رووماڵی کەناڵ8

فراوانبوونی جەنگەکە؛ ئێرانی نوێ دوای هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی

بازنەی جەنگی نێوان ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێران، جگە لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پریشکی گەیشتوەتە دەریای سپیی ناوەڕاست و قوقاز و سریلانکا.  جگە لە ئیسرائیل، ئێران هێرشی کردووەتە سەر 11 وڵات و سەرچاوەکانی وزە و ڕێڕەوە بازرگانییە جیهانییەکانی وەک گەرووی هورمز و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کردووەتە ئامانج. هێرشەکانی ئێران تاوەکو ئێستا وڵاتانی کوەیت، بەحرەین، قەتەڕ، ئیمارات، سعودیە، ئوردن، عێراق (هەرێمی کوردستان)، عومان، تورکیا، قوبرس و نەخجەوانی ئازەربایجانی گرتووەتەوە.

ئۆپەراسیۆنەکانی نەڕەی شێر و توڕەیی داستانخوڵقێن

 ئیسرائیل و ئەمریکاش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەڕەی شێر و توڕەیی داستانخوڵقێن، بە چڕی بەردەوامن لەسەر هێرشەکانیان بۆ سەر ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران. ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر"ی ئیسرائیل و ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی داستانخوڵقێن"ی  ئەمریکا، کە سەرلەبەیانیی 28ـی 2ـی 2026ـی بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەندین بەرپرسی سەربازی و ئەمنی کوژران. بەگوتەی دۆناڵد ترەمپ، عەلی خامنەیی لە کاتی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێراندا کراوەتەوە ئامانج و بەو هۆیەوە زیاتر لە 48 بەرپرسی سەربازی و ئەمنیی ئیران کوژراون. میدیاکانیش باس لەوە دەکەن، ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە 30 مووشەک و بۆمبی تایبەتی تێکشکاندنی سەنگەر و بڕینی کۆنکرێتیان بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی بەکارهێناوە.

دەستەی سەرکردایەتیکردنی ئێران و داوای چەکدانان

لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، لە ئێران حەوت ڕۆژ پشوو و 40 ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاندرا و بەگوێرەی دەستووری ئێران، دەستەیەکی کاتیی سێ کەسی بۆ سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردنی ئێران دروستکرا، کە پێکهاتوون لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، غولام موحسین موحسینی ئێژەی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد و ئایەتوڵای عەلیڕەزا ئەعرافی ئەندامی ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوور. ترەمپ لەبارەی داهاتووی ئێرانەوە دەڵێت، سێ بەربژێری باشی بۆ بەڕێوەبردنی ئێران هەیە و داواشی لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران کردووە، کە چەکەکانیان دابنین.

هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێی ئێران

هاوکات لەگەڵ ئەوەی بە گەرمی شەڕ و بۆردومان و هێرشی درۆنی و مووشەکی بەردەوامیی هەیە، شەوی (8ـی 3ـی 2026) ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری  ئێران بڵاویکردەوە، کە ئایەتوڵا موجتەبا خامنەیی، کوڕیی عەلی خامنەییان بە زۆرینەی دەنگ هەڵبژاردووە بۆ ڕێبەری ئێران. بەوەش ئایەتوڵا موجتەبای تەمەن 56 ساڵ دەبێتە سێیەم ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1979ەوە. هەڵبژاردنی ئایەتوڵا موجتەبا خامنەیی ژمارەیەک کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەتوڵا موجتەبادا نین. دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند، بە هەڵبژاردنی ئایەتوڵا موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێی ئێران دڵخۆش نییە. هاوکات لە لێدوانێکی دیکەدا بۆ ڕۆژنامەی "زە تایمز ئۆف ئیسرائیل" لەبارەی هەمان پرس، بە کورتی گوتی: "با بزانین چی ڕوودەدات".

"گورزی 20 هێندەیان لێ دەدەین"

دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی تووند دەداتە تاران لەبارەی داخستنی گەرووی هورمز و ڕایدەگەیەنێت، هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە ڕووبەڕووی "مەرگ و ئاگر و تووڕەیی"یان دەکاتەوە و جەختیش لە لەناوبردنی تەواوەتی توانای ئەتۆمی و دەریایی ئەو وڵاتە دەکاتەوە.

چارەنووسی سەرکردایەتیی ئێران

ترەمپ تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی ناو سەرکردایەتیی ئێران و گوتی: "ئێران هیچ سەرکردەی نەماوە، سەرکردەی نوێ دێت و ئەویش نامێنێت." ئەم لێدوانەی ترەمپ ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی ستراتیژیی ئەمریکا لە بە ئامانجگرتنی بەرپرسە باڵاکانی تاران و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی نوێ بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانیان.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
ئارام یوسف

ئێران دەستگیرکردنی 30 کەسى بە تۆمەتى سیخوڕی ڕاگەیاند

میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، هێزەکانی وەزارەتی هەواڵگری، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا 30 کەسیان بەتۆمەتی سیخوڕی و کارکردن بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا دەستگیرکردووە.

زانیاریی ئەمنی و سەربازیی کۆکردووەتەوە

ئاژانسی تەنسیم بڵاویکردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکان، لە خوراسان کەسێکی بیانییان دەستگیرکردووە، کە "سیخوڕی" بۆ دوو وڵاتی کەنداو بۆ بەرژوەندی ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە و زانیاریی ئەمنی و سەربازی کۆکردووەتەوە و لەڕێگەی ئەو دوو وڵاتە عەرەبییەوە، بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا نێردراوە.

یەکێک بە گواستنەوەی ئامێری پەیوەندیکردنەوە دەستگیر کراوە

بەگوێرەى میدیای ئێران، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان لە پارێزگای سنە بووە، کە وەک میدیاکە باسیدەکات، ئەندامی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و سەرقاڵی گواستنەوەی ئامێری پەیوەندیکردن بووە بۆ گرووپەکەی.

دەستگرتن بەسەر چەک و پێداویستی سەربازی

ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکانی ئێران توانیویانە دەستبەسەر ژمارەیەک چەک و پێداویستی سەربازیدا بگرن لە سنووری پارێزگای سنە، کە بەنیازبوون لە ناوخۆدا بەکاریان بهێنن، لەو ئۆپراسیۆنەدا دوو کەسیان دەستگیرکردووە و کەسێکی دیکەیان کوشتووە.

دەستگیرکردنی ژمارەیەک پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەبووە

تەسنیم ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، 19 کەسیان دیکەیان دەستگیرکردووە، کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەبووە، ئامادەکارییان کردووە بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هەشت پارێزگای ئێران.

شەس کەسیان لە تاران دەستگیر کردووە

میدیاکەی ئێران دەشڵێت، لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی هەواڵگری و ئاسایشدا، شەش کەسیان لە تاران دەستگیرکردووە، کە خۆیان وەک ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان ناساندووە و هێرشیان کردووەتەسەر پیرۆزییەکانی ئێران و دەستیان بەسەر 200 پارچە چەکی سپی و پێنج کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گرتووە.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
ئارام یوسف

ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ سەبارەت بە گەرووی هورمز دەداتەوە

بەرپرسانی باڵای ئێران، وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر گەرووی هورمز دەدەنەوە و دەڵێن، گەرووەکە یان بۆ هەمووان دەبێت، یان بە داخراوی دەمێنێتەوە و ڕێگەنادەن یەک لیتر نەوتی لێوە هەناردە بکرێت.

کەمکردنەوەی گرنگی هەڕەشەکانی ترەمپ

عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە گرنگیی هەڕەشەکانی ترەمپی بۆ چڕکردنەوەی هێرشەکان لەسەر وڵاتەکەی کەمکردەوە، لە ئەگەری ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە گەرووی هورمزەوە.

"گەلی ئێران لە هەڕەشە ناترسن"

لاریجانی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی "گەلی ئێرانی عاشورایی، لە هەڕەشە بەتاڵەکانت ناترسن، ئەوانەی لە تۆش گەورەتربوون نەیانتوانی بمانسڕنەوە، ئێوە بەرەو لەناوچوون دەڕۆن".

"گەرووی هورمز دەبێتە گەرووی خنکان"

ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە پۆستێکی دیکەدا دەڵێت "گەرووی هورمز یان دەبێتە گەرووی ڕزگاربوون بۆ هەمووان، یاخود دەبێتە گەرووی خنکان بۆ ئەو ئەوانەی خەون بە جەنگەوە دەبینن".

هەڕەشەی سوپای پاسداران

لەلایەکی دیکەوە، عەلی محەممەد نینی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندووە "ڕێگەنادەن لیترێک نەوت لە گەرووی هورمزەوە لە ناوچەکەوە بۆ دووژمن و هاوبەشەکانی هەناردە بکرێت، تاوەکو کاتێکی نادیار".

بڕیاردان لە کۆتایی جەنگ

جەختیلەوەشکردەوە، هەر گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستەکان، پەیوەندیدارە بە لایەنەکانی ململانێەکەوە، ئێران خۆی بڕیار لە کۆتایی جەنگەکە دەدات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

پێشتریش سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندبوو، هەر وڵاتێک ئارەزوو بکات نەوتەکەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕێت، ئەوا مەرجیان دەرکردنی باڵیۆزی هەریەک لە ئەمریکا و ئسرائیلە لە وڵاتەکانیان.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
ئارا ئیبراهیم

نەوتى خاو نزیکەى 10% دابەزینى تۆمارکرد

سەرەڕاى جەنگى هاوبەشى ئەمریکاو ئیسڕائیل بەرامبەر ئێران و داخستنى گەرووى هورمز بەڕووى کەشتییە نەوتى و گازییەکاندا، بەڵام لەماوەى 24 کاتژمێردا نرخى نەوت نزیکەى 10% دابەزینى تۆمار کردووە.

نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت

لە بازاڕەکانی جیهان، یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە 89 دۆلارو 43 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت و بەڕێژەى 9.63% دابەزینى تۆمارکردووە.

نرخی یەک بەرمیل نەوتی تەکساس

هەروەها یەک بەرمیل نەوتى تەکساس 85 دۆلارو 30 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت و بەڕێژەى 9.99% دابەزینى تۆمارکردووە.

دابەزینی بە ڕێژەی لە10%

دابەزینى نرخى نەوتى خاو لەماوەى 24 کاتژمێردا بەڕێژەى نزیکەى 10% دابەزینى تۆمارکردووە، سەرەڕاى ئەوەى گەرووى هورمز لە 28ـى شوباتەوە لەلایەن ئێرانەوە بەڕووى کەشتییە نەوتی و گازییەکان و کۆنتێنەرەکاندا ڕاگیراوە.

نرخی بەر ڕۆژی جەنگ

دابەزینى نرخى نەوت، لەکاتێکدایە کە یەک ڕۆژ پێش جەنگەکە یەک بەرمیل نەوتى برێنت بە 73 دۆلار بووە و یەک بەرمیل نەوتى تەکساس بە 66 دۆلار بووە، واتا هێشتا بەراورد بە 11 ڕۆژى جەنگى نرخى نەوت هێشتا لە بەرزیدایە.

ئاژانسى ڕۆیتەرز، بڵاویکردەوە، وەبەرهێنەران بە وردی چاودێریی جەنگى هاوبەشى ئیسرائیل و ئەمریکا بەرامبەر ئێران دەکەن و مەترسییان هەیە لە دابینکردنى نەوت کە بەتەواوى کەمببێتەوە.

هاوکات، ڤیلادیمیر پووتن، لە میانى کۆبوونەوەى لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانى باڵاى وڵاتەکەى لە کۆشکى کرێملن، بارودۆخی بازاڕەکانی نەوت و گازی سرووشتى جیهان و پلانەکانى داهاتووی ڕووسیایان بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی نرخەکانى وزە تاوتوێ کردووە.

سەرۆکى ڕووسیا هۆشدارى لە ڕاگرتنى تەواوەتى بەرهەمهێنانى نەوت دەدات و ڕایگەیاند" وڵاتەکەى هەمیشە دابینکەرێکی وزەی متمانەپێکراو بووە و چاوەڕێى ئاماژەیەکى ئەورووپییەکانن بۆ کارکردن لەگەڵیاندا".

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
عەدنان ئەحمەد

بەهۆی هێرشی درۆنەوە ئیمارات گەورەترین پاڵاوگەی داخست

بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی ئێرانەوە، ئیمارات گەورەترین پاڵاوگەی خۆی داخست، کە بە بڕبڕەی پشتی پیشەسازیی وزەی وڵاتەکە دادەنرێت.

بەناوی  کۆمەڵگەی پیشەسازی ڕووەیس

کۆمەڵگەی پیشەسازیی ڕووەیس بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی ئێرانەوە، کارەکانی لە پاڵاوگەکەیدا ڕاگرت و بۆ ماوەیەکی کاتی داخرا.

پێشتر ئاگر لە کۆمەڵگەکە کەوتبووەوە

پێشتر نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەبوزەبی ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە، ئاگر لە کۆمەڵگەی پیشەسازیی ڕووەیس کەوتووەتەوە.

شوێنی پاڵاوگەکە

پاڵاوگەکە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری ئەبوزەبی، یەکێکە لە گەورەترین پاڵاوگەکانی جیهان و گەورەترین پاڵاوگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

توانای بەرهەمهێنانی پاڵاوگەکە

پاڵاوگەکە ڕۆژانە توانای پاڵاوتنی زیاتر لە 900 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەیە، بڕبڕەی پشتی بازاڕی ناوخۆی ئیماراتە و بەرهەمەکانی هەناردەی دەرەوەش دەکات.

پاڵاوگەی ڕووەیس لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دروستکراوە و سەرەتا ڕۆژانە 120 هەزار بەرمیلی نەوتی دەپاڵاوت.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

نەتەوەیەکگرتووەکان: 700 هەزار کەس لە لوبنان ئاوارەبوون

نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە دووى ئازارەوە بەهۆى هێرشەکانى ئیسرائیلەوە بۆ سەر لوبنان، نزیکەى 700 هەزار کەس لەو وڵاتە ئاوارەبوون.

لە 24 کاتژمێردا 100 هەزار کەس ئاوارە بوون

کارولینا لیندهۆلم، نوێنەرى کۆمیسیۆنى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروبارى پەنابەران لە لوبنان لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەوانان لە جنێڤ ڕایگەیاند، لەماوەى 24 کاتژمێرى ڕابردوودا زیاتر لە 100 هەزار کەس بەهۆى بۆردوومانەکانى ئیسرائیلەوە لە لوبنان ئاوارەبوون.

ئاوارەبوون لە زیادبووندایە

ڕوونیشیکردەوە، تاوەکو ئەمڕۆ سێشەممە، 667 هەزار کەس ناوى خۆیان لە سەکۆى ئەلیکترۆنى حکومەت تایبەت ئاوارەکان تۆمارکردووە، ڕادەى ئاوارەبوونیش زۆر زیاترە بەراورد بە جەنگى ئیسرائیل لە دژى حیزبوڵاى لوبنان لە ساڵى 2024.

دەیان گوند بە ناچاری چۆڵکراون

گوتیشى "بەهۆى بۆردوومانەکان و ئاگادارییەکانى ئیسرائیل، لەماوەى چەند خولەکێکدا دەیان گوند بەناچارى چۆڵکراون، 120 هەزار کەسیش لەوانەى ئاوارەبوون لە کەمپەکانى تایبەت بە حکومەتدان، ئەوانى دیکەش چوونەتە ماڵى کەسوکار و کەسە نزیکەکانیان و بەدواى شوێنى مانەوەدا دەگەڕێن".

نزیکەی 500 کەس کوژراون

سەبارەت بە ئامارى قوربانییانیش، وەزارەتى تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاندووە، بەهۆى هێرشەکانى ئیسرائیلەوە 486 کەس کوژراون و هەزار و 313 کەسى دیکەش برینداربوون.

ڕێکخراوى یونیسێفیش ئاشکرایکرد، لەناو کوژراوەکاندا 84 منداڵ هەیە.

لە ڕۆژى دووى ئازارەوە، ئیسرائیل بۆردوومانەکانى بۆ سەر باشوورى لوبنان دەستپێکردووە، ئەوەش دواى ئەوەى حیزبوڵا لە کاردانەوەى کوشتنى عەلى خامنەیی هێرشە مووشەکییەکانى بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردەوە.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
دانیار فاروق

هیومان ڕایتس وۆچ: ئیسرائیل لە لوبنان بۆمبى فسفۆڕى سپى بەکارهێناوە

ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند، سوپاى ئیسرائیل، بەشێوەیەکى نایاسایی بۆمبى فسفۆڕى سپى بەسەر ماڵەکانى شارۆچکەى یەحمور لە باشوورى لوبنان بەرداوەتەوە، ئەمەش هەڕەشەى ڕاستەوخۆیە بۆسەر هاوڵاتییانى سڤیل.

بۆمبی فسفۆڕی بەکارهاتووە

بەگوێرەى ڕاپۆرتێکى ڕێکخراوەکە، کە ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـى ئازارى 2026، بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەى بەوەکراوە، بەگوێرەى بەڵگەى ئەو وێنانەى بەدەستیانگەیشتووە، هەروەها شوێنى جوگرافى ناوچەکەى دەستنیشانکردوە، تیایدا دەردەکەوێت هێزەکانى ئیسرائیل، لە ئاسمانى ناوچەیەکى نیشتەجێبوونى لوبنانییەکان بۆمبى فسفۆڕى سپیان بەکارهێناوە، هەروەها تیمەکانى بەرگریى شارستانى سەرقاڵى کوژاندنەوەى دوو ئاگرن کە لە دوو ماڵى ناوچەکە کەوتونەتەوە و هەروەها لە شارۆچکەى یەحموریش ئۆتۆمبیلێک سووتاوە.

لە کاتی بۆمبارانکردنی بەشێک لە ناوچەکانی باشووری لوبنان

لەوبارەیەوە، ڕەمزى قەیس، توێژەرى سیاسیی بۆ کاروبارى لوبنان لە ڕێکخراوى هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاندووە، سوپاى ئیسرائیل بەشێوەیەکى نایاسایی بۆمبى فسفۆڕى سپى لە بەشێک لە ناوچەکانى باشوورى لوبنان بەکارهێناوە و ئەمەش هەڕەشە و مەترسى گەورەیە بۆسەر هاوڵاتییانى سڤیل.

کاریگەرییەکەی هەتا هەتاییە

ئەو توێژەرەى ڕێکخراوەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، کاریگەرى و شوێنەوارى بەکارهێنانى فسفۆڕى سپى لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ هەتا هەتایە دەمێنێتەوە، گوتیشى "ڕێکخراوەکەیان توانیویەتى ژمارەیەک وێنەى فۆتۆ بەدەستبهێنێت کە ئیسرائیل ئەو بۆمبە بەسەر ماڵەکانى شارۆچکەکەدا بەریدەداتەوە".

لایخۆیەوە، ئەنجوومەنى نیشتمانى بۆ بەدواداچوونى زانستى لە لوبنان ڕوونیکردووەتەوە، سوپاى ئیسرائیل لە مانگى تشرینى یەکەمى ساڵى 2023ـەوە هەتاوەکو مانگى تەمموزى 2024، 175 هێرشى بۆسەر ناوچەکانى باشوورى لوبنان بە بەکارهێنانى بۆمبى فسفۆڕى بەکارهێناوە، بەوهۆیەشەوە هێرشەکان بووەتە هۆکارى ئاگرکەوتنەوە لە زیاتر لە 1480 هێکتار زەوى کشتوکاڵى سووتاون.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

پەیامنێری کەناڵ8: هێرشی مووشەکی کرایە سەر بنکەی ڤیکتۆریا لەبەغداد

پەیامنێری کەناڵ8 لە بەغدادەوە ڕایگەیاند، بە مووشەک هێرشکراوەتە سەر بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا کە لە لایەن هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەوە بەکار دەهێنرا.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کیژان مەحمود

نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنی کرد

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنی کرد و رایگەیاند، بە هیچ شێوەک نابینە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان.

فەرماندە باڵاکان ئامادەی بوون

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، بە سیفەتى فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنیی کرد کە تێیدا وەزیری پێشمەرگە، وەزیری ناوخۆ، سوپاسالاری پێشمەرگە و فەرماندە باڵاکانی هێزی پێشمەرگە ئامادەی بوون.

تاوتوێکردنی دواپەرەسەندنە ئەمنییەکان

لە کۆبوونەوەکەدا، بە وردی تیشک خرایەسەر دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان. هه‌روه‌ها چه‌ندين بڕيار و ڕێنمايى بۆ پته‌وكردنى پاراستنى ئاسايش و ئاراميى هه‌رێمى كوردستان و چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌كردنى ده‌زگاكانى ڕاگه‌ياندن له‌گه‌ڵ ڕووداو و پێشهاته‌كاندا ده‌رچوون.

 هەرێم نابێتە بەشێک لە ململانێکان

نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردەوە، هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان و پاراستنی ئارامیی وڵات لە پێشینەی کارەکان دەبێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا جەختیکرده‌وه‌ به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك ڕێگەنادرێت خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران یان هەر وڵاتێکی ديكه‌ی دراوسێ.

سەرکۆنەی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان

لە تەوەرێکی دیکەدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تێکدەرانە کرا کە لەلایەن "گرووپە لەیاسادەرچووەکانی" عێراقەوە بە درۆن و مووشەک دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و زيانى گيانى و ماڵييان لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌. له‌مباره‌یەوه‌ جه‌خت كرايه‌وه‌‌ حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیاره‌ له‌وه‌ى ئه‌ركى خۆی جێبەجێ بکات بۆ ڕێگری لەو هێرشانە و دۆزینەوە و سزادانی بکەرانی، ڕاگەیێنراوەکە دەڵێت "چونکە ئەم پەلامارانە پێشێلکارییەکی ڕوونی سەروەریی وڵاتن و هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی گشتی".

هاوسۆزی بۆ بنەماڵەی شەهیدان

لە کۆبوونەوەکەدا، هاوسۆزى و هاوخه‌مى لەگەڵ خێزان و بنه‌ماڵه‌ى شەهید و بريندارانى هێرشه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان دووپات كرايه‌وه، هەروەها دەستخۆشی لە هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکان کرا بۆ ماندووبوون و شەونخونییان لەپێناو پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
رۆزا حیسام

ڕۆژنامەی تايمز: بەريتانيا نيازی نييە کەشتیيە فڕۆکەهەڵگرەکەی بنێرێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ڕۆژنامەی تايمزی بەريتانی بڵاوى کردووەتەوە کە پێناچێت بەريتانيا نيازی ئەوەی هەبێت ئەو کەشتييە فڕۆکە هەڵگرەی جوڵەی پێکردووە بینێرێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەکاتێکدا يەکەم وڵات بوو کەشتييەکەی ڕەوانەکرد و بەدوايدا بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا ئەو هەنگاوەيان نا.

بەرەو جەمسەری باکوور بەڕێکەوتووە

نوسينگەی کييەر ستارمەر سەرۆکوەزيرانی بەريتانيا ڕايگەياندووە، کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئێچ ئێم ئێس پرينس ئۆف واڵس ئەو کەشتييەی هەفتەی پێشوو جوڵەی پێکرا، بەرەو جەمسەی باکوور دەڕوات بۆ بەشداريکردن لە مەشقەکانی ناتۆ.

کەشتیەکی دیکەی بەرەو قوبرس بەڕێوەیە

بەڵام بەريتانيا ڕۆژی شەممە، کەشتييەکی ديکەی خستە حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشييەوە، کە ڕەنگە لە ماوەی پێنج ڕۆژدا فەرمانی دەرچوونی بۆ دەربکرێت و لە 14 ڕۆژدا بگاتە قوبرس، بەو پێيەش تەنيا يەک کەشتی بەريتانی ئەرکی بەرگريکردنی دەبێت لە قوبرس.

کەشتی ئەژدیها

ئەو کەشتييەی بەريتانيا خستوويەتييە حاڵەتی ئامادە باشييەوە لە جۆری کەشتی تێکشکێنەری دراگۆن 45ە واتە ئەژديها، کە کەشتييەکی تێکشکێنەرە و توانای ڕێگريکردنی هەيە کە مووشەکی باليستيکی.

دوای کردنە ئامانجی قوبرس

دوای ئەوەی بنکەيەکی هێزی ئاسمانی بەريتانيا لە قوبرس بە درۆن کرايە ئامانج، بەريتانيا کەشتييە فڕۆکە هەڵگرەکەی جوڵە پێکرد بە ئاڕاستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وا لێکدرايەوە بۆ بەرگريکردن لە ئەندامەکەی ناتۆ بەڕێکەوتووە.

دوای بەريتانيا هەريەک، لە فەڕەنسا، ئيسپانيا، هۆڵەندا، ئيتاڵيا کەشتی و کەلوپەلی سەربازيان بۆ ناوچەکە نارد.

فەڕەنساش هێزی زۆری ناردووە

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا ناردنی هێزێکی گەورەی دەریایی بۆ ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور و گەرووی هورمز ڕاگەیاند کە لە هەشت کەشتی، لەناوياندا دوو هێرشبەر و کەشتی فڕۆکەهەڵگری شارل دیگۆل کە بە هێزی ئەتۆمی کاردەکات.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
ڕۆزا حیسام

ترەمپ: دەکرێت لەگەڵ ئێران گفتووگۆ بکەين

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمريکا ڕايگەياند، ئێران بە خراپی دەيەوێت گفتووگۆبکات و منيش گوێدەگرم.

"ڕێی تێدەچێت گفتووگۆ بکەین"

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ویلایەتەیەکگرتووەکانى ئەمریکا بە کەناڵى فۆکس نیوزى ئەمریکى راگەیاندووە، هەرچەندە پێویست ناکات گفتوگۆ بکەین بەڵام ڕێشی تێدەچێت کە ئەوە ڕووبدات و منیش گوێیان لێدەگرم.

سەرسامبوونی ترەمپ

ترەمپ لە لێدوانەکەى بۆ کەناڵی فۆکس نيوز ئاماژە بەوەدەکات، يەکێک لەو شتانەی کە زۆر سەرسامم دەکات ئەوەيە، کە ئێران هێرش دەکاتە سەر وڵاتانێک کە هێرشيان نەکردووەتە سەری، هەروەها لەبارەی موجتەبا خامنەی ڕابەری نوێی ئێرانەوە دەڵێت "دڵخۆش نييە بە هەڵبژاردنی و پێی وانييە بتوانێت لە ئاشتيدا بژی".

ئۆپراسیۆنەکان لە سەرووی چاوەڕوانییەکانەوە بووە

سەبارەت بە ئۆپراسیۆنەکانیش ترەمپ دەڵێت، "ئەنجامی ئۆپراسيۆنەکەيان بۆسەر ئێران لەسەروو چاوەڕوانييەکانەوەيە".

لێدان لە 5000 ئامانج

ڕۆژی دووشەممە، فەرماندەی ناوەندی ئەمريکا ناسراو بە سێنتکۆم ڕايگەياند، لەدوای دەستپێکردنی ئۆپراسيۆنەکەوە لە 28ی شوبات زياتر لە پێنج هەزار ئامانج لە ئێران لەلايەن سوپای ئەمريکاوە لێياندراوە.

هەر لە سەرەتاوە لە 50%ی توانا کووشەکەییەکان لەناوبراوە

سەرۆکی ئەمريکا گوتيشی "سەرەتا کە هێرشيان کردووەتە سەر ئێران %50ی مووشەکەکانيان لەناوبردووە ئەگەر ئەو کارەيان نەکردايە ڕووبەڕووی شەڕێکی قورس دەبوونەوە".

 توانا ئەتۆمییەکانی ئێران

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمريکا و جارێد کوشنەری زاوا و ڕاوێژکاری پێیان گوتووە "ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەوەندە یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە کە بتوانێت 11 بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات".

لێکۆڵینەوە لە هێرش بۆسەر قوتابخانەکە دەکرێت

لە بارەی هێرشی سەر قوتابخانەکانی ئێرانيشەوە، ترەمپ گوتی "ئەو بابەتە لەژێر لێکۆڵينەوەدايە، ئەمريکا تاکە وڵات نييە کە ئەو مووشەکەی هەيە"، شەوی ڕابردووش لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانيدا باسی لەوە کرد"ئێران مووشەکی تۆماهۆکی هەيە"، ئەو مووشەکەی بە گوتەی تاران هێرشی پێکراوەتە سەر قوتابخانەکانی ئێران.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

پزیشکیان: هەرکەس خەیاڵ بە لەناوبردنى ئێرانەوە بکات لە مێژوو نازانێت

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، هەرکەس خەیاڵ بە لەناوبردنى ئێرانەوە بکات لە مێژوو نازانێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران میراتگری شارستانییەتێکە لانیکەم تەمەنی شەش هەزار ساڵە

کەس ناتوانێت ئێران بسڕێتەوە

سەرۆکۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، لە مێژوودا هیچ دەسەڵاتێک نەیتوانیوە ناوبانگى ئێران بسڕێتەوە

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

بافڵ تاڵەبانی: بە بۆنەی دەستنیشانکردنی ڕێبەری نوێ پیرۆزبایی لە ئێران دەکەین

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی کرد لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە، بە بۆنەی دەستنیشانکردنی ڕێبەری نوێی ئێران و هیوای خواست ببێتە مایەی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.

پیرۆزبایی لە ڕێبەری نوێ

سەرۆکی یەکێتی لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە "پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین بەبۆنەی دەستنیشانکردنی ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی وەک ڕابەری باڵای نوێ".

ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان

بافل جەلب تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، هیوای خواستووە ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەرقەرارکردنی سەقامگیری و ئاشتییەکی بەردەوام بۆ ناوچەکە.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
محەمەد عەلی

فیدان بۆ عێراقچی: قبوڵناکەین کایەی ئاسمانییمان پێشێلبکرێت

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە هاوتا ئێرانییەکەی ڕاگەیاندووە پیشێلکردنی کایەی ئاسمانیی تورکیا مایەی قبوڵکردن نییە و گوتوویەتی: "تورکیا بەردەوام دەبێت لەوەی ڕێوشوێنی پێویست لەدژی پێشێلکردنی ئاسمانی وڵاتەکەی بگرێتەبەر".

لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی قسەی کردووە

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیای فەرمیی تورکیا بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوە بڵاویکردووەتەوە، هاکان فیدان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەباس عێراقچی ئەنجامداوە.

پێشێلکردنی کایەی ئاسمانی تورکیا قبوڵکراو نییە

بەگوێرەی هەواڵەکە، فیدان بە عێراقچی گوتووە، پیشێلکردنی کایەی ئاسمانیی تورکیا مایەی قبوڵکردن نییە جەختی لەوەشکردووەتەوە، "تورکیا بەردەوام دەبێت لەوەی ڕێوشوێنی پێویست لەدژی پێشێلکردنی ئاسمانی وڵاتەکەی بگرێتەبەر".

خۆبەدوورگرتن لە تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە

وەزیری دەرەوەی تورکیا بەپێویستی زانیوە، سەرجەم لایەنەکان خۆیان بە دووربگرن لەو کردەوانەی ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدات و دەبێتە مایەی مەترسی بۆ هاووڵاتییانی سڤیل.

ئێران ڕەتیدەکاتەوە

لە بەرامبەردا عەباس عێراقچی بە هاکان فیدانی گوتووە، ئەو مووشەکانەی چوونەتە نێو کایەی ئاسمانیی تورکیاوە لە ئێرانەوە هەڵنەدراون و لەوبارەیەوە لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر دەکەن.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
عەدنان ئەحمەد

باکرهان: هۆشدارییەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی زۆر مێژوویی بوو

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا باسی لە هەڵوێستی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی هۆشدارییەکی زۆر مێژوویی دا و گوتیشى "بەکارهێنانی کورد وەک سەرەڕم، هەڵەیەکی گەورە دەبێت".

"سەرکردەکانی کورد هەلپەرست نین"

باکرهان ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵوێستی سەرکردەکانی کورد شکۆمەندانەیە و نایانەوێت وەک هەلپەرستێک دۆخی ئێران بقۆزنەوە.

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم لەوبارەیەوە زیاتر قسەی کرد و گوتی " بەڕێز بافڵ تاڵەبانی هۆشدارییەکی زۆر مێژوویی دا و ڕێک ئاوای گوت؛ بەکارهێنانی کورد وەک سەرەڕم، هەڵەیەکی گەورە دەبێت. کوردستان گۆڕەپانی جەنگ نییە و پێویستە ببێتە پردێک. ئەی ئێمە چیمان گوت؛ لە یەکەم ڕۆژەوە گوتومانە؛ دژ بە دەستوەردانی هێزە ناوچەییەکانین لە ئێران. پەیامی کورد و سەرکردەکانی ڕوونن، هەڵوێستێکی زۆر شکۆمەندانەیان هەیە و نایانەوێت هەلپەرست بن. ئێمە بە هەمووان دەڵێین کورد وەک مەترسی تەماشا مەکەن."

وەڵام بۆ هاکان فیدان

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم لە درێژەی وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان وەڵامی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیای دایەوە و گوتی، با لەبری چاودێریکردنی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەماشای هەڵوێستی شکۆمەندانەی سەرکردەکانی کورد بکات.

"کەس بۆی نییە خاکی کوردستان بەکاربهێنێت"

باکرهان باسی لەوەش کرد، هیچ لایەنێک بۆی نییە خاکی هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکاتە گۆڕەکانی جەنگ بۆ خۆی.

گوتیشی "سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکەین و مایەی قبوڵکردن نین".

تونجەر باکرهان، لە وەڵامی قسە و تێبینییەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی " داوا لەو کەسانە دەکەین کە دەڵێن چاودێریی هێزە کوردییەکانی ئێران دەکەین، سەرەتا با تەماشای هەڵوێستی شکۆمەندانەی سەرکردە کوردەکان بکەن. بە ڕوون و ڕەوان دەڵێم؛ نە ئەمریکا، نە ئێران و نە ئیسرائیل بۆیان نییە و مافی ئەوەیان نییە خاکی هەرێمی کوردستان و شارە کوردییەکانی ئێران بکەنە گۆڕەپانی جەنگ بۆ خۆیان. ماوەی چەند ڕۆژێکە ئێران هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان و زیانی گیانیان لێکەوتووتەوە، سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین و مایەی قبوڵکردن نین.

سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر سلێمانی

 هاوسەرۆکی پارتی دەم گوتیشی "هێرشەکانی سەر سلێمانی سەرکۆنە دەکەین و قبوڵیان ناکەین. پێویستە ئێران دەست لە هەڕەشەکردن لە کورد و هەرێمی کوردستان هەڵبگرێت. لەژێر هەڕەشەدان، کەچی پەنجە لە کورد ڕادەوەشێنن. پێویستە دان بە مافەکانی کورددا بنرێت و دەوڵەتانی ناوچەکەش زۆر باش ئەوە بزانن؛ کوردستان پردی ئاشتی و دیپلۆماسییەتە، وەرن کورد قایل بکەن و دیموکراسییەت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنین."

دەستوبردکردن لە پرۆسەی ئاشتی

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم پاش کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانانی دایەوە و گوتیشى "پێویستە دەستوبرد لە پرۆسەی ئاشتی بکرێت و هەنگاوی یاسایی بنرێت".

زیندانیان ئازاد بکرێن

باکرهان داواشی کرد، بۆ متمانەکردنی خەڵک بە پرۆسەکە، سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و زیندانیکراوە سیاسییەکان ئازاد بکرێن.

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم  دەربارەی پرۆسەی ئاشتی و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا گوتی "پێویستە دەستوبرد لە پرۆسەکە بکرێت. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێو شەڕ و ئاژاوەدایە، ئەو دۆخەش کار دەکاتە سەر هەموو ناوچەکە و جیهان، بۆیە پێویستە پرۆسەکە بەرەوپێشەوە ببرێت و بیگەیەنینە ئەنجام، با هەنگاوی یاسایی بنێین. پێویست ناکات چاوەڕێی ڕاپۆرتەکە بکەین و با بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکەین، بۆ ئەو کارە وەزیری داد دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت، با دەمیرتاش، یوکسەکداغ و زیندانیکراوانی دۆسیەی پارکی گەزی و کۆبانێ ئازاد ببن و لەم نەورۆزەدا دەست بگرن و هەڵپەڕکێ بکەن، ئەوەش بۆ ئەوەی ئومێدێکمان بۆ دروست ببێت کە دەکرێت بگەین بە دیموکراسییەت و ئاشتی. "

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کیژان مەحمود

بە دوو درۆن هێرشکرایەسەر کەمپی ئاوارەکانی ڕۆژهەڵات لە  خەلیفان

ئەمڕۆ کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ بە دوو درۆن هێرشکرایەسەر کەمپی ئاوارەکانی ڕۆژهەڵات لە شارۆچکەی خەلیفان.

زیانی گیانیی نەبووە

هێرشە درۆنییەکە بۆ سەر کەمپی ئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هیچ زیناێکی گیانی نەبووە و تەنیازیانی ماددی بەر کەمپەکە کەوتووە، جگەلەوەی یەکەمجارە لەپاش دەستپێکی شەڕ لەنیوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل،  بەڕاستەوخۆ هێرشبکرێتەسەر ئەو کەمپە لە خەلیفان و مەترسی هەیە دووبارە لە کەمپەکە بدرێتەوە.

کەمپی هاونیشتمانیانی سڤیلە

کەمپەکە کەمپێکی هاونیشتمانیانی سڤیلە وهیچ هێز و لایەنێکی تیدانیە و ساڵی 2023 بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئێران وەک ناوچەیەکی ئارام بۆ ئاوارەکانی ڕۆژهەڵات دیاریکرا لەکاتێکدا پێشتر ئەو ئاوارانە لە باڵەکایەتی مابوونەوە.

29 هێرش

تاوەکو ئێستا نزیکەی 29 هێرش کراوەتە سەر ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زیانی گیانی تەنیا برینداربوونی ژمارەیەک هاونیشتمانی بووە و ئەوەی دیکەی زیانی ماددی بووە.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کیژان مەحمود

عێراق سەرکۆنەی هێرشکردنەسەر نێردە دیپلۆماسییەکان دەکات

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، دەستدرێژی بۆ سەر نێردە دیپلۆماسی و کونسوڵخانەکان ڕەتدەکاتەوە و جەخت لە پاراستنیان دەکاتەوە.

"جێگەی سەرزەنشتکردنن"

وەزارەتەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکانى بۆ سەر نێردە دیپلۆماسی و کونسوڵخانەکان لە بەغداد و هەرێمی کوردستان  کردووە و دەشڵێت، ئەم کارانە جێگەی سەرزەنشتکردنن.

" هەمەوو دەستدرێژییەک ڕەتدەکرێتەوە"

وەزارەتەکە جەختدەکاتەوە لە هەڵوێستی جێگیری عێراق بۆ ڕەتکردنەوەی هەر دەستدرێژییەک بۆسەر نێردە و کونسوڵخانەکان.

ڕێکاری یاسایی پێویست دەگرنەبەر

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دووپاتیشی کردووەتەوە لایەنە عێراقییە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونی هەر ڕووداوێک دەکەن کەبەسەر کونسوڵخانەکاندا دەکرێت و ڕێکاری یاسایی پێویست دەگرنەبەر لەبەرامبەر کەسانی تێوەگلاو، ئەوەش لەپێناو پارێزراویی نێردە دیپلۆماسییەکان و ڕێگرییکردن لە هەر دەستدرێژییەکی لەو جۆرە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

نێچیرڤان بارزانی: بە هیچ شێوەیەک نابینە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنیدا پەیامێکی ڕوونی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، خاکی هەرێم نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئێران و هیچ وڵاتێکی دیکە، هاوکات داوا لە بەغدا دەکات بەرپرسیارێتیی خۆی لە ڕاگرتنی هێرشی درۆنەکان بۆ سەر کوردستان بگرێتە ئەستۆ.

کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی

ئەمڕۆ سێشەممە (10ـی ئاداری 2026)، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە و ئامادەبوونی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆک، کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی و سەربازی بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی پێشمەرگە و ناوخۆ، سوپاسالار و فەرماندە باڵاکانی پێشمەرگە بەشدار بوون. کۆبوونەوەکە بە وردی تاوتوێی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و مەترسییەکانی شەڕی لەسەر هەرێمی کوردستان کرد.

هەرێم لە دەرەوەی شەڕ و ململانێکانە

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی جەختی لە خاڵێکی گرنگ کردەوە و ڕایگەیاند؛ هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک تێکەڵی شەڕ و ململانێکانی ناوچەکە نابێت. پاراستنی ئارامیی کوردستان کاری لەپێشینە دەبێت و ڕێگەش نادرێت خاکی هەرێم ببێتە هەڕەشە بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران یان هەر وڵاتێکی دیکەی دراوسێ. لەم پێناوەشدا چەندین بڕیار بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێم و شێوازی مامەڵەی ڕاگەیاندنەکان لەگەڵ دۆخەکە دەرکران.

پەیامێکی توند بۆ بەغدا

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەو هێرشە درۆنی و مووشەکییانەی کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و زیانی گیانی و ماددییان لێکەوتووەتەوە. کۆبوونەوەکە بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد و داوای لە حکومەتی عێراق کرد کە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، ڕێگری لەو پێشێلکارییانە بکات و ئەنجامدەرانی بدۆزێتەوە و سزایان بدات.

هاوخەمی بۆ قوربانییان و دەستخۆشی لە پێشمەرگە

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان هاوخەمیی خۆیان بۆ خانەوادەی شەهیدان و بریندارانی ئەو هێرشانە دەربڕی کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان. هەروەها دەستخۆشییەکی گەرم ئاراستەی هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان کرا، کە بەردەوام و بەبێ ماندووبوون شەونخونی دەکەن بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و خاکی کوردستان.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

توانای کۆگاکردنی نەوتی خاو لە وڵاتانی کەنداو

وڵاتانی کەنداو ژمارەیەکی بەرچاو کۆگایان بۆ عەمبارکردنی نەوتی خاو دروستکردووە تاوەکو لە کاتی ڕووداوە جۆارجۆرە سروشتی و چاوەڕواننەکراوەکاندا، بەرهەمهێنانی نەوتیان ڕانەوەستێت و نەوتەکەیان کۆگا دەکەن و لە کاتی ئاسایبوونەوەی دۆخەکەدا، دەست بە هەناردەکردنەوەی دەکەن.

توانای کۆگاکردنی نەوتی خاو لە سعودیە

 توانای عەمبارکردن و هەڵگرتنی نەوت لای وڵاتانی کەنداوی عەرەبی جیاوازە و سعودیە ڕیزبەندی یەکەمی گرتووە لەگەڵ بەردەوامی هەناردەکردن بە ڕێژەی 50% توانای عەمبارکردن و کۆکردنەوەی 65 ڕۆژ نەوتی هەیە و لە کاتی ڕاگرتنی هەناردەکردنی تەواوەتیشدا توانای عەمبارکردنی تەواوی نەوتە بەرهەمهێنراوەکەی هەیە بۆ ماوەی 36 ڕۆژ.

توانای کۆگاکردنی نەوتی خاو لە قەتەڕ

 پاش سعودیە قەتەڕ لە ڕیزبەندی دووەمدا هاتووە کە توانای عەمبارکردنی تەواوی نەوتەکەی هەیە بۆ ماوەی 20 ڕۆژ.

توانای کۆگاکردنی نەوتی خاو لە ئیمارات

دواتر ئیمارات لە ڕیزبەندی سێیەمدا هاتووە کە دەتوانێت بۆ ماوەی 19 ڕۆژ نەوتی بەرهەمهێندراوی خۆی لەگەڵ هەناردەکردنی بە بڕی 30% بەردەوام بێت و بەبێ هەناردەکردنیش توانای عەمبارکردنی تەواوی نەوتەکەی بۆ ماوەی 16 ڕۆژ هەیە.

توانای کۆگاکردنی نەوتی خاو لە کوەیت

کوەیت یەکێکی دیکەیە لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە کەنداوی عەرەبی و ڕۆژانە 4 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە توانای هەناردەکردنی نیە و تەواوی نەوتەکەی بۆ ماوەی 14 ڕۆژ دەتوانێت عەمبار بکات.

توانای کۆگاکردنی نەوتی خاو لە عێراق

 لە کۆتایشدا عێراق کە ڕۆژانە 4 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت توانای عەمبارکردنی نەوتەکەی هەیە بۆ ماوەی 6 ڕۆژ و کەمترین توانای عەمبارکردنە لە نێوان وڵاتانی کەنداوی عەرەبیدا.

دۆخی هەرێمی کوردستان

 هەرێمی کوردستانیش کە پێش جەنگەکەی ئێران و ئەمریکا و ئیسڕائیل ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی نەوتی گەیشتبووە 303 هەزار بەرمیل نەوت ئێستا پاش هێرشەکان و ڕاوەستانی بەرهەمهێنان ڕۆژانە تەنیا 70 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەدەهێنێت .

کاریگەریی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لەسەر بیرە نەوتەکان

کەمکردنەوە یاخود ڕاوەستانی بەرهەمهێنانی نەوت کاریگەریی خراپی لەسەر بیرە نەوتەکان دەبێت و لە هەندێک حاڵەتدا ئاستی ئاو لە بیرەکان زیاد دەکات و و بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی نەوت و گەیشتن بە ئاستی پێشووی کاتێکی زۆری دەوێت و زیانێکی زۆری ئابووری دەبێت و پێشتر ئەم دۆخە لە ساڵی 2023 دا بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە کە توانای بەرهەمهێنانی ئەوکات 450 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەبوو بەڵام پاش ئەوەی بۆ ماوەی 2 ساڵ هەناردەی نەوت ڕاگیرا و پاش دەستپێکردنەوەی لە ئەیلوولی 2025دا توانای بەرهەمهێنانی نەوتی دابەزی بۆ 180 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە .

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
یاد نەوزاد

بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ 1.8 ملیۆن بەرمیل دابەزیووە

بەرهەمهێنانی نەوت لە سعودیە و عێراق دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. بەجۆرێک بەرهەمی نەوتی وڵاتانی کەنداو یەک لەسەر سێ کەمی کردووە.

ڕێژەی دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق

ئاژانسی بلومبێرگ ئاشکرایکرد، بەهۆی راگرتنی هەناردەکردن لەڕێگەی گەرووی هوورمز و کەمبوونەوەی توانای عەمبارکردنی نەوتەوە، کە لە ئەنجامی جەنگەوە هاتووەتە ئاراوە، بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق نزیکەی 60٪ بۆ 70٪ دابەزیوە، بە ڕێژەی یەک ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل تاوەکو یەک ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.

کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە وڵاتانی کەنداو

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی بلومبێرگ کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تەنیا عێراق نییە بەڵکو تەواوی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی گرتووەتەوە و هەریەک لە ئیمارات و کوەیت و سعودیەش بەرهەمهێنانیان کەمکردووەتەوە بۆ 6 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

ئاستی بەرهەمی نەوتی عێراق

پێشتر ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی عێراق، 4 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت بووە و ڕۆژانە 3 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی گەرووی هوورمزەوە هەناردە دەکرد و کۆی هەناردەی وڵاتانی کەنداوی عەرەبیش لە ڕێگەی گەرووی هوورمزەوە 21 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی: داخستنی ئاسمانی عێراق بۆ 72 کاتژمێری دیکە درێژکرایەوە

بەهۆی پەرەسەندنی بارودۆخی ئەمنی و سەربازی لە ناوچەکە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق بڕیاریدا گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ماوەی 3 ڕۆژی دیکە ڕابگرێت.

درێژکردنەوەی ماوەی داخستنی ئاسمان

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵات بەڕووی سەرجەم گەشتەکاندا بۆ ماوەی 72 کاتژمێری دیکە درێژکراوەتەوە. ئەم بڕیارە هەموو جۆرە گەشتێکی فڕۆکەوانی لە سەرانسەری عێراق دەگرێتەوە و جموجۆڵی ئاسمانی بە تەواوی ڕادەگرێت.

کاتی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، داخستنی کایەی ئاسمانی عێراق تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی بەردەوام دەبێت. تەنیا لە دوای ئەو کاتە و بەپێی هەڵسەنگاندنی نوێ بۆ بارودۆخەکە، بڕیار لەسەر دەستپێکردنەوەی گەشتەکان یان درێژکردنەوەی ماوەکە دەدرێت.

هۆکاری ڕاگرتنی فڕۆکەوانی

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ڕێکارە پشتبەستووە بەو هەڵسەنگاندنە ئەمنییانەی کە بۆ پەرەسەندنی بارودۆخە هەرێمییەکە کراوە. ئامانج لەم بڕیارە پاراستنی سەلامەتی گەشتیاران و فڕۆکە مەدەنییەکانە لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو لە کاتی ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکەدا.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

ئیمانوێل ماکرۆن: پێویستمان بە هێزێکی دەریاییە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز

سەرۆککۆماری فەرەنسا پێکهێنانی هێزێکی دەریایی ئەورووپی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز ڕادەگەیەنێت و هۆشداری دەدات کە جەنگەکە لە قۆناخی چڕدا چەندین هەفتە دەخایەنێت.

پێکهێنانی هێزێکی بەرگری بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ بەشێک لە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی ئامادەکاری دەکەن بۆ پێکهێنانی هێزێکی "بەرگری" بە مەبەستی کردنەوەی گەرووی هورمز. ئامانجی ئەم هێزە یاوەریکردنی کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان دەبێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ گەرووەکە بکەنەوە. ماکرۆن جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە بۆ بازرگانیی نێودەوڵەتی و گواستنەوەی وزە زۆر پێویستە.

پاراستنی ئاسایشی قوبرس وەک بەشێک لە ئەورووپا

ڕۆژی دووشەممە، ماکرۆن سەردانی قوبرسی کرد و لەوێوە لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "شارل دیگۆل" نیشتەوە. ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا قوبرس بە درۆنی ئێرانی کرایە ئامانج. سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، کاتێک هێرش دەکرێتە سەر قوبرس، وەک ئەوە وایە هێرش کرابێتە سەر ئەورووپا، بۆیە پاریس یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی و کەشتییە جەنگییەکانی بۆ پاراستنی ناوچەکە جێگیر کردووە.

هەڵوێستی فەرەنسا لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی ئێران

دوای کوژرانی عەلی خامنەیی و دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی کوڕی وەک جێگرەوە، ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کاتی ململانێکان دیاری دەکەن. ئەو هۆشداریی دا کە گۆڕانکاریی گەورە لە سەرکردایەتیی ئێراندا "تەنیا لە ڕێگەی بۆردوومانەوە" بەدی نایەت. هەروەها ڕایگەیاند کە هێزەکانیان بۆ مانەوەی درێژخایەن ئامادە دەکەن، چونکە ئەگەری هەیە ئەم قۆناخە چڕەی جەنگ چەند هەفتەیەک بخایەنێت.

هەماهەنگی نێودەوڵەتی و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لەگەڵ سەرۆکی قوبرس و سەرۆکوەزیرانی یۆنان، ماکرۆن ڕایگەیاند کە وڵاتانی ئەورووپی و دەرەوەی ئەورووپاش بەشداری لەم ئەرکە نێودەوڵەتییەدا دەکەن کە تەواو مرۆیی و بەرگرییە. هاوکات کۆشکی ئێلیزێ ئاشکرای کرد، ماکرۆن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە و دۆخی لوبنانی تاوتوێ کردووە.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
ژولیا ئەحمەد

ئارامکۆ: داخستنی گەرووی هورمز دۆخێکی کارەساتبار بۆ جیهان دروست دەکات

لەگەڵ چوونە نێو 11ـەیەمین ڕۆژی داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، کۆمپانیای ئارامکۆ هۆشداریی لە پەککەوتنی سێکتەرە جیاوازەکانی جیهان دەدات و هاوکات سوپای پاسدارانیش سووربوونی خۆی لەسەر ڕێگریکردن لە هەناردەی نەوت دووپات دەکاتەوە.

کاریگەرییەکانی داخستنی گەرووی هورمز لەسەر جیهان

ئەمین ناسر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی ڕایگەیاند، بەردەوامیی داخستنی گەرووەکە کارەساتبارە و کاریگەرییەکانی تەنیا لەسەر کەرتی وزە و کەشتیوانی و بیمە نامێنێتەوە، بەڵکو کەرتەکانی فڕۆکەوانی، کشتوکاڵ و پیشەسازی ئۆتۆمبێلیش دەگرێتەوە. بە گوتەی بەڕێوەبەرەکەی ئارامکۆ، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە جیهاندا لە نزمترین ئاستی 5 ساڵی ڕابردوودایە و ئەم قەیرانە دابەزینەکە خێراتر دەکات.

هەڕەشەکانی سوپای پاسداران و کاردانەوەی ئەمریکا

جەنگی نێوان ئێران و بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرەو هەفتەی 2ـەم درێژ دەبێتەوە و بۆ ماوەی 11 ڕۆژە گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە داخراوە. ئەمڕۆ سوپای پاسداران جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە "ڕێگە نادەن یەک لیتر نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تێپەڕێت". لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەکانی بۆ کردنەوەی گەرووەکە بە هێزی سەربازی توندتر کردووەتەوە.

دابەزینی قازانجی ساڵانەی کۆمپانیای ئارامکۆ

کۆمپانیای ئارامکۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، قازانجی ساڵانەی کۆمپانیاکە بەڕێژەی 12% دابەزیوە، ئەوەش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بۆرسە جیهانییەکاندا. سەرەڕای ئەم دابەزینە، کۆمپانیاکە پلانی داناوە بە بەهای 3 ملیار دۆلار لە پشکەکانی خۆی لە بازاڕدا بکڕێتەوە بۆ پاراستنی هاوسەنگی دارایی کۆمپانیاکە.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
شۆڕش محەمەد

سەرۆککۆمارى عێراق پەیامێکى ئاڕاستەى ڕێبەرى باڵاى ئێران کرد

لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆمارى عێراق پەیامێکى ئاڕاستەى موجتەبا خامنەیى کرد و پیرۆزبایى هەڵبژاردنى کرد بە ڕێبەرى باڵاى ئێران.

پیرۆزبایی لە ڕێبەری باڵا

لە پەیامەکەى سەرۆککۆمارى عێراق بۆ ڕێبەرى باڵاى ئێران ئاماژە بەوە کراوە، "پیرۆزبایى لە ئێوە و کۆمارى ئیسلامى و سەرکردە و گەلى ئێران دەکەین بە بۆنەى هەڵبژاردنتان بە ڕێبەرى باڵا و بەهیواین لە جێبەجێکردنى ئەرکەکانتان سەرکەوتووبن".

پشتیوانیی گەلی عێراق بۆ گەلی ئێران

لە بەشێکى ترى پەیامەکەى سەرۆککۆمارى عێراق بۆ ڕێبەرى باڵاى ئێران هاتووە، "لە کاتێکدا سەرەخۆشى خۆمان بە شەهیدبوونى عەلى خامنەیى، ڕێبەرى باڵاى ئێران و چەند سەرکردە و هاوڵاتییەکى ئێران دەردەبڕین، جەختیش لەسەر پشتیوانیى عێراق لە گەلى ئێرانى دراوسێ لەم کۆستە گەورەیەدا دەکەینەوە".

هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی ململانێکان

لە بەشێکى ترى پەیامەکەى سەرۆککۆماردا ئاماژە بەوە کراوە، "هەڵوێستى عێراق دووپات دەکەینەوە لە پاڵپشتیکردنى هەموو هەوڵە هەرێمایەتى و نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگرتنى ململانێکان و نەمانى گرژییەکان و کارکردنى پێکەوەیى لەپێناوى سەقامگیریى و ئاشتى و ئاسایش لە تەواوى ناوچەکەدا".

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کیژان مەحمود

ئیمارات: کونسوڵخانەکەمان لە هەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج

هەریەک لە سعودیە و ئیمارات سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کۆنسوڵخانەی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

کونسوڵخانەی ئیمارات بە درۆن کرایە ئامانج

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیمارات ڕایگەیاند، کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان بە درۆنێکی بە ئامانج گیراوە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە جگە لە زیانی ماددی، ئیمارات بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد.

سعودیە هێرشەکەی ئیدانە کرد

دوا بەدوای ئەوەش وەزارەتی دەرەوەی سعودیە بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد و لە ڕاگەیێنراوێکدا جەختی لەوەکردووە، بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر باڵەخانە دیپلۆماسییەکان لەدژی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەناویاندا ڕێککەوتننامەی جنێڤ.  سعودیە جەختیشی لە گرنگی ڕێزگرتنی حەرەمی باڵەخانەی نێردە دیپۆلماسییەکان کردووەتەوە.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کیژان مەحمود

نوێنەری کارگەکانی غاز: بڕێکی باشی غازی یەدەگ لە کارگەکاندا هەڵگیراون

لەسەر دەنگۆی قەیران و کێشەی غازی ماڵان لە سلێمانی نوێنەری کارگەکانی غاز کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و دڵناییدا قەیرانی کەمی غاز نییە و ئەوەی کە هەیە دروستکراوە، بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ خواستی زۆری هاونیشتمانییان کە بە لێشاو ڕوویان کردووەتە سەر کڕینی غاز.

هاونیشتمانیان پەلە نەکەن

کۆچەر تاهیر، نوێنەری کارگەکانی غاز ئاماژەی بەوەشکرد، بڕێکی باشی غازی یەدەگ لە کارگەکاندا هەڵگیراون و دەتوانن بە میکانیزمێکی باش بیگەیەننە دەست هاونیشتمانییان، داواشی لە هاونیشتمانیان کرد پەلە نەکەن لە پڕکردنەوەی بتڵەکانیان و یارمەتیدەربن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئیدارەدانی ئەم دۆخەی ئێستا و بە یەکسانی دابەش بکرێت.

کێشەکە کاتییە

نوێنەری کارگەکانی غاز ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی ئێستا تەواوی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە لە کەمبوونەوەی بڕێکی غازی ماڵان، پەیوەستە بە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران و کاتییە، ڕوونیشیکردەوە پارێزگای سلێمانی لە وەرزە ساردەکاندا پێویستی بە 300 تۆن غاز هەیە لە وەرزە گەرمەکانیشدا دادەبەزێت بۆ 220 تۆن ‌غاز.

 حەوت گارگەی غاز

کۆچەر تاهیر باسی لەوەشکرد، ئەگەر یەدەگی غازی ماڵان لە کارگەکانی هەرێمدا نەمێنێت و کۆرمۆر نەکەوێتەوە کار، ئەوا حەوت کارگە هەیە کە ڕاستەوخۆ لە عێراقەوە بەشە غازی بۆ دابین دەکرێت.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
محەمەد عەلی

دەوڵەت باخچەلی: کورد کاری بەکرێگیراوی ناکات و ناشبێت بیکات

سەرۆکی پارتی مەهەپە ڕەتیدەکاتەوە کورد وەک کەرەستە لە پڕۆژە نێودەوڵەتییەکاندا بەکاربهێندرێت و هۆشداری دەداتە وڵاتانی دراوسێ لەبارەی هەر پەرەسەندنێکی سەربازی کە زیان بە ئاسمانی تورکیا بگەیەنێت.

ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی کورد لە شەڕە زەوینییەکاندا

ئەمڕۆ سێشەممە 10ی ئازاری 2026، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە)، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان گوتارێکی پێشکێش کرد. باخچەلی باسی لە ئەگەری بەشداریکردنی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد لە هەر کردەیەکی سەربازیی زەوینی لەسەر داوای ئەمریکا یان هەر وڵاتێکی دیکە و ڕایگەیاند: "کورد کاری بەکرێگیراوی ناکات و ناشبێت بیکات."

کورد وەک گەلێکی سەربەرز و بێلایەن

باخچەلی لە گوتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە کورد "بۆ فرۆشتن و بۆ کرێ نین" و نابێت وەک بکوژ یان کەرەستە لە پڕۆژەی وڵاتانی دیکەدا سەیر بکرێن. ئەو وەسفی کوردی کرد وەک گەلێکی بەشکۆ و سەربەرز، ئاماژەی بەوەش کرد کە ناتوانرێت وەک ئامرازێک لە ململانێی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێراندا بەکاربهێندرێن.

برایەتی تورک و کورد و هاوبەشی چارەنووس

سەرۆکی مەهەپە لەبارەی پەیوەندییە ناوخۆییەکانی تورکیاوە ڕایگەیاند، تورک و کورد بران و خاوەنی چارەنووسێکی هاوبەشن. باخچەلی هێرشی کردە سەر ئەو لایەنانەی دەیانەوێت تورک و کورد بە شەڕ بدەن و گوتی: "ئەوانەی بیر لەوە دەکەنەوە تورک و کورد بە شەڕ بدەن، نامەردن و هەڵوێستێکی دوژمنکارانەیان هەیە."

هۆشداری لەبارەی سیناریۆکانی دژی ئێران و تورکیا

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، باخچەلی ئاماژەی بەو پلانانە کرد کە بۆ ڕووبەڕووکردنەوەی تورکیا و ئێران دادەڕێژرێن. داوای لە وڵاتانی دراوسێ کرد بە هەستیارییەوە هەنگاو بنێن و ڕایگەیاند: "پێویستە هەموو جیهان بزانێت کە نامانەوێ جارێکی دیکە مووشەکێکی ونبوو لە ئاسمانماندا ببینین،" ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پاراستنی کایەی ئاسمانیی تورکیا لە ئەگەری هەر هێرشێکی مووشەکیدا لە ناوچەکە.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کیژان مەحمود

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە: پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتی پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان بگرێتە ئەستۆ

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی کونسوڵخانەی ئیمارات دەکات و داوا لە بەغدا دەکات سنوورێک بۆ ئەو گرووپە لەیاسادەرچووانە دابنێت کە ئاسایشی هەرێم دەخەنە مەترسییەوە.

سەرکۆنەکردنی هێرشەکان و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێنراوێکدا بڵاویکردەوە، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەن کە دەکرێنە سەر هاونیشتمانییان، دامەزراوە مەدەنییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان. فەرمانگەکە جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە ناڕەوان و بە تەواوی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانن، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە هیچ شەڕێک و هەمیشە لایەنگری ئاشتی و سەقامگیری بووە.

داواکاری لە حکومەتی عێراق بۆ ڕێگریکردن لە گرووپە چەکدارەکان

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتی پاراستنی سەروەریی وڵات بگرێتە ئەستۆ. فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە داوای لە بەغدا کرد ڕێگری لەو دەستە و گرووپە توندڕەو و لەیاسادەرچووانەی ناوخۆی عێراق بکات کە بەبێ پاساو و بە بەردەوامی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج، تاوەکو ڕێگری لە تێکچوونی زیاتری دۆخی ئەمنی بگیرێت.

وردەکاریی هێرشە درۆنییەکەی سەر کونسوڵخانەی ئیمارات

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 10ی ئاداری 2026، دەوڵەتی ئیمارات ڕایگەیاند کە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کراوەتە ئامانج. بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام مەترسییەکی جددی بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەکان لە ناوچەکە دروست کردووە.

هەڵوێستی سعودیە و وڵاتانی ناوچەکە

دوای هێرشەکە، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە بە توندترین شێوە سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی کونسوڵخانەی ئیماراتی کرد. سعودیە لە ڕاگەیێنراوێکدا جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر باڵەخانە دیپلۆماسییەکان دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتننامەی جنێڤە. هاوکات وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش نیگەرانی خۆیان لە پەرەسەندنی ئەو هێرشانە دەربڕیوە.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
محەمەد عەلی

تورکیا سیستمی بەرگریی پاتریۆت لە باکووری کوردستان جێگیر دەکات

لە چوارچێوەی هەڵکشانی گرژییەکان و دوای تێکشکاندنی 2 مووشەکی بالیستی، تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ ناتۆ ڕێکاری بەرگریی توند لە باکووری کوردستان دەگرێتەبەر.

تێکشکاندنی مووشەکە بالیستییەکان

بڕیاری جێگیرکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دوای ئەوە دێت کە بە گوتەی ئەنقەرە، 2 مووشەکی بالیستی لەلایەن تارانەوە بە ئاڕاستەی خاکی تورکیا هەڵدراون. وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاندووە کە ئەو مووشەکانە لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ناتۆوە لە ئاسمان تێکشکێنراون و خراونەتە خوارەوە.

جێگیرکردنی سیستمی پاتریۆت لە مەڵەتی

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و کایەی ئاسمانیی وڵاتەکەی، ڕێکاری نوێی خۆپارێزییان گرتووەتەبەر. لەو چوارچێوەیەشدا، بڕیاردراوە سیستمێکی بەرگریی ئاسمانی لە جۆری پاتریۆت لە شاری مەڵەتی لە باکووری کوردستان جێگیر بکرێت بۆ پتەوکردنی پارێزگارییکردن لە ئاسمانی تورکیا.

هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانانی ناتۆ

حکوومەتی تورکیا جەختی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە دوای ڕاوێژ و هەماهەنگی ورد لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ڕێکخراوی ناتۆ نراوە. وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوەش کردووە، لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی بەردەوام دەبن لە هەڵسەنگاندن بۆ پێشهاتە سەربازییەکان و گرتنەبەری هەر ڕێکارێکی پێویست بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە مووشەکییەکان.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

ئێران: پێشنیازی ئاگربەستی چین، فەرەنسا و رووسیامان رەتکردووەتەوە

تاران پێشنیازی وڵاتانی زلهێزی جیهانی بۆ ئاگربەست ڕەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاوەکو لێپرسینەوە لە هێرشکاران نەکرێت، کۆتایی بە جەنگەکە ناهێنن.

ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکانی چین، فەرەنسا و ڕووسیا

کازم غەریب ئابادی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی داوای ئاگربەستی لەلایەن چین، فەرەنسا، ڕووسیا و چەندین وڵاتی ناوچەکە و جیهانەوە ڕەتکردووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە چەندین وڵاتی ئیسلامی و نائیسلامی لە پەیوەندیدابوون بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە، بەڵام تاران ئامادە نییە لە ئێستادا هێرشەکانی ڕابگرێت.

مەرجەکانی ئێران بۆ وەستاندنی جەنگ

بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە بڕیاری کۆتایی بۆ وەستاندنی جەنگ لە دەستی ئێراندایە. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، تەنیا کاتێک شەڕ دەوەستێنن کە متمانە و دڵنیایی تەواویان هەبێت کە هێرشەکان دووبارە نابنەوە و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەو لایەنانە بکرێت کە دەستدرێژییان کردووەتە سەر خاکی ئێران.

پێسپاردنی جەنگ بۆ هەفتەی دووەم

جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران پێی ناوەتە هەفتەی 2ـەم. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە جەنگەکە کورتخایەن دەبێت بەڵام لەم هەفتەیەدا کۆتایی نایەت. هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوە کردووە کە هێشتا "زۆر زووە" باس لە هەبوونی پەیوەندی لە نێوان تاران و واشنتن بکرێت بۆ وەستاندنی جەنگ، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامی پێکدادانەکان.

زیانە ئابوورییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل

کازم غەریب ئابادی پێیوایە لایەنی بەرانبەر زیانی گەورەیان بەرکەوتووە و دۆخی ئابوورییان ناجێگیرە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، سەیری بازاڕی وزە و ئابووری بکەن دەبینن کە بارودۆخەکە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل "زۆر بە ئازارە" و ئەم پەرەسەندنانە کاریگەری نەرێنی گەورەی لەسەر ژێرخانی دارایی ئەو دوو وڵاتە دروست کردووە.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

هێزە دەریاییەکانی ئەوروپا لە دەریای ناوەڕاست و گەرووی هورمز جێگیر دەکرێن

بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی ئێران و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، فەرەنسا و بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانیان بەرەو ناوچەکە دەجوڵێنن و پاریس بڕیاری ناردنی گەورەترین کەشتی فڕۆکەهەڵگری خۆی داوە.

جوڵەی هێزە دەریاییەکانی بەریتانیا

حکوومەتی بەریتانیا بڕیاری داوە کەشتی تێکدەر لە جۆری 45 بە ناوی (HMS Dragon) رەوانەی ناوچەکە بکات. بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو ئەم کەشتییە بەندەری پۆرتسمۆس جێبهێڵێت و گەیشتنی بۆ رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ماوەی 1 هەفتە دەخایەنێت. (HMS Dragon) تەنیا کەشتی بەریتانییە کە توانای بەرپەرچدانەوەی مووشەکی بالیستی هەبێت لە ڕێگەی سیستەمی "سی ڤایپەر" و ئەرکی پاراستنی بنکەی ئاسمانی "ئەکرۆتیری" لە قوبرس و بەرژەوەندییەکانی بەریتانیای لە کەنداو پێسپێردراوە.

ستراتیژی بەریتانیا بۆ کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان

سەرەڕای پەرەسەندنی گرژییەکان، حکوومەتی بەریتانیا لە ئێستادا کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناکات. بەگوێرەی زانیارییەکانی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، کەشتی فڕۆکەهەڵگری (HMS Prince of Wales) بەرەو جەمسەری باکوور بەڕێدەکەوێت بۆ بەشداریکردن لە مانۆڕەکانی ناتۆ. وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کردووە کە تا ئێستا بڕیاری کۆتایی بۆ گۆڕینی رێڕەوی ئەم کەشتییە نەدراوە، بەڵام بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو لە ئامادەباشیدان.

فەرەنسا هێزێکی دەریایی گەورە رەوانە دەکات

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، بڵاوەپێکردنی هێزێکی دەریایی فراوانی راگەیاند کە پێکهاتووە لە کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەتۆمی "شارل دیگۆل"، 8 کەشتی فرێگات و 2 کەشتی هێرشبەری دیکە. ماکرۆن جەختی کردەوە کە ئەم هێزانە لە ناوچە هەستیارەکانی وەک رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، دەریای سوور و گەرووی هورمز جێگیر دەکرێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر پەرەسەندنێکی سەربازی.

بەشداری وڵاتانی ئەوروپا لە پاراستنی سەقامگیری

جگە لە فەرەنسا و بەریتانیا، وڵاتانی دیکەی ئەوروپا وەک یۆنان، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ناردنی هێزی سەربازی و فڕۆکەی جەنگی (F-16). ئامانجی ئەم وڵاتانە پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە و دابینکردنی ئاسایشی بنکە سەربازییەکانیانە لە قوبرس، کە وەک خاڵێکی ستراتیژی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەبینرێت.

هۆکاری پەرەسەندنی ئامادەکارییە سەربازییەکان

ئەم جوڵە سەربازییانەی ئەوروپا دوای ئەوە دێت کە بنکەی ئاسمانی شاهانەی بەریتانیا لە قوبرس رووبەڕووی هێرشی درۆن بووەوە. راپۆرتە هەواڵییەکان ئاشکرایان کردووە کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران وێنەی مانگە دەستکردەکانیان بەکارهێناوە بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی فڕۆکە سیخوڕییەکانی (U-2) لە ناو بنکەکەدا و کردنیانە ئامانج، ئەمەش وایکردووە وڵاتانی ئەوروپا رێکارە ئەمنییەکانیان توندتر بکەن.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

سوپای پاسداران: مەرجی تێپەڕبوونی کەشتییەکان دەرکردنی باڵیۆزی ئەمریکا و ئیسرائیلە لە وڵاتان

لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران و شارە گەورەکانی دیکەی ئێران، سوپای پاسداران هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورموز دەکات و دۆناڵد ترەمپیش هۆشداریی توند دەداتە کۆماری ئیسلامی.

چڕبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر تاران و ئیسفەهان

لە رۆژی دووشەممە 9ی ئازاری 2026، شەپۆلێکی توندی هێرشی ئاسمانی بە فڕۆکە، مووشەک و درۆن بۆ سەر دامەزراوە ئەمنی، سەربازی و ژێرخانەکانی وزە لە تاران، کەرەج، تەورێز و ئیسفەهان دەستیپێکردووە و تاوەکو بەرەبەیانی سێشەممە 10ی ئادار بەردەوام بووە. قەرارگەی (خاتەمولئەنبیا) رایگەیاندووە کە ژمارەیەک مووشەکیان لە ئاسمانی تاران خستووەتە خوارەوە.

بە ئامانجگرتنی ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکان

لە شاری تاران چەندین گەڕەکی وەک (تێهرانسەر، سۆهرەوەردی، ئاپادانا، رەسالەت، کوهەک و مەجیدیەی باشوور) بۆردوومان کراون. بەپێی زانیارییەکان، باڵەخانەی ناوەندیی فەرماندەیی پۆلیس لە رۆژئاوای تاران، بنکەی بەسیجی کەربەلا و کۆمپانیایەکی فیلتەرکردنی ئینتەرنێت پێکراون. بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی تاران ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی ڕووخانی دوو باڵەخانە لە رۆژهەڵاتی شارەکە، دەیان کەس کوژراون.

فراوانبوونی بازنەی بۆردوومانەکان لە پارێزگاکان

هێرشەکان تەنیا تارانیان نەگرتووەتەوە؛ لە پارێزگای ئەلبورز چەندین بنکەی سوپای پاسداران و بەسیج لە کەرەج و نەزەرئاباد کراونەتە ئامانج. لە ئیسفەهان، باڵەخانەی ناوەندیی هەواڵگریی سوپای پاسداران و سەربازگەی پیادە لە سپاهانشەهر بۆردوومان کراون. هەروەها لە شاری بەندەرعەباس، دامەزراوەکانی سوپا و بنکەی هێزی دەریایی ئەرتەش کراونەتە ئامانج.

ئاماری زیانە گیانی و سەربازییەکانی ئێران

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای شەڕەکەوە زیاتر لە 1900 کەس لە هێزە سەربازییەکانی ئێرانیان کوشتووە، کە فەرماندەی باڵایان تێدایە، هەروەها بە هەزاران کەسی دیکەش بریندارن. ئیسرائیل دەڵێت 6 فڕۆکەخانەی سەربازییان پەکخستووە و تەنیا لە فڕۆکەخانەی مێهرئاباد 16 فڕۆکەی گواستنەوەی فەیلەقی قودسیان لەکار خستووە.

هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورموز

لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا، سوپای پاسدارانی ئێران مەرجێکی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان داناوە و ڕایگەیاندووە، هەر وڵاتێکی عەرەبی یان ئەورووپایی باڵیۆزی ئەمریکا و ئیسرائیل لە وڵاتەکەی دەربکات، ڕێگە دەدەن کەشتییەکانی بە ئازادی لە تەنگەی هورموز تێپەڕن. هاوکات قەرارگەی خاتەمولئەنبیا باسی لەوە کردووە کە هێرشی مووشەکییان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

هۆشدارییەکەی دۆناڵد ترەمپ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پەیامیدا لە 10ی ئازاری 2026 هۆشداریی توندی دایە تاران و ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران ڕێگری لە تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە تەنگەی هورموز بکات، ئەوا "20 ئەوەندەی ئەوەی تاوەکو ئێستا لێیاندراوە، لێیاندەدرێتەوە".

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

فایەق زێدان: ڕێکاری یاسایی بەرانبەر هێرشکارانی سەر نێردە دیپلۆماسییەکان دەگرینە بەر

بە مەبەستی تاوتوێکردنی پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و سزادانی هێرشکاران، فایەق زێدان و فوئاد حوسێن کۆبوونەوە و جەختیان لە گرتنەبەری ڕێکاری توندی یاسایی بەرانبەر تێکدەرانی ئاسایش کردەوە.

هەماهەنگی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە تیرۆریستییەکان

ئەمڕۆ سێشەممە 10ی ئازاری 2026، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، پێشوازی لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە چوارچێوەی ڕێکارە دادوەری و یاساییەکان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کەسانەی دەستیان لە ئەنجامدانی تاوانە تیرۆریستییەکاندا هەیە.

پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و دامەزراوەکان

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەو هێرشانەی دەکرێنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان، دامەزراوە حکوومییەکان و هاووڵاتییان لە عێراق. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی یاسا بەرانبەر هەر لایەن و کەسێک کە زیان بە شکۆی دەوڵەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەگەیەنێت.

تێکشکاندنی 3 درۆن لە ئاسمانی هەولێر

ئەم کۆبوونەوەیەی نێوان سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و وەزیری دەرەوە دوای ئەوە دێت، کە شەوی دووشەممە 9ی ئاداری 2026، کاتژمێر 22:24، هەوڵێکی دیکە بۆ بەئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کوردستان پووچەڵکرایەوە. هێزەکانی هاوپەیمانان توانییان 3 درۆنی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی هەولێر بپێکن و بیانووەشێننەوە.

وردەکاریی شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکان

بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، پارچە و پاشماوەی یەکێک لە درۆنە تێکشکاوەکان لە نزیک کونسوڵخانەی ئیمارات لە شاری هەولێر کەوتووەتە خوارەوە. هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد لەبارەی سەرچاوەی هێرشەکە کردووە.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

بەریتانیا: فڕۆکە جەنگییەکانمان ئاسمانی ئیمارات دەپارێزن و چەند درۆنێکیان خستووەتە خوارەوە

بەریتانیا دوای ڕووبەڕووبوونەوەی گوشارە نێودەوڵەتییەکان، بە فەرمی بەشداریکردنی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند و فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە ئاسمانی ئیمارات دەپارێزن.

پاراستنی ئاسمانی ئیمارات و خستنەخوارەوەی درۆنەکان

جۆن هیلی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری "تایفۆن" دەستیان کردووە بە پاراستنی ئاسمانی ئیمارات. هەروەها ئاشکرای کرد کە فڕۆکەکانیان توانیویانە 2 درۆن لە ناوچەکە بخەنە خوارەوە، کە یەکێکیان لە ئاسمانی ئوردن و ئەوی دیکەیان بەرەو ئاراستەی بەحرێن دەڕۆیشت.

هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا و بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکان

وەزیری بەرگریی بەریتانیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕێگەی بە ئەمریکا داوە بنکە ئاسمانییەکانی "فێرفۆرد" و "دیێگۆ گارسیا" بەکاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی بەرگریی دیاریکراو دژی ئێران بە ئامانجی تێکشکاندنی مووشەکەکانی تاران لە بنکەکانیاندا. هاوکات، ژمارەیەک فڕۆکەی بۆمبهاوێژی B-52ی ئەمریکی لە بنکەی فێرفۆرد لە باشووری ڕۆژئاوای بەریتانیا نیشتوونەتەوە.

کاردانەوە بۆ گوشارەکانی ترەمپ و وڵاتی قوبرس

ئەم هەنگاوانەی بەریتانیا دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و حکومەتی قوبرس ڕەخنەی توندیان لە کییەر ستامەر گرت بەهۆی "خاوی" لە کاردانەوە بەرامبەر جەنگەکە. لەم چوارچێوەیەدا، بەریتانیا هێلیکۆپتەرەکانی "وایڵدکات" و "مێرلین"ی ڕەوانەی قوبرس کردووە و کەشتیی جەنگیی HMS Dragon کە توانای بەرگریی ئاسمانیی هەیە، لە 2 ڕۆژی داهاتوودا دەگاتە ڕۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست.

ڕێکارە دیپلۆماسییەکان و چارەنووسی هاووڵاتییان

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی، خێزانی کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە ئیمارات کشاندەوە، بەڵام کارەکانی باڵیۆزخانە لە ئەبوزەبی و دووبەی بەردەوامن. بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە 170,000 هاووڵاتیی بەریتانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوی خۆیان تۆمارکردووە، کە پێشبینی دەکرێت هەزارانیان لە ئیمارات بەهۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانەوە گیریان خواردبێت.

پەیوەندیی تەلەفۆنیی ستامەر و ترەمپ

بەرپرسانی بەریتانیا ئاشکرایان کردووە کە ڕۆژی یەکشەممە کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و دۆناڵد ترەمپ بە تەلەفۆن گفتوگۆیان لەسەر پەرەسەندنەکانی جەنگی دژی ئێران کردووە، کە لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکردووە. ئەم گفتوگۆیە دوای ئەوە دێت کە ترەمپ پێشتر ڕەخنەی لە ستامەر گرتبوو بەهۆی ڕەتکردنەوەی سەرەتایی بۆ بەشداریکردن لەو جەنگەدا.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کیژان مەحمود

فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان: هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی بە ئامانجگرتنی ئاشکرای عێراقە

فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە تووندی سەرکۆنەی بۆردوومانکردنی بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە کەرکووک دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە ئەم کارە تەنیا پێکانی بنکەیەکی سەربازی نییە، بەڵکو دەستدرێژییە بۆ سەر تەواوی خاکی وڵات.

هەڵوێستی فەرماندەیی و سەرکۆنەکردنی هێرشەکە

شانەی ڕاگەیاندنی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمیدا، سەرکۆنەی تووندی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی. فەرماندەییەکە هێرشەکەی بە "دەستدرێژی" و "بە ئامانجگرتنی ئاشکرای عێراق" ناوبرد و جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە کارانە هەوڵێکە بۆ تێکدانی سەقامگیریی وڵات.

وردەکاریی بۆردوومانەکە و ژمارەی قوربانییان

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 10ـی ئاداری 2026، لە کاتی پارشێودا دوو جار هێرشکراوەتە سەر فەوجی 1ـی لیوای 40ـی کەتیبەی ئیمام عەلی لە گوندی "بای حەسەن" لە سنووری شارۆچکەی دووبز لە پارێزگای کەرکووک. لە ئەنجامی ئەم بۆردوومانەدا 5 ئەندامی حەشدی شەعبی کوژراون و 10 ئەندامی دیکەش بریندار بوون.

جەختکردنەوە لە ئەرکی نیشتمانیی هێزەکان

ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو ئەندامانەی حەشد لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی فەرمیی نیشتمانیدا بوون کاتێک هێرشەکەیان کراوەتە سەر. فەرماندەییەکە ماتەمینی بۆ کوژراوەکان ڕاگەیاند و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست، هاوکات داوای پاراستنی عێراقی کرد لە هەر خراپەیەک کە ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکانی دەبێتەوە.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

سوودانی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی دەکات

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی دەکات.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
شۆڕش محەمەد

سوودانی: داوای پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی دیپلۆماسی بۆ ڕاگرتنی جەنگ دەکەم

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتیدا داوای پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی دیپلۆماسی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە و یەکێتیی ئەورووپا دەکات بۆ ڕاگرتنی بەپەلەی جەنگ و هۆشداری دەدات کە پەرەسەندنی ململانێکان هەڕەشە لە ئاشتیی جیهانی دەکات.

ئامانجی هاوپەیمانێتییە دیپلۆماسییەکە

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفڕانسێکدا کە لەسەر داوای سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕێکخرابوو، پێشنیاری پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی دیپلۆماسی کرد. سوودانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جەنگەی ناوچەکە پێویستی بە هەڵوێستێکی هاوبەش و بەهێز هەیە بۆ ڕاگرتنی، چونکە بەردەوامبوونی هەڕەشەیە بۆ سەر ئارامیی هەموو وڵاتان.

پاراستنی سەروەریی عێراق و بێلایەنی

لە بەشێکی وتارەکەیدا، سوودانی جەختی لەسەر ڕەتکردنەوەی هەر هەوڵێک کردەوە کە بیەوێت عێراق پەلکێشی ناو ململانێکان بکات. ڕاشیگەیاند، ڕێگە نادەن خاک و ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت. هاوکات، سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە لە لایەنە جیاوازەکانەوە دەکرێنە سەر خاکی عێراق و بە پێشێلکردنی پرەنسیپی دراوسێیەتی باشی ناوبرد.

سەرکۆنەکردنی هێرشە هەرێمییەکان

سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵوێستێکی هاوسەنگی بەرامبەر پێشهاتەکان نیشاندا و تێیدا:

سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر ئێرانی کرد و بە پێشێلکردنی سەروەریی ئەو وڵاتەی ناوبرد.

سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی کرد و پاڵپشتیی عێراقی بۆ پاراستنی سەلامەتیی خاکی ئەو وڵاتانە دووپاتکردەوە.

سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر خاکی لوبنان کرد و بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوی برد.

داواکاری لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش

سوودانی داوای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بڕیارێکی بەپەلە بۆ ڕاگرتنی جەنگ دەربکات. هەروەها جەختی کردەوە کە پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی خۆی لە گەرەنتی کردنی ئاشتی و ئاسایشی جیهانی جێبەجێ بکات و ڕێگری لە پێشێلکردنی زیاتری سەروەریی وڵاتان بگرێت.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

سوپای سووریا بۆحزبوڵڵای لوبنان: بەرانبەر هەر دەستدرێژییەک وەڵاممان دەبێت

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا بە فەرمی چەکدارانی حزبوڵڵای لوبنانی بە بە ئامانجگرتنی خاڵە سەربازییەکانی وڵاتەکەی تۆمەتبار کرد و هۆشداری دەدات کە چیتر بەرانبەر جووڵە سەربازییەکانی سەر سنوور بێدەنگ نابن.

تۆمەتبارکردنی حزبوڵڵا بە هێرشی تۆپخانەیی

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا ڕایگەیاند، چەند خاڵێکی سەربازیی وڵاتەکەی لە نزیک ناوچەی "سەرگایە" لە ڕۆژئاوای دیمەشق کراونەتە ئامانج. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی کە ئاژانسی "سانا" بڵاویکردووەتەوە، چەند گوللە تۆپێک لە ناو خاکی لوبنانەوە ئاراستەی ناوچەکە کراون و لە ناو خاکی سووریا کەوتوونەتە خوارەوە.

جووڵە سەربازییەکان لەسەر سنوور

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەندامانی حزبوڵڵای لوبنان ئەو گوللە تۆپانەیان ئاراستەی خاڵەکانی سوپای سووریا کردووە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە جووڵەی سەربازیی گوماناوی و ڕەوانەکردنی هێزی زۆری حزبوڵڵا بۆ سەر سنوورەکانی نێوان سووریا و لوبنان بەدی کراوە، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی سەقامگیریی ناوچە سنوورییەکان.

پەیوەندی لەگەڵ سوپای لوبنان

سوپای سووریا جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە نزیکەوە و بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن و خەریکی هەڵسەنگاندنی هەڵوێستەکانن. هاوکات ئاشکرایان کردووە کە پەیوەندییان بە سوپای لوبنانەوە کردووە بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکان و دیاریکردنی بژاردە گونجاوەکان بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە.

هۆشداریی توند بۆ حزبوڵڵا

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، سوپای سووریا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی حزبوڵڵا کردووە و ڕایگەیاندووە، "سوپای سووریا بەرانبەر بە هەر دەستدرێژییەک کە بکرێتە سەر خاکەکەی، بێدەنگ نابێت و چاوپۆشی لێ ناکات." ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری وەڵامدانەوەی سەربازیی سووریا لە ئەگەر بەردەوامیی گرژییەکاندا.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
ژولیا ئەحمەد

بۆنی نەوت؛ قفڵ و کلیلی جەنگی ئێران

ماوەی 10 ڕۆژە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەنگە، بەڵام بڵێسەی ئاگری ئەم جەنگە لەمێژە تەشەنە دەسێنێت، ئەمریکا بەر لەهەڵگیرساندنی جەنگ هەوڵیدا بازاڕی وزە لەنێویشیاندا بازاڕی نەوت کۆنتڕۆڵبکات تاوەکو لەم جەنگە نوێیەدا نەبێتە ڕێگر لەبەردەم بڕیارەکانیدا، بەڵام هەر ئەم سامانە سروشتتیە ڕەنگە ببێتە هۆی کلیلی وەستاندنی جەنگەکە، بۆتان ڕووندەکمەوە چۆن:.

سزای نەوتیی سەر ئێران

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 20ـی کانوونی دووەمی 2025 خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ئەمریکای گرتە دەست و هەرزوو دەستیکرد بە تەواوکردنی کارە تەواونەکراوەکانی و درێژەیدا بە زیادکردنی سزاکان لەسەر کەرتی نەوتی وڵاتە دەوڵەمەندەکەی کەنداوی فارس.

دانوستان و نەوت

تاوەکو 28ـی شوبات هەشت دانووستانی سێ خولی بەڕێوەچوو، یەکەمیان لە 12ـی نیسانی 2025 و کۆتا دانەیان لە ڕۆژی 26ـی شوبات، لە جنێڤ بەڕێوەچوو.  ئەوەی ترەمپ بەر لە دانووستانەکان هەوڵیدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی وزە بوو، زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی کەنداو، پرکردنی کۆگاکانی ئەمریکا و بەرنامەڕێژیی بۆ دابەزینی نرخەکەی لە پێشینەی کارەکان بوو، لە هەمووشی گرنگتر دەستبەسەردا گرتنی سامانی نەوتی ڤەنزوێلا بوو، کە وایکرد ئەمریکا بە کۆگایەکی بەهێزترەوە خۆی ئامادەبکات بۆ مەیدانی جەنگ.

تاکە چەکی ئێران لە دانوستانەکاندا

لەبەرامبەردا تەنیا چەکی بەرگریی ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز بوو، هەر ئەو گەرووەی نەوت و گازە سزادراوەکەی بەبەلەمی سێبەر و بەکارهێنانی چەندین تەکنیک پێدا دەگواستەوە بۆ وڵاتانی ئاسیا.

زەمینەسازیی بازاڕی وزە بۆ جەنگ

نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە 16ـی کانوونی یەکەم نزمترین ئاستی تۆمارکرد و گەیشتە 58 دۆلار، لێرەوە زەمینەسازیی بۆ جەنگ دەستیپێکرد.

شیکارانی بازاڕە جیهانییەکان چی دەڵێن؟

دواجار ڕێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا دابەزی بۆ 2.4٪ و گەیشتە نزیکترین ئاست لە ئامانجەکانی بانکی فیدڕاڵی، بەڵام بەردەوامبوونی ناکۆکییەکان و ئەگەرەکانی هەڵگیرساندنی شەڕ، وردە وردە نرخی نەوتییان بەرزکردەوە، بەگوێرەی شیکارانی بازاڕە داراییەکان، لەنێویاندا مۆرگان ستانلی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەبێتە فشار بۆسەر دۆناڵد ترەمپ تاوەکو بەزووترین کات پرسی ئێران یەکلا بکاتەوە و پاڵی پێوەبنێت بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بۆرسەی جیهانی واتە بەرزبوونەوەی ڕیژەی هەڵاوسان، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسانیش لە ئەمریکادا واتە تووڕەیی و نیگەرانیی هاوڵاتیی ئەمریکی بەرامبەر بە سەرۆکی وڵات، بەمجۆرە کەرتی وزە هۆکارێک بوو لەنێوان دەیان هۆکاری دیکەدا بۆ هەڵگیرساندی جەنگێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام هەر ئەم نەوتەش دەتوانێت دووبارە فشار بکاتەوە سەر بەرژەوەندییەکانی ترەمپ و وایلێبکات کۆتایی بە جەنگ بهێنێت یان سنوورداری بکات.

 بازاڕی وزە پاش هەڵگیرساندنی جەنگ

نرخی نەوت هەڵکشاوە تاوەکو نزیکەی 120 دۆلار، نرخی گازی سروشتی 30٪ بەرزبووەتەوە، ئەگەر زەمینەسازیی پێشتر نەبووایە، نرخەکان زۆر خێراتر بەرزدەبوونەوە، بەڵام دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرەڕای سەرجەم ئامادەکارییەکانی کاتێکی ئەوتۆی لەبەردەستدا نییە بۆ درێژەدان بە جەنگەکە، چونکە گیرانی گەرووی هورمز، پاش ئەو گورزەی لە وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپای دەدات دواجار بەر ئەمریکاش دەکەوێت، لەئێشتاوە پێشبینی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان دەکرێت، کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە بڵاو بکرێتەوە، ئەگەر هەڵاوسانی توند بگاتە ئەمریکا و نرخی وزە لەوەی هەیە بەرزتر ببێتەوە، ئەوا کۆتاییهێنان بە جەنگ یان کەمکردنەوە و سنووردارکردنی گرژییەکان بژاردەی داهاتووی سەر مێزەکەی دۆناڵد ترەمپ دەبن، لەبەرامبەریشدا درێژەکێشانی جەنگ لە بەرژەوەندیی ئێرانە و تەنیا کلیلێکە بەدەستییەوە بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی تێی کەوتووە، لەو بارەیەوە گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر ململانێکان بەردەوام بن، نرخەکان زیاتر بەرزببنەوە و ڕایگەیاند، "ئەگەر بەرمیلێک نەوت بەرگەی زیاتر لە 200 دۆلار بگرێت، ئەوا بەردەوام بن لەم یارییە.

گۆڕینی ئەولەوێتی ستراتیژی بۆ ئاسایشی وزە

کیشوەری ئاسیا کە پێشەنگی خواستی وزەی جیهانییە، زۆر پشتی بە نەوت و گاز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت، ئەمەش وایکردووە لەنێو ئەو کیشوەرانەدا بێت کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بۆ هەر جۆرە پچڕانێکی دابینکردن یان بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان. لەگەڵ توندبوونەوەی ململانێکان و فراوانبوونی مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان، ئاسایشی سووتەمەنی لە پرسێکی بازرگانییەوە دەگۆڕێت بۆ ئەولەویەتێکی ستراتیژی بۆ ئاسایشی ئابووری ناوچەکە. لەناو ئەم پێشهاتانەدا، حکومەتەکانی ئاسیا و کۆمپانیاکانی وزە هەوڵەکانیان خێراتر دەکەن بۆ داڕشتنەوەی زنجیرەکانی دابینکردن، بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەدا دەگەڕێن، نیگەرانییەکان لە زیادبووندایە کە قەیرانی ئێستا دەتوانێت ببێتە تاقیکردنەوەیەکی توند بۆ خۆڕاگری ئابووری جیهانی بەرامبەر بە شۆکێکی دیکەی وزە.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

سوپای پاسداران بۆ ترەمپ: ئێمە کاتی کۆتاییهاتنی جەنگ دیاری دەکەین نەک ئەمریکا

گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران وەڵامی هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە هێزەکانیان لە تەنگەی هورمز چاوەڕێی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد" دەکەن و دەستپێشخەریی جەنگیش لای تارانە.

وەڵام بۆ دۆناڵد ترەمپ

سەردار نائینی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕاکردن لەو گوشارە دەروونی و سەربازییانەی لە ناوچەکەدا لەسەریەتی، پەنای بۆ "درۆکردن" بردووە. نائینی ئاماژەی بەوە کرد کە ترەمپ دوای شکستەکانی، دەیەوێت بە فێڵ و تەڵەکە ڕای گشتی چەواشە بکات و دەستکەوتی وەهمی بۆ خۆی دروست بکات. ئەمە دوای ئەوە دێت کە ترەمپ ڕایگەیاندبوو جەنگی ئێران "گەشتێکی کورتخایەن" دەبێت و بۆ ڕێگریکردن بووە لە هێرشی تاران و دەستگەیشتنیان بە چەکی ئەتۆمی.

دوورکەوتنەوەی هێزەکانی ئەمریکا

گوتەبێژی سوپای پاسداران ئاشکرای کرد کە سەرەڕای بانگەشەکانی ترەمپ، کەشتییە جەنگییەکان و فڕۆکەکانی ئەمریکا لە ترسی مووشەک و درۆنەکانی ئێران، زیاتر لە 1000 کیلۆمەتر لە ناوچەکە دوورکەوتوونەتەوە. نائینی باسی لەوەش کرد کە سەربازانی ئەمریکا بنکەکانیان جێهێشتووە و پەنایان بۆ هۆتێلەکانی ناوچەکە بردووە، هەروەها سەربازانی ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی خەڵکی مەدەنی وەک قەڵخانی مرۆیی بەکاردەهێنن.

توانای مووشەکیی ئێران

سەبارەت بە توانای سەربازیی وڵاتەکەی، نائینی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە تەواوبوونی مووشەکەکانی ئێران دەکەن. ئەو جەختی کردەوە کە مووشەکەکانی ئێستایان لە ڕۆژانی یەکەمی جەنگ بەهێزترن و کێشی هەندێک لە کڵاوە جەنگییەکانیان سەرووی 1 تۆنە و ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکرێن. نائینی تەحەدای سەرۆکی ئەمریکای کرد کە ڕێگە بدات ڕۆژنامەنووسان وێنەی وێرانییەکان و ئاماری کوژراوەکانیان بڵاو بکەنەوە.

هەڕەشەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت

سوپای پاسداران هۆشدارییەکی توندی دایە واشنتن و هاوپەیمانەکانی و ڕایگەیاند، ئەگەر دەستدرێژییەکان بۆ سەر ژێرخانی خزمەتگوزاریی ئێران بەردەوام بێت، ڕێگە نادەن تەنانەت 1 لیتر نەوتی ناوچەکە هەناردە بکرێت. نائینی ئاماژەی بەوەش کرد کە ترەمپ لە کۆنتڕۆڵکردنی نرخی نەوتدا شکستی هێناوە و تەنیا لە 9 ڕۆژی یەکەمی جەنگدا نرخەکەی دوو هێندە بووە.

کۆتاییهاتنی جەنگ

گوتەبێژی سوپای پاسداران دووپاتی کردەوە کە دەستی تاران بۆ پەرەپێدانی جەنگ کراوەیە و بنەمای ئەوان "ئاسایش بۆ هەمووان یان نائارامی بۆ هەمووان" دەبێت. نائینی ڕایگەیاند کە ئەوە ئێرانە کاتی کۆتاییهاتنی جەنگ دیاری دەکات نەک ئەمریکییەکان، و هێزەکانیشیان لە تەنگەی هورمز لە ئامادەباشی تەواودان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جێراڵد فۆرد".

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

وۆڵستریت جۆرناڵ: ترەمپ لەژێر فشاری ڕاوێژکارانیدایە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران

ڕاوێژکارەکانی سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی لە دروستبوونی قەیرانی سیاسی دەدەن بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی وزە، هاوکات دۆناڵد ترەمپ جەخت دەکاتەوە کە ئەگەر هێرشەکان نەبان ئیسرائیل لەناو دەچوو.

گوشاری ڕاوێژکاران و نرخی وزە

ڕۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ژمارەیەک لە ڕاوێژکارەکانی دۆناڵد ترەمپ داوای لێدەکەن هەرچی زووە جەنگی ئێران کۆتایی پێ بهێنێت. هۆکاری ئەم گوشارانە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و وزە دەگەڕێتەوە، کە ئەگەری هەیە وەک کارتێکی گوشار دژی سەرۆک بەکاربهێنرێت و قەیرانی قووڵی سیاسی بۆ دروست بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاوێژکارەکان پێیان وایە تا ئەو کاتەی ئێران بەردەوام بێت لە بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، ترەمپ ناتوانێت لە جەنگ بکشێتەوە.

لەناوبردنی توانای ئەتۆمی و سەربازی

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە باشترین دۆخی ئامادەباشیدایە و توانیویانە توانای ئەتۆمیی ئێران لەناو ببەن. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر ئەو کارەیان نەکردبا، ئێران لە ماوەی تەنیا 2 هەفتەدا دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. هەروەها جەختی کردەوە کە لە خوولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا سوپای ئەمریکای بە تەواوی بنیات ناوەتەوە.

تێکشکاندنی هێزی دەریایی و درۆنەکان

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، درۆن و مووشەکە ئێرانییەکان بەرەو لەناوچوونی تەواوەتی دەچن و هێزی دەریایی ئەو وڵاتە بە تەواوی تێکشکێنراوە، بە جۆرێک کە 46 کەشتیی ئێرانی لەناو براون. سەبارەت بە سەرکردایەتیی تاران، ترەمپ وتی: "ئێران هیچ سەرکردەی نەماوە، سەرکردەی نوێ دێت و ئەویش نامێنێت."

پاراستنی ئیسرائیل و کاتی کۆتایی جەنگ

ترەمپ ڕایگەیاند، ئەگەر هێرشی سەر ئێران ئەنجام نەدرابا ئیسرائیل لەناو دەچوو، بۆیە ئەم جەنگە بە خێرایی تەواو دەبێت و ڕێگە نادەن تاران ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆنتڕۆڵ بکات. هەروەها ڕەخنەی لە ئیدارەی پێشوو گرت و وتی جیهان لە سەردەمی بایدن گاڵتەی بە ئەمریکا دەکرد، بەڵام ئێستا لە بەرامبەر هەڕەشەکان دەستەوەستان نابن.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
سامیا حەسەن

عەباس عێراقچی: دانوستان لە بەرنامەی کاردا نییە و بۆ هەر هەنگاوێک چاوەڕێی ڕێبەر دەکەین

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت کە بەهۆی "ئەزموونە تاڵەکان" هیچ پلانێک بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لە ئارادا نییە و جەخت لە ئامادەیی وڵاتەکەی دەکاتەوە بۆ بەردەوامیدان بە هێرشە مووشەکییەکان لە هەر کات و شوێنێکدا کە پێویست بکات.

پرسی دانوستان و ئەزموون لەگەڵ ئەمریکا

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، لە ئێستادا پرسی دانوستان و گفتوگۆکان لە بەرنامەی کاری تاراندا نییە. ئەو هۆکاری ئەم هەڵوێستەی بۆ "ئەو ئەزموونە تاڵانە" گەڕاندەوە کە وڵاتەکەی لە ڕابردوودا لەگەڵ ئەمریکا هەیبووە، بۆیە هیچ زەمینەیەک بۆ گفتوگۆ نابینێت.

ئامادەکاری بۆ هێرشی مووشەکی و بڕیاری ڕێبەر

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە هێزە چەکدارەکانیان ئامادەن هێرشە مووشەکییەکانیان بۆ هەر کات و هەر شوێنێک پێویست بکات بەردەوامی پێ بدەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆ ئەنجامدانی هەر هەنگاوێکی نوێ، چاوەڕێی هەڵوێست و بڕیارە کۆتاییەکانی ڕێبەری نوێی وڵاتەکەیان دەکەن.

شکستی پیلانەکان بۆ ڕووخانی سیستم

عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا و ئیسرائیل وا گریمانەیان دەکرد کە 2 بۆ 3 ڕۆژ دوای دەستپێکردنی هێرشەکان، حکومەت و سیستمی کۆماری ئیسلامی دەڕووخێت، بەڵام لەم ئامانجەیاندا شکستیان هێنا. وەکو ئەو دەڵێت، ئێستاش لە هەوڵی داڕشتنی پیلانی دیکەدان و دڵنیایە کە لەوانەشدا شکست دەهێنن.

سەرلێشێواوی لە دیاریکردنی کۆتایی جەنگ

لەبارەی وادەی کۆتاییهاتنی جەنگەکە، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، پێی وانییە لە زهنی ئەمریکا و ئیسرائیلدا هیچ کۆتاییەکی واقعییانە بۆ ئەم جەنگە هەبێت. ئەو هەردوو وڵاتەکەی بەوە تۆمەتبار کرد کە تووشی جۆرێک لە سەرلێشێواوی بوون لە قسە و کردارەکانیاندا و بوونەتە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دروستبوونی قەیرانەکان لە ناوچەکەدا.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کیژان مەحمود

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەی یاسایی و هەڵسوکەوتی پەرلەمانی هەڵبژارد

شەوی ڕابردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنێکی فەرمیدا دەنگی لەسەر پێکهێنانی لیژنەکانی یاسایی و هەڵسوکەوتی پەرلەمانی دا و بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە سەرجەم لیژنەکانی دیکە یەکلایی بکرێنەوە.

ناوەڕۆکی دانیشتنەکە

لە دانیشتنی شەوی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا کە بە سەرۆکایەتی هەیبەت حەلبوسی بەڕێوەچوو، پەرلەمانتاران دەنگیان لەسەر پێکهێنانی لیژنەی یاسایی کە لە 16 ئەندام پێکدێت و لیژنەی هەڵسوکەوتی پەرلەمانی دا. بڕیارە ئەنجوومەنەکە ڕۆژی چوارشەممە دووبارە کۆببێتەوە بۆ تەواوکردنی لیژنەکانی دیکە.

پێکهاتەی لیژنەی یاسایی

لیژنەی یاسایی پەرلەمان کە یەکێکە لە لیژنە سەرەکییەکان، لەم ناوانە پێکدێت: عومەر کۆچەر، سارە لەتیف دلێمی، محەممەد نوری کەربولی، سەفوەک ئەلعەزیر، ڕێکان حەمەد، ڕێبوار هادی، فاروق محەممەد، ئیمان حەیدەر، بەها ئەعرەجی، ئەحمەد کامل، سائر جاسم، حوسێن هاشم حەلاوی، مورتەزا ئیبراهیمی، محەممەد خەفاجی، ئیبتیسام هیلالی و عەلی سابر.

لیژنەی هەڵسوکەوتی پەرلەمانی

ئەنجوومەنی نوێنەران لیژنەی هەڵسوکەوتی پەرلەمانیشی پەسندکرد کە فالح ساری وەک سەرۆکی لیژنەکە دیاریکراوە. ئەندامانی دیکەی لیژنەکە بریتین لە حەنان فەتلاوی، شاخەوان عەبدوڵا و 5 ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی نوێنەران.

ئامادەکاری بۆ دانیشتنی چوارشەممە

لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران داوای لە سەرۆکی تەواوی فراکسیۆنەکان کرد پەلە بکەن لە پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکانیان بۆ لیژنەکانی دیکەی پەرلەمان. ئامانج لەمە ئەوەیە کە لە دانیشتنی ڕۆژی چوارشەممەدا دەنگ لەسەر سەرجەم لیژنەکان بدرێت و پڕۆسەی پێکهێنانیان کۆتایی بێت.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

بەڕێوەبەری بەندەرەکانی عێراق: ئاڵوگۆڕى کاڵا لە بەندەرەکان بەردەوامە

بەڕێوەبەری گشتیی بەندەرەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، ئاڵوگۆڕی کاڵا لە بەندەرەکاندا بەردەوامە و پلانێکی تایبەت بۆ پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان و هاوکاریکردنی ئەو کەشتیانەی لە ناوچەکەدا گیران خواردووە، جێبەجێ دەکرێت.

دۆخی ئێستای بەندەرەکان و ئاڵوگۆڕی کاڵا

ئەندازیار فەرحان فەرتوسی، بەڕێوەبەری گشتیی بەندەرەکانی عێراق ڕایگەیاند، بەندەرەکانی عێراق لە دۆخێکی ئارامدان و بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامن لە کارەکانیان. ئاماژەی بەوە کرد کە ئاڵوگۆڕی کاڵا لە نێوان کەشتییەکان و گۆڕەپانەکانی کۆگا بەپێی پلانەکان بەڕێوەدەچێت و پرۆسەی بارکردن و داگرتنی ئەو کاڵایانەی لە وڵاتانی کەنداوەوە دێن، پەکینەکەوتووە.

کاریگەریی داخرانی گەرووی هورمز

بەڕێوەبەری گشتی ڕوونیکردەوە کە داخستنی گەرووی هورمز لە ئێستادا بووەتە هۆی ڕاگرتنی هاتنی ئەو کەشتیانەی لە دەرەوەی ناوچەی کەنداوەوە بەرەو بەسرە بەڕێ دەکەون. لەگەڵ ئەوەشدا، جەختی کردەوە کە بەندەرەکان هێشتا مامەڵە لەگەڵ ئەو کەشتیانە دەکەن کە پێشتر لە ناوچەکەدا بوون و نەگەیشتوونەتە دەرەوەی گەرووەکە.

هەماهەنگی ئەمنی و پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان

فەرتوسی ئاشکرای کرد کە هەماهەنگییەکی بەردەوام لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و هێزی دەریایی عێراق هەیە بۆ پاراستنی ئاوە هەرێمییەکان. تیمە ئەمنییەکان بە درێژایی ڕێڕەوە ئاوییەکان بڵاوەیان پێکراوە بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی گەشتیاری دەریایی، هاوکات حکومەتی فیدراڵیش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چاودێریی بەڕێوەچوونی کارەکان دەکات.

دابینکردنی پێداویستی بۆ کەشتییە گیرخواردووەکان

تیمە پسپۆڕەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەندەرەکان ڕاسپێردراون بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بەو کەشتیانەی لە ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدان. ئەو هاوکارییانە بۆ ئەو کەشتیانەیە کە بەهۆی بارودۆخی جەنگەوە ناتوانن کەنداو جێبهێڵن یان چاوەڕێی سەرەن بۆ دابەزاندنی بارەکانیان، کە خۆی لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، پێداویستی خۆراک و سووتەمەنیدا دەبینێتەوە.

لێکەوتەکانی جەنگ لەسەر بازرگانیی عێراق

جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و داخستنی گەرووی هورمز، کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر جووڵەی بازرگانی و زنجیرەکانی دابینکردن لە عێراق. بەندەرەکانی بەسرە کە دەروازەی سەرەکی دەریایی عێراقن، لە ژێر کاریگەری ئەم گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییانەدان و هەوڵ دەدرێت جووڵەی بازرگانی لە ناو سنووری ئاوە هەرێمییەکاندا بە زیندوویی بپارێزرێت.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

وۆڵستریت جۆرناڵ: ستراتیژیی نوێی تاران پەکخستنی ئابووریی جیهانییە

لە 11ـەمین ڕۆژی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، تاران گرەو لەسەر تێکدانی ڕێڕەوەکانی وزە دەکات تاوەکو واشنتن ناچار بە پاشەکشە بکات و تێچووی جەنگەکە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرز بکاتەوە.

ستراتیژی خۆڕاگری و وزە وەک چەک

ڕۆژنامەی "وۆڵستریت جۆرناڵ" لە بابەتێکی شیکاریدا ئاماژەی بەوە کردووە، تاران ستراتیژییەکی نوێی گرتووەتەبەر کە بریتییە لە خۆڕاگری تا کۆتایی جەنگ. ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی پەکخستنی ڕێڕەوەکانی وزە و تێکدانی ئابووریی جیهانی، فشار بخاتە سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ ئەوەی لە هێرشەکانیان پاشەکشە بکەن.

دەسەڵاتی سوپای پاسداران و ڕێبەری نوێ

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سەرەڕای کوژرانی عەلی خامنەیی، سوپای پاسداران وەک دەسەڵاتی ڕەها لە ناوخۆدا دەرکەوتووە و توانیویەتی "موجتەبا خامنەیی" وەک ڕێبەری نوێ جێگیر بکات. تاران ئێستا هێرشەکانی بۆ سەر ناوەندەکانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چڕکردووەتەوە تاوەکو زۆرترین زیانی دارایی بە ڕۆژئاوا بگەیەنێت.

پەستانی نرخەکان لەسەر ئیدارەی ترەمپ

وۆڵستریت جۆرناڵ دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی شکستی یەکجاریی تارانی داوە، بەڵام بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی پەستانێکی زۆری لەسەر واشنتن دروستکردووە. شارەزایان پێیان وایە ئێران لەم قۆناغەدا مەترسیدارترە، چونکە ئەم شەڕە وەک جەنگی "مان و نەمان" دەبینێت و ئامادەیە هەموو کارتەکانی بەکاربهێنێت.

دۆخی ناوخۆی ئێران

لە ناوخۆی ئێراندا و سەرەڕای بەردەوامیی بۆردوومانەکان، ژیان بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هێرشەکان جۆرێک لە هاوپشتیی نیشتمانییان لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا دروستکردووە، ئەمەش هۆکارێکی دیکەی خۆڕاگریی تارانە لە بەرامبەر فشارە سەربازییەکاندا.

مەترسیی قەیرانی ئابووریی جیهانی

پرسیارە سەرەکییەکە لە ئێستادا ئەوەیە کە کام لایەن یەکەمجار پاشەکشە دەکات. ئایا دۆناڵد ترەمپ دوای پێکانی ئامانجە ستراتیژییەکانی سەرکەوتن ڕادەگەیەنێت، یان تاران دەتوانێت ئابووریی جیهان بەرەو قەیرانێکی هاوشێوەی ساڵانی 1970ـەکان ببات و بازاڕەکان تووشی شۆک بکات؟

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

ئەل مۆنیتۆر: بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز عێراق هانا بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنێت

بەهۆی پەککەوتنی هەناردەی نەوت لە گەرووی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخەکان بۆ نزیک 100 دۆلار، بەغداد بە فەرمی داوای لە هەولێر کردووە نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی بۆرییەکانی هەرێمەوە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکات.

داواکارییەکەی سوودانی بۆ هەولێر

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "ئەل مۆنیتۆر"، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە ڕێگە بدات ڕۆژانە 200,000 بەرمیل نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی بۆرییەکانی هەرێمەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە بکرێت. ئەم داوایە دوای ئەوە دێت کە جەنگی ئێران هەناردەی نەوتی لە باشوورەوە پەکخستووە.

توانای ستراتیژیی بۆرییەکانی هەرێم

داخستنی گەرووی هورمز وایکردووە عێراق نەتوانێت بە ئاسانی نەوت بگەیەنێتە بازاڕەکان، بەڵام بۆرییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کە دەچنە سەر بەندەرە جیهانییەکان، توانای گواستنەوەی ڕۆژانە زیاتر لە 700,000 بەرمیل نەوتیان هەیە. ئەمەش وایکردووە هەرێمی کوردستان ببێتە تاقە ڕێگەی دەربازبوونی ئابووریی عێراق لەم قەیرانەدا.

مەرجەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێککەوتن

بەرپرسێکی باڵای هەرێم بە "ئەل مۆنیتۆر"ی ڕاگەیاندووە، هەولێر چەند مەرجێکی بۆ حکومەتی فیدراڵ هەیە بەرامبەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. مەرجەکان بریتین لە: کۆتاییهێنان بەو گەمارۆ ئابوورییەی بەغداد خستوویەتیە سەر هەرێم، پێدانی سەربەخۆیی زیاتر لە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و ئاسانکاری بۆ بازرگانیی دەرەکی.

فشاری ئیدارەی ترەمپ و پاراستنی بازاڕی وزە

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە چڕی هاتووەتە سەر هێڵ و فشار دەخاتە سەر هەردوو لا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن. واشنتن دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت بۆرییەکانی کوردستان بکەونەوە گەڕ، تاوەکو پەستانی سەر بازاڕی وزەی جیهانی کەم بێتەوە و نرخەکان جێگیر ببن.

هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان و هەڵوێستی کورد

هاوکات لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکان، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق هێرشەکانیان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان و هەولێر و سلێمانی زیادیکردووە. بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، داوایان لە بەغداد کردووە ڕێگری لەو گرووپانە بکات کە بە هێرش دەکەنە سەر کوردستان و سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان.

کوردستان وەک کلیلی ڕزگاریی ئابووری

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە جەنگی ناوچەکە و پێویستیی جیهان بە وزە، جارێکی دیکە کوردستانی کردووەتەوە بە "کلیلی ڕزگاربوون"ی عێراق لە چەقبەستوویی ئابووری. ئەم داواکارییەی بەغداد نیشانەی قۆناغێکی نوێیە لە پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و عێراق کە تێیدا پێگەی هەرێم لە هاوکێشە ئابوورییەکاندا بەهێزتر دەبێت.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

نرخی زێڕ گەیشتە 5180 دۆلار؛ لێدوانەکانی ترەمپ بازاڕی کانزا گرانبەهاکانی جووڵاند

دوای لێدوانە گەشبینانەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی نزیکبوونەوەی کۆتایی جەنگ و دابەزینی بەهای دۆلار، نرخی زێڕ لە بازاڕە جیهانییەکاندا ڕووی لە بەرزبوونەوە کردەوە.

نوێترین گۆڕانکارییەکانی نرخی زێڕ

ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە ڕێژەی 0.8% کە دەکاتە 40 دۆلار بەرزبووەوە و بە 5179 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا نرخی زێڕ بە ڕێژەی 1.7% چووەتە سەرەوە و گەیشتە ئاستی 5188 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.

کاریگەریی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ لەسەر بازاڕ

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە شەڕی ئێران درێژە ناکێشێت و بەزوویی کۆتایی دێت. ئەم لێدوانە بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و پاشەکشەی بەهای دۆلار بە ڕێژەی 0.4%، ئەمەش خواستێکی زۆری لەسەر کڕینی زێڕ دروستکرد.

هەڵاوسان و سیاسەتی بانکی ناوەندی

کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای (OANDA) ئاماژەی بەوە کرد، لێدوانەکانی ترەمپ نیگەرانییەکانی پەیوەست بە هەڵاوسانی کەمکردووەتەوە. دابەزینی نرخی نەوت وادەکات بانکی ناوەندیی ئەمریکا ناچار نەبێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان ڕێژەی سوودی بانکی بەرز بکاتەوە، ئەمەش وەک پاڵنەرێکی سەرەکی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەقەڵەم دەدرێت.

هەڕەشەکانی سەر گەرووی هورمز

سەرۆکی ئەمریکا هاوکات هۆشداری دا کە ئەگەر ئێران هەوڵی داخستنی گەرووی هورمز بدات، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە چڕتر دەکرێنەوە. ئەم دۆخە ناسەقامگیرە وایکردووە وەبەرهێنەران هێشتا بە وریاییەوە سەیری بازاڕ بکەن و زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام بەکاربهێنن.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

مارکۆ ڕوبیۆ بۆ سوودانی: بە تووندی سەرکۆنەی هێرشی گرووپە تیرۆریستەکان دەکەین

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، نیگەرانییەکانی واشنتنی سەبارەت بە هێرشی گرووپە چەکدارەکان گەیاند و جەختی لە پاراستنی کارمەندانی وڵاتەکەی کردەوە.

سەرکۆنەکردنی هێرشەکان لە عێراق و هەرێم

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدا. لە پەیوەندییەکەدا ڕوبیۆ بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانەکەیدا هەم هێرشەکان و هەم گرووپە چەکدارەکانی بە "تیرۆریست" ناوبرد.

بەرپرسیارێتیی پاراستنی دیپلۆماتکاران

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوولا باسیان لە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە کردووە. ڕوبیۆ جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق هەموو ڕێوشوێنێکی گونجاو بگرێتەبەر بۆ پاراستنی کارمەندان، دیپلۆماتکاران و دامەزراوە ئەمریکییەکان لە ناوخۆی وڵاتدا و ڕێگری لە هەر هێرشێکی نوێ بکات.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

قسەکانی ترەمپ نرخی نەوتی بۆ 93 دۆلار دابەزاند

دوای ئەوەی نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی پێوانەیی، لێدوانە گەشبینانەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی نزیکبوونەوەی کۆتایی جەنگ نرخەکەی بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزاند، هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەتیدەکاتەوە گەرووی هورمزیان داخستبێت.

نزمبوونەوەی بەرچاو لە نرخەکانی نەوت

دوای ئەوەی دوێنێ نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ یەکەمجار گەیشتە 119 دۆلار، ئەمڕۆ نرخەکان ڕوویان لە دابەزین کرد. لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ 93 دۆلار دابەزیوە، هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساس (WTI) گەیشتووەتە 89 دۆلار.

کاریگەریی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ

دابەزینی نرخەکان دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزەکانیان پێشکەوتنێکی گەورەیان بەدەستهێناوە و زۆر پێش ئەو وادە کاتییە کەوتوون کە پێشتر دیارییان کردبوو. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە وادەی 4 بۆ 5 هەفتەیان بۆ جەنگەکە دانابوو، بەڵام ئێستا تا ڕادەیەکی زۆر جەنگەکەیان لە ئێران بە کۆتایی گەیاندووە.

ڕوونکردنەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلی بە هۆکاری ناسەقامگیریی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخەکان تۆمەتبار کرد. عێراقچی جەختی کردەوە کە "ئێران گەرووی هورمزی دانەخستووە" و بەرپرس نییە لە پەککەوتنی گواستنەوەی وزە لە ناوچەکەدا، بەڵکو ئەوەی ڕوودەدات دەرئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە.

دۆخی گەرووی هورمز و جووڵەی کەشتییەکان

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ڕێگری لە هاتووچۆی کەشتییەکان ناکات، بەڵام بەهۆی نائارامیی ناوچەکەوە کەشتییەکان خۆیان لە تێپەڕبوون دەترسن. ئەم قسانە وەک وەڵامێک دێن بۆ هۆشدارییەکانی ترەمپ کە پێشتر ڕایگەیاندبوو، ئەگەر ئێران ڕێگری لە جووڵەی کەشتییەکان بکات، ئەوا ئەمریکا 20 هێندە بەهێزتر لەوەی تاوەکو ئێستا ئەنجامدراوە، وەڵامیان دەداتەوە.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

هێرشکرایە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە کەرکووک؛ 15 کوژراو و بریندار هەن

لە هێرشێکی نوێدا بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق، فەوجێکی لیوای 40 لە سنووری پارێزگای کەرکووک کرایە ئامانج و بەهۆیەوە چەندین ئەندامی ئەو هێزە کوژران و بریندار بوون.

وردەکاریی هێرشەکە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە کاتی پارشێودا، دوو جار هێرشکرایە سەر فەوجی 1ـی لیوای 40ـی کەتیبەی ئیمام عەلی سەر بە حەشدی شەعبی. هێرشەکە لە گوندی "بای حەسەن" لە سنووری شارۆچکەی دووبز لە پارێزگای کەرکووک ئەنجامدراوە.

ئاماری قوربانییان

بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان، بەهۆی هێرشەکانەوە 5 ئەندامی حەشدی شەعبی گیانیان لەدەستداوە. هەروەها 10 ئەندامی دیکەی هەمان هێز بریندار بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گوازراونەتەوە.

پاشخانی هێرشەکان لە عێراق

لە دوای دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، زنجیرەیەک هێرشی چڕ کراونەتە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق. ئەم هێرشانە تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەو هێزانە و تێکدانی بەشێک لە ژێرخانی سەربازییان.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

واشنتن پۆست: ئەمریکا لە 2 ڕۆژی یەکەمی جەنگی ئێراندا بەبەهای 5.6 ملیار دۆلار مووشەکی بەکارهێناوە

تەنیا لە 48 کاژێری یەکەمی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی تاران، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بڕی 5.6 ملیار دۆلاری لە تەقەمەنی و چەکی پێشکەوتوو خەرج کردووە، ئەمەش شەپۆلێکی نیگەرانیی لە ناو یاسادانەرانی کۆنگرێس دروستکردووە.

خەرجییەکان و بودجەی فریاگوزاری

ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، پێنتاگۆن ئاماری خەرجییەکانی شەڕی ئێرانی خستووەتە بەردەم کۆنگرێس. بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئیدارەی ترەمپ بە نیازە داوای بودجەیەکی فریاگوزاریی زیادە بە بڕی دەیان ملیار دۆلار بکات بۆ بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکان. بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس هۆشداری دەدەن کە خەرجکردنی ئەم بڕە زۆرەی تەقەمەنییە وردەکان، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کۆگاکانی چەکی ئەمریکا و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئامادەیی سەربازیی وڵاتەکە دەبێت.

گۆڕینی ستراتیژیی هێرشەکان

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا و جەنەڕاڵ دان کین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش ڕایانگەیاندووە، دوای چەسپاندنی باڵادەستیی ئاسمانی بەسەر ئێراندا، ستراتیژیی هێرشەکان گۆڕاوە. ئێستا سوپا کەمتر پشت بە تەقەمەنییە گرانبەها و دەگمەنەکان دەبەستێت و زیاتر بۆمبە ڕێنماییکراوەکانی لەیزەر بەکاردەهێنێت کە تێچوویان کەمترە و زیاتر بەردەستن.

گواستنەوەی سیستەمە بەرگرییەکان بۆ ناوچەکە

بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمبوونی چەکەکان و بەرگریکردن لە هێرشە پێشبینیکراوەکانی ئێران، ئەمریکا دەستی بە گواستنەوەی چەندین سیستەمی بەرگری لە ناوچەکانی دیکەی جیهانەوە کردووە. لەم چوارچێوەیەدا، سیستەمی بەرگریی مووشەکی THAAD لە کۆریای باشوور و پاترییەکانی مووشەکی پاتریۆت لە ناوچەی هیندستان و زەریای هێمنەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوازراونەتەوە.

ئامادەیی سەربازی و دۆخی مەیدانی

شۆن پارنێل، گوتەبێژی پێنتاگۆن، لە وەڵامی نیگەرانییەکاندا ڕایگەیاندووە کە سوپای ئەمریکا توانای تەواوی هەیە بۆ جێبەجێکردنی هەر ئەرکێک کە سەرۆک بڕیاری لێ بدات. بەرپرسانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن کە دوای تێپەڕبوونی 1 هەفتە بەسەر دەستپێکردنی شەڕەکەدا، ڕێژەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕووی لە کەمی کردووە.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

دۆناڵد ترەمپ: ئێران مووشەکی تۆماهۆکی ئەمریکی لەبەردەستدایە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەبارەی پێکانی قوتابخانەیەکی کچان لە ناوخۆی ئێران، بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی وڵاتەکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە تاران خاوەنی مووشەکی "تۆماهۆک"ی دروستکراوی ئەمریکایە.

تۆمەتەکان و مووشەکی تۆماهۆک

دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هێرشکردنە سەر قوتابخانەیەکی کچان کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 165 کەس، تێوەگلانی ڕاستەوخۆی ئەمریکای ڕەتکردەوە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە مووشەکی کروز لەلایەن بەڵێندەرە بەرگرییەکانی ئەمریکاوە بەرهەم دەهێنرێت و لەلایەن وڵاتانی دیکەوە دەفرۆشرێت، ڕایگەیاند: "ئێران هەندێک تۆماهۆکیشی هەیە و هەبوونی ئەم مووشەکە لای هەر لایەنێک شتێکی زۆر باو و ئاساییە."

ڕاستییە تەکنیکی و هەواڵگرییەکان

لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە کۆمپانیای "ڕایتیۆن"، وەک بەرهەمهێنەری سەرەکیی مووشەکی تۆماهۆک، ئەم چەکە تەنیا بە هاوپەیمانە نزیکەکانی ئەمریکا وەک ژاپۆن و ئوسترالیا دەفرۆشێت. تاوەکو ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی سەربازی یان هەواڵگری پشتڕاستی نەکردووەتەوە کە ئێران توانیویەتی ئەم جۆرە مووشەکە بەدەستبهێنێت.

دانپێدانان بە نەبوونی زانیاریی پێویست

کاتێک لە ترەمپ پرسرا بۆچی ئەو تەنیا کەسە لە ئیدارەکەیدا کە بانگەشەی هەبوونی تۆماهۆک لای ئێران دەکات، بە ڕاشکاوی وەڵامی دایەوە و گوتی: "چونکە من بە سادەیی بەشی ئەوە نازانم لەو بارەیەوە." ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا لەسەر بنەمای زانیاریی وردی سەربازی ئەو قسەیەی نەکردووە.

ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان

سەبارەت بەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر پێکانی قوتابخانەکە بەردەوامن، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە چاوەڕێی دەرەنجامەکان دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد: "هەرچی ڕاپۆرتەکە نیشان بدات، من ئامادەم لەگەڵ هەر ئەنجامێکدا بژیم."

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

شاخەوان عەبدوڵا: چەند کەسێک بەتۆمەتى هێرشەکانى سەر هەرێم دەستگیرکراون

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات کە هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ئامێری هێرشەکاندا گرتووە و چەند تۆمەتبارێکیشیان دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

دەستگیرکردنی تۆمەتباران و لێکۆڵینەوە

شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، لە دانیشتنی ڕۆژی شەممەی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەرپرسە ئەمنییەکانی عێراق ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە چەند ناوچەیەک دەستیان بەسەر ئەو ئامێرانەدا گرتووە کە بۆ هێرشەکان بەکارهێنراون. هەروەها جەختی کردەوە کە چەند کەسێک بەو تۆمەتە دەستگیرکراون و لە ئێستادا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

ئاشکراکردنی ناسنامەی هێرشکارەکان

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە وەک فراکسیۆنی پارتی چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکان دەکەن بۆ ئەوەی ناوى ئەو کەس و لایەنانە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت کە بەشداربوون لە ئەنجامدانی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

گرژییەکانی ناو پەرلەمان و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکان

سەبارەت بە دۆخی ناو دانیشتنەکەی پەرلەمان، شاخەوان عەبدوڵا ڕایگەیاند کە گرژی لە نێوان چەند پەرلەمانتارێک دروستبووە کە پێشتر ئەندامی حەشدی شەعبی بوون. ئەو پەرلەمانتارانە داوای هەڵوەشاندنەوەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانیان کردووە، ئەوەش بەهۆی هەبوونی نوێنەری ئەمریکا لە ناو ئەو فەرماندەییەدا.

نوێکراوەتەوە / 10/03/2026
کەناڵ8

دۆناڵد ترەمپ: ڕێگە بە ئێران نادەم گەرووی هورمز دابخات و گورزی 20 هێندەیان لێ دەدەین

دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی تووند دەداتە تاران لەبارەی داخستنی گەرووی هورمز و ڕایدەگەیەنێت، هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە ڕووبەڕووی "مەرگ و ئاگر و تووڕەیی"یان دەکاتەوە و جەختیش لە لەناوبردنی تەواوەتی توانای ئەتۆمی و دەریایی ئەو وڵاتە دەکاتەوە.

هۆشداریی تووند لەبارەی گەرووی هورمز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە "ترووس" ڕایگەیاند، ڕێگە بە ئێران نادات گەرووی هورمز دابخات و هەناردەی نەوت بوەستێنێت. ترەمپ هۆشداری دا کە ئەگەر تاران هەنگاوێکی وا بنێت، گورزی 20 هێندە بەهێزیان لێ دەدەن و هێرشی وایان دەکەنە سەر کە بنیادنانەوەی ئێران مەحاڵ بێت و ڕووبەڕووی "مەرگ و ئاگر و تووڕەیی" ببنەوە.

"دیارییەک" بۆ چین و جیهان

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ڕێگرییەی واشنتن لە داخستنی گەرووەکە و پاراستنی ڕێڕەوی گواستنەوەی وزە، "دیاریی ئەمریکایە بۆ چین" و ئەو وڵاتانەی دیکەی کە گەرووی هورمز بەکاردەهێنن. ترەمپ هیوای خواست کە ئەو وڵاتانە قەدری ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا بزانن.

لەناوبردنی توانای ئەتۆمی و سەربازی

لە میانی کۆنفرانسی کۆمارییەکاندا، ترەمپ جەختی کردەوە کە سوپای ئەمریکا لە باشترین دۆخی ئامادەباشیدایە. ڕاشیگەیاند، توانای ئەتۆمیی ئێرانیان لەناو بردووە و ئاماژەی بەوە دا کە ئەگەر ئەو کارەیان نەکردبا، ئێران لە ماوەی تەنیا 2 هەفتەدا دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

تێکشکاندنی هێزی دەریایی و درۆنەکان

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، هێزی دەریایی ئێرانیان بە تەواوی پەکخستووە و 46 کەشتیی ئەو وڵاتەیان لەناو بردووە. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە درۆن و مووشەکە ئێرانییەکان خەریکە بە تەواوی لەناو دەچن و ئەمریکا لە بەرامبەر هەڕەشەکانی تاران بە هیچ شێوەیەک دەستەوەستان نابێت.

چارەنووسی سەرکردایەتیی ئێران

ترەمپ تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی ناو سەرکردایەتیی ئێران و گوتی: "ئێران هیچ سەرکردەی نەماوە، سەرکردەی نوێ دێت و ئەویش نامێنێت." ئەم لێدوانەی ترەمپ ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی ستراتیژیی ئەمریکا لە بە ئامانجگرتنی بەرپرسە باڵاکانی تاران و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی نوێ بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانیان.