارمەندەی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرد، کە لە ڕێکەوتی 7ـی ئەم مانگە لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیدا گیانی لەدەستدا. باکرهان ئاماژەی بەوە کرد کە ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بۆ ئەوان بایەخێکی ستراتیژیی هەیە.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

واشنتن پۆست: هێرشی سەر قوتابخانەکەی ئێران بە مووشەکی تۆماهۆکی ئەمریکی کراوە

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی پەردە لەسەر جۆری ئەو مووشەکە لادەبات کە لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکاندا قوتابخانەیەکی کچانی لە ئێران کردە ئامانج و بەهۆیەوە 175 قوتابی گیانیان لەدەستدا، ئەوەش لە کاتێکدایە واشنتن تۆمەتەکە دەخاتە پاڵ تاران.

جۆری مووشەکەکە و بەڵگەکان

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، ئەو مووشەکەی قوتابخانەی (میناب)ـی کچانی لە ئێران بۆردوومان کرد، مووشەکی "تۆماهۆک"ی ئەمریکی بووە. ڕۆژنامەکە پشتی بە لێکدانەوەی 8 شارەزا و پسپۆڕی بواری سەربازی بەستووە کە گرتە ڤیدیۆییەکانی ساتی هێرشەکەیان پشتڕاستکردووەتەوە.

وردەکاریی هێرشەکە و قوربانییان

قوتابخانەی میناب لە پارێزگای مازندەران لە باشووری ئێران، لە یەکەم ڕۆژی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بۆردومان کرا. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکەدا لانیکەم 175 قوتابی کچ کوژراون. قوتابخانەکە دەکەوێتە تەنیشت بنکەیەکی دەریایی سوپای پاسداران، کە وا دەردەکەوێت ئامانجی سەرەکیی هێرشەکە بووبێت.

هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ و وەزیری بەرگری

سەبارەت بەم هێرشە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێرشەکە لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدراوە نەک ئەمریکا. هاوکات پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن، بەڵام جەختی کردەوە کە تەنیا ئێران لایەنێکە خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج.

بێدەنگیی سێنتکۆم

وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆییانە نەداوە کە ڕۆژنامەکە بڵاویکردوونەتەوە. سێنتکۆم ئامادە نییە پشتڕاستی بکاتەوە کە ئایا مووشەکی تۆماهۆک لەلایەن هێزەکانیانەوە ئاراستەی ئەو ناوچەیە کراوە یان نا.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

عەمار حەکیم: موجتەبا خامنەیی درێژەپێدەری ڕێبازی باوک و باپیرانی دەبێت

عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، موجتەبا خامنەیی سێیەمین ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، موجتەبا خامنەیی سێیەمین ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق، پیرۆزبایی لە موجتەبا خامنەیی دەکات و وەک سێیەمین ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ دەخوازێت.

پەیامی پیرۆزبایی بۆ ڕێبەری نوێ

عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی ئازاری 2026، لە پەیامێکی فەرمیدا وێڕای دووبارەکردنەوەی سەرەخۆشی بۆ "شەهیدبوونی" عەلی خامنەیی، پیرۆزبایی لە موجتەبا خامنەیی کوڕی کرد بەبۆنەی دەستنیشانکردنی وەک ڕێبەری نوێی وڵاتەکە.

درێژەپێدانی ڕێبازی پێشوو

حەکیم لە پەیامەکەیدا هیوای خواست کە ڕێبەرە نوێیەکەی ئێران سەرکەوتوو بێت لە درێژەپێدانی ڕێبازی باوک و باپیرانی بۆ "بەرزڕاگرتنی وشەی حەق" و بەردەوامیدان بە ڕێگەی قوربانیدان. ئەم هەڵوێستەی حەکیم لە کاتێکدایە کە گۆڕانکارییەکانی هەڕەمی دەسەڵات لە تاران دەنگدانەوەی زۆری لە ئاستی ناوچەکەدا هەبووە.

کاردانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل

گۆڕانکاری لە پۆستی ڕێبەری باڵای ئێران دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی هاوبەشیان بۆ سەر ئێران ئەنجامدا و لە ئەنجامدا عەلی خامنەیی کوژرا؛ تاران لە 1ـی ئاداری 2026 بە فەرمی هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.

دیاریکردنی سێیەمین ڕێبەری ئێران

دوای هەفتەیەک لە کوژرانی ڕێبەری پێشوو، ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری لە ڕاگەیێنراوێکدا بە فەرمی موجتەبا خامنەیی تەمەن 56 ساڵانی وەک سێیەمین ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دیاری کرد.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

ئیسماعیل بەقایی: بابەتەکە تەنیا نەوتە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی سیناتۆرێکی باڵای ئەمریکا دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی تەنیا مەبەست لێی دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی وزەیە.

کاردانەوە بەرامبەر لێدوانەکەی لیندزی گراهام

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئازاری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی "X" گرتەیەکی ڤیدیۆیی لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی بڵاوکردەوە. بەقایی لەسەر ڤیدیۆکە نووسیویەتی: "ساتێکی دەگمەنی ڕاستگۆیی، بابەتەکە تەنیا نەوتە."

ناوەڕۆکی قسەکانی سیناتۆرە ئەمریکییەکە

لیندزی گراهام لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی ڕایگەیاندووە: "ڤەنزوێلا و ئێران خاوەنی 31%ی یەدەگی نەوتی جیهانن، ئێمەش هاوبەش دەبین لەگەڵیان." ئەم لێدوانە لە لایەن گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە وەک دانپێدانانێک بە ئامانجە ڕاستەقینەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لێکدرایەوە.

پاشخانی هێرشەکان بۆ سەر کەرتی وزە

ئەم کاردانەوەیەی تاران لە کاتێکدایە کە لە 28ـی شوباتی 2026، ئیسرائیل و ئەمریکا بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران. لەو هێرشانەدا جگە لە بارەگا و دامەزراوە سەربازییەکان، کۆگاکانی نەوتی تارانیش کرانە ئامانج و بۆردومان کران.

زیانە مرۆیی و سەرکردایەتییەکان

لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی کە لە کۆتایی مانگی ڕابردوو دەستیان پێکرد، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەندین فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کوژران، ئەوەش وایکرد ئەنجوومەنی شارەزایان ئەمڕۆ موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێ دەستنیشان بکات.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
محەمەد عەلی

تورکیا: شەش فڕۆکەی F-16مان لە قوبرسی تورکی جێگیرکرد

وەزارەتی بەرگریی تورکیا جێگیرکردنی شەش فڕۆکەی جەنگی و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی لە قوبرسی تورکی ڕاگەیاند، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان و پشتیوانیی وڵاتانی ئەورووپا بۆ کۆماری قوبرس.

پلانەکانی تورکیا بۆ بەهێزکردنی ئاسایش

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە چوارچێوەی پلانەکانی بەهێزکردنی ئاسایشی قوبرسی تورکی بە شێوەی هەنگاو بە هەنگاو، لەمڕۆوە 6 فڕۆکەی F-16 و سیستمی بەرگریی ئاسمانییان لەو بەشەی دوورگەکە جێگیرکردووە. تورکیا جەخت دەکاتەوە کە ئەم هەنگاوە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی هێزە لە ناوچەکەدا.

هاوسەنگیی هێز لە دوورگەی قوبرس

لەکاتێکدا تورکیا پشتیوانیی سەربازیی بۆ بەشە تورکییەکەی قوبرس دەنێرێت، هەریەک لە وڵاتانی یۆنان، ئیتاڵیا، بەریتانیا و فەڕەنسا پشتیوانیی خۆیان بۆ کۆماری قوبرس (بەشە یۆنانییەکە) ڕاگەیاندووە. لە 1ـی ئازاری ئەمساڵەوە، ئەو وڵاتانە لە ڕێگەی ڕەوانەکردنی کەشتیی جەنگی و هاوکاریی سەربازییەوە لە پاڵ کۆماری قوبرسدا وەستاون.

کاریگەریی هێرشەکانی ئێران لەسەر دۆخەکە

جێگیرکردنی ئەم هێزانەی تورکیا دوای ئەوە دێت کە لە چوارچێوەی پەرەسەندنی جەنگ لە ناوچەکەدا، ئێران هێرشیکردە سەر دوورگەی قوبرس. هۆکاری بە ئامانجگرتنی دوورگەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە قوبرس میوانداریی 2 بنکەی سەربازیی بەریتانی دەکات کە لە دژی هێزەکانی ناوچەکە بەکارهێنراون.

ئەگەر و ڕێوشوێنە داهاتووەکان

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاندووە کە لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکەن. ئەنقەرە هۆشداری دەدات کە ئەگەر پێویست بکات، لە ژێر ڕۆشنایی هەڵسەنگاندن بۆ گۆڕانکارییە نوێیەکان، ڕێوشوێنی سەربازیی زیاتر لە دوورگەکە دەگرنە بەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی قوبرسی تورکی.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کیژان مەحمود

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە: باشترە لەم دۆخەی ئێستادا هاونیشتمانییان گەشتی عومرە نەکەن

عێراق ڕەزامەندیی سعودیەی وەرگرت بۆ تەرخانکردنی 500 ڤیزای ڕۆژانەی عومرە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات و دەڵێت "هیچ گرەنتییەک نییە بۆ دانەخرانی ڕێگەی وشکانی".

بڕیاری پێدانی ڤیزای ڕۆژانە

دوای ئەوەی پێدانی ڤیزا بۆ هەموو وڵاتانی جیهان ڕاگیرابوو، سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق ڕەزامەندیی شانشینی عەرەبستانی سعودیەی وەرگرت بۆ تەرخانکردنی 500 ڤیزای عومرەی ڕۆژانە. ئەم بڕیارە ئارەزوومەندانی عومرە لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی 1447ی کۆچی دەگرێتەوە.

مەترسیی گیرخووردنی عومرەکاران

کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، گەشتەکان تەنیا لەڕێگەی وشکانییەوە دەبن. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە باشترە هاونیشتمانییان لەم دۆخەدا گەشت نەکەن، چونکە ئەگەرچی ئێستا ڕێگەکە کراوەیە، بەڵام هیچ گرەنتییەک نییە بۆ دانەخرانی و ئەگەری هەیە عومرەکاران لە سعودیە گیربخۆن و نەتوانن بگەڕێنەوە.

قەیرانی ناوچەکە و داواکاریی هاووڵاتییان

ئەم هەنگاوەی سعودیە لەپاش داواکاریی زۆری هاووڵاتییانی عێراق دێت بۆ ئەنجامدانی عومرە. بەپێی زانیارییەکان، دیاریکردنی 500 ڤیزای ڕۆژانە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان تەنیا تاوەکو کۆتاییهاتنی قەیرانە نالەبارەکانی ناوچەکە بەردەوام دەبێت و وەک ڕێکارێکی کاتی دەبینرێت.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
شۆڕش محەمەد

گرووپە چەکدارەکانی عێراق: هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی درێژکراوەی کاروانی شۆڕشە

بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق بە فەرمی پیرۆزبایی هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێی ئێران دەکەن و جەخت لەسەر بەردەوامیی ڕێبازی باوکی و بەهێزبوونی پێگەی کۆماری ئیسلامی دەکەنەوە.

ڕێکخراوی بەدر و هادی عامری

ڕێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری، لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمیدا پێشوازی لە هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی کرد. ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دیاریکردنی ناوبراو وەک ڕێبەری نوێ، بە "درێژکراوەیەکی پیرۆزی کاروانی شۆڕشی ئیسلامی" دادەنرێت و پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم بڕیارە دەربڕیوە.

عەسائیبی ئەهلی حەق و قەیس خەزعەلی

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە پەیامێکدا هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک "درێژکراوەی قوتابخانە ڕەسەنەکە" ناوبرد. خەزعەلی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی "بەهێزکردنی پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێران" لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا.

کەتیبەکانی حیزبوڵا و هەڵوێستی گرووپەکان

کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراقیش بە هەمان شێوە پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی ڕێبەرە نوێیەکەی ئێران کرد و پێشوازییان لەو گۆڕانکارییە کرد. ئەم کاردانەوانەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق دوای ئەوە دێن کە ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران بە فەرمی موجتەبا خامنەیی وەک سێیەمین ڕێبەری باڵای وڵاتەکە دەستنیشان کرد.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
دیلان میرزا

پەرلەمانی ئیسرائیل بۆ موجتەبا خامنەیی: هەرکەسێک ڕێگەی باوکی بگرێت چارەنووسی وەک ئەوی لێدێت

سەرۆکی پەرلەمانی ئیسرائیل هۆشداری ئاراستەی ڕێبەرە نوێیەکەی ئێران دەکات و بە بڵاوکردنەوەی وێنەی چەند سەرکردەیەکی کوژراو دەڵێت، هەرکەسێک لەسەر ڕێبازی عەلی خامنەیی بەردەوام بێت، ڕووبەڕووی کوشتن دەبێتەوە.

هەڕەشەکانی سەرۆکی پەرلەمانی ئیسرائیل

ئەمیر ئۆهانا، سەرۆکی کنێستی ئیسرائیل، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی "X" وێنەی کۆمەڵێک سەرکردەی بڵاوکردەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا کوژراون، لە نێویاندا وێنەی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێرانی داناوە. ئۆهانا بە زمانی عیبری نووسیویەتی: "هەرکەسێک بە ڕێگاکەیاندا بڕوات، وەک ئەوانی لێدێت"، ئەمەش وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر موجتەبا خامنەیی لێکدرایەوە.

هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەر

ڕۆژی دووشەممە، 9ـی ئازاری 2026، ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران بەپێی ماددەکانی 108 و 111ـی دەستوور، موجتەبا حوسێنی خامنەیی تەمەن 57 ساڵانی وەک سێیەمین ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی هەڵبژارد. ئەنجوومەنەکە داوای لە تەواوی گەلی ئێران کردووە بەیعەت بە ڕێبەرە نوێیەکە بدەن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی دوای کوژرانی باوکی دروستبووە.

دەسەڵاتی سێبەر و پێگەی سەربازی

موجتەبا خامنەیی کە هیچ پۆستێکی فەرمیی لە حکومەتدا نەبووە، وەک بەڕێوەبەری سێبەر و دەستی ڕاستی باوکی لە کاروباری سیاسی، ئەمنی و سەربازیدا دەناسرا. ناوبراو پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و ڕێکخراوی هەواڵگریی سوپا هەیە و دەگوترێت کۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەر هێزەکانی "بەسیج"دا هەیە.

ناوبانگ و سزاکانی ئەمریکا

ناوی موجتەبا خامنەیی لە ساڵی 2009 و لە کاتی "بزووتنەوەی سەوز" بە شێوەیەکی فراوان هاتە ناو میدیاکان، کە تێیدا تۆمەتبار کرا بە ڕۆڵ هەبوون لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران. لە تشرینی دووەمی 2019دا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ناوی خستە لیستی سزاکانەوە، ئەوەش بەهۆی نوێنەرایەتیکردنی باوکی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پێشخستنی ئەجێندا تێکدەرەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.

خوێندنی ئایینی

ڕێبەری نوێی ئێران خوێندنی ئامادەیی لە تاران تەواو کردووە و لە ساڵی 1999ـەوە بۆ خوێندنی ئایینی چووەتە شاری قوم. لەوێ لەلایەن مەرجەعەکانی وەک مەحموود هاشمیی شاهروودی، میسباح یەزدی و جەعفەر سوبحانی وانەی خوێندووە، ئەمەش وایکردووە لە ڕووی ئایینییەوە مەرجەکانی ڕێبەرایەتیکردنی تێدا بێت.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
سامیا حسن

سوپای پاسداران: شەپۆلی 30ـی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆ 4"مان دژی ئەمریکا و ئیسرائیل جێبەجێکرد

لە یەکەم هەنگاوی سەربازیدا دوای دیاریکردنی ڕێبەری نوێی ئێران، سوپای پاسداران هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە ئەنجامدا.

وردەکاریی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆ 4"

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئازاری 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاشکرای کرد، شەپۆلی 30ـی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆ 4"یان بەسەرکەوتوویی جێبەجێکردووە. لەم ئۆپەراسیۆنەدا، چەندین پێگە و بارەگای سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە کراونەتە ئامانج.

جۆری چەکە بەکارهاتووەکان

سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە لەم هێرشانەدا چەندین جۆری مووشەکی پێشکەوتوویان بەکارهێناوە، لەوانە مووشەکەکانی "خورەمشەهر، فەتاح و خەیبەر". هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لەگەڵ مووشەکەکاندا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ستراتیژی (درۆن) بۆ پێکانی ئامانجەکان نێردراون.

کاردانەوە مەیدانییەکان و گۆڕانکاریی سیاسی

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکان، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە باکووری ئیسرائیل لێدرا و دۆخی نائاسایی ڕاگەیەندرا. ئەم هێرشە بە یەکەم جووڵەی سەربازیی ئێران دادەنرێت لە دوای هەڵبژاردنی موجتەبا عەلی خامنەیی وەک ڕێبەری نوێی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
ڕۆزا حیسام

بەرپرسێکی ئیسرائیلی: ئامادەکاری بۆ 1 مانگ شەڕ دەکەین و تەنیا 150 سەکۆی مووشەکیی ئێران ماون

بەرپرسانی تەلئەڤیڤ ڕایدەگەیەنن کە جەنگی دژی ئێران دەچێتە قۆناغێکی نوێ و فراوانترەوە، کە تێیدا ڕۆڵی ئەمریکا لە هێرشەکاندا زیاتر دەبێت و ئامانجەکان ژێرخانی سەربازی و پیشەسازیی تاران دەگرنەوە.

ئاماری سەکۆ مووشەکییەکانی ئێران

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئیسرائیل، پێش دەستپێکردنی جەنگ ئێران خاوەنی 460 سەکۆی مووشەکی بووە. تاوەکو ئێستا 310 سەکۆیان لەناوبراون و تەنیا 150 دانەیان ماونەتەوە. بەرپرسێکی ئیسرائیلی جەختی کردەوە کە نابێت لە پڕۆسەی لەناوبردنی تەواوەتی ئەو سەکۆیانە خاو ببنەوە تاوەکو مەترسییەکان بە تەواوی ڕەو دەبنەوە.

ڕۆڵی ئەمریکا لە قۆناغی داهاتوودا

بەرپرسێکی دەستەی ئەرکانی ئیسرائیل بۆ ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرنۆت" ڕایگەیاند، لە هەفتەی یەکەمدا زۆرینەی هێرشەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون، بەڵام بۆ لەمەودوا ڕۆڵی ئەمریکا بەرچاوتر دەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکییەکان هێزێکی زۆر و تەقەمەنییەکی بێشومار بەکاردەهێنن و لە هێرشەکانیاندا ڕەچاوی لایەنی ئابووریی چەک و تەقەمەنییەکان ناکەن و تەنیا مەبەستیان پێکانی ئامانجەکانە.

وادەی جەنگ و ئامانجە نوێیەکان

بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا 4 هەفتەی بۆ بەردەوامیی هێرشەکان دیاریکردووە. تەلئەڤیڤ خۆی بۆ لانیکەم 1 مانگ شەڕی بەردەوام ئامادە کردووە و بڕیارە لە قۆناغی داهاتوودا هێرشەکان فراوانتر بکرێن بۆ سەر ژێرخانی سەربازی، ناوەندە پیشەسازییەکان و کەرتی تەکنەلۆژیای ئێران.

هەماهەنگیی سەربازیی واشنتن و تەلئەڤیڤ

بەرپرسانی بەرگریی ئیسرائیل جەخت لە بوونی هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ ئەمریکا دەکەنەوە. ڕایانگەیاندووە کە ئەرکە سەربازییەکانیان لە ناوخۆی ئێران لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا دابەشکردووە، تاوەکو بە وردی و لە کاتی دیاریکراودا ئامانجە ستراتیژییەکانی تاران لەکار بخەن و دڵنیابن لەوەی جەنگەکە دەچێتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەوە.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
شۆڕش حسێن

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی: هەر بەرزبوونەوەیەکی نرخی نەوت هەڵاوسانی جیهانی زیاد دەکات

بەڕێوەبەری گشتیی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداریی دەدات لە مەترسییەکانی هەڵاوسانی ئابووری بەهۆی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داوا لە وڵاتان دەکات خۆیان بۆ سیناریۆ چاوەڕواننەکراوەکان ئامادە بکەن.

کاریگەریی نرخی نەوت لەسەر هەڵاوسان

کریستالینا جۆرجیڤا، بەڕێوەبەری گشتیی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) ڕایگەیاند، هەر بەرزبوونەوەیەکی نرخی نەوت بە ڕێژەی 10% ئەگەر بۆ ماوەی ساڵێک بەردەوام بێت، دەبێتە هۆی زیادبوونی هەڵاوسانی جیهانی بە ڕێژەی 40 خاڵی بنەڕەتی. ئەم هۆشدارییە لەکاتێکدایە کە بازاڕەکانی وزە بەهۆی گرژییە سەربازییەکانەوە ناسەقامگیرن.

تاقیکردنەوەی خۆڕاگریی ئابووری

لە میانی سیمینارێکدا کە لەلایەن وەزارەتی دارایی ژاپۆنەوە ڕێکخرابوو، جۆرجیڤا ئاماژەی بەوە کرد کە جیهان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێی توانای خۆڕاگریی ئابووریدایە. ئەو جەختی کردەوە کە ململانێ نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فشارێکی زۆر دەخەنە سەر تێکڕای گەشەی ئابووری و سەقامگیریی نرخەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

ئامۆژگاری بۆ داڕێژەرانی سیاسەت

بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی داوای لە بەرپرسان و داڕێژەرانی سیاسەتی دارایی وڵاتان کرد کە لەم کەشوهەوا نوێیەدا "بیر لەو شتانە بکەنەوە کە پێشتر بیریان لێنەکردووەتەوە" و بە وردی خۆیان بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو ئامادە بکەن. ئەم لێدوانانە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری قووڵبوونەوەی قەیرانەکان لێکدەدرێنەوە.

پاشخانی بازاڕ و نرخی نەوت

ئەم هۆشدارییانەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026، نرخەکانی نەوت لە مامەڵە سەرەتاییەکاندا بەرزبوونەوەیەکی پێوانەیی و بەرچاویان بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش دوای پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی: هەفتەی داهاتوو کاتی کۆتایهاتنی جەنگ یەکلا دەبێتەوە

ئیسرائیل دەست دەکات بە تاوتوێکردنی سیناریۆکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران و هەفتەی داهاتووش وەک وادەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ململانێکان و مەرجە ستراتیژییەکانی تەلئەڤیڤ دیاریکراوە.

کاتی یەکلاکەرەوە و سیناریۆکانی چوونە دەرەوە

کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە، سەرکردایەتی سیاسی و ئەمنیی ئیسرائیل دەستیان کردووە بە تاوتوێکردنی سیناریۆکانی چوونە دەرەوە لە جەنگ. بەپێی خەمڵاندنە ئەمنییەکان، هەفتەی داهاتوو دەبێتە هەفتەی یەکلاکەرەوە بۆ دیاریکردنی ئاڕاستەی داهاتووی جەنگەکە، تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتی ئێرانیش نەڕووخێت.

مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ وەستاندنی جەنگ

ئیسرائیل بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی، سێ مەرجی ستراتیژی و قورسی دیاریکردووە کە بریتین لە:

تێکشکاندنی تەواوەتی سیستمی مووشەکیی ئێران.

لەناوبردنی پیشەسازییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە.

کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە شێوەیەکی هەمیشەیی و یەکجاری.

چاوەڕوانییەکان بۆ هێرشی چڕی تاران

سەرەڕای گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئیسرائیل پێشبینی دەکات تاران لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرچاو چڕ بکاتەوە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی ناوەندە ئەمنییەکان پێیان وایە ئێران هێشتا خاوەنی سەدان مووشەکی بالیستییە و وەک کارتی گوشار بەکاریان دەهێنێت.

نێوەندگیریی تیمی ترەمپ لە ئیسرائیل

ئاژانسی ئاکسیۆس بڵاویکردەوە، هەریەک لە ستیڤ ویتکۆڤ، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ و جارید کۆشنەری زاواکەی، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەگەنە ئیسرائیل. بڕیارە شاندەکەی ترەمپ لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردە نوێیەکان لەبارەی دۆخە و دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

عەلی سیستانی: بەرگریکردن لە کۆماری ئیسلامی ئەرکی سەرشانی هەمووانە

عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق، لە فەتوایەکی نوێدا بەرگریکردن لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە "واجبی کیفائی" ناودەبات و جەخت لەسەر ئامادەبوونی خەڵک لە گۆڕەپانەکاندا دەکاتەوە.

فەتوای مەرجەعی باڵا

دوێنێ یەکشەممە 8ی ئازاری 2026، نووسینگەی عەلی سیستانی وەڵامی پرسیاری ژمارەیەک لە شوێنکەوتووانی بڵاوکردەوە سەبارەت بە دۆخی ئێستای ناوچەکە. سیستانی لە فەتواکەیدا پشتگیریی خۆی بۆ بەرگریکردن لە ئێران دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە ئامادەبوون لە گۆڕەپانەکەدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فیتنە و پیلانی دوژمنان پێویستە.

چەمکی واجبی کیفائی

مەرجەعی باڵای شیعەکان بەرگریکردن لە ئێران و سیستەمی ئیسلامی بە "واجبی کیفائی" ناوبردووە. ئەم چەمکە لە فیقهی ئیسلامیدا بەو واتایە دێت کە ئەرکەکە لەسەر شانی هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە، بەڵام ئەگەر ژمارەیەکی پێویست لە خەڵک ئەرکەکە جێبەجێ بکەن، لەسەر شانی ئەوانی دیکە لادەچێت؛ بە پێچەوانەوە، ئەگەر کەس جێبەجێی نەکات هەمووان گوناهبار دەبن.

ڕەزامەندی دایک و باوک و ئەرکی شەرعی

سەبارەت بە ناڕەزایەتی دایک و باوک بۆ بەشداریکردن لە بەرگریکردن و گردبوونەوەکان، سیستانی ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە تا دەکرێت ڕەزامەندییان وەربگیرێت و بە شێوەیەک مامەڵە بکرێت کە نەبێتە هۆی بێزارییان. بەڵام جەختی کردووەتەوە کە لە کاتی پێویستیدا، ئامادەبوون لە گۆڕەپانەکەدا بۆ بەرگری لە "ئیسلام و شۆڕش" لە پێش هەموو شتێکەوەیە.

هۆکارەکانی دەرکردنی فەتواکە

فەتواکەی سیستانی وەک وەڵامێک بۆ مەترسییەکانی "دابەشکردنی ئێران و ڕووخاندنی سیستەمی ئیسلامی" دێت. لە دەقی پرسیار و وەڵامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم هەنگاوە بۆ ڕێگریکردنە لە "فیتنەی ئاژاوەگێڕان، کوشتن، تاڵانکردن و لەناوبردنی موڵک و ماڵی گشتی" کە لەلایەن دوژمنانی وڵاتەکەوە پلانی بۆ داڕێژراوە.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 70 دۆلار دابەزی؛ بازاڕەکان لە ژێر کاریگەریی جەنگی ئێراندان

سەرەڕای ئەوەی هێشتا وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنەران ماوەتەوە، بەڵام نرخی زێڕ لە بازاڕە جیهانییەکاندا پاشەکشەی کرد و ئەمەش دوای بەرزبوونەوەی پێوانەیی بەهای دۆلار و نرخی نەوت دێت بەهۆی هێرشەکان بۆ سەر ئێران.

نوێترین گۆڕانکارییەکانی نرخ

ئەمڕۆ دووشەممە، لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 68 دۆلار دابەزی و بە 5090 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیاندا نرخەکە بۆ 5036 دۆلار دابەزیبوو، هەروەها لە گرێبەستەکانی ئایندەشدا نرخی ئۆنسەیەک بە 5096 دۆلار جێگیر بووە.

هۆکاری پاشەکشەی نرخی زێڕ

دابەزینی نرخی زێڕ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەیە بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران. ئەم هێرشانە بوونە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت و بەهای دۆلار، ئەمەش ترسی لای وەبەرهێنەران دروستکردووە کە ئاستی هەڵاوسان لە جیهاندا جارێکی دیکە ڕوو لە زیادبوون بکاتەوە.

سیاسەتی بانکی ناوەندی و ڕێژەی سوود

زیادبوونی مەترسییەکانی هەڵاوسان وایکردووە بانکە ناوەندییەکانی جیهان، بەتایبەت بانکی ناوەندیی ئەمریکا (فیدراڵ یەدەگ)، پێداچوونەوە بە پلانی کەمکردنەوەی ڕێژەی سووددا بکەن. چاوەڕوان دەکرێت ڕێژەی سوود لە ئاستە بەرزەکانیدا بمێنێتەوە یان بەرزبکرێتەوە، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ دابەزینی خواست لەسەر زێڕ.

پێگەی زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام

سەرەڕای ئەوەی تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا زێڕ زیاتر لە 100 دۆلار لە بەهاکەی لەدەستداوە، بەڵام هێشتا لە سەروو 5000 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت. وەبەرهێنەران لە کاتی قەیرانە گەورەکاندا زێڕ وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان بەکاردەهێنن، هەرچەندە لە ئێستادا گرژییەکانی ئێران باڵی بەسەر تەواوی بازاڕەکاندا کێشاوە و کاریگەرییەکانی بێکاری لە ئەمریکا کەمتر دەردەکەون.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

ئیسماعیل بەقایی: هێرش بۆ سەر ژێرخانی وزە "جەنگی کیمیاییە" دژی گەلی ئێران

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دەدات کە بەئامانجگرتنی کۆگاکانی سووتەمەنی ژیانی ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە و کاریگەرییە ژینگەییەکان تەنیا لە سنوورەکانی ئێراندا نامێننەوە.

پۆلێنکردنی هێرشەکان وەک تاوانی جەنگ

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر گەلی ئێران لە ڕێگەی هێرشی بە ئەنقەست بۆ سەر ژێرخانی وزە، چووەتە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدارەوە. ئەو ئەم هێرشانەی وەک "تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی" ناوبرد.

لێکەوتە ژینگەیی و تەندروستییەکان

بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی بۆردوومانکردنی کۆگاکانی سووتەمەنییەوە، مادەی ژەهراوی و مەترسیدار لە هەوادا بڵاوبوونەتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئەم کارەی وەک "جەنگی کیمیایی بەئەنقەست" وەسف کرد کە ڕاستەوخۆ ژیانی خەڵک ژەهراوی دەکات و ژینگە لەناو دەبات.

مەترسییەکان بۆ سەر ناوچەکە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە لێکەوتەکانی ئەم کارەساتە مرۆیی و ژینگەییە تەنیا لە ناو سنوورەکانی ئێراندا نامێننەوە، بەڵکو کاریگەرییان بۆ سەر تەواوی ناوچەکە دەبێت و ژیانی ملیۆنان کەسی دیکە لە دەرەوەی سنوورەکانیش دەخاتە مەترسییەوە.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کیژان مەحمود

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق: هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وێستگەیەکی گرنگە لە سیستمی سیاسیی ئێران

جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پیرۆزبایی لە ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەرپرسیارێتیی خۆیان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە هەڵبگرن.

پەیامی پیرۆزبایی و پێگەی سیاسی

عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمیدا پیرۆزبایی لە موجتەبا خامنەیی کرد بەبۆنەی دەستنیشانکردنی وەک ڕێبەری نوێی ئێران. فەیحان جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەڵبژاردنە وێستگەیەکی گرنگ و کاریگەرە لە ناو سیستمی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.

قۆناغی هەستیاری ئێران

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بۆ موجتەبا خامنەیی خواستووە لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیدا. فەیحان ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران لە ئێستادا بە قۆناغێکی ئێجگار هەستیاردا تێدەپەڕێت، کە یەکێکە لە قۆناغە پڕ بایەخەکانی مێژووی ئەو وڵاتە.

بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی و ئاسایشی ناوچەکە

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێنراوەکەدا، عەدنان فەیحان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن بۆ وەستاندنی شەڕ و ڕێگەگرتن لە پەرەسەندنی گرژییەکان. ناوبراو هۆشداری دا لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەم شەڕە لەسەر ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی و داوای هەوڵی جیدی بۆ چەسپاندنی ئارامی کرد.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

ئەکسێۆس: واشنتن و تەلئەڤیڤ لەسەر نەوتی ئێران ناکۆکن

کەناڵ8

دوای 10 ڕۆژ لە هەڵگیرسانی جەنگ، بۆ یەکەمجار درز دەکەوێتە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل؛ واشنتن نیگەرانیی توندی خۆی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی ئێران دەربڕیوە و بە مەترسیی بۆ سەر بازاڕی وزەی جیهان و نرخەکان لە ناوخۆی ئەمریکا دەیزانێت.

هێرش بۆ سەر ژێرخانی وزە

ڕۆژی 07-03-2026، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر تارانی پایتەخت و شارەکانی دیکەی ئێران، لەو ئۆپەراسیۆنەدا 30 کۆگای سووتەمەنی و پاڵاوگەی نەوتی بۆردوومان کران، ئەمەش زیانێکی گەورەی ئابووری بە ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە گەیاندووە.

هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ

ئاژانسی ئەکسێۆس لە زاری ڕاوێژکارێکی ترەمپەوە بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکی ئەمریکا بەم هێرشانە دڵخۆش نییە. ترەمپ پێیوایە پێویستە نەوتەکە بپارێزرێت نەک بیسووتێنرێت، چونکە سووتانی نەوت و گڕگرتنی کۆگاکان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان بۆ کڕیارانی بەنزین لە ناوخۆی ئەمریکا و جیهاندا.

گرژییە دیپلۆماسییەکان

سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەرچی ئیسرائیل پێشوەختە ئەمریکای ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام قەبارەی وێرانکارییەکان زۆر زیاتر بووە لەوەی واشنتن چاوەڕێی دەکرد. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، پەیامی ناڕەزایەتیی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل تەنیا لە سێ پیتی کورتکراوەی (WTF) پێکهاتبوو، کە نیشانەی تووڕەیی و ناڕەزایەتییە بەرامبەر ئەو هێرشانە.

هەڕەشەکانی تاران و مەترسیی بۆ سەر ناوچەکە

لە وەڵامی هێرشەکاندا، وتەبێژی بارەگای "خاتەمولئەنبیا"ی ئێران هۆشداری داوە، ئەگەر هێرش بۆ سەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکەیان بەردەوام بێت، ئەوا تاران دەست دەبات بۆ لێدانی وێستگەکانی وزە لە تەواوی ناوچەکەدا. ئەمەش ئەگەری هەیە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ 200 دۆلار یان زیاتر بەرز بکاتەوە کە کارەساتێکی ئابووریی جیهانی دەبێت.

ئامانجی ئیسرائیل و ترسی واشنتن

ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت ئەم هێرشانە پەیامێک بوون بۆ تاران تا چیتر ژێرخانی مەدەنیی ئیسرائیل نەکاتە ئامانج. بەڵام واشنتن دەترسێت ئەم جۆرە هێرشانە کاریگەریی پێچەوانەیان هەبێت و خەڵکی مەدەنیی ئێران لە دەوری دەسەڵاتەکەیان کۆبکاتەوە.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

دۆناڵد ترەمپ: بڕیاری کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران بە هاوبەشی لەگەڵ نەتانیاهوو دەدرێت

سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە دژی ئێران بە هەماهەنگی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهوو دەبێت و ئاماژە بەوە دەکات کە وڵاتەکەی و ئیسرائیل پێکەوە کار بۆ لەناوبردنی هەڕەشەکانی تاران دەکەن.

هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "تایمزی ئیسرائیل" جەختی کردەوە، بڕیاری کۆتایی بۆ ڕاگرتنی جەنگی دژی ئێران بڕیارێکی هاوبەش دەبێت لە نێوان ئەو و بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە هەماهەنگییەکی بەردەوام لە نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ هەیە و لە کاتی گونجاودا پێکەوە بڕیارەکە دەدەن.

بەرپرسیارێتی بڕیاری کۆتایی

سەرۆکی ئەمریکا ڕوونیکردەوە، هەرچەندە نەتانیاهۆ ڕۆڵی سەرەکی دەبێت لە دیاریکردنی کاتی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، بەڵام بڕیاری کۆتایی لە ئەستۆی ئەو دەبێت وەک سەرۆکی ئەمریکا. ترەمپ گوتی: "ئەمریکا و ئیسرائیل پێکەوە کارمان کرد بۆ لەناوبردنی وڵاتێک کە هەوڵی لەناوبردنی ئیسرائیلی دەدا."

پاشخانی جەنگ و کوژرانی ڕێبەری ئێران

ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دێت کە لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکردووە. دیارترین ئەنجامی ئەو هێرشانە تاوەکو ئێستا، کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.

ماوەی پێشبینیکراوی جەنگ

لە لایەکی دیکەوە، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، واشنتن چاوەڕوان دەکات ئەم جەنگە لە ماوەی 4 بۆ 6 هەفتەدا بخایەنێت و تێیدا ئامانجە سەربازییە دیاریکراوەکان بپێکێت.

هەڵوێست لەسەر ڕێبەرە نوێیەکەی ئێران

هاوکات لەگەڵ دیاریکردنی "موجتەبا خامنەیی" وەک ڕێبەری نوێی ئێران بۆ جێگرتنەوەی باوکی، دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەم گۆڕانکارییە سیاسییە لە ناو تاران، بە کورتی ڕایگەیاند: "دەبینین چی ڕوودەدات."

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

پیت هێگسێت: بە 50 هەزار سەربازەوە ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی ئیپیک"مان دژی ئێران دەستپێکردووە

وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێرشە سەربازییەکانیان بۆ سەر ئێران تا لەکارخستنی تەواوەتی تواناکانی تاران بەردەوام دەبێت و ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 50 هەزار سەرباز لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا بەشدارن.

ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی ئیپیک" و ئامارەکانی هێرش

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (CBS) ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بە ناوی "Epic Fury" (توڕەیی ئیپیک) لە ئارادایە کە تێیدا زیاتر لە 50,000 سەربازی ئەمریکی بەشدارن. ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا هێزەکانی ئەمریکا نزیکەی 3,000 هێرشی ئاسمانییان لە ناوخۆی خاکی ئێران ئەنجامداوە.

هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل و بەکارهێنانی بۆمبی قورس

وەزیری جەنگی ئەمریکا جەختی لە هێزی هاوبەشی واشنتن و تەلئەبیب کردەوە و گوتی: "هێزی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل نوێنەرایەتی دوو بەهێزترین هێزی جیهان دەکەن." هۆشداریشی دا کە لە قۆناغەکانی داهاتوودا، ئەگەری بەکارهێنانی بۆمبی ئاسایی قورس بۆ پێکانی بنکە سەربازییە ستراتیژییەکانی ئێران لە ئارادایە.

بژاردەی هێرشی زەمینی بۆ ناو خاکی ئێران

سەبارەت بە ئەگەری ناردنی هێزی زەمینی، هێگسێت ڕایگەیاند کە واشنتن هیچ بژاردەیەکی سەربازی ڕەت ناکاتەوە. ئەو گوتی: "ئێمە سنووری ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ دوژمن ئاشکرا ناکەین و هەرچی پێویست بێت بۆ سەرکەوتن ئەنجامی دەدەین." هەروەها جەختی کردەوە کە جەنگەکە هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە و تا ڕادەستبوونی تەواوەتی ئێران بەردەوام دەبن.

هەواڵگریی ڕووسیا و قوربانییانی ئەمریکا

دەربارەی دەنگۆکانی هاوکاریی هەواڵگریی ڕووسیا بۆ ئێران، هێگسێت دڵنیایی دا کە سوپای وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات و ئەمریکا خاوەنی باشترین سیستەمی هەواڵگرییە. هاوکات دانی بەوەدا نا کە ئەگەری هەیە قوربانی لە ڕیزەکانی سوپای ئەمریکا بکەوێتەوە، بەڵام گوتی: "ئەمە ئیرادەمان لاواز ناکات، بەڵکو پێداگریمان بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە زیاتر دەکات."

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

عەباس عێراقچی: ئاگربەستی کاتی قبوڵنەکراوە و هەر هێرشێکی زەمینی وەڵامێکی کوشندەی دەبێت

وەزیری دەرەوەی ئێران داواکارییەکانی بۆ ئاگربەست لە ناوچەکە ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، تاران تەنیا کۆتاییەکی هەمیشەیی بۆ شەڕەکە دەوێت، هۆشداریش دەداتە ئەمریکا لە هەر جۆرە هێرشێکی زەمینی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی.

هەڵوێست لەسەر ئاگربەست

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "NBC News" ڕایگەیاند، داواکاری نوێکردنەوەی ئاگربەست قبوڵنەکراوە، چونکە ئەزموونەکانی ڕابردوو دەریانخستووە ئاگربەستە کاتییەکان بە ئاسانی دەشکێنرێن. ئەو جەختی کردەوە کە ئێران داوای کۆتاییەکی هەمیشەیی بۆ شەڕەکە دەکات و تا ئەو کاتە بۆ بەرگریکردن لە گەلەکەیان لە شەڕکردن بەردەوام دەبن.

هاوکاری لەگەڵ ڕووسیا و پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکان

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند هاوکارییەکانی تاران و مۆسکۆ لە زۆر ڕووەوە بەردەوامە؛ ئەوەش لەکاتێکدایە سەرچاوە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن ڕووسیا زانیاری لەسەر شوێنی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا داوەتە ئێران. هەروەها ئاشکرای کرد کە مەسعود پزیشکیان داوای لێبوردنی لە وڵاتانی کوێت، ئیمارات و عومان کردووە بەهۆی ئەو زیانە ناڕاستەوخۆیانەی لە ئەنجامی هێرشەکان بەر وڵاتەکانیان کەوتووە.

ئاراستەی هێرشەکان و بنکەکانی ئەمریکا

عێراقچی ڕوونیکردەوە کە وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک وڵاتانی دراوسێ ناکاتە ئامانج، بەڵکو تەنیا ئەو بنکە و دامەزراوە سەربازییانەی ئەمریکا دەکرێنە ئامانج کە لەسەر خاکی ئەو وڵاتانە جێگیرکراون. ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ بەکارهێنانی ئەو بنکانە لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران.

توانای مووشەکی و وەڵامی دۆناڵد ترەمپ

لە وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپدا، عێراقچی ڕایگەیاند کە ئێران توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی دوورهاوێژی هەیە، بەڵام بە ئەنقەست مەوداکەی بۆ کەمتر لە 2000 کیلۆمەتر سنووردار کردووە، چونکە نایانەوێت مەترسی بۆ سەر جیهان دروست بکەن. ئەو جەختی کردەوە کە ئەو زانیارییانەی باس لە هەوڵی ئێران بۆ لێدانی ناوخۆی ئەمریکا دەکەن، ناڕاستن.

هۆشداری لە هێرشی زەمینی

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشدارییەکی توندی دایە واشنتن و ڕایگەیاند، هەر جۆرە هێرشێکی زەمینی بۆ ناو خاکی ئێران بە وەڵامێکی کوشندە و توند ڕووبەڕوو دەبێتەوە. ئەو جەختی کردەوە کە سوپای وڵاتەکەی لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ پاراستنی سەروەریی خاکەکەیان.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

دۆناڵد ترەمپ لەبارەی موجتەبا خامنەیی: دڵخۆش نیم و با بزانین چی ڕوودەدات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە یەکەم کاردانەوەیدا بەرامبەر دیاریکردنی ڕێبەری نوێی ئێران ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی گورزێکی کوشندەی لە تاران وەشاندووە و بڕیاری کۆتاییهێنان بە جەنگیش بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل دەدات.

کاردانەوە بەرامبەر ڕێبەرە نوێیەکە

دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند، بە هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێی ئێران دڵخۆش نییە. هاوکات لە لێدوانێکی دیکەدا بۆ ڕۆژنامەی "زە تایمز ئۆف ئیسرائیل" لەبارەی هەمان پرس، بە کورتی گوتی: "با بزانین چی ڕوودەدات".

هەڵسەنگاندنی تواناکانی ئێران

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی گورزێکی کوشندەی وای لە ئێران وەشاندووە کە هیچ دەوڵەتێکی دیکە نەیدەتوانی ئەوە بکات. ترەمپ باسی لەوەش کرد کە ئێستا ترس لە ئێران لای وڵاتانی ناوچەکە نەماوە، بەڵام جەختی کردەوە کە هێشتا بەشێک لە تواناکانی ئەو وڵاتە ماون. بەپێی گوتەی ترەمپ، ئێران لە 4 مانگی ڕابردوودا 1200 مووشەکی ئاراستەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.

بڕیاری کۆتاییهێنان بە جەنگ

لەبارەی ڕاگرتنی هێرشەکان، ترەمپ ڕایگەیاند کە بڕیاری کۆتاییهێنان بە جەنگ لە دژی ئێران، بڕیارێکی هاوبەش دەبێت لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. ئەو جەختی کردەوە کە لە کاتێکی گونجاودا بڕیارەکە دەدات و ڕەچاوی هەموو لایەنەکان دەکات. لە وەڵامی ئەوەشدا کە ئایا پێویست دەکات ئیسرائیل دوای ڕاگرتنی هێرشەکانی ئەمریکا بەردەوام بێت، گوتی: "پێموایە پێویست ناکات".

ماوەی پێشبینیکراوی جەنگەکە

سەرەڕای ئەوەی ترەمپ خۆی کاتی کۆتاییهاتنی جەنگی دیاری نەکرد، بەڵام کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت جەنگی ئێران 4 بۆ 6 هەفتەی دیکە بخایەنێت. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئەو و نەتانیاهۆ نەبان، ئێران دەیتوانی ئیسرائیل لەناو ببات.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
ئارام یوسف

ئیسرائیل: جەنگی ئێران درێژە دەکێشێت و داهاتووی ئیسرائیل دیاری دەکات

ئیسرائیل پێشبینی دەکات جەنگەکەی لەگەڵ ئێران بۆ چەندین هەفتەی دیکە بەردەوام بێت و هۆشداریش دەدات لەوەی تاران لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئاستی هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر تەلئەبیب بەرزتر دەکاتەوە.

ماوەی جەنگ و ئامادەکارییەکان

ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، ئەو جەنگەی لە ڕۆژی 28ـی شوباتەوە لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە، پێویستی بە کاتی زۆر هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیسرائیل ماوەی 2 ساڵە لە دۆخی لەناکاودایە و پێویستە بۆ ماوەیەکی درێژتر ئارام بگرن، چونکە ئەم جەنگە داهاتووی ئیسرائیل بۆ چەندین ساڵی دیکە دیاری دەکات.

پێشبینییەکان بۆ هێرشی مووشەکی

بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە کەناڵی 12ـی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، ناوەندە ئەمنییەکان پێشبینی دەکەن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئێران ئاستی ئاراستەکردنی مووشەکەکانی بۆ سەر ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات و هێرشەکان چڕتر ببنەوە.

خەمڵاندن بۆ کاتی بەردەوامیی شەڕ

بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئیسرائیل، پێشبینی دەکرێت جەنگی ڕاستەوخۆی دژی ئێران بۆ ماوەی 5 هەفتەی دیکە بەردەوام بێت، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو پلانە سەربازییانەی کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاران دایانناوە.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

نرخی نەوت گەیشتە 110 دۆلار

بەهۆی بەردەوامیی جەنگی ئێران و داخرانی گەرووی ستراتیژیی هورمز، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بۆ نزیکەی 110 دۆلار بەرزبووەوە، ئەمەش بە گەورەترین بازدانی نرخ لە ماوەی 43 ساڵی ڕابردوودا دادەنرێت.

نوێترین نرخەکانی نەوت

ڕۆژی دووشەممە، نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا بەم شێوەیە تۆمارکرا:

نەوتی خاوی برێنت: بە ڕێژەی 17.08% بەرزبووەوە و گەیشتە 109.31 دۆلار.

نەوتی تێکساس (WTI): بە ڕێژەی 19.37% بەرزبووەوە و گەیشتە 108.77 دۆلار.

لە هەفتەی ڕابردووەوە نرخی نەوت بە کۆی گشتی 35% چووەتە سەرەوە، کە دوایین جار لە ساڵی 2022 و دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا نرخی 100 دۆلاری تێپەڕاندبوو.

کاریگەریی جەنگ لەسەر وڵاتانی کەنداو

بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران و داخرانی گەرووی هورمز، وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت ئاستی کارکردنیان کەمکردووەتەوە:

کوێت: بەهۆی هەڕەشەکانی سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، بەرهەمهێنانی کەمکردووەتەوە.

ئیمارات: ڕایگەیاندووە کە لە کێڵگە دەریاییەکاندا بە وریاییەوە کاردەکەن، ئەوەش بەهۆی پڕبوونی کۆگاکانی نەوت و نەبوونی ڕێگەی هەناردە.

داکەوتنی ئاستی بەرهەمهێنانی عێراق

عێراق وەک دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆپێک، زەرەرمەندێکی گەورەی جەنگەکەیە. بەپێی ئامارەکان، بەرهەمهێنانی سێ کێڵگەی سەرەکیی باشووری وڵات بە ڕێژەی 70% دابەزیوە. ئاستی بەرهەمهێنانی ئەو کێڵگانە لە 4.3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ تەنیا 1.3 ملیۆن بەرمیل کەمبووەتەوە.

قەیرانی کۆگەکردنی نەوت

وڵاتانی عەرەبیی کەنداو لە ئێستادا ڕووبەڕووی کێشەی نەبوونی شوێنی کۆگەکردن بوونەتەوە. بەهۆی ئەوەی ڕێگەی دەریایی بۆ هەناردەکردنی نەوتەکە داخراوە، کۆگاکانیان پڕبوون و ناچارن ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکاندا بۆ نزمترین ئاست داببەزێنن.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

واشنتن پۆست: چین کەرەستەی دروستکردنی سووتەمەنیی مووشەک بۆ ئێران دەنێرێت

لە کاتێکدا گرژییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، لێکۆڵینەوەیەکی نوێی ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست" ئاشکرای دەکات کە چین لە ڕێگەی دوو کەشتییەوە کەرەستەی "مەترسیدار" و پێویست بۆ دروستکردنی مووشەک بۆ ئێران دەگوازێتەوە.

کەشتییەکان و کۆمپانیای گواستنەوە

ئەو دوو کەشتییەی بوونەتە جێگەی سەرنج، بریتین لە "شەبدیس" و "بەرزین" کە خاوەندارێتییان بۆ "هێڵی کەشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران" دەگەڕێتەوە. ئەم کۆمپانیایە لەلایەن ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەک "کەناڵی سەرەکیی ئێران بۆ گواستنەوەی کەرەستەی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکان" ناوی بردووە.

بەندەری گاوۆلان و مادە کیمیاییەکان

کەشتییەکانی "بەرزین" و "شەبدیس" لە بەندەری "گاوۆلان" لە شاری ژوهای لە باشووری چین باریان کردووە. شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم شوێنە ناوەندی بارکردنی مادەی "سۆدیۆم پێرکلۆرات"ـە؛ ئەم مادەیە پێکهاتەیەکی سەرەکییە بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی ڕەقی مووشەک، کە ئێران بۆ بەرنامە مووشەکییە بالیستییەکانی بەکاری دەهێنێت.

بەڵگە تەکنیکییەکانی بارەکە

لێکۆڵینەوەکە پشتی بە داتاکانی کۆمپانیای "Pole Star Defense" بەستووە بۆ شیکردنەوەی "درافت" (قووڵایی نووقمبوونی کەشتی لە ئاودا). شیکردنەوەکان دەریانخستووە، کەشتیی "بەرزین" و "شەبدیس" کاتێک بەندەرەکەیان جێهێشتووە، زۆر زیاتر نووقمی ئاو بوون، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە بارێکی زۆر قورس و گوماناوییان هەڵگرتووە.

ڕەهەندە سیاسی و ستراتیژییەکان

شارەزایان پێیان وایە ڕێگەکدان بەم کەشتییانە بڕیارێکی سیاسییە لەلایەن بەیژینگەوە. ئایزاک کاردۆن، لێکۆڵەر لە پەیمانگای کارنێگی دەڵێت، چین دەیتوانی بە بیانووی پشکنینی گومرگی ڕێگری لەم کارە بکات بەڵام نەیکرد. ئەمە نیشان دەدات کە چین سەرەڕای داواکانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، لە ژێرەوە کار بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازیی ئێران دەکات.

مەترسییە هەرێمییەکان و کاتی گەیشتن

ئێستا کەشتیی "بەرزین" لە نزیک کەناراوەکانی مالیزیا لەنگەری گرتووە و هەفتەی داهاتوو دەگاتە "بەندەر عەباس"، کەشتیی "شەبدیس"یش بەرەو بەندەری "چابەهار" لە ڕێدایە. گرانت روملی، لێکۆڵەر لە پەیمانگای واشنتن دەڵێت، ئەم هەنگاوەی چین "سەرکێشییەکی بێ وێنەیە" و دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی بەیژینگ لەگەڵ وڵاتانی دیکەی کەنداو.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

کەتائیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق: هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی نیشانەی دووربینییە

ئەمینداری گشتیی کەتائیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، پیرۆزبایی لە موجتەبا خامنەیی دەکات و دەستنیشانکردنی وەک ڕێبەری نوێی ئێران بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی "ستەمکاریی جیهانی" و پاراستنی بەرەی بەرگری ناودەبات.

پەیامی پیرۆزبایی و وەسفی ڕێبەری نوێ

ئەبو حوسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتائیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، ڕۆژی دووشەممە 9ـی ئاداری 2026، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیی کرد. حەمیداوی لە پەیامەکەیدا ڕێبەرە نوێیەکەی ئێرانی وەک "ئاڵاهەڵگری بەرەی بەرگری لە جیهاندا" و کەسایەتییەکی لێهاتوو بۆ هەڵگرتنی ئەم ئەمانەتە گەورەیە وەسف کرد.

خوێندنەوە بۆ بڕیاری ئەنجوومەنی شارەزایان

ئەمینداری گشتیی کەتائیبەکانی حیزبوڵڵا ڕایگەیاند، دەستنیشانکردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەر، بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر وردبینی و دووربینیی قووڵی ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕیارە گونجاوە لەگەڵ قەبارەی ئەو ئاستەنگە چارەنووسسازانەی کە لە ململانێ لەگەڵ ستەمکاریی جیهانیدا ڕووبەڕووی ئوممەت بوونەتەوە.

بەردەوامیی ڕێبازی پێشوو

حەمیداوی جەختی لەوە کردەوە کە موجتەبا خامنەیی "باشترین جێنشینە بۆ باشترین پێشین" و بە پارێزەرێکی دەستپاک بۆ ئەو ئاڵایە دایەنا کە لە بەرامبەر هێزە ستەمکارەکاندا سەر دانانەوێنێت. ئەم هەڵوێستەی کەتائیب دوای ئەوە دێت کە موجتەبا خامنەیی وەک سێیەمین ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەستنیشانکرا.

پاشخانی بڕیارەکە

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمیدا هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی تەمەن 56 ساڵانی وەک ڕێبەری نوێی وڵاتەکە ڕاگەیاند، ئەوەش دوای کوژرانی عەلی خامنەیی باوکی و ڕێبەری پێشووی ئەو وڵاتە.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

سەرۆکوەزیرانی قەتەر: ئێران خیانەتی لێکردین و هێرشەکەی هەڵەیەکی کوشندە بوو

شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی بە "خیانەت" و "هەڵەیەکی ستراتیژیی کوشندە" ناودەبات و هۆشداری دەدات لە لێکەوتە ئابوورییە وێرانکەرەکانی ئەو گرژییانە لەسەر ئاستی جیهان.

هەستکردن بە خیانەت و تێکچوونی پەیوەندییەکان

سەرۆکوەزیرانی قەتەر ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هەست بە خیانەتێکی گەورە دەکات، چونکە تەنیا 1 کاتژمێر دوای دەستپێکردنی شەڕ، قەتەر و وڵاتانی دیکەی کەنداو هێرشیان کرایە سەر. ئەمە لەکاتێکدایە کە قەتەر پێشتر ڕایگەیاندبوو نابێتە بەشێک لە هیچ شەڕێک دژی دراوسێکانی. ئەو جەختی کردەوە کە هەمیشە وەک پردێکی دیپلۆماسی بۆ ئێران کاریان کردووە، بەڵام ئێستا ئەو پەیوەندییە بە تەواوی گرژی تێکەوتووە.

بە ئامانجگرتنی ژێرخانی سڤیل

شێخ محەممەد ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی بە مەبەست ژێرخانی سڤیلی کردووەتە ئامانج و ئاماژەی بەوە کرد، 25%ـی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە سڤیلەکان بووە، لەوانە: فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان، وێستگەکانی ئاو و دامەزراوەکانی گاز. ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەو پاساوانەی ئێران بۆ هێرشەکان بەکاریان دەهێنێت، بە هەموو شێوەیەک ڕەتکراوەن.

مەترسی بۆ سەر ئابووریی جیهان

سەرۆکوەزیرانی قەتەر هۆشداری دا کە تێکچوونی دۆخی کەنداو کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووریی جیهان دەبێت. قەتەر نزیکەی 20%ـی گازی جیهان دابین دەکات و یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی پەین لە جیهاندا؛ هەر پەککەوتنێکی بەردەوام لەم وڵاتەدا، بازاڕەکانی وزە و دابینکردنی خۆراک لەسەر ئاستی جیهان تووشی شۆک دەکات.

هەڵوێستی قەتەر لەسەر چارەسەری قەیرانەکە

سەرەڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر جەختی کردەوە کە بژاردەی سەربازی تەنیا قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە. داوای لە ئێران و ئەمریکا کرد پاشەکشە بکەن بۆ ئەوەی ناوچەکە نەخزێتە ناو شەڕێکی وێرانکەرەوە. ئەو گوتی: "دیپلۆماسی تاکە ڕێگەی دەربازبوونە و هێشتا بڕوامان بە دانوستاندن هەیە، چونکە ئێران دراوسێی ئێمەیە."

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

لاریجانی، قالیباف و سوپای پاسداران: پشتیوانی لە موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێ دەکەین

دوای دەستنیشانکردنی وەک سێیەمین ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، بەرپرسانی باڵای تاران و فەرماندە سەربازییەکان یەکدەنگیی خۆیان بۆ پشتیوانیکردن لە موجتەبا خامنەیی ڕاگەیاند و داوای بەیعەتدان بە ڕێبەرە نوێیەکە دەکەن.

هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێ

دوای کوژرانی عەلی خامنەیی لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، شەوی 09-03-2026، ئاژانسی تەسنیمی ئێران بڵاوی کردەوە کە موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵبژێردرا. ئەم بڕیارە لەلایەن 88 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەرییەوە دراوە و موجتەبا خامنەیی دەبێتە سێیەم ڕێبەری وڵاتەکە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا.

هەڵوێستی عەلی لاریجانی

عەلی لاریجانی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، داوای کرد هەمووان یەکڕیز بن لە پشت موجتەبا خامنەیی و بەیعەتی پێ بدەن. لاریجانی ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێبەری نوێ توانای سەرکردایەتیکردنی هەیە و پرۆسەی هەڵبژاردنەکەشی بە یاسایی و شەفاف ناوبرد، کە کۆتایی بەو فەزاسازییە نەرێنییانە هێنا کە لەم ماوەیەدا هەبووە.

قالیباف و درێژەدان بە ڕێبازی باوکی

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، موجتەبا خامنەیی دەتوانێت درێژە بە ڕێگەی باوکی بدات و لەو ئەرکەدا سەرکەتوو بێت. قالیباف ئاماژەی بەوەش کرد کە وەک یەکەم کەس پیرۆزبایی لە موجتەبا خامنەیی کردووە و جەختی کردەوە کە گەلی ئێران ئێستا خاوەنی ڕێبەرێکی ئازا و شۆڕشگێڕە.

سوپای پاسداران و ئامادەباشی بۆ فەرمانەکان

سوپای پاسدارانی ئێران بەفەرمی پیرۆزبایی لە موجتەبا خامنەیی کرد و ڕایگەیاند، بە تەواوی ملکەچی فەرمانەکانی ڕێبەری باڵای نوێ دەبن و لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ جێبەجێکردنیان. سوپا دەڵێت، ئەم هەنگاوە سەلماندی کە سیستەمی ئیسلامی پەیوەست نییە بە کەسەکانەوە و بەردەوامیی پڕۆسەکە گەرەنتی کراوە، هەروەها هەڵبژاردنی ناوبراو بەڵگەیە کە جووڵانەوەی سیستەمەکە ناوەستێت.

کاردانەوە هەرێمییەکان

لە ئاستی ناوچەکەدا، حیزبوڵڵای لوبنانی بەیعەتی بە ڕێبەری نوێی ئێران دا و پاڵپشتی خۆی بۆ موجتەبا خامنەیی دووپاتکردەوە. هاوکات حوسییەکانی یەمەن پێشوازییان لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی شارەزایان کرد و ڕایانگەیاند، هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی گورزێکی کوشندەیە بۆ دوژمنانی ئێران.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

دۆناڵد ترەمپ: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاتییە و بە خێرایی دادەبەزێتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەبارەی بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخەکانی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، دڵنیایی دەدات کە ئەم دۆخە کاتییە و دوای کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، نرخەکان بە خێرایی ڕوو لە دابەزین دەکەنەوە.

شکاندنی بەربەستی 100 دۆلار

بۆ یەکەمجار لە ماوەی زیاتر لە 3.5 ساڵ، نرخەکانی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەربەستی 100 دۆلاریان شکاند. لە ڕۆژی 10ی جەنگی ئێراندا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 107.8 دۆلار، کە بە ڕێژەی 9.2% بەراورد بە ڕۆژی هەینی بەرزبووەتەوە. هاوکات نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی (WTI) گەیشتە 108 دۆلار و بازدانێکی گەورەی بە ڕێژەی 19.3% تۆمارکرد.

هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ڕێگەی پۆستێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "سۆشیاڵ ترووس" ڕایگەیاند: "بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاتییە". ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە دوای کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، نرخەکان بە خێرایی دادەبەزێنەوە و گوتی: "جیهان سەلامەتی و ئاشتی بەخۆیەوە دەبینێت، تەنیا گەمژەکان جیاوازتر بیر دەکەنەوە".

هۆکارەکانی شۆکی بازاڕی وزە

سەرچاوە ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پەلکێشکردنی وڵاتانی کەنداو بۆ ناو شەڕەکە، کە جومگەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی وزەی جیهانن، ترسێکی گەورەی لای وەبەرهێنەران دروستکردووە. پەککەوتنی گەرووی هورمز و کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەکە وایکردووە بازاڕی وزە ڕووبەڕووی شۆکێکی گەورە ببێتەوە.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
کەناڵ8

مەسعود پزیشکیان: هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی مژدەی سەردەمێکی نوێی شکۆمەندییە

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، پیرۆزبایی لە موجتەبا خامنەیی دەکات و دەستنیشانکردنی بە ڕێبەری نوێی وڵات وەک هەنگاوێک بۆ چەسپاندنی یەکێتیی نەتەوەیی و پاراستنی ئێران لە پیلانی نەیاران ناو دەبات.

پەیامی پیرۆزبایی و دەسپێکی قۆناغێکی نوێ

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران پەیامێکی فەرمی ئاراستەی موجتەبا خامنەیی کرد. پزیشکیان ڕایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە مژدەی سەردەمێکی نوێی شکۆمەندی و دەسەڵاتە بۆ نەتەوەی ئێران و دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی پێگەی وڵات لە ناوچەکە و جیهاندا.

یەکێتیی نەتەوەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانەکان

سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە کە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی شارەزایان بۆ دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی وەک جێگرەوەی باوکی، نیشانەی ئیرادەی گەلە بۆ چەسپاندنی یەکێتی. ئەو ئەم سەرکردایەتییە نوێیەی وەک "پەناگەیەکی تۆکمە" وێنا کرد کە وڵات لە هەموو جۆرە پیلانێکی نەیاران دەپارێزێت.

بەردەوامیی دەستکەوتەکان و گەشەپێدانی وڵات

پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دەستکەوتانەی لە سەردەمی عەلی خامنەییدا بەدەستهاتوون، بناغەیەکی بەهێزن بۆ داهاتوو. هیوای خواست لەژێر سایەی سەرکردایەتیی نوێدا، ئێران بگاتە ئاسۆیەکی درەوشاوەتر لە ڕووی سەربەخۆیی، پێشکەوتنی زانستی، تەکنۆلۆژیا و چەسپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.

ئامانجە ستراتیژییەکانی سەرکردایەتی نوێ

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەسعود پزیشکیان هیوای سەرکەوتنی بۆ موجتەبا خامنەیی خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا، بە تایبەت لە پاراستنی یەکگرتوویی ڕیزەکانی گەل و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی ئێرانێکی پێشکەوتوو و سەربەخۆ کە بەرگەی ئاڵێنگارییەکان بگرێت.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
عەدنان ئەحمەد

عەباس عێراقچی: بەهۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 1300 هاووڵاتی سڤیل کوژراون

وەزیری دەرەوەی ئێران وەک وەڵامێک بۆ دۆناڵد ترەمپ، ئاماری قوربانییان و زیانە ماددییەکانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و هێرشەکانی بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد.

ئاماری قوربانییە سڤیلەکان

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1300 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە ژمارەی بریندارە سڤیلەکان گەیشتووەتە 9669 کەس.

زیانە ماددییەکان و ژێرخانی وڵات

بەپێی گوتەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران، هێرشەکان زیانی گەورەیان بە کەرتی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاری گەیاندووە، کە بەم شێوەیە پۆلین کراون:

ڕووخانی 7943 یەکەی نیشتەجێبوون.

تێکدانی 1617 ناوەندی بازرگانی و پیشەسازی.

بە ئامانجگرتنی 32 ناوەندی پزیشکی و دەرمانسازی.

زیانگەیاندن بە 65 قوتابخانە و 13 بارەگای مانگی سوور.

پێکانی ژمارەیەک لە دامەزراوەکانی ژێرخانی وزەی وڵات.

هەڵوێستی سیاسی و یاسایی ئێران

عێراقچی جەختی کردەوە کە ئێران مافی بەرگری لە خۆکردن بەکاردەهێنێت و ئەم هێرشانە بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبینێت. هەروەها داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد کە بەرپرسیارێتی خۆی لە چوارچێوەی جاڕنامەی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیدا جێبەجێ بکات.

نوێکراوەتەوە / 09/03/2026
سامیا حەسەن

موجتەبا خامنەیی؛ وەک سێیەمین ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دیاریکرا

ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی ئێران، بە شێوەیەکی فەرمی موجتەبا خامنەیی کوڕی دووەمی عەلی خامنەیی وەک ڕێبەری نوێی وڵاتەکە دەستنیشان کرد و داوا لە گەلی ئێران دەکات بەیعەتی پێ بدەن.

بڕیاری ئەنجوومەنی شارەزایان

ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی ئێران لە پەیامێکی فەرمیدا ڕایگەیاند، دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا ئایەتوڵا سەید موجتەبا حوسێنی خامنەیی بە دەنگی یەکلاکەرەوەی نوێنەران وەک سێیەمین ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دیاری کرا. ئەنجوومەنەکە داوای لە بژاردە، ڕۆشنبیران، حەوزە و زانکۆکان کردووە بۆ پاراستنی یەکڕیزی، بەیعەت بە ڕێبەری نوێ بدەن.

پێگەی سیاسی و کارگێڕی

موجتەبا خامنەیی لە ساڵی 1969 لە شاری مەشهەد لەدایکبووە. ئەو بە ناسراوترین و کاریگەرترین کوڕی عەلی خامنەیی دادەنرێت و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی کاروباری نووسینگەی ڕێبەریدا هەبووە. لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە ناوی وەک بەربژێری سەرەکی بۆ جێگرتنەوەی باوکی لە میدیاکاندا دەهێنرا.

هەژموون لەناو سوپای پاسداران

ناوبراو لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق لە هەشتاکاندا، لە کەتائیبی حەبیب لەناو سوپای پاسداران خزمەتی کردووە. لەوێوە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکان دروستکردووە. لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا، موجتەبا خامنەیی ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە دیاریکردنی فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و بەرپرسانی هەواڵگری و خاوەن دەسەڵاتێکی فراوان بووە لەناو هێزەکانی بەسیجدا.

پلەی ئایینی و زانستی

ڕێبەرە نوێیەکەی ئێران خوێندنی ئایینی لە حەوزەی زانستیی قوم تەواو کردووە و وانەی ئایینی دەڵێتەوە. پێشتر لە پلەی حوجەتولئیسلامدا بووە و ئێستا وەک ئایەتوڵا دەناسرێت. هەوڵەکان بۆ ئەوەن بگاتە پلەی "ئایەتوڵای عوزما" (مەرجەع)، کە بەرزترین پلەی ئایینییە و ڕێگە دەدات شوێنکەوتووانی لە کاروباری پەرستش و ژیاندا چاوی لێ بکەن.

سزا نێودەوڵەتییەکان و ژیانی تایبەت

موجتەبا خامنەیی هاوسەرگیری لەگەڵ کچی غولام عەلی حەداد عادل، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی ئێران کردووە. لە ساڵی 2019ـدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەردا سەپاند، ئەوەش بەهۆی ڕۆڵی لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تێوەگلانی لە چالاکییە هەستیارەکانی حکومەتی وڵاتەکەی.