رووماڵی کەناڵ8
ئایندەی ململانێی تاران لەگەڵ واشنتن و تەلئەڤیڤ
بازنەی جەنگی نێوان ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێران، جگە لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پریشکی گەیشتوەتە دەریای سپیی ناوەڕاست و قەوقاز و سریلانکا. جگە لە ئیسرائیل، ئێران هێرشی کردووەتە سەر 11 وڵات و سەرچاوەکانی وزە و ڕێڕەوە بازرگانییە جیهانییەکانی وەک گەرووی هورمز و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کردووەتە ئامانج. هێرشەکانی ئێران تاوەکو ئێستا وڵاتانی کوەیت، بەحرەین، قەتەڕ، ئیمارات، سعودیە، ئوردن، عێراق (هەرێمی کوردستان)، عومان، تورکیا، قوبرس و نەخجەوانی ئازەربایجانی گرتووەتەوە.
ئۆپەراسیۆنەکانی نەڕەی شێر و توڕەیی داستانخوڵقێن
ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەڕەی شێر و توڕەیی داستانخوڵقێن، بە چڕی بەردەوامن لەسەر هێرشەکانیان بۆ سەر ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران. ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر"ی ئیسرائیل و ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی داستانخوڵقێن"ی ئەمریکا، کە سەرلەبەیانیی 28ـی 2ـی 2026ـی بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، و چەندین بەرپرسی سەربازی و ئەمنی کوژران. بەگوتەی دۆناڵد ترەمپ، عەلی خامنەیی، لە کاتی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران دا کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە زیاتر لە 48 بەرپرسی سەربازی و ئەمنیی ئێران کوژراون. میدیاکانیش باس لەوە دەکەن، ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە 30 مووشەک و بۆمبی تایبەتی تێکشکاندنی سەنگەر و بڕینی کۆنکرێتیان بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی بەکارهێناوە.
دەستەی سەرکردایەتیکردنی ئێران و داوای چەکدانان
لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، لە ئێران حەوت ڕۆژ پشوو و 40 ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاندرا و بەگوێرەی دەستووری ئێران، دەستەیەکی کاتیی سێ کەسی بۆ سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردنی ئێران دروستکرا، کە پێکهاتوون لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، غولام موحسین موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد و ئایەتوڵڵای عەلیڕەزا ئەعرافی، ئەندامی ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوور. ترەمپ لەبارەی داهاتووی ئێرانەوە دەڵێت، سێ بەربژێری باشی بۆ بەڕێوەبردنی ئێران هەیە و داواشی لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران کردووە، کە چەکەکانیان دابنین.
هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێی ئێران
هاوکات لەگەڵ ئەوەی بە گەرمی شەڕ و بۆردومان و هێرشی درۆنی و مووشەکی بەردەوامیی هەیە، شەوی (8ـی 3ـی 2026) ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری ئێران بڵاویکردەوە، کە ئایەتوڵا موجتەبا خامنەیی، کوڕیی عەلی خامنەییان بە زۆرینەی دەنگ هەڵبژاردووە بۆ ڕێبەری ئێران. بەوەش ئایەتوڵا موجتەبای تەمەن 56 ساڵ دەبێتە سێیەم ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1979ەوە. هەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، ژمارەیەک کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، لەگەڵ هەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا موجتەبادا نین. دۆناڵد ترەمپ، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند، بە هەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، وەک ڕێبەری نوێی ئێران دڵخۆش نییە. هاوکات لە لێدوانێکی دیکەدا بۆ ڕۆژنامەی "زە تایمز ئۆف ئیسرائیل" لەبارەی هەمان پرس، بە کورتی گوتی: "با بزانین چی ڕوودەدات".
"گورزی 20 هێندەیان لێ دەدەین"
دۆناڵد ترەمپ، هۆشدارییەکی تووند دەداتە تاران لە بارەی داخستنی گەرووی هورمز و ڕایدەگەیەنێت، هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە ڕووبەڕووی "مەرگ و ئاگر و تووڕەیی"یان دەکاتەوە و جەختیش لە لەناوبردنی تەواوەتی توانای ئەتۆمی و دەریایی ئەو وڵاتە دەکاتەوە.
چارەنووسی سەرکردایەتیی ئێران
ترەمپ، تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی ناو سەرکردایەتیی ئێران و گوتی: "ئێران هیچ سەرکردەی نەماوە، سەرکردەی نوێ دێت و ئەویش نامێنێت." ئەم لێدوانەی ترەمپ ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی ستراتیژیی ئەمریکا لە بە ئامانجگرتنی بەرپرسە باڵاکانی تاران و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی نوێ بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانیان.
11/03/2026
ئایندەی ململانێی تاران لەگەڵ واشنتن و تەلئەڤیڤ
موحتەبا خامنەئی: تۆڵەی خوێنی شەهیدان دەکەینەوە
لە یەکەم پەیامیدا وەک ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، موجتەبا خامنەیی هەڕەشەی تووند دەکات و رایدەگەیەنێت کە دۆسیەی تۆڵەکردنەوەی خوێنی باوکی و کوژراوانی دیکەی وڵاتەکەی کراوەیە. لە پەیامەکەیدا کە هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، ڕێبەری نوێ هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز و کردنەوەی بەرەی نوێی شەڕ دەکات، هەروەها ئاشکرای دەکات کە جگە لە باوکی، چەندین ئەندامی نزیکی خێزانەکەشی لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا گیانیان لەدەستداوە.
کوژرانی عەلی خامنەیی و ئەندامانی خێزانەکەی
موجتەبا خامنەیی لە دەستپێکی پەیامەکەیدا کە ڕۆژی پێنجشەممە 12ی ئازاری 2026 بڵاوکرایەوە، پرسە و سەرەخۆشی بۆ گیانلەدەستدانی عەلی خامنەیی باوکی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە ناوبراو لە مانگی ڕەمەزان و لە کاتی خوێندنەوەی قورئاندا کراوەتە ئامانج.
ڕێبەری نوێی ئێران پەردەی لەسەر نهێنییەکی گەورە لادا و رایگەیاند کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا تەنیا باوکی نەکوژراوە، بەڵکو "هاوسەرەکەی، خوشکێکی، منداڵی خوشکێکی و زاوایەکیان" گیانیان لەدەستداوە. لەبارەی دانانیشی وەک ڕێبەری نوێ، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەویش وەک خەڵک لە ڕێگەی تەلەفزیۆنەوە بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی شارەزایان زانیوە و جەختی کردەوە کە جێگرتنەوەی باوکی کارێکی قورسە، بەڵام بە پشتیوانی خەڵک ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵدەگرێت.
هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز و کردنەوەی بەرەی نوێ
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا کە ئاراستەی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی کردووە، موجتەبا خامنەیی باسی لە ستراتیژییەتی داهاتووی وڵاتەکەی کرد لە جەنگدا. ئەو بە ڕوونی ڕایگەیاند کە دەبێت فشارەکان بەردەوام بن و "بەکارهێنانی کارتی داخستنی گەرووی هورمز وەک ئامرازێکی کاریگەر بمێنێتەوە".
هاوکات هەڕەشەی فراوانکردنی شەڕی کرد و گوتی: "لێکۆڵینەوەمان کردووە بۆ کردنەوەی بەرەی نوێی شەڕ لەو ناوچانەی کە دووژمن تێیدا لاوازە." رێبەری نوێ جەختیشی کردەوە کە تۆڵەی خوێنی باوکی و منداڵانی ئێران دەکەنەوە، بەتایبەتی ئاماژەی بە هێرشەکەی سەر قوتابخانەی "شەجرەی تەیبە" لە میناب کرد و بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ناوخۆی ئێرانی دا.
هۆشدارییەکی تووند بە وڵاتانی دراوسێ
موجتەبا خامنەیی پەیامێکی ڕوون و تووندی ئاراستەی ئەو وڵاتانەی ناوچەکە کرد کە بنکەی سەربازیی ئەمریکا یان وڵاتانی ڕۆژئاوایان تێدایە. ئەو رایگەیاند: "ئێمە نامانەوێت دەستوەردان بکەین و دەمانەوێت پەیوەندیمان لەگەڵ دراوسێکانمان باش بێت، بەڵام ئەو وڵاتانەی ڕێگەیان داوە خاک و بنکە سەربازییەکانیان دژی ئێمە بەکاربهێنرێت، دەبێت باجەکەی بدەن."
ئەو داوای لەو وڵاتانە کرد کە هەرچی زووترە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دابخەن، چونکە بە گوتەی ئەو، "ئەمریکا درۆی لەگەڵ کردوون و ئاسایشی بۆ نەهێناون".
پشتگیری بۆ "بەرەی مقاوەمە" و داوای یەکڕیزی
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران سوپاسی تایبەتی ئاراستەی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی ئێران کرد. ئەو ستایشی ڕۆڵی حیزبوڵڵای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن و گرووپە چەکدارەکانی عێراقی کرد و بە بەشێکی دانەبڕاو لە "شۆڕشی ئیسلامی" وەسفی کردن کە پێکەوە دژی ئیسرائیل دەجەنگن.
هەروەها داوای لە خەڵکی ئێران کرد کە لەم قۆناغە هەستیارەدا یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن و بەشدارییەکی بەرفراوان لە ڕۆژی جیهانیی قودس بکەن بۆ ئەوەی هێزی وڵاتەکەیان بە دووژمنان نیشان بدەن.
سوپای پاسداران: 10 مووشەک هێرشمان کردە سەر ئامانجەکانی دوژمن
سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیێنراوێکدا ڕایگەیاند، گورزەی 41ـی ئۆپراسیۆنەکانی وەعدی "سادق4"یان ئاڕاستەی ئامانجەکانی دووژمن کردووە.
ئاڕاستەی ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کراون
پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیێنراوەکەیدا دەڵێت، مووشەکەکان ئاڕاستەی ئامانجەکانی ئەمریکا و لە ناوچەکە و قوڵای خاکی ئیسرائیل کراوە.
10 مووشەکی جیاجیا بەکار هاتوو
بە گوێرەی ڕاگەیێنراوەکەی سوپای پاسداران لە هێرشەکەدا 10 مووشەکە لە جۆرەکانی خوڕەمشەهر، خەیبەر و هایپەرسۆنیکی فەتاح بەکارهێنراوە.
سەباح نوعمان: بە ئامانجگرتنی حەشدی شەعبی پێشێلکارییەکی سەربازییە
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، هێرشەکانی سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی بە هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات ناو دەبات و ئاماری کوژراوانی هێرشەکەی قائیم ڕادەگەیێنرێت.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ڕایگەیاند، سوودانی بەردەوامە لە چاودێریکردنی ئەو دەستدرێژییە ئاشکرایانەی پێگەی یەکەکانی حەشدی شەعبیان کردووەتە ئامانج. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک سەرباز کە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییەکاندا سەرقاڵی ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بوون.
تێکدانی دەستکەوتە ئەمنییەکان و ئاشتی کۆمەڵایەتی
گوتەبێژەکەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەختی کردەوە، ئەم دەستدرێژییە سیستماتیک و دووبارەبووانە تەنیا پێشێلکارییەکی سەربازی نین، بەڵکو هەوڵێکی نائومێدانەن بۆ چاندنی ناتەبایی و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئەو دەستکەوتە ئەمنییانەی بە خوێنی عێراقییەکان بەدەست هاتوون. گوتیشی، ڕێگە نادەن عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکان یان سەکۆیەک بۆ پێشێلکردنی کەرامەتی نیشتمانی.
کوژرانی 33 ئەندامی حەشدی شەعبی لە قائیم
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشێکی ئاسمانی تووند کرایە سەر پێگەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری شارۆچکەی قائیم. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئامر لیوای 25ـی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوا، لەو هێرشەدا نزیکەی 33 ئەندامی حەشدی شەعبی کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
پێشێلکردنی سەروەریی وڵات
هاوکات لەگەڵ ئەم کاردانەوانە، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد. ئەعرەجی ڕایگەیاند، بە ئامانجگرتنی حەشدی شەعبی لە ناوچەی قائیم هێرشێکی ئاشکرا و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراقە.
کەناڵی CNN: ڕێبەری نوێی ئێران لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکاندا پێی شکاوە
زانیاریی نوێ لەبارەی دۆخی تەندروستیی موجتەبا خامنەیی ئاشکرا دەکرێت و سەرچاوە میدیاییەکان باس لە برینداربوونی ناوبراو و 5 ئەندامی دیکەی بنەماڵەکەی دەکەن.
برینداربوونی ڕێبەری نوێی ئێران
کەناڵی CNN لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی ئێران پێی شکاوە و چەند بریندارییەکی دیکەی سووکی هەیە. ئەم زانیارییانە لە کاتێکدایە کە باس لە گۆڕانکاریی گەورە لە هەرەمی دەسەڵاتی وڵاتەکەدا دەکرێت.
وردەکاریی جۆری برینەکان
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کردووە، جگە لە شکانی پێی، موجتەبا خامنەیی برینێکی بچووکی ڕووکەشی لەسەر دەموچاوی هەیە و لە دەوری چاوی چەپیشی تووشی کێشە بووە. ئەم برینداربوونە لە ئەنجامی ئەو بۆردومانە چڕانە بووە کە بنکە و شوێنە هەستیارەکانی تارانیان کردووەتە ئامانج.
کاردانەوەی دیپلۆماتکارانی ئێران
عەلیرەزا سالاریان، باڵیۆزی ئێران لە قوبرس لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "گاردیان"ـی بەریتانی زانیارییەکانی پشتڕاستکردووەتەوە. سالاریان ڕایگەیاندووە، ئەو ڕۆژەی عەلی خامنەیی کوژرا، موجتەبا خامنەیی و 5 ئەندامی دیکەی بنەماڵەکەی لە هەمان هێرشدا بریندار بوون.
دوورکەوتنەوە لە چاوی کامێراکان
موجتەبا خامنەیی لە دوای ڕاگەیاندنی دەستبەکاربوونی وەک ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تاوەکو ئێستا نە لەبەردەم خەڵکدا بینراوە و نە هیچ لێدوان و بەیاننامەیەکی فەرمیی بە دەنگی خۆی بڵاوکردووەتەوە، ئەمەش گومانی زیاتری لەسەر ئاستی سەختیی برینەکانی دروستکردووە.
کۆمپانیای Kpler: ئێران لە سەرەتای شەڕەوە 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی بۆ چین هەناردە کردووە
سەرەڕای مەترسییەکانی گەرووی هورمز و پەککەوتنی هاتووچۆی دەریایی، تاران لە ڕێگەی وێستگە بەدیلەکان و کەشتییە "خۆشاردنەکانەوە" بەردەوامە لە دابینکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی چین.
ئاماری هەناردەی نەوت بۆ چین
بەگوێرەی داتاکانی دامەزراوەی "TankerTrackers"، لە 28ـی شوباتەوە کە شەڕی نێوان بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستی پێ کردووە، تاران لانیکەم 11.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بۆ چین ڕەوانە کردووە. هاوکات کۆمپانیای "Kpler" کە تایبەتە بە هەواڵگریی دەریایی، ئاستی ئەو هەناردەیەی لەو ماوە کورتەدا بە 12 ملیۆن بەرمیل خەمڵاندووە. شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لەم هەناردەیە لە ڕێگەی ئەو کەشتییانەوە بووە کە بۆ چەواشەکاری، سیستەمی شوێنپێهەڵگرتنی خۆیان کوژاندووەتەوە.
وێستگەی جاسک وەک بە دیلی هورمز
بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناو گەرووی هورمز، ئێستا تاران وەک ڕێگەیەکی جێگرەوە پەنا بۆ وێستگەی "جاسک" دەبات لەسەر کەنداوی عوممان. هەرچەندە بارکردنی نەوت لەم وێستگەیە بەراورد بە دوورگەی "خارک" زۆر هێواشترە و بارکردنی کەشتییەکی گەورە 10 ڕۆژی پێ دەچێت، بەڵام ئێران وەک پلانێک بۆ کاتی داخرانی یەکجاریی گەرووی هورمز سەیری دەکات بۆ ئەوەی بەشێکی بچووک لە بازرگانییەکەی بپارێزێت.
ستراتیژیی چین بۆ پاراستنی ئاسایشی وزە
لە بەرانبەر ناسەقامگیریی ناوچەکە، چین خێرایی بە پرۆسەی عەمبارکردنی نەوت داوە و لە 2 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، هاوردەکردنی نەوتی بە ڕێژەی 15.8% بەرز کردووەتەوە. لە ئێستادا ئاستی عەمبارکردنی نەوت لە کۆگاکانی چین گەیشتووەتە 1.2 ملیار بەرمیل، ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئەو وڵاتە دەتوانێت پێداویستییەکانی ناوخۆی بۆ ماوەی 3 تا 4 مانگی دیکە دابین بکات ئەگەر هەناردەکردن بەتەواوی بوەستێت.
مەترسییەکان لە گەرووی هورمز
لە ماوەی 2 هەفتەی ڕابردوودا، لانی کەم 10 کەشتی لە دەوروبەری گەرووی هورمز کراونەتە ئامانج و چەندین کەس گیانیان لەدەست داوە، ئەمەش وای کردووە بازرگانیی دەریایی لە ناوچەکەدا بەتەواوی پەککەوت بێت. هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای بەردەوامیی هاتووچۆی کەشتییەکان دەکات و هێزی دەریایی ئێران بە "لاواز" ناو دەبات، بەڵام هێشتا بازاڕە جیهانییەکان بە ناجێگیری ماونەتەوە.
ژێرخانی ئابووری کوەیت و سعوودیە ڕووبەڕووی هێرش بوونەوە
کوەیت و سعوودیە ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوونەوە کە ژێرخانی ئابووری و کێڵگە نەوتییەکانی ئەو دوو وڵاتەی کردە ئامانج.
زیانەکانی کەرتی کارەبای کوەیت
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی ئاداری 2026، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لەلایەن سیستەمی بەرگریی کوەیتەوە تێکشکێنران، زیان بە کەرتی کارەبای ئەو وڵاتە گەیشت. فاتیمە عەباس جەوهەر حەیات، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی کارەبا و ئاو و وزەی نوێبووەوەی کوەیت ڕایگەیاند، پاشماوەی فڕۆکەکان بووەتە هۆی لە کارکەوتنی شەش هێڵی گواستنەوەی وزەی کارەبا لە چەند ناوچەیەکی جیاوازدا.
دۆخی تۆڕی نیشتمانیی کوەیت
بە گوتەی فاتیمە عەباس، ڕووداوەکە بووەتە هۆی پچڕانی بەشێکی کارەبا و دروستبوونی کێشە لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی دا، هاوکات گوتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا دڵنیایی دا، ئێستا دۆخی کارەبا و ئاو لە وڵاتەکە بە تەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و تیمەکان خەریکی چاککردنەوەی زیانەکانن.
تێکشکاندنی درۆنەکان لە سعوودیە
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی سعوودیە ڕایگەیاند، توانیویانە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی ناوچەی "ڕوبعلخالی" بپێکن و تێکیان بشکێنن. ئەو فڕۆکانە بەئاڕاستەی کێڵگەی نەوتی "شەیبە" لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سعوودیە دەفڕین، بەڵام پێش گەیشتنیان بە ئامانجە ستراتیجییەکە، لەلایەن هێزە بەرگرییەکانەوە خرانە خوارەوە.
ئیتاڵیا: مووشەکێک لە بنکەکەمان لە هەولێر کەوتووەتە خوارەوە
وەزارەتی بەرگریی ئیتاڵیا، وردەکاریی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر هێزەکانیان لە هەولێر ئاشکرا دەکات و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش هێرشەکە سەرکۆنە دەکات.
زیانە گیانییەکانی هێرشەکە
وەزارەتی بەرگریی ئیتاڵیا، ڕایگەیاند، مووشەکێک لە بنکەکەیان لە هەولێر کەوتووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. گۆیدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکە هیچ گیانلەدەستدان و برینداری لەناو یەکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دا لێنەکەوتووەتەوە و تەواوی کارمەند و سەربازەکانیان سەلامەتن.
سەرکۆنەکردنی هێرشەکە
ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر بنکەی وڵاتەکەی لە هەولێر کرد. تاجانی، ڕایگەیاند "لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و دڵنیایی داوە کە دۆخی هەموو سەربازەکانی بنکەکە باشە".
ئەرکی هێزەکانی ئیتاڵیا
هێزەکانی ئیتاڵیا، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە هەرێمی کوردستان جێگیرن. ئەرکی سەرەکی ئەو هێزانە بریتییە لە پێشکەشکردنی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بە هێزەکانی پێشمەرگە.
ئیسرائیل: دەیان پێگە و ژێرخانی سوپای پاسدارانمان لە تاران کردە ئامانج
هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی چڕیان کردە سەر تاران و چەندین بنکەی ستراتیژیی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتڵاعاتیان بۆردومان کرد.
هێرشی چڕ بۆ سەر تاران
هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو هێرشی چڕیان کردووەتە سەر ئێران و دەيان پێگە و ژێرخانیان لە تاران کردووەتە ئامانج. ئیسرائیل ڤیدیۆی هێرشەکانی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە پێش دەستپێکردنی هێرشەکە، فڕۆکە شەڕکەرەکانیان چەند سەربازێکیان لەناو بارەگای سەرەکی سوپای پاسداران بینیوە کە خەریکی جموجوڵ بوون و کراونەتە ئامانج.
بە ئامانجگرتنی ناوەندە سەربازییەکان
بەگوێرەی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل، هێرشەکان بارەگا و ناوەندەکانی فەرماندەیی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانیان پێکاوە. هاوکات زانکۆی ئیمام حوسێن، ئەکادیمیای سەربازی سوپای پاسداران، شوێنەکانی هەڵگرتن و بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی و پێگەکانی بەرگریی ئاسمانی لە ناوچە جیاوازەکان بۆردومان کراون.
وەزارەتی ئیتڵاعات و هێزی بەسیج
لە بەشێکی دیکەی هێرشەکاندا، سوپای ئیسرائیل بارەگا و بنکە سەربازییەکانی هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆی ئێران، هێزی نیمچە سەربازیی بەسیج و بارەگایەکی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانی لە تاران بۆردومان کردووە.
قۆناغێکی نوێی شەڕ
هێزەکانی ئیسرائیل جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم هێرشانە بەشێکن لە قۆناغێکی نوێی شەڕ. ئامانجی ئەم قۆناغە بریتییە لە قوڵکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر بارەگا و ژێرخانە هەستیارە سەربازییەکانی ئێران.
ئیتاڵیا: مووشەکێک لە بنکەکەمان لە هەولێر کەوتووەتە خوارەوە
وەزارەتی بەرگریی ئیتاڵیا، وردەکاریی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر هێزەکانیان لە هەولێر ئاشکرا دەکات و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش هێرشەکە سەرکۆنە دەکات.
زیانە گیانییەکانی هێرشەکە
وەزارەتی بەرگریی ئیتاڵیا ڕایگەیاند، مووشەکێک لە بنکەکەیان لە هەولێر کەوتووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. گۆیدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکە هیچ گیانلەدەستدان و برینداری لەناو یەکە سەربازییەکانی وڵاتەکەیدا لێنەکەوتووەتەوە و تەواوی کارمەند و سەربازەکانیان سەلامەتن.
سەرکۆنەکردنی هێرشەکە
ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر بنکەی وڵاتەکەی لە هەولێر کرد. تاجانی ڕایگەیاند، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و دڵنیایی داوە کە دۆخی هەموو سەربازەکانی بنکەکە باشە.
ئەرکی هێزەکانی ئیتاڵیا
هێزەکانی ئیتاڵیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە هەرێمی کوردستان جێگیرن. ئەرکی سەرەکی ئەو هێزانە بریتییە لە پێشکەشکردنی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بە هێزەکانی پێشمەرگە.
پۆلیسی نەرویج: 3 عێراقی بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆسلۆ دەستگیر کران
پۆلیسی نەرویج 3 برای بە ڕەچەڵەک عێراقی بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆسلۆ دەستگیر کرد و گومان دەکرێت هێرشەکە پاڵنەری سیاسی لە پشت بێت.
دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری عێراقی
پۆلیسی نەرویج، 3 برای نەرویجی بە ڕەچەڵەک عێراقیی بە تۆمەتی ئەنجامدانی تەقینەوەیەکی تیرۆریستی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆسلۆ دەستگیر کرد. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا تەنیا زیانی ماددیی کەم بەر بینای باڵیۆزخانەکە کەوتووە و هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
زانیارییەکانی داواکاری گشتی لەسەر تۆمەتبارەکان
کریستیان هاتلۆ، داواکاری گشتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تۆمەتبارەکان لە تەمەنی 20 ساڵیدان و پێشینەی تاوانیان نییە. پۆلیس گومان دەکات یەکێک لە براکان بۆمبەکەی دانابێت و دووانەکەی دیکەش هاوکارییان کردبێت لە جێبەجێکردنی کردە تیرۆریستییەکەدا.
ئەگەری دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی
داواکاری گشتی ئاماژەی بەوە دا، لێکۆڵینەوە لە پاڵنەرەکانی هێرشەکە بەردەوامە. پۆلیس کار لەسەر چەند ئەگەرێك دەکات، لەوانە ئەگەری ئەوەی هێرشەکە بە فەرمانی وڵاتێكی دەرەکی ئەنجام درابێت، یانیش تۆمەتبارەکان پەیوەندییان بە تۆڕە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکانەوە هەبێت.
وردەکاری ڕووداوی تەقینەوەکە
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی پۆلیس، تەقینەوەکە شەوی شەممەی ڕابردوو لە دەروازەی چوونە ژوورەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە نەرویج ڕوویداوە. تاوەکو ئێستا هیچ وردەکارییەک لەبارەی جۆری ئەو ماددە تەقەمەنییەی بەکارهێنراوە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام جەختکراوەتەوە کە زیانەکان تەنیا ماددی بوون.
دۆخی ئەمنی و ململانێکانی ناوچەکە
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە دوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوبات بۆ سەر ئێران، باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. تاران هەڕەشەی لێدانی ئامانجە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ئەمریکای لە کەنداو کردووە و ئەمەش مەترسییە ئەمنییەکانی لەسەر ناوەندە دیپلۆماسییەکان زیاتر کردووە.
ئێران: بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش وەک پەڵەیەک بۆ سەر تۆماری ئەنجوومەنەکە دەبێت
تاران بە توندی سەرکۆنەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات و نوێنەری ئەو وڵاتەش ڕایدەگەیێنێت، بڕیارنامەکە خزمەت بە ئەجێندای سیاسی هەندێک وڵاتی دیاریکراو دەکات.
هەڵوێستی تاران بەرامبەر ئەنجوومەنی ئاسایش
تاران سەرکۆنەی بڕیارێکی نوێی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانی کرد، کە تێیدا داوای کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە دەکرێت. ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە پاشەکشەیەکی جددییە لە متمانەی ئەنجوومەنەکە و وەک پەڵەیەک بۆ سەر تۆماری ئەو دامەزراوەیە دەمێنێتەوە.
ناوەڕۆکی بڕیارنامەکە و وڵاتانی پشتگیر
ئەم بڕیارنامەیە لەلایەن وڵاتانی قەتەڕ، بەحرەین، سعوودیە، ئوردن، کوێت و چەند وڵاتێکی دیکە ئامادە کراوە. لە کاتی دەنگدان لەسەر پڕۆژەبڕیارەکە، 135 وڵات پشتیوانی خۆیان بۆ ناوەڕۆکەکەی دەربڕی. لە بڕیارنامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا، هەر جۆرە دەستوەردانێکی ئێران لە کاروباری کەشتیگەلی نێودەوڵەتی بە توندی سەرکۆنە کراوە.
خزمەتکردن بە ئەجێندای سیاسی
ئەمیر سەعید ئیرەوانی هەنگاوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی بە خزمەتکردنی ئەجێندای سیاسی هەندێک وڵات ناو برد. نوێنەری ئێران گوتی، ئەوەی لە ئەنجوومەنەکە کرا تەنیا خزمەتکردن بوو بەو وڵاتانەی کە پاڵپشتی لە هەڵگیرسانی جەنگ دژی تاران دەکەن و دەیانەوێت ململانێکان لە ناوچەکەدا قووڵتر بکەنەوە.
نوێنەری ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان: ئێران جەنگەکەی دەستپێنەکردووە و ئەوەی دەیکات بەرگری لە خۆکردنە
نوێنەری ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕەخنە لە بڕیارێکی نوێی ئەنجوومەنی ئاسایش دەگرێت و ئیسرائیل و ئەمریکا بە ئەنجامدانی هێرش و تیرۆرکردنی بەرپرسانی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات.
هەڵوێستی ئێران بەرامبەر بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش
ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان، لە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش ڕەخنەی لەو بڕیارە گرت کە سەرکۆنەی هێرشەکانی تاران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو دەکات. ئیرەوانی جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی جەنگی دەستپێنەکردووە و ئەو هەنگاوانەی دەیگرێتەبەر تەنیا بۆ بەرگری لە خۆکردنە.
تۆمەتبارکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل
نوێنەری ئێران ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بووەتە هۆی تیرۆرکردنی ڕێبەری باڵا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وڵاتەکەی. ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم کردەوانە هەزاران قوربانییان لەنێو ڕیزەکانی هاووڵاتییان و بەرپرساندا لێکەوتووەتەوە.
ئاماری قوربانییە سڤیلەکان
بەگوتەی ئەمیر سەعید ئیرەوانی، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، زیاتر لە 1,348 کەسی سڤیل کوژراون. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە 17,000 کەسی دیکەش بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە بریندار بوون.
زیانە ماددییەکان و کەرتی خزمەتگوزاری
نوێنەری ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی هێرشەکان زیان بە زیاتر لە 19,000 شوێنی مەدەنی گەیشتووە. ئەم شوێنانە خانوو و ماڵی هاووڵاتییان، نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان لە ناوچە جیاجیاکان دەگرێتەوە.
وەڵامی ئیسرائیل بۆ نوێنەری ئێران
لەلایەکی دیکەوە، دانی دانۆن، نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕەخنەی توندی لە تاران گرت و تۆمەتباری کرد بەوەی بە مووشەک و درۆن خەڵکی سڤیل و شوێنی نیشتەجێبوون دەکاتە ئامانج. دانۆن گوتی، فڕۆکەکانی ئیسرائیل تەنیا بنکە و پێگە سەربازی و ئەمنییەکان دەپێکن، بەڵام تاران بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ناوچە نیشتەجێبوونەکان بۆردوومان دەکات.
سوپای پاسداران بۆ دۆناڵد ترەمپ: وێنەی هێرشە مووشەکییەکانمان ببینە
فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران داوا لە دۆناڵد ترەمپ دەکات فەرمان بە سوپای وڵاتەکەی بکات تاوەکو زانیاری و وێنەی مانگە دەستکردەکانی تایبەت بە هێرشەکانی ئێران بخەنە بەردەستی.
پەیامەکەی موسەوی بۆ ترەمپ
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"، مەجید موسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ڕوو لە دۆناڵد ترەمپ داوای لێکردووە ڕاستی وێنە و زانیارییەکانی هێرشە سەربازییەکانی ئێران ببینێت.
داواکاری لە فەرماندەیی سەنتکۆم
موسەوی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی، پێویستە ترەمپ فەرمان بە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم" بکات، تاوەکو زانیاری و وێنەی مانگی دەستکردی پێش و دوای هێرشە مووشەکی و درۆنەکانی ئێران بخاتە سەر مێزی کارەکەی.
ئەو بنکانەی کراونەتە ئامانج
ئەم فەرماندەیەی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو وێنانە زیانەکانی هێرشەکان بۆ سەر چەند بنکەیەکی گرنگ دەردەخەن. بنکەکانی "زەفرە، عەلی سەلم، عیرفجان و بنکەی 5" ئەو شوێنانەن کە موسەوی وەک ئامانجی هێرشەکان ناوی هێناون.
خستنەڕووی زانیارییەکان
مەجید موسەوی وەسفی ئەو وێنە و زانیارییانەی کردووە بەوەی کە زۆر سەرنجڕاکێشن. ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە پێویستە دۆناڵد ترەمپ وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان پێداچوونەوە بۆ ئەو بەڵگانە بکات، کە تێیدا ئاستی توانا مووشەکی و بەرگرییەکانی ئێران ڕوون دەبێتەوە.
سۆمۆ: بە ئامانجگرتنى دوو کەشتى کاریگەرى نەرێنى لەسەر ئابووریى عێراق دەبێت
کۆمپانیای سۆمۆ هۆشداری لە تێکچوونی ئاسایشی دەریایی دەدات و ڕایدەگەیێنێت بەئامانجگرتنی کەشتییەکان زیانی گەورە بە ئابووری عێراق دەگەیەنێت.
هەڵوێستی سۆمۆ لەسەر هێرشەکان
کۆمپانیای بە بازاڕکردنى نەوتی عێراق "سۆمۆ" نیگەرانى خۆى لە بەئامانجگرتنی دوو کەشتى لە کەناراوەکانى عێراق دەربڕی. کۆمپانیاکە لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم جۆرە هێرشانە کاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاسایش و دۆخی ئابووریی عێراق دەبێت.
بە ئامانجگرتنی کەشتی SAFESEA VISHNU
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە کە کەشتی "SAFESEA VISHNU" هێرشی کراوەتە سەر، ئەم کەشتییە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی هەڵکردووە. کەشتییەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی عێراقییەوە بە کرێ گیراوە کە گرێبەستی فەرمی لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆدا هەیە.
زانیاری لەسەر کەشتی ZEFYROS
کەشتییەکی دیکە کە کراوەتە ئامانج ناوی "ZEFYROS"ە و ئاڵاى وڵاتی ماڵتای لەسەر بووە. ئەم کەشتییە بەرهەمەکانى کۆمپانیای گازی بەسرەى بارکردووە و لەکاتێکدا لە ناوچەی بارکردنی لاوەکی لە کەناراوەکانى عێراق بووە، هێرشی کراوەتە سەر.
کات و مەبەستی گەشتی کەشتییەکە
کۆمپانیاى سۆمۆ ڕوونیکردووەتەوە کە کەشتى ZEFYROS بەرەبەیانی ئەمڕۆ 12ی ئازاری 2026 بەرەو بەندەری خۆر زوبەیر بەڕێکەوتبوو. ئامانج لە گەشتەکەی بارکردنی بارێکی زیادەی بەرهەمی نەفتا بووە کە بڕەکەی دەگاتە 30,000 تۆن.
مەترسییەکان بۆ سەر کەرتی نەوت
کۆمپانیاى سۆمۆ دووپاتی دەکاتەوە، ئەم ڕووداوانە تەنیا زیانی ئابووری نین، بەڵکو هەڕەشەیەکی جددین بۆ سەر سەلامەتی کەشتیگەلى دەریایی و چالاکییە نەوتییەکان لە کەناراوەکانى عێراق، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ناوبانگی بازرگانی وڵات دەبێت.
جەنگ لە ئێران لە بەرژەوەندیی تورکیا نییە؛ پرسی کورد وایکردووە تورکیا دژ بە جەنگەکە بێت
جەنگی ئێران کە 12 ڕۆژی تێپەڕاند بەردەوامە و هەموو جیهان چاوی لە پێشهاتەکانی جەنگەکەیە، یەکێک لەو وڵاتانەشی سەرەڕای هەموو ناکۆکییە مێژووییەکانی لەگەڵ تاران، دەیەوێت جەنگەکە کۆتایی بێت، تورکیایە، ئەوەش بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگەکە لەسەری و گرنگترین بابەتیش بەلای تورکیاوە، پرسی کوردە لە ئێران کە بە هەموو هێزی دیپلۆماسیی خۆیەوە، کاری لەسەر دەکات.
درێژەی سەفەوی و عوسمانی
تورکیا لە کۆتایی مانگی شوبات، هەوڵێکی دیپلۆماسیی چڕی دا بۆ ئەوەی جەنگەکە بەرپا نەبێت، بەڵام هەوڵەکانی شکستیان هێنا و دوایین ڕۆژی مانگی شوبات جەنگەکە دەستیپێکرد. تورکیا و ئێران کە خۆیان بە درێژپێدەری ئیمپراتۆرییەتی گەورە دەزانن، سەرەڕای ناکۆکی و پێکدادانە مێژووییە قوڵەکانی نێوانیان، بەڵام زیانگەیاندن بە هەر وڵاتێکیان، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئەوەی دیکەیان دروست دەکەن.
پرسی کورد؛ هێڵی سووری تورکیا
پێشکەوتنی پرسی کورد لە ئێران، لەو بابەتانەیە کە تورکیا وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی خۆی و ناوچەکە تەماشای دەکات و ئەو وڵاتە و بەرپرسەکانیشی ئەو "ترسەیان" نەشاردووەتەوە. هەر لە سەرەتاوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە ئاماژەیان بەوە کرد، لە نزیکەوە چاودێریی هاوپەیمانیی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن.
پێشمەرگە و ترسی فیدان
ترسی تورکیا پاش ئەوە هات، میدیا جیهانییەکان باسیان لە ئەگەری چوونە ناوەوەی پێشمەرگەی هێزە کوردییەکان بۆ ناو ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، ئەوە سەرەڕای ئەوەی ئەو هێزانە هەر دەنگۆیەکیان لەو بارەیەوە ڕەتکردەوە.
ڕێگریکردن لە بەرەوپێشچوونی پرسی کورد
فیدان لەو بارەیەوە پەیوەندی بە مارکۆ ڕوبیۆ، هاوتا ئەمریکییەکەی کرد و دواتر فیدان گوتی، ڕوبیۆ پێی گوتووە، نیازیان نییە، هێزە کوردییەکان بچنە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تورکیا، بەڵام تورکیا بەو قسەیەی ڕوبیۆ دڵی ئاوی نەخواردووەتەوە و لە نزیکەوە چاودێریی هەر جووڵەیەکی کورد لە ئێران دەکات. تورکیا لە ئەگەری درێژەکێشانی جەنگەکەشدا، ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە پرسی کورد بەو جۆرە نەچێتە پێشەوە، کە بە زیان بۆ ستراتیجی خۆی ببینێت.
غازی ئێران؛ ئەو گەرمییەی فریای تورکیا دەکەوێت
یەکێک لە سەرچاوە گەورە و گرنگەکانی غازی سروشتیی تورکیا بریتییە لە ئێران و ئەو وڵاتە، بەشێک لە سەرمای زستانە قورسەکەی، بە غازی ئێرانی گەرم دەکاتەوە. تورکیا تەنیا لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە 575 ملیۆن مەتر سێجا غازی سروشتی لە ئێرانەوە هاوردە کرد، ئەوەش دەکاتە %7.53ـی ئەو غازە سروشتییەی کە تورکیا لەو مانگەدا لە دەرەوەوە هاوردەی کردووە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، %13.49ـی ئەو غازە سروشتییەی تورکیا لەنێوان ساڵانی 2014 تاوەکو 2024 لە دەرەوە هاوردەی کردووە لە ئێرانەوە بووە و گەیشتووەتە حەوت ملیار و 43 ملیۆن مەتر سێجا.
بازرگانی، سنوور و کۆچ؛ سێ مەترسییە گەورەکە
تورکیا ئاڵۆگۆڕێکی بازرگانیی گەورەی لەگەڵ ئێران هەیە و درێژەکێشانی جەنگەکە، مەترسیی گەورە لەسەر ئەو بازرگانییە دروستدەکات، کە قەبارەکەی دەگاتە نزیکەی شەش ملیار دۆلاری ساڵانە.
560 کیلۆمەتر سنوور
تورکیا کە 560 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ ئێراندا هەیە، پێویستی بە خەرجی و هێزێکی ئەمنیی زۆر هەیە بۆ پاراستنی، هەربۆیە هەر گرژییەک لە ئێران و بەتایبەت لەنزیک سنوورەکان، قورساییەکی ئەمنیی، ئابووری و ئیداریی گەورە دەخاتە ئەستۆی تورکیا.
لە ئەگەری بەردەوامیی هێرشی ئێران و ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە، چاوەڕوان دەکرێت شەپۆلی کۆچ کردن دەستپێبکات و زۆربەی ئەو شەپۆلەش ڕووی لە تورکیا دەبێت، کە دەرگای ئەورووپایە. ئەم هۆکارانە و دەیان هۆکاری دیکە هەن کە وا دەکەن، بەرژەوەندیی تورکیا لەگەڵ درێژەکێشانی جەنگەکەدا نەبێت و هەوڵی کۆتاییهێنانی بدات. هەموو وڵاتێکیش دەیەوێت خۆی لە بازنە و پریشکی ئەو جەنگانە بەدوور بگرێت کە دەکەونەوە، چونکە پریشکی ئاگرەکەش بەرینەکەوێت، کاریگەرییەکانی بەری دەکەوێت.
عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق پیرۆزبایی لە ڕێبەری نوێی ئێران دەکات
عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق پیرۆزبایی هەڵبژاردنى موجتەبا خامنەیى وەک ڕێبەری نوێی ئێران دەکات و هیوای سەرکەوتنی لە خزمەتکردنی گەلی ئێران بۆ دەخوازێت.
بەرپەرچدانەوەی خراپەی خراپەکاران
عەلی سیستانی لە پەیامێکدا بۆ ڕێبەری نوێی ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، "لە کاتێکدا یادی کۆچی دوایی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەینەوە، نزا بۆ جێنشینی بەڕێزیان دەکەین سەرکەوتووبێت لە خزمەتکردنی گەلی ئێران بەرپەرچدانەوەی خراپەی خراپەکاران و پاراستنی یەکێتی و کۆدەنگی نەتەوەیی".
زیان بۆ بەرژەوەندییەکانی تەواوی ناوچەکە
پێشتر سیستانى لەبارەی جەنگی دژی ئێرانەوە هۆشداریدا لە دروستبوونی پشێویەکی درێژخایەن کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی تەواوی ناوچەکە دەگەیەنێت.
بڕیاری تاکلاینەی جەنگ
گوتیشى، بڕیاری تاکلایەنە بۆ هەڵگیرساندنی جەنگی گشتگیر دژی دەوڵەتێکی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش، بە مەبەستی ڕووخاندنی سیستم یان سەپاندنی مەرج، پێشێلکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە، داواشى لە موسڵمانان و ئازادیخوازانی جیهان کرد هاوسۆزی گەلی ئێران بن.
ماکرۆن: توانا سەربازییەکانی ئێران بە تەواوی لەناونەچوون
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا هۆشداریدا کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل نەبوونەتە هۆی لەناوچوونی تەواوی توانا سەربازییەکانی ئێران و داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد کۆتا ئامانجەکان و کاتی کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنەک سەربازییەکان دیاریبکات.
زیانی گەورە بە توانای مووشەکیی ئێران گەیشتووە
ماکرۆن دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ گرووپی حەوت ڕایگەیاند، ڕاستە زیانی گەورە بە توانا مووشەکییە بالیستیکییەکانی ئێران کەوتووە، بەڵام تاران هێشتا بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر چەند وڵاتێکی ناوچەکە، ئەمەش مانای ئەوەیە توانا سەربازییەکانی ئێران بەتەواوەتی لەناونەچوون.
مینی دەریایی لە گەرووی هورمز پشتڕاست نەکراوەتەوە
ماکرۆن جەختی لەوەش کردەوە، تاوەکو ئێستا دەزگا هەواڵگرییەکانی فەڕەنسا و هەواڵگرییە هاوبەشەکان ئەوەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە کە مینی دەریایی لەلایەن ئێرانەوە لە گەرووی هوورمز دانرابێت، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوە بژاردەیەکی زۆر مەترسیدار دەبێت بۆ تاران".
لێکەوتە سەربازییەکانی زۆر توند دەبن
ئەمەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕوونی ئاماژەی بە لەناوچوونی توانا سەربازییەکانی ئێران داوە، هاوکات هۆشداریدا کە ئەگەر ئێران گەرووی هوورمز مینڕێژ بکات، لێکەوتە سەربازییەکانی زۆر توند دەبن، دواتریش جەختی لەوە کردەوە، سەرجەم کەشتییە مینڕێژکەرەکانی ئێرانیان لەناوبردووە و ئێستا کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەتوانن بە گەرووی هوورمزدا تێپەڕن.
بە درۆن هێرش کرایە سەر عەمبارێکی سووتەمەنی لە عومان
بە درۆن هێرش کرایە سەر عەمبارێکی سووتەمەنی لە بەندەری سەلالەی عومان و چەند درۆنێکی دیکە لە ئاسمانی وڵاتەکە خرانە خوارەوە، دوابەدوای ڕووداوەکەش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، سوڵتانی عومان سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر وڵاتەکەی کرد.
زیانی گیانیی نەبووە
ئاگر و دووکەڵ لە عەمباری سووتەمەنییەکە بەرز دەبێتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی عومان، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەتووەتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵەکانیان چڕکردەوە بۆ چاودێریکردن و بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەی کە بە درۆن لە ئێرانەوە دەکرێنە سەر سەڵتەنەتی عومان.
پەیوەندیی پزیشکیان بە سوڵتانی عومانەوە
بەگوێرەی ئاژانسەکەی عومان، سەرۆککۆماری ئێران تەلەفۆنی بۆ سوڵتانی عومان کردووە دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە و هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانیان تاوتوێ کردووە.
ناڕەزایی عومان بەرامبەر بە هێرشەکان
سوڵتانی عومان هەڵوێستی بێلایەنی سەڵتەنەتەکەی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بە هێرشە بەردەوامەکان دەربڕیووە، کە خاکەکەی کردووەتە ئامانج و سەرکۆنەی کردوون، جەختی لەوەش کردەوەتەوە، عومان هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەی.
جەختکردنەوە لە وەستاندنی جەنگ
هەردوولا جەختیان لەپێویستی وەستاندنی جەنگ و پەنابردن بۆ ڕێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەت کردووەتەوە.
ترەمپ: بەمزووانە جەنگ لەگەڵ ئێران کۆتایی دێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکا ڕاگەیاند، بەمزووانە جەنگ لەگەڵ ئێران کۆتایی دێت، گوتیشی "بەشێوەیەکی کردەیی هیچ شوێنێک نەماوە کە بەئامانج نەگیرابێت".
کاتێکی کەم ماوە
لە پەیوەندییەکی پێنج خولەکیدا لەگەڵ ئەکسیۆس، ترەمپ گوتی: "تەنیا کاتێکی کەم ماوە و هەر کاتێک بمەوێت جەنگەکە کۆتایی دێت".
مین لە گەرووی هورمز
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە هێرشەکانی ڕۆژی سێشەممەدا 16 کەشتیی ئێرانیان لەناوبردووە، کە ئەرکیان دانانی مین بووە لە گەرووی هوورمز، گوتیشی بەمە پلانەکانی ئێرانیان تێکداوە.
زیانی زیاتریان بە ئێران گەیاندووە
ترەمپ بە ئاکسیۆسی گوتووە، جەنگەکە زۆر باش بەڕێوەدەچێت، ئەوان زۆر لە پێش خشتەی جەنگەکەوەن و زیانی زیاتریان بە ئێران گەیاندووە لەوەی کە دەیانویست، بەگوتەی ترەمپ ئەوەی تاوەکو ئێستا ئەنجامیانداوە چاوەڕوانیان دەکرد لە شەش هەفتەدا بەدی بێت.
دوژمنایەتی تێپەڕیوە بۆ وڵاتانی کەنداو
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دوژمنایەتیی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا تێپەڕیوە بۆ وڵاتانی کەنداو و سەرانسەری ناوچەکە.
سێنتکۆم: هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران کەمیانکردووە
براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم ڕایگەیاند، هێرشەکە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیانکردووە و لەبەرامبەردا هێزەکانی ئەمریکا بەگورێکی زیاترەوە بەردەوامن لە وێرانکردنی ئامانجەکانیان لە ئێران.
کۆتاییهێنان بە توانای سەربازیی ئێران
کوپەر جەختی لەوە کردەوە کە ئوان سەرنجیان لەسەر ئامانجە سەربازییە زۆر ڕوونەکانە و دەیانەوێت کۆتایی بە توانا سەربازییەکانی ئێران بهێنن، بۆ ئەوەی مەترسیی هێرشکردنە سەر ئەمریکا و دراوسێکانی ئێران کۆتایی پێ بهێنن.
پێنج هەزار و 500 ئامانج پێکراون
بەگوتەی فەرماندەی سێنتکۆم، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە پێنج هەزار و 500 ئامانجیان لە ناوخۆی ئێران داوە، لەنێویاندا زیاتر لە 60 کەشتیی جەنگیی ئێران و هێرشەکان بە سیستمی چەکی ورد ئەنجامدراون، ڕوونیشیکردەوە: "تەنیا دوێنێ، نزیکەی کاتژمێێک بەردەامبوون لە بەئامانجگرتنی ناوچە جیاوازەکان لە ئێران، لەو نێوەندەشدا دواین چوار کەشتیی جەنگیی جۆری قاسم سولەیمانییان لەناوبردووە، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێستا تەواوی کەشتییە ئێرانییەکانی لەوجۆرە لەناوچوون.
خەڵکی سڤیلی بێتاوان
کوپەر جەختی لەوەکردەوە کە هێزەکانی ئێران هێشتا بە ئەنقەست خەڵکی سڤیلی بێتاوان لە وڵاتانی کەنداو و دراوسێکانیان دەکەنە ئامانج، لە کاتێکدا خۆیان لە پشت دانیشتووانی ئێرانەوە دەشارنەوە، گوتیشی: "ساڵانێکە دەسەڵاتی ئێران هەڕەشە لە کەشتییە بازرگانییەکان و هێزەکانی ئەمریکا لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان دەکات و ئەرکی ئەوان کۆتاییهێنانە بە توانا سەربازییەکانیان و ڕێکخستنەوەی جموجوڵی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.
ئاژانسى وزەی نێودەوڵەتی: 400 ملیۆن بەرمیل نەوتى یەدەگ دەخرێتە بازاڕەوە
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتیی ڕایگەیاند، وڵاتانی ئەندام لە ئاژانسەکە، 400 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگەکانیان دەخەنە بازاڕەوە، ئەمە گەورەترین ئازادکردنی لەو جۆرەی یەدەگی نەوتە تاوەکو ئێستا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران کرابێت.
ڕازیبوون بە 400 ملیۆن بەرمیل نەوت
فاتیح بیرۆڵ، سەرۆکی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە، "ئەو ئاڵنگارییانەى بازاڕی نەوت ڕووبەڕوومان دەبێتەوە لە قەبارەدا بێ وێنەن، بۆیە زۆر دڵخۆشم وڵاتانی ئەندامی ئاژانسەکە ڕازیبوون 400 ملیۆن بەرمیل نەوتى خاو بخرێتە بازاڕەکانەوە".
هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە
پێش بڕیارەکەى ئاژانسى نێودەوڵەتیی وزە، وەزیرانی وزەی گرووپی7 ڕایانگەیاند، کە ئامادەن بۆ گرتنەبەری "هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست" بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو بەهۆی جەنگەوە.
نەوت جگە لە گەرووی هورمز
هاوکات ڕۆلاند لێسکۆر، وەزیری دارایی فەرەنسا ڕایگەیاند: "پێویستە پەیامێکی زۆر ڕوون بنێرین، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر نەتوانین گەرووی هوورمز بکەینەوە، ئەوا بە نەوتی دیکە دەیگۆڕین کە لە شوێنەکانی دیکەوە دێت و لە سەرانسەری جیهاندا دەسوڕێتەوە".
600 ملیۆن بەرمیلی نەوتی یەدەگ بۆ پشکی پیشەسازی
وڵاتانی ئەندامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە زیاتر لە یەک ملیار و 200 ملیۆن بەرمیل پشکی نەوتی فریاگوزاریی گشتییان لەبەردەستدایە، لەگەڵ 600 ملیۆن بەرمیل پشکی پیشەسازی دیکە کە بۆ دۆخی کارەساتبار و فریاگوزاریی هەڵگیراوە.
داخستنی گەرووی هورمز
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەى 12 رۆژە جەنگى هاوبەشى ئیسڕائیل و ئەمریکا بەرامبەر ئێران دەستى پێکردووەو لە یەکەم ڕۆژى جەنگەکەوە ئێران گەرووى هوورمزى بەڕووى کەشتییەکاندا داخستووەو ئەوەش نرخى وزەى لە جیهاندا بەڕێژەى لەسەدا 20% بەرزکردووەتەوە.
ئێران 90%ـى نەوتەکەى لەڕێگەى دوورگەى خارگەوە هەناردە دەکات
جەی پی مۆرگان هۆشداریدا لەوەی ئەگەر هەیە بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بۆ نیوە کەمبکرێتەوە و هەناردەکردنی نەوتیش بە کردەوە ڕابگیرێت ئەگەر ئەمریکا-ئیسڕائیلەکان دەست بەسەر دوورگەی خارگی ئێراندا بگرن، ئەمەش شۆکە نەوتییە جیهانییە بەردەوامەکەی خراپتر دەکات.
دوورگەی خارگ
ئەم دوورگە کیشوەرییە دەکەوێتە کەنداوی عەرەب و "بڕبڕەی پشت"ی ژێرخانی نەوتی ئێرانە و نزیکەی 90%ی هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران لەو شوێنە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. دوورگەی خارگی، گواستنەوەی نەوتی ئێران لە ڕێگەی بۆرییەوە و بەستنەوەی بە گەورەترین کێڵگە بەرهەمهێنەرەکانی ئێران دادەنرێت، لەوانە مارون، ئەهواز و گەچساران.
سێهەمین بەرهەمهێنەری ئۆپێک
ئێران سێهەمین بەرهەمهێنەری ئۆپێکەو ڕۆژانە نزیکەی 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و 1.3 ملیۆن بەرمیل کۆندێنسات و بەرهەمەنەوتییەکانی دیکەی زیادە هەناردە دەکات.
ئەگەری تۆڵەکردنەوە لە خارگ
جەی پی مۆرگان لەبارەی ئەگەری تۆڵەکردنەوە لە کۆگای نەوتی ئێران دەشڵێت، لێدانی ڕاستەوخۆ دەستبەجێ بەشێکی زۆری هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران ڕادەگرێت، کە پێدەچێت تۆڵەسەندنەوەی توند لە گەرووی هورمز یان دژی ژێرخانی وزەی ناوچەکە لێبکەوێتەوە .
بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردە
جەی پی مۆرگان، ئاشکرای دەکات " ئێران لە چەند ڕۆژی پێش هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا هەناردەکردنی لە دوورگەی خارگەوە بەرزکردەوە بۆ نزیکەی ئاستێکی پێوانەیی کە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بوو، ئەمەش نزیکەی سێ ئەوەندەی دۆخی ئاسایی خۆی بە 1.3 ملیۆن بۆ 1.6 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزکردەوە و توانای کۆگاکردنی دوورگەکە نزیکەی 30 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوە، لە ئێستادا هەڵگرتنی نەوتی خاو گەیشتۆتە 18 ملیۆن بەرمیل و ئەو بڕەش بەسە بۆ 12 ڕۆژ هەناردەکردن لە ژێر بارودۆخی ئاساییدا.
دوورگەی خارگ و ڕیگن
دەستبەسەرداگرتن یان هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر دوورگەی خارگ بێ وێنە دەبێت، جیمی کارتەر سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە کاتی قەیرانی بارمتەکانی ساڵی 1979 سزای بەسەر ئێراندا سەپاند ، بەڵام فەرمانی لێدانی ئەو دوورگەیەی نەدا.
خۆبەدوورگرتنی ئەمریکا لە هێرش بۆ سەر خارگ
ڕۆناڵد ڕیگن، لە پاش جیمی کارتەر لە کاتی شەڕی تانکەرەکانی ئێران و عێراق لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کەشتی و سەکۆ مووشەکییەکانی ئێرانی کردە ئامانج بەڵام خۆی لە هێرشکردنە سەر دوورگەکە بەدوور گرت.
هێرشی عێراق بۆ سەر خارگ
هەرچەندە هێزەکانی عێراق لە ماوەی شەڕی هەشت ساڵەدا هەندێک تێرمیناڵ و ئەمباری نەوتیان کردە ئامانج ، بەڵام خارگ تاڕادەیەکی زۆر لە کارکردندا مایەوە و زیانەکانیش بە شێوەیەکی ئاسایی بە خێرایی چاککرانەوە، ئەمەش دەریخست کە بۆ لەکارخستنی تەواوەتی پێویستی بە هێرشی بەردەوام و بەرفراوان دەبێت .
دوورگەی خارگ؛ شادەمارێکى ئابووریى ئێران لە ژێر تارمایى جەنگدا
دوورگەی خارگ، پارچە زەوییە بچووکە، بەڵام زۆر گرنگە بۆ کەرتى وزە و نەوتى کۆمارى ئیسلامى ئێران، واتە تێرمیناڵێکی گرنگی نەوتی ئەو وڵاتەیە و دەکەوێتە 25 بۆ 38 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی کەنداوی فارسەوە. دوورگەکە دەکەوێتە 483 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای گەرووی هورمزو درێژییەکەی نزیکەی هەشت کیلۆمەتر و پانییەکەی چوار کیلۆمەترە.
ناوەندی سەرەکیی هەناردەی نەوتی ئێران
پاڵپشتییەکى ئابوورى فراوانى بۆ ئێران دەستەبەر کردووە، کە لە رێگەى ئەم دوورگەیەوە زۆرینەى نەوتەکەى هەناردەى دەرەوە دەکات. ئەم دوورگەیە بە ناوەندی سەرەکی هەناردەکردنی نەوتی ئێران ناسراوە، لەلایەن کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران (NIOC) بەڕێوەدەبرێت.
حەوت ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا
تایبەتمەندی شوێنەکەی بەجۆرێکە لە چەندین شوێن بە ڕادەی پێویست قووڵە و توانای مامەڵەکردنى لەگەڵ تانکەرە گەورەکانی نەوتی خاودا هەیە، تێرمیناڵەکە توانای گواستنەوەى نزیکەی حەوت ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەیە، لە هەندێک کاتدا لەسەدا 90%ـى هەناردەکردنی نەوتی ئێران لێوە تێدەپەڕێت.
خاڵی لاوازی سەربازیی ئێران
هەرچەندە دوورگەکە، بە سەرمایەیەکی گرنگ دادەنرێت، لە هەمان کاتدا لەڕووى سەربازییەوە خاڵێکى لاوازیشە بۆ ئێران، لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵانی 1980 بۆ 1988 کرایە ئامانج، بەڵام دواتر ئاوەدانکراوەتەوە. هێڵەکانی بۆری دوورگەکە بە کێڵگە نەوتییەکانی دەریایی لە کەنداوی فارس و کێڵگە نەوتییە گەورەکانی وشکانی ئێرانەوە بەستراونەتەوە. پاش هەفتەیەک لە جەنگ، هەندێک سەرچاوەى میدیایى بڵاویانکردەوە ئەمریکاو ئیسرائیل چاویان لەسەر دوورگەکەیە و دەیانەوێت تۆڕى نەوتى ئێران لەو خارگ کۆتایى پێبهێنن.
ڕاوێژکاری سوودانی: پلانێکی نوێ بۆ هەناردەى نەوت جێبەجێ دەکرێت
کاریگەریى جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژى ئێران بووەتەهۆى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت و گاز بەشێوەیەکى گشتى بەڕێژەى زیاتر 20%، ئەوەش واى لە وڵاتانى بەکارهێنەرى نەوت و گازى سروشتى کردووە هەندێک ڕێوشوێن بگرنە بەر بۆ ئەوەى بە کەمترین زیانى ئابوورى لێى دەربچن تاوەکو ئەم دۆخەى کە ئێستا هەیە ئاساییدەبێتەوە.
بەکارهێنانی یەدەگی نەوت و گازی سروشتی
بەشێک لە وڵاتان ئامادەکارییان کردووە بۆ بەکارهێنانى بەشێک لەو یەدەگى نەوت و گازى سروشتییەى کە لە کۆگاکانیاندا هەڵیانگرتووە.
ژاپۆن
ژاپۆن ئامادەکارى بۆ زیادکردنى کۆگاکانى هەڵگرتنى نەوت و گازى سروشتى بەکارهێنانى بەشێوەیەکى سنووردار، هەروەها ڤێتنام باجى گومرگى لەسەر هاوردەکردنى نەوت و گازى سروشتى و گازوایل هەڵگرتووە تاوەکو کۆتایى مانگى نیسانى ئەمساڵ، ئەوەش لەپێناو پڕکردنەوەى کورتهێنانى وزە بە گشتى.
بەنگلادش
بەنگلادش پشووى فەرمى لە ناوەندەکانى خوێندن ڕاگرتووە لە پێناو کەمکردنەوەى بەکارهێنانى سووتەمەنى و کارەبا. ئەو وڵاتانەن کە ڕۆژانە نەوتى خاو و گازى سروشتى لە وڵاتانى عەرەبى و ئەمریکاى لاتین دەکڕنەوەو بۆ پێداویستى ناوخۆ بەکاریدەهێنن.
کەمکردنی بەرهەمهێنانی نەوت
ئاژانسى هەواڵى بلومبێرگ بڵاویکردەوە، لەدواى دەستپێکردنى جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەریەکە لە سعودیە و عێراق و کوەیت و ئیمارات، بەرهەمهێنانى نەوتیان ڕۆژانە بە بڕى 6.7 ملیۆن بەرمیل کەمکردووەتەوە، کە دەکاتە یەک لەسەر سێى بەرهەمى هاوبەش. ئاماژەى بەوەشکردووە، ژمارەیەک وڵاتى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەهۆى ئاڵۆزییە هەرێمییەکان و پەککەوتنى پرۆسەى هەناردەکردن لە ڕێى گەرووى هورمزەوە، بەرهەمهێنانى نەوتییان کەمکردووەتەوە.
بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق
عێراق گەورەترین بڕى بەرهەمهێنانى کەمکردووەتەوە کە بریتییە لە دوو ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. عێراق بەر لە ئاڵۆزییەکانى گەرووى هورمز و دەستپێکردنى جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران ڕۆژانە چوار ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوتى بەرهەمهێنانەوە بەڵام لە ئێستادا دابەزیوە بۆ ملیۆنێک و 300 هەزار بەرمیل واتە نەوتى عێراق بەرێژەى 60% دابەزیوە. بۆپڕکردنەوەى کورتهێنانى بودجە عێراق هەوڵدەدات لە فرۆشتنى نەوت بەردەوامبێت و بۆ ئەو مەبەستەش بیرلە هەناردەکردنى لەڕێگەى سعودیە، ئوردن و بەندەرى جەیهان دەکاتەوە.
ڕێگای دیکە بۆ پڕکردنەوەی خواست
مەزهەر مەحەممەد ساڵح، ڕاوێژکارى دارایی سەرۆکوەزیرانى عێراق بە ئاژانسی هەواڵى عێراقییەى ڕاگەیاندووە، ئەگەر نرخى نەوت بەمجۆرە بە بەرزى بمێنێتەوە، ئەوا بیر لە بەکارهێنانى ڕێگاى دیکە دەکەنەوە بۆ پڕکردنەوەى خواستى نەوتى جیهانى، بۆ ئەو مەبەستەش بەگەرخستنى بۆرى نەوتى عێراق- ئوردن ـە، کە ڕێگایەکى ستراتیجیە و بەستراوەتەوە بە بەندەرى عەقەبە لەسەر دەریاى سوور. هەروەها ئاماژەى بەوەکردووە، کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سعودیە ڕێگایان پێدەدان کە هێڵە کۆنەکانى هەناردەکردنى نەوت لەو وڵاتەوە بۆ دەریایی سوور کارا بکەنەوە.
نەوتی بەسڕە بۆ ئوردن
پڕۆژەى گواستنەوەى نەوت لە کێڵگەکانى بەسرەوە بۆ بەندەرى عەقەبەى ئوردن کە درێژییەکەى هەزار و 700 کیلۆمەترە، مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1980 دواى سەرهەڵدانى جەنگ لەگەڵ ئێران و داخستنى دەروازەى هەناردەکردنى نەوتى عێراق لەلایەن ئێرانەوە لە ڕێگەى کەنداوەوە، عێراق لەو کاتەوە بەدواى بژاردەى جێگرەوەدا دەگەڕێت بۆ هەناردەى نەوت، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا بیرۆکەیە، پرۆژەکە 8 ملیار و 500 ملیار دۆلارى تێدەچێت، بەتەواوکردنى دەتوانرێت ڕۆژانە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت.
کەمکردنی بەرهەمی نەوتی سعودیە
بەگوێرەى ڕاپۆرتەکەى بلومبێرگ، سعودیە بەرهەمى نەوتى بە بڕى دوو ملیۆن بۆ دوو ملیۆن و 500 هەزار کەمکردووەتەوە.
کەمکردنی بەرهەمی نەوتی ئیمارات
ئیماراتیش بەر لە جەنگ ڕۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتى هەبووە و سێیەم گەورەترین بەرمهێنەرى نەوت بووە لە ڕێکخراوى ئۆپیک، بەڵام دواى جەنگ، بەرهەمهێنانى نەوتى لە کێڵگە دەریاییەکانى کەمکردووەتەوە و لە ئێستادا بەرهەمى نەوتى بە بڕى 500 بۆ 800 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا کەمکردووەتەوە.
کەمکردنی بەرهەمی نەوتی کوەیت
کوەیتیش وەک پێنجەم گەورەترین بەرهەمهێنەرى نەوت لە ڕێکخراوى ئۆپیک بەرهەمهێنانى نەوت بە بڕى 500 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا کەمکردووەتەوە.
ڕێژەی نەوتی هەناردەکراوی سعودیە لە گەرووی هورمزەوە
بەگوێرەى داتاکانى دامەزراوەى وزەى ئەمریکا، ڕیزبەندى ئەو وڵاتانەى پشت بە گەرووى هورمز دەبەستن بۆ هەناردەکردنى نەوت، سعودیە، زۆرترین پشتبەستنى بە گەرووى هورمز هەیە بۆ هەناردەکردنى نەوت بە رێژەى 37%. واتە لەسەدا 37ـى کۆى هەناردەى نەوت لە گەرووى هورمزەوە هى سعودیەیە.
ڕێژەی نەوتی هەناردەکراوی وڵاتان لە گەرووی هورمزەوە
عێراقیش لە پلەى دووەمدایە و بەرێژەى 23% پشت بە گەرووى هورمز دەبەستێت بۆ هەناردەکردنى نەوتەکەى.
ئیماراتیش بە رێژەى 13% و ئێران 11% و کوەیت 10%.
چوار درۆن لە فڕۆکەخانەی بەغداد خرانە خوارەوە
پەیامنێری کەناڵ8 گوتی، چوار درۆن لە فڕۆکەخانەی بەغداد خرانە خوارەوە.
ترەمپ: ئێستا کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەتوانن گەرووی هورمز بەکاربهێنن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێستا کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەتوانن گەرووی هورمز بەکاربهێنن.
ئێران دوو کەشتیی لە گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج؛ کەشتییەکی ئیسرائیلی و تایلەندی بوون
ئێران بەئامانجگرتنی دوو کەشتی لە گەرووی هوورمز ڕاگەیاند و فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی ئەو وڵاتەش هۆشداری بەو کەشتییانە دەدات کە دەیانەوێت بەبێ مۆڵەت بە گەرووەکەدا تێبپەڕن.
ئاڵای لیبیریای هەڵگرتبوو
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێکی سوپای پاسدارانی ئێران کە ئاژانسی هەواڵی ئیسنا بڵاویکردووەتەوە، هێزەکانیان لە گەرووی هورمز، هێرشیانکردووەتە سەر کەشتییەک کە ئاڵای لیبیریای هەڵگرتبوو.
خاوەندارییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیسرائیل
سوپای پاسداران ئاماژە بەوە دەکات، کەشتییەکە ناوی ئێکسپرێس ڕوومە و خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیسرائیل.
کەشتییە تایلەندییەکە
سوپای پاسداران لە درێژەی ڕاگەیێنراوەکەیدا باسی لەوەش کردووە، هێرشیانکردووەتە سەر کەشتییەکی تایلەندیش بە ناوی مایوری ناری، ئەوەش پاش ئەوەی گوێی بە هۆشداری و ئاگادارییەکانیان نەداوە و هەوڵی تێپەڕینی داوە.
مۆڵەتی پێشوەختە
هاوکات عەلی ڕەزا تەنگەسیری، فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی ئێران ڕایگەیاند، هەر کەشتییەک بیەوێت بە سنوورە ئاوییەکانی ژێر دەستی وڵاتەکەی تێپەڕێت، پێویستە پێشوەختە مۆڵەت لە وڵاتەکەی وەربگرێت.
سویسرا باڵیۆزخانەکەی لە تاران دادەخات؛ هێڵی پەیوەندیی ئێران و ئەمریکا دەپارێزێت
وەزارەتى دەرەوەى سویسرا ڕایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکان، باڵیۆزخانەکەیان لە تاران دادەخەن، بەڵام ئەو هێڵی پەیوەندییە دەهێڵنەوە لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە.
دۆخی نائارامی ناوچەکە
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی سویسرا، بڕیارى داخستنى باڵیۆزخانەکەیان لە تاران بۆ دۆخى نائارامى ناوچەکە دەگەڕێننەوە، هەروەها ئاماژە بەوەدەکەن بەهۆی زیادبوونی گرژییەکان و شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، بڕیارى داخستنەکە تەنیا کاتییە و دواى ئاسایی بوونەوەى دۆخەکە لە تاران دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە.
پارێزگاری لە هێلی پەیوەندیی ئێران و ئەمریکا
وەک لە ڕاگەیێراوەکەدا هاتووە، هاوشێوەی هەوڵە "باش"ەکانی وڵاتەکەی لە ڕابردوودا، پارێزگاری لەو هێڵی پەیوەندییە دەکەن، کە چەندین ساڵە لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا دروستیان کردووە.
سویسرا پردی پەیوەندیی تاران و واشنتن
لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، سویسرا بەردەوام هێڵی پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئێران بووە، بەتایبەت لەو کاتانەی گرژییەکانی ئەو دوو ڵاتە زیادیان کردووە.
کاتز: هیچ سنوورێک نییە بۆ ئۆپراسیۆنەکەمان لە ئێران؛ تا گەیشتن بە ئامانج بەردەوام دەبن
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هیچ سنوورێکی کاتی نییە بۆ ئۆپراسیۆنەکەیان لە ئێران، گوتیشی ئەم ئۆپراسیۆنە بەگوێرەی پێویست و تاوەکو گەیشتن بە هەموو ئامانجەکان بەردەوام دەبێت. وەکخۆی دەڵێت، ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکە بڕیار لەسەر کۆتایی جەنگەکە دەدات.
گفتوگۆ و هەماهەنگیی بەردەوام
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی لەوەش کردەوە کە سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەردەوام لە گفتوگۆ و هەماهەنگیدان و سوپای ئیسرائیل و سێنتکۆمیش لەسەر زەوی فەرمانەکان جێبەجێ دەکەن.
ئۆپراسیۆنی ترەمپ و نەتانیاهوو
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەم ئۆپراسیۆنە بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت، ئەوان بەردەوام لە گفتوگۆ و هەماهەنگیدان و سیاسەتەکان ئاڕاستە دەکەن، کە لەلایەن سوپای ئیسرائیل و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 'سێنتکۆم'ەوە جێبەجێ دەکرێن".
بەگوێرەی پێویست بەردەوام دەبێت
ئەم ئۆپراسیۆنە بەبێ هیچ سنوورێکی کاتی و بەگوێرەی پێویست بەردەوام دەبێت، تاوەکو گەیشتن بە هەموو ئامانجەکان و ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکە بڕیار دەدات.
ئیسرائیل بۆ ئەنجومەنی ئاسایش: سوپای پاسداران وەك ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو بناسێنن
گیدۆن ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، سوپای پاسدارانی ئێران وەك "ڕێکخراوێکی تیرۆرستی" قەدەغەکراو بناسێنن.
داوای ئیسرائیل لە ئەنجوومەنی ئاسایش
ئەمڕۆ چوار شەممە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بکەن و دەستبەجێ سوپای پاسدارانی ئێران وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆرستی دەستنیشان بکەن.
مەترسی بۆ سەر ئاشتیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پۆستەکەی ئاڕاستەی مایک واڵتز باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، دەڵێت، دواین کردەوەکانی ئێران ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە نەك تەنها بۆسەر ئیسرائیل، بەڵکو بۆ ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش ئەم هێزە مەترسیی ڕاستەوخۆیان هەیە.
ئەمریکا و سوپای پاسداران
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشتر سووپای پاسدارانی بە "رێکخراوی تیرۆریستی" ناساندووە، لە مانگی کانوونى دووەمى ئەمساڵیشدا یەکێتیی ئەورووپا هەمان بڕیارى دەرکرد، لەوەڵامیشدا ئەنجوومەنى شورایی ئێران هەمان بڕیارى لەسەر هێزەکانى وڵاتانى ئەکێتى ئەوورپا دەرکرد و سەرجەم هێزە ئەمنییەکانى ولاتانى ئەووروپا وەک هێزێکى تیرۆریستى دەستنیشان کرد.
ڤۆن دێر لاین: گەڕانەوە بۆ نەوتی ڕووسیا هەڵەیەکی ستراتیژی گەورە دەبێت
ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ڕایگەیاند، وڵاتانى ئەوروپا هەڵەیەکی ستراتیژی گەورە دەکەن، ئەگەر بڕیار بدەن بۆ گەڕانەوەى کڕینى نەوتى ڕووسیا.
هەڵەیەکی ستراتیژی
ڤۆن دێر لاین لە وتارێکدا لە پەرلەمانی ئەوروپا ڕایگەیاند: لەو قەیرانەی ئێستادا هەندێک پێیان وایە پێویستە واز لە ڕێکارە درێژخایەنەکەمان بهێنین و بگەڕێینەوە بۆ سووتەمەنی بەردینی ڕووسیا. ئەمە هەڵەیەکی ستراتیژی گەورە دەبێت".
ڕێکارەکانی دیکەی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا گوتیشی:" یەکێتی ئەوروپا بیر لە بژاردەکان دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی نرخی وزە، لەوانە باشکردنی بەکارهێنانی ڕێکەوتننامەکانی کڕینی کارەبا، کەمکردنەوەی باج و ڕسوماتی سەر کەرتەکەکانى وزە، پاڵپشتیکردن یان سنووردارکردنی نرخی گاز".
نرخی گازی سروشتی بەرزبووەتەوە
ئەوەلەکاتێکدایە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز نرخی گازی سروشتی کە پێداویستی سەرەکییە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و گەرمکەرەوە تاوەوک 30٪ بەرزبووەتەوە و بەهۆیەوە نرخی یەک کاتژمێر، کیلۆوات کارەبا تا نزیکەی سێ هێندەی نرخی پێشتری زیادیکردووە.
سزاکانی سەر ڕووسیا
لەم دۆخەشدا ئەمریکا و چەند ولاتێکی دیکە بیرلەوەدەکەنەوە سزاکانی سەر ڕووسیا سوکبکرێت تاوەکو بتوانرێت سوود لە سامانەکەی ببینرێت. یەکەم هەوڵی هاوشێوەش بۆ هیندستان دراوە، ئەمریکا زیاتر لە هەفەتەیەکە سزاکانی لەسەر هیندستان هەڵگرتووە و ڕێگەی پێدەدات بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی نەوتی مۆسکۆ بکڕێت.
لە بەشێکی زۆری شار و شارۆچکەکان کێشەی ئەی تی ئێمەکان بەردەوامییان هەیە
دوو ڕۆژە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات ڕاگەیێنراوە، بەڵام بەشێک لە مووچەخۆران کێشەی نەبوونی پارەیان هەیە لە هەژمارەکانیان و تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.
پارەیان تیدانییە
لە سلێمانی لەبەردەم ئامێرەکانی ئەی تی ئێم قەرەباڵغییەکی زۆر دەبینرێت و مووچەخۆران ناتوانن مووچە وەربگرن، چونکە هەژمارەکانیان پارەی تێدانییە و پێشتر بە نامە بۆیان چووە کە دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن، لەکاتی لێدانی کارتەکانیشیان لە هەژمارەکە، بێ ئەوەی پارەیان بۆ بێتە دەرەوە، بە نامەیەکی دیکە ئاگاداردەکرێنەوە کە پارەکە ڕاکێشراوە.
بەشێک لە مووچەخۆرەکان لەدەرەوەی سلێمانی هاتبوون
بەشێکی دیکەیان لە ناوچەکانی شارباژێڕەوە هاتوون و ئەوانیش ناتوانن مووچە وەربگرن.
دوو کەسی بە تەمەن بووراونەتەوە
لە ڕانیەش پارە تاوەکو نزیک کاتژمێر 12 نەخرابووە سەر هەژماری مووچەخۆران و ئەمڕۆ لە نۆرەی چاوەڕوانیی وەرگرتنی مووچەکانیاندا بەگوتەی شایەتحاڵەکان دوو کەسی بەتەمەن بووراونەتەوە و بەشێکیشیان ناڕازین لە خراپیی خزمەتگوزاریی بانکەکان و نەبوونی کارمەندی تایبەت بە بانکەکان لەبەردەم ئەی تی ئێمەکان.
تاوەکو نیوەڕۆ لە بەردەم ئەی تی ئێمی بێ پارەدابوون
لە هەڵەبجەش تاوەکو کاتژمێر 12ـی پاشنیوەڕۆ پارە نەخراوەتە سەر هەژماری مووچەخۆران لەکاتێکدا بەشێکیان لە بەیانی زووەوە چوونەتە بەردەم ئامێرەکانی ئەی تی ئێم بۆ وەرگرتنی مووچە و ترسیان لە بڕانی کارەبا هەیە.
نیگەرانن لە خراپیی خزمەگوزارییەکان
لە شارۆچکەی کەلار بەهەمان شێوە تاوەکو درەنگانی نیوەڕۆ پارە نەکرایە ئەی تی ئێمەکانەوە و بەشێکی زۆری مووچەخۆرانیش کە لە ئاڕ تی بانک مووچە وەردەگرن، نیگەرانن لە خراپیی خزمەتگوزارییەکانی.
"کێشەکە بەهۆی زۆریی لۆدەوەیە"
سەبارەت بە کێشەکە، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ کەناڵ8 گوتی، کێشەکە کاتییە و بەهۆی زۆریی لۆد و هاتنی فەرمانبەرانی دەرەوەی شەرەکان بۆ ناو شارەکان ئەو کێشەیە دروستبووە.
وەزیرانی وزەی گرووپی7 ئامادەییان دەربڕی بۆ بەکارهێنانی یەدەگی ستراتیژیی نەوت
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی ئازار، وەزیرانی وزەی گرووپی7 ڕایانگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی، "هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست" بگرنە بەر دژی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو بەهۆی ئەو جەنگەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.
182 ملیۆن بەرمیل نەوتی کۆگاکراو
ڕۆژی سێشەممە وڵاتانی ئەندامی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی کە بنکەکەی لە پاریسە، کۆبوونەوە و پێشنیازیانکرد بڕی 182 ملیۆن بەرمیل نەوتی کۆگاکراو ئازادبکرێت لە بازاڕەکاندا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرزبوونەوەی نرخەکان.
بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە
ئەمڕۆ پێشنیازەکە خرایە بەردەم وەزیرانی گرووپی7 بۆ ئەوەی ڕەزامەندیی لەسەر بدرێت، لە وەڵامدا وەزیرانی گرووپی7 هاوڕابوون و ڕایانگەیاند،" پشتگیری لە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی پێشوەختە دەکەین بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە، لەوانەش بەکارهێنانی یەدەگی ستراتیژی."بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لە بڕی بەکارهێنان و چۆنییەتی بەکارهێنانی یەدەگەکە بخرێتەڕوو لە قۆناغی یەکەمدا.
پەیامی ڕوون بۆ داخستنی گەرووی هورمز
هاوکات ڕۆلاند لێسکۆر، وەزیری دارایی فەرەنسا ڕایگەیاند: "پێویستە پەیامێکی زۆر ڕوون بنێرین، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر نەتوانین گەرووی هوورمز بکەینەوە، ئەوا بە نەوتی دیکە دەیگۆڕین کە لە شوێنەکانی دیکەوە دێت و لە سەرانسەری جیهاندا دەسوڕێتەوە".
یەک ملیار و 200 ملیۆن بەرمیل نەوتی فریاگوزاری
لە ئێستادا وڵاتانی ئەندامی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی زیاتر لە یەک ملیار و 200 ملیۆن بەرمیل پشکی نەوتی فریاگوزاری گشتییان لەبەردەستدایە، لەگەڵ 600 ملیۆن بەرمیل پشکی پیشەسازی دیکە کە بۆ دۆخی کارەساتبار و فریاگوزاریی هەڵگیراوە.
بۆ پڕکردنەوەی بازاڕ
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی IEA بنکەکەی لە پاریسە لەپێناو پڕکردنەوەی بازاڕ لەئەگەری کەمبوونەوەی دابینکردنی نەوت لە دوای قەیرانی نەوتی ساڵی 1973 دروستکراوە.
150 کارمەندی کۆمپانیای ڕووس ئەتۆم ئێرانیان جێهێشت؛ 450 کارمەندی دیکە ماونەتەوە
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ڕووسیا ڕایگەیاند، 150 کارمەندی کۆمپانیای ڕووس ئەتۆمی وڵاتەکەی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهریان چۆڵ کردووە و دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.
450 کارمەندی ڕووسی ماونەتەوە
بەگوێرەی میدیا ڕووسییەکان، تاوەکو ئێستا 450 کارمەندی ڕووسی لە وێستگەکەن بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری دیاریکراو لەوێ ماونەتەوە.
وێستگەیەکی بازرگانی
وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر، تەنیا وێستگەی ئەتۆمیی بازرگانیی ئێرانە لە ناوچەی بوشەهر، کە نزیکەی هەزار کیلۆمەتر لە تاران و 300 کیلۆمەتر لە شیرازەوە دوورە.
لە شەڕی ئێران و عێراقیشدا بۆردومانکراوە
وێستگەکە لە سەردەمی محەمەد رەزا شای پەهلەویدا و لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا دەست بەدروستکردنی کراوە، لە شەڕی ئێران و عێراقدا چەندینجار کراوەتە ئامانج، دواتر لەلایەن رووسیاوە نۆژەنکرایەوە.
دەستبەرداری وێستگەکە نابن
کۆمپانیای ڕووس ئەتۆمی ڕووسی ڕایگەیاند، بە ئاسانی دەستبەرداری وێستگەکە نابن، چونکە وەکخۆی دەڵێت، بۆ ئەوان پرۆژەیەکی ستراتیژیی گرنگە.
بە سووتەمەنیی ڕووسی کار دەکات
وێستگەی بوشەهر بە سووتەمەنیی رووسیا کاردەکات، کە بە یۆرانیۆم بەرهەمهێنراوە و لەلایەن ئاژانسی جیهانیی وزەی ئەتۆمەوە چاودێریی دەکرێت.
هێزى دەریایی عوممان: کەشتییەک لە گەرووى هوورمز بە ئامانجگیرا؛ کەشتییەکی تایلەندییە
کەشتیەکى تایلەندى لە گەرووى هوورمز کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە 23 کەس لە سەرنشینەکانى بوونەتە قوربانى. هەروەها سێ کەس بێسەرووشوێنن و تایلەندیش ڕایگەیاندووە، کە کەشتییەکە هی ئەوان بووە.
20 کەس ڕزگارکراون
هێزى دەریایی عومان رایگەیاند، توانیویانە 20 کەس لە کەشتییەکى تایلەندى رزگاربکەن پاش ئەوەى کە بەئامانج گیراوە لە گەرووى هوورمز و بەوهۆیەوە سێ کەسی سەرنشینى کەشتییەکە بێسەروشوێنن. بەگوێرەى راگەیێندراوەکەى هێزى دەریایی عوممان، تیمەکانیان بەردەوامن لە گەڕان بەدواى ئەو سێ کەسەدا کە لە کەشتیەکەدا بێسەروشوێنن.
کەشتییەکە تایلەندی بووە
پاش ئاشکرابوونى ناسنامەى کەشتییەکە، هێزى دەریایی تایلەند پشتڕاستى کردەوە کە کەشتییەکە هى وڵاتەکەیانە، ویستویەتى بە گەرووى هوومزدا تێپەڕێت، بەلام بەئامانج گیراوە.
بەلەمەکانی ڕزگارکردن لە شوێنی ڕووداوەکەن
هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ ئەوەى بزانن کێ هێرشەکەى ئەنجامداوە، بەگوێرەى ئەو وێنانەش کە بڵاوکراونەتەوە دووکەڵێکی زۆری ڕەش لە کەشتییەکە بەرزدەبێتەوە و بەلەمەکانی ڕزگارکردنیش لە دەوروبەری کەشتێکە جێگیرکراون بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە.
هێرشکراوەتە سەر سێ کەشتیی تر
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە پێشتر ئاژانسی ئۆپراسێۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا "UKMTO" هۆشداریی دابوو لە هێرشکردنە سەر سێ کەشتی تری بازرگانی لە ناوچەی کەنداو، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکى زیاتر لەلایەنە پەیوەندییدارەکان لەسەر رووداوەکە ئاشکرا نەکراوە.
دەزگای ئاسایش: ئەمڕۆ بە شەش درۆن و مووشەکێک هێرشکراوەتە سەر زڕگوێزەڵە؛ شەهیدێکی لێکەوتووەتەوە
کارزان شێرکۆ، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ کاتژمێر هەشت و 15 خولەک بە شەش درۆن و یەک مووشەک هێرش کراوەتە سەر گوندی زڕگوێزەڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
شەهیدێکی هێرشەکە
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هێرشەکەدا کەسێک شەهید بووە و کەسێکی دیکەش کە ئەندامی یەکێک لە پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، برینداربووە و دەڵێت، لێکۆڵێنەوە لەڕووداوەکە بەردەوامە.
سەدان درۆن و مووشەک ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراوە
ئەوە لەکاتێکدایە، لەپاش دەستپێکی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران، هێرشەکان بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە و لەناویاندا بۆ هەرێمی کوردستان زیادیانکردووە و سەدان درۆن و مووشەک ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراوە و بەهۆیانەوە تاوەکو ئەمڕۆ 11ـی ئازار، پێنج کەس شەهید بوون و 20 کەسی دیکەش برینداربوون.
جەنگی ئێران هەڕەشەی دووبارە داڕشتنەوەی کەرتی وزەی جیهانی دەکات؛ نەوتی ڕووسی دەگەڕێتەوە
جەنگی ئێران هەڕەشەی دووبارە داڕشتنەوەی کەرتی وزەی جیهانی دەکات و بەگوێرەی سێ سەرچاوەی ڕۆیتەرز ئەمریکا بیر لە سوککردنی سزاکانی سەر ڕووسیا دەکاتەوە، لەکاتێکدا هەوڵدەدرێت یەدەگێکی گەورەی ستراتیجی لە ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی جیهانی بەکاربهێنرێت.
سووککردنی سزاکانی سەر ڕووسیا
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی ئەمریکا بیر لە سووککردنی سزاکانی سەر نەوتی ڕووسیا دەکاتەوە، بۆ ئەوەی یارمەتی کۆنترۆڵکردنی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی وزەی جیهانی بدات کە بەهۆی بەردەوامی جەنگی 12 ڕۆژی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دروست بووە.
یەدەگی ستراتیجیی نەوت
ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ 11ـی ئازار وڵاتانی گروپی7 بڕیاردەدەن لەسەر ئەوەی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی دەست بۆ یەدەگە ستراتیجییەکەی بەرێت یاخود دوابخرێت، کە بڕەکەی 182 ملیۆن بەرمیل نەوتە و دواجار هەوڵی هاوشێوە لە ئەنجامی جەنگی ئۆکرانیا لە 2022 جێبەجێکراوە، بەڵام تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی نرخەکانی لە بازاڕدا کۆنتڕۆڵکردووە.
ترس لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت
دووشەممەی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا . لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە یانەی گۆڵفەکەی لە شاری دۆراڵ ڕایگەیاند، ئەمریکا هەندێک سزای پەیوەست بە نەوت هەڵدەگرێت وەک ڕێگەیەک بۆ دەستەبەرکردنی دابینکردنی نەوتی پێویست جەختی لەوە کردەوە کە نرخی نەوت بەو ڕادەیەی کە ترسی لێی هەبوو بەرز نەبووەتەوە.
نەوتی ڕووسی لە هیندستان
سەرەڕای ئەوەی بە ڕاستەوخۆ ئاماژە بەوەنەدرا کە سزاکان لەسەری کام وڵات هەڵدەگیرێت، بەڵام زیاتر لە هەفتەیەکە ڕیگە بە هیندستان دراوە نەوتی ڕووسیا هاوردە بکات. ئەمەش پاش ئەوەدێت، کە ئەمریکا ڕووبەڕووی هەڵاوسانی نرخی سووتەمەنی دەبێتەوە،
ڕووسیا سوودمەندی سەرەکی
شرۆڤەکاران بە کەناڵی سی ئێن بی سییان ڕاگەیاندووە، ڕووسیا دەبێتە سوودمەندی سەرەکیی لە ململانێی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئێران، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سووککردنی کاتی سزاکان بەها و قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی وڵاتەکەی بەرز دەکاتەوە.
داهاتەکەی دەچنێتەوە
ساول کاڤۆنیچ، بەرپرسی توێژینەوەی وزە لە کۆمپانیای ئێم تی ئێس مارکووی، MST Marquee دەڵێت: "چاوەڕوان دەکرێت ڕووسیا داهاتەکانی لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بچنێتەوە، بەتایبەتی کە ئەمریکا سنوورەکانی بۆ فرۆشتنی نەوتی خاوی ڕووسیا بە هیندستان سووک کردووە".
ململانێیەکی ئابووریی فراوان
لۆری هایتایان پسپۆڕی بواری نەوت و گازیش دەڵێت:" ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکە تەنیا لە ڕەهەندی سەربازیدا سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ ململانێیەکی ئابووریی فراوان کە لە دەوری بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا، لەم نێوەندەشدا ڕووسیا سوودمەند دەبێت".
نەخۆشخانەکانی کەرکووک و سەرجەم پارێزگاکانی عێراق خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران، هێرشە ئاسمانیەکانی ناوبەناو دەکرێتەسەر عێراق، وەزارەتی تەندروستی عێراق نەخۆشخانەکانی لەسەرجەم پارێزگاکان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
ئاگادارکردنەوەی وەزارەتی تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی عێراق کۆمەڵێک ڕێنمایی نوێی دەرکردوە و ئاڕاستەی فەرمانگەی تەندروستی پارێزگاکانی عێراقی کردوە و ڕایسپاردوون نەخۆشخانەکان لەحاڵەتی ئامادەباشیدابن لەوبارەیەوە، سامان یابە بەڕێوەبەری هۆبەی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک بەکەناڵ8 ڕاگەیاند، لەسەرەتایی ئاڵۆزییەکان وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاگاداری کردوینەتەوە و نەخۆشخانەکانی کەرکووک کەوتونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، بەتایبەت بەشی فریاکەوتن و نەشتەرگەری نەخۆشخانەکان وجەختکراوەتەوە لەبوونی پزیشکی پسپۆڕی بواری نەشتەرگەری بەبەردەوامی.
چاودێریی بەردەوامی نەخۆشخانەکان
سامان یابە گوتیشی، ژمارەیەک لیژنە لەبەڕێوەبەری بەش، نەخۆشخانە و فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک پێکهێنراوە، مەبەست لەم لیژنانەش چاودێری بەردەوامی نەخۆشخانەکانە، بەتایبەت دابینکردن و بوونی دەرمان و چارەسەرە تەندروستییەکان.
حەوت نەخۆخشانە و دەیان بنکەی تەندروستی
ئەوە لەکاتێکدایە، لەسنوری پارێزگای کەرکووک، حەوت نەخۆشخانە و دەیان بنکەی تەندروستی هەیە و فەرمانگەی تەندروستی، نزیکەی 30هەزار کارمەند و پزیشکی هەیە.
بەرپرسانى ئەمریکا: ئێران لانى کەم 10 مینى لە گەرووى هورمز چاندووە
ئێران لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا لانى کەم 10 مینى لە گەرووى هورمز چاندووە، ئەمە ئەو زانیارییەیە کە بەرپرسانى ئەمریکا لە وڵاتانى کەنداو وەریان گرتووە، ئەوەش سەرۆکى ئەمریکاى ناچارکردووە، لە هەڕەشەیەکى بەپەلەدا داوا لە ئێران بکات دەستبەجێ مینە چێنراوەکانى لە گەرووى هورمز هەڵبگرێتەوە.
ڕوون نییە ئێران بەردەوام دەبیت لە چاندنی مین
ڕۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکى، لە زارى چەند بەرپرسێکى کۆشکى سپییەوە ئاشکرایکردووە، لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ئێران لانى کەم 10 مینى لە ئاوەکانى گەرووى هورمز چاندووە، بەڵام ڕوون نییە ئایا ئێران بەردەوام دەبێت لەسەر چاندنى مین لە گەرووى هورمز یاخود نا.
پەیامێکی سیاسییە بۆ ئەمریکا
لەو بارەیەوە بەرپرسێکى ئەمریکى ئاماژەى بەوەکردووە، ئەم هەنگاوەى ئێران، پەیامێکى سیاسییە بۆ ئەمریکا، کە ناوەرۆکەکەى ئەوەیە تاران دەتوانێت بەهێز ئابووریى جیهان بخنکێنێت.
هەڕەشەی ترەمپ لەسەر مینە دەریاییەکان
لەکاردانەوەى ئەو هەنگاوەى ئێرانیشدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا، لە ڕاگەیێنراوێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تروس سۆشیال، هەڕەشەى توندى لە ئێران کرد و دووپاتیکردەوە، ئێران ڕووبەڕووى هێرشى بێوێنە دەبێتەوە، ئەگەر بێتوو مینەکان لە گەرووى هورمز هەڵنەگرێتەوە.
دوای هەڕەشەکانی ترەمپ
بەماوەیەکى کەم دواى هەڕەشەکەى ترەمپ، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ناسراو بە ( سینتکۆم)، لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا دیمەنى تێکشکاندنى 16 بەلەمى ئێرانى تایبەت بە چاندنى مینى بڵاوکردەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسى دەریاوانیی بەریتانیا ڕایگەیاند، کەشتییەکى بارهەڵگر بەدوورى 50 میل لە کەناراوەکانى دوبەى لە گەرووى هورمز بە مووشەکێک پێکراوە، بەهۆیەوە ئاگر لە کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە و تیمى کەشتییەکەش گواستراونەتەوە.
خاتەمولئەنبیا: ناوەندە بانکی و داراییەکانی دووژمن لە ناوچەکە دەکەینە ئامانج
قەرارگەى خاتەمولئەنبیا هەڕەشە لە ناوەندە بازرگانییەکانى ئیسرائیل و ئەمریکا دەکات و دەڵێت، هەر ناوەندێکى بازرگانى ئەمریکا لە ناوچەکە و ناوەندە بازرگانییەکانى ئیسرائیل بە ئامانج دەگرن.
بە ئامانجگرتنی ناوەندە بانکییەکان
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندی خاتەمولئەنبیا ڕایگەیاند، لەمە بەدواوە ناوەندە بانکی و داراییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە دەکەینە ئامانج.
دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر یەکێک لە بانکەکانی ئێران
زولفەقاری دەڵێت، دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بە ئامانج گرتنى ناوەندە سەربازییەکانمان شکستیان هێنا، هێرشیان کردووەتە سەر یەکێک لە بانکەکانی وڵات ئەوەش دەستی ئێمە کراوەتر دەکات بۆ هێرش کردنە سەر سەرچاوە دارایی و بانکییەکانی ئەوان لە ناوچەکەدا.
چاوەڕوانی تۆڵەی توند
گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندی خاتەمولئەنبیا دەشڵێت، دەبێت ئەمریکییەکان چاوەڕوانی تۆڵەی توندی هێزە جەکدارەکانی ئێران بن و داواش لە خەڵکی ناوچەکە دەکات لە بانک و سەرچاوە دارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دووربکەونەوە.
ژان نۆێل بارۆ: فەڕەنسا بەشێک نییە لەم شەڕە و ناشبێت بە بەشێک لێی
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بێلایەنیی وڵاتەکەی لە جەنگی ئێستا ڕادەگەیەنێت و هۆشداریی لە داڕمانی ئابووریی جیهان دەدات، هاوکات داوای پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی گەرووی هورمز دەکات.
بێلایەنیی فەڕەنسا لە ململانێ سەربازییەکان
ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە چاوپێکەوتنێکی هاوبەشدا لەگەڵ کەناڵی "فرانس 2" و ڕادیۆی "فرانس ئینتەر" جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی هیچ پەیوەندییەکی بەو شەڕەوە نییە کە ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستیان پێکردووە. بارۆ ڕایگەیاند فەڕەنسا ڕەزامەندیی لەسەر ئەم جەنگە نەداوە و لە ئێستا و داهاتووشدا نابێتە بەشێک لێی.
هۆشداریدان لە لێکەوتە ئابوورییەکان
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا داوای لە لایەنە شەڕکەرەکان کرد کۆتایی بە پێکدادانەکان بهێنن تاوەکو ناوچەکە لە وێرانکاری زیاتر بپارێزرێت. ناوبراو هۆشداریی دا کە بەردەوامیی گرژییەکان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و گازوایل، ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئابووریی جیهان دروست دەکات و کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕەکان دەبێت.
پێویستیی گۆڕانکاری لە سیاسەتی تاران
ژان نۆێل بارۆ ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە ئێران بە تەواوی سیاسەتی خۆی بگۆڕێت بۆ ئەوەی دۆخەکە هێور ببێتەوە. وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جەختی کردەوە کە دەبێت تاران واز لە سیاسەتی بوون بە مەترسی و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە بهێنێت و هەنگاو بنێت بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییەکان.
ئەرکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی گەرووی هورمز
سەبارەت بە ئاسایشی کەشتیوانی، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند کە دەیانەوێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و ناوچەکە، ئاسایشی گەرووی هورمز بپارێزن. بارۆ ئاشکرای کرد کە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ بەشداریکردن لەم ئەرکە نێودەوڵەتییەدا تاوەکو دڵنیایی بدرێت لە بەردەوامیی هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان.
هۆشیار زێباری: گرووپە چەکدارەکان عێراقیان پەلکێشی ململانێیەکی وێرانکەر کردووە
هۆشیار زێباری ڕایدەگەیەنێت گرووپە میلیشیایەکان عێراقیان بەرەو ململانێیەکی وێرانکەر بردووە و هێرشەکانیان بۆ سەر هەولێر، بەغداد و ناوچەکانی دیکە بەردەوامە، لە کاتێکدا حکومەت بەرامبەریان بێدەسەڵاتە.
پەلکێشکردنی عێراق بۆ ناو ململانێیەکی وێرانکەر
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی و وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، ئەو گرووپە میلیشیایانەی لەژێر چەتری "دەستەی هەماهەنگیی مقاوەمە"دا کار دەکەن، عێراقیان پەلکێشی ناو بازنەی ململانێیەکی وێرانکەر کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم گرووپانە لە ڕێگەی بەکارهێنانی درۆن و مووشەکەوە شارەکانی بەسرە، بەغداد، هەولێر، سلێمانی و وڵاتی کوێتیان کردووەتە ئامانج.
بێدەسەڵاتیی حکومەت لە لێپرسینەوە
وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق ڕەخنە لە حکومەتی فیدراڵ دەگرێت و جەخت دەکاتەوە کە بەغداد بەرامبەر ڕاگرتنی ئەو گرووپانە یان لێپرسینەوە لەگەڵیاندا "بە تەواوی دەستەوەستان و بێدەسەڵاتە". زێباری پێیوایە حکومەت نەیتوانیوە کۆنترۆڵی ئەو لایەنانە بکات کە سەروەریی وڵات و ئاسایشی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە.
ئاماری هێرشەکان لە ماوەی 12 ڕۆژدا
لە ماوەی 12 ڕۆژی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، ئاگری ململانێکان بەشێک لە گرووپەکانی ناو حەشدی شەعبی گرتووەتەوە. لەو ماوەیەدا لە 8 پارێزگای جیاوازی عێراق 70 هێرش کراوەتە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی. بەپێی زانیارییەکان، زیاتر لە نیوەی کوژراوەکانی ئەم هێرشانە سەر بە گرووپی حیزبوڵڵای عێراقن.
هێرشەکانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی
"بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کە هاوپەیمانێتیی چەند گرووپێکی چەکدارە و زۆربەیان لەناو حەشدی شەعبیدان و بودجە لە دەوڵەت وەردەگرن، ڕایگەیاندووە کە تاوەکو ئەمڕۆ چوارشەممە 291 هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی "دوژمن" لە عێراق و ناوچەکە. گرووپەکە ئاشکرایان کردووە کە زۆرێک لە هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە گشتی و شاری سلێمانی و هەولێر بووە بە تایبەتی.
ئاژانسی ڕۆیتەرز: ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان سزاکانی سەر نەوتی ڕووسیا سووک دەکات
بەهۆی بەرزبوونەوەی بێوێنەی نرخی سووتەمەنی لە ئەنجامی جەنگی 12 ڕۆژەی ئێران، واشنتن کار بۆ سووککردنی سزاکانی سەر ڕووسیا و بەکارهێنانی یەدەگە ستراتیجییەکان دەکات تاوەکو ڕێگری لە داڕمانی کەرتی وزەی جیهانی بکات.
هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ سووککردنی سزاکانی ڕووسیا
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری 3 سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی ئەمریکا بیر لە سووککردنی سزاکانی سەر نەوتی ڕووسیا دەکاتەوە. ئەم هەنگاوە وەک ڕێگەیەک دەبینرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو بەرزبوونەوە خێرایەی لە نرخی وزەدا دروست بووە، کە لێکەوتی ڕاستەوخۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆ سەر ئێران. پێشتر دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە هەندێک سزای پەیوەست بە نەوت هەڵدەگرن بۆ دەستەبەرکردنی دابینکردنی وزەی پێویست.
بڕیاری وڵاتانی گرووپی 7 لەسەر یەدەگی ستراتیجی
ئەمڕۆ 11ی ئاداری 2026، وڵاتانی گرووپی 7 بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن کە ئایا ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە دەست بۆ یەدەگە ستراتیجییەکەی ببات یان نا. بڕی ئەو نەوتەی پێشنیاز کراوە بخرێتە بازاڕەوە دەگاتە 182 ملیۆن بەرمیل. ئەمە هاوشێوەی ئەو هەنگاوەیە کە لە ساڵی 2022 و لە ئەنجامی جەنگی ئۆکراینا جێبەجێکرا، هەرچەندە لەو کاتەدا تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی توانی نرخەکان کۆنترۆڵ بکات.
ڕێگەدان بە هیندستان بۆ کڕینی نەوتی ڕووسیا
وەک ئاماژەیەک بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکا، زیاتر لە هەفتەیەکە ڕێگە بە هیندستان دراوە نەوتی ڕووسیا هاوردە بکات. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ناوخۆی ئەمریکا ڕووبەڕووی هەڵاوسانی توندی نرخی سووتەمەنی بووەتەوە و ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت لە ڕێگەی زیادکردنی دابینکردنی نەوتی ڕووسیاوە لە بازاڕەکاندا، فشارە ئابوورییەکان کەم بکاتەوە.
ڕووسیا وەک سوودمەندی یەکەمی ململانێکان
شرۆڤەکارانی ئابووری پێیان وایە ڕووسیا دەبێتە سوودمەندی سەرەکی لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران. ساول کاڤۆنیچ، بەرپرسی توێژینەوەی وزە لە کۆمپانیای MST Marquee، ڕایگەیاندووە کە ڕووسیا داهاتەکانی لە بەرزبوونەوەی نرخەکان دەچنێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمریکا سنوورەکانی بۆ فرۆشتنی نەوتی ڕووسی بە هیندستان سووک کردووە.
ڕەهەندە ئابوورییەکانی جەنگی ئێران
لۆری هایتایان، پسپۆڕی بواری نەوت و گاز، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێستای ناوچەکە تەنیا لە ڕەهەندی سەربازیدا سنووردار نییە. بە گوتەی ئەو، ململانێیەکی ئابووریی فراوان لە دەوری بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا دروست بووە، کە تێیدا ڕووسیا بەهۆی سووککردنی سزاکان و بەرزبوونەوەی بەهای نەوتەکەی، پێگەی خۆی بەهێزتر دەکات.
سیناتۆرێکی ئەمریکا: پلانی جەنگی ترەمپ ناتەواوە و لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەخۆناگرێت
سیناتۆرێکی دیاری پارتی دیموکراتەکان پەردە لەسەر وردەکاریی کۆبوونەوەیەکی نهێنیی پێنتاگۆن لادەبات و ڕایدەگەیەنێت، ئیدارەی ترەمپ هیچ پلانێکی ڕوونی بۆ قۆناغی دوای بۆردومانەکان و کردنەوەی گەرووی هورمز نییە.
کۆبوونەوە نهێنییەکانی پشت دەرگا داخراوەکان
کریستوفر مێرفی، سیناتۆری پارتی دیموکراتەکان، دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی 2 کاتژمێری، ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ ناتوانێت بە شێوەیەکی ئاشکرا بەرگری لەم جەنگە بکات، بۆیە هەموو کۆبوونەوەکان بە نهێنی بەڕێوەدەچن. مێرفی پلانی ئیدارەی ترەمپی بۆ جەنگی ئێران بە "ناتەواو" وەسف کرد.
بەدەرکردنی بەرنامەی ئەتۆمی لە ئامانجەکانی جەنگ
بە گوتەی مێرفی، یەکێک لە خاڵە هەرە سەرسوڕهێنەرەکانی پلانی سەربازیی ئەمریکا ئەوەیە، کە ئامانجی لەناوبردنی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی ئێرانی تێدا نییە. مێرفی ئاشکرای کرد کە هێرشە ئاسمانییەکان توانای لەناوبردنی تەواوەتی کەرەستە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان نییە، هەرچەندە ترەمپ لە لێدوانە گشتییەکانیدا وەک ئامانجێکی سەرەکی باسی دەکات.
مانەوەی ڕژێم و خەرجییە ملیار دۆلارییەکان
سیناتۆرە دیموکراتەکە ئاشکرای کرد، ئیدارەی ترەمپ پشتڕاستیان کردووەتەوە کە گۆڕینی دەسەڵات لە کارنامەی جەنگەکەدا نییە. مێرفی ڕەخنەی توند دەگرێت و دەڵێت، دوای خەرجکردنی سەدان ملیار دۆلاری باجدەران و کوژرانی ژمارەیەکی زۆر ئەمریکی، دواجار دەسەڵاتێکی توندڕەوتر و دژە ئەمریکیتر لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە.
ستراتیژی "بۆردومانی زیاتر" و جەنگی بێکۆتایی
سەبارەت بە ئامانجە مەیدانییەکان، مێرفی ڕایگەیاند کە پلانەکە تەنیا لەسەر لەناوبردنی کارگەکانی مووشەک، بەلەم و درۆن چڕبووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک لە بەرپرسانی سەربازی پرسیوە "چی ڕوودەدات کاتێک بۆردومانەکان ڕادەگرن و ئێران دەست بە بەرهەمهێنان دەکاتەوە؟"، وەڵامەکە تەنیا "بۆردومانی زیاتر" بووە، ئەمەشی بە جەنگێکی هەرگیز کۆتایی نەهاتوو ناوبرد.
کەموکورتی لە پلانی کردنەوەی گەرووی هورمز
مێرفی ئاماژەی بە کێشەیەکی ستراتیژی گەورە کرد و ڕایگەیاند، بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ هیچ پلانێکی ڕوونیان نییە بۆ ئەوەی ئەگەر گەرووی هورمز داخرا، چۆن بە سەلامەتی بیکەنەوە. مێرفی ئەم کورتیهێنانەی بە کارەساتێکی لێخۆشبوون نەکراو وەسف کرد، چونکە بە گوتەی ئەو، ئەم کێشەیە 100% پێشبینیکراو بووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ کەناڵ8: هەوڵەکانی عێراق بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنگ بەرز دەنرخێنین
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە وەڵامێکی تایبەتدا بۆ کەناڵ8، پشتیوانی خۆی بۆ بێلایەنبوونی عێراق لە ململانێکانی ناوچەکە دەردەبڕێت و هۆشداریش دەدات کە هەر جۆرە فراوانبوونێکی جەنگەکە مەترسییەکی گەورە لەسەر سەقامگیری دروست دەکات.
هەوڵەکانی بەغداد بۆ پاراستنی سەقامگیری
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەتی عێراق هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ ئەوەی وڵاتەکەی تاوەکو دەکرێت لە ململانێی ئێستای ناوچەکە دوور بخاتەوە. ئەڵمانیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەغداد کار دەکات بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر گرووپە چەکدارەکانی ناوخۆی وڵات دروست بکات تاوەکو نەبنە بەشێک لە جەنگەکە، بەرلینیش پشتگیری تەواوی ئەم هەوڵانەی حکومەتی عێراق دەکات.
مەترسی تێوەگلانی لایەنی نوێ لە جەنگەکەدا
بەگوێرەی لێدوانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ کەناڵ8، تێوەگلانی هەر دەوڵەتێک یان لایەنێکی نوێ و کەسەیاتییەک لەم ململانێیەدا، سەقامگیریی ناوچەکە زیاتر دەخاتە مەترسییەوە. ئەڵمانیا هۆشداری دەدات کە ئەم تێوەگلانە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ئەو پێشکەوتنانەی کە عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا لە ڕووی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیرییەوە بەدەستی هێناون.
هۆشداریدان لە پەرەسەندنی ململانێکان
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا جەخت دەکاتەوە کە هەر جۆرە پەرەسەندنێکی زیاتری ئەم جەنگە زۆر مەترسیدار دەبێت. ئەڵمانیا بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە دژی هەر هەوڵێکە بۆ فراوانکردنی بازنەی ململانێکان و داوا دەکات هەموو لایەک دانبەخۆیاندا بگرن بۆ ئەوەی ناوچەکە بەرەو پشێویی زیاتر هەنگاو نەنێت.
یوسف پزیشکیان: سوپاس بۆ خودا ئایاتوڵا موجتەبا خامنەیی سەلامەتە
لە کاتێکدا میدیاکانی ئەمریکا باس لە برینداربوونی رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن، کوڕی سەرۆککۆماری ئێران دەنگۆکان رەتدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت کە ناوبراو سەلامەتە.
دەنگۆی برینداربوونی رێبەری نوێ
یوسف پزیشکیان، کوڕی سەرۆککۆماری ئێران کە هاوکات راوێژکاری حکومەتیشە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام زانیاریی لەسەر تەندروستیی موجتەبا خامنەیی بڵاوکردەوە. یوسف نووسیویەتی: "هەواڵی ئەوەم بیست کە بەڕێز موجتەبا خامنەیی بریندار بووە، بەڵام لە چەند هاوڕێیەکم پرسی کە پەیوەندییان پێوەی هەبوو، پێیان گوتم سوپاس بۆ خودا سەلامەتە."
نیویۆرک تایمز زانیاریی دیکە ئاشکرا دەکات
قسەکانی کوڕی سەرۆککۆماری ئێران لە کاتێکدایە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا لە زاری سێ بەرپرسی ئێرانییەوە زانیاریی جیاوازی خستووەتەڕوو. بەپێی راپۆرتەکە، موجتەبا خامنەیی بریندار بووە و پێدەچێت قاچی پێکرابێت، بەڵام هۆشی لای خۆیەتی. هەروەها رۆژنامەکە دەڵێت، ناوبراو لە شوێنێکی "تەواو پارێزراودایە" و پەیوەندییەکانیشی سنووردار کراون.
موجتەبا خامنەیی لە کوێیە؟
موجتەبا خامنەیی تەمەنی 56 ساڵە؛ دوای ئەوەی عەلی خامنەیی باوکی لە 28ـی شوبات لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژرا، بووە رێبەری باڵای نوێی ئێران. لە رۆژی یەکشەممەوە کە پۆستەکەی وەرگرتووە، بە هیچ شێوەیەک دەرنەکەوتووە، هیچ گوتارێکی نەداوە و راگەیێندراویشی بڵاونەکردووەتەوە. بە گشتیش موجتەبا کەم لە بۆنە فەرمییەکاندا دەردەکەوێت، پێشتریش تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران وەک "کەمئەندامی جەنگی رەمەزان" ناوی هێنابوو، بەبێ ئەوەی باسی جۆری بریندارییەکەی پێشووی بکات.
عێراقچی بۆ ناتانیاهوو: تازە دەست بە شەڕ دەکەین
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، تازە دەست بە شەڕ دەکەن و گوتیشی، ناتانیاهوو نایەوێت دان بە سزادانی ئیسرائیل لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بنێت.
پەیامی عێراقچی
عێراقچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نایەوێت ببینێت چۆن هێزە چەکدارەکانی ئێران سزای ئیسرائیل بەهۆی کارە شەڕنگێزییەکانییەوە دەدەن".
پەیامی ناتانیاهوو
بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس داوای لە گەلی ئێران کرد ئەم هەلە بقۆزنەوە و هەنگاو بنێن بۆ ڕووخاندنی دەسەڵات لە ئێران.
کاریگەریی مووشەکانی ئێران
وەزیری دەرەوەی ئێران نووسیشیەتی، مووشەکەکانی ئێران وێرانکارییەکان وای لە ئیسرائیل کردووە، کە سەری لە سیستەمی بەرگری وڵاتەکە شێواندووە.
لە کۆتایشدا عەباس عێراقچی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "ئێمە ئێستا دەست پێدەکەین" کە مەبەستى لەوەیە ئەوان تازە دەست بە جەنگ دەکەن.
بە درۆن هێرشکرایەسەر بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سنوورى سلێمانى
هێرشێکی درۆنی کرایە سەر بارەگا و بنکەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سنووری پارێزگاری سلێمانی و بەهۆیەوە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
زیانی مرۆیی هەبووە
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، ئەمڕۆ کاتژمێر 7ـی بەیانی بە ژمارەیەک درۆن هێرشکراوەتەسەر بارەگاکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەوهۆیەوە کەسێک کوژراوە و چەند کەسێک برینداربوون و زیانێکى زۆریش بەرشوێنەکە کەوتووە.
کردنە ئامانجی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئەم هێرشانە لە درێژەی ئەو هێرشانە دێت کە لەپاش دەستپێکی شەڕی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران دەستیکردووەتە هێرشکردن بۆسەر زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە و لێدان لە بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا، لە هەرێمی کوردستانیش جیا لەو بنکانەی ئەمریکا، بارەگای حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کراونەتە ئامانج و چەندین جار هێرشکراوەتەسەریان وزیانیکی زۆری ماددی و برینداربوونی چەند کەسێکی لێکەوتووەتەوە.
هێرشەکانی سوپای پاسداران
بەگوێرەى راگەیێندراوى سوپاى پاسداران، لە گورزەى 35دا، هێرشیانکردووەتەسەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە وڵاتانى ناوچەکە.
نیویۆرک تایمز: بەرپرسانی ئەمریکا لە نەبوونی ستراتیژێکی ڕوون بەرانبەر ئێران ڕەشبینن
ڕاپۆرتێکی نوێی ڕۆژنامە ئەمریکییەکان ئاشکرای دەکات کە بەشێک لە بەرپرسانی واشنتن نیگەرانن لە شێوازی بەڕێوەچوونی جەنگەکە و پێیان وایە کۆشکی سپی پلانێکی دیاریکراوی بۆ قۆناغی دوای هێرشەکان نییە.
ڕەشبینی لە ناو ئیدارەی ئەمریکا
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، شەپۆلێکی ڕەشبینی بەشێک لە بەرپرسانی ناو ئیدارەی ئەمریکای گرتووەتەوە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی ستراتیژێکی ڕوون و دیار بۆ کۆتاییهێنان بەو گرژی و ململانێ سەربازییانەی کە لە ناوچەکەدا سەری هەڵداوە. ئەم بەرپرسانە لە کاتێکدا نیگەرانن لە ئایندەی ململانێکان، بەڵام خۆیان لە ئاگادارکردنەوەی ڕاستەوخۆی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بەدوور دەگرن، چونکە ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکان سەرکەوتنی تەواوەتییان بەدەستهێناوە.
پەککەوتنی بازرگانی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت
هەڕەشەکانی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز، بووەتە هۆی داخستنی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداو و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. ئەم پێشهاتە وای کردووە ئیدارەی واشنتن بە پەلە بەدوای ڕێگەیەکدا بگەڕێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی لێکەوتە ئابوورییەکانی ناوخۆی ئەمریکا کە بەهۆی گرانبوونی وزەوە دروست بووە و فشاری خستووەتە سەر بازاڕەکان.
هەڵەبوون لە هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان
بەرپرسانی ئەمریکا بۆ نیویۆرک تایمز دانیان بەوەدا ناوە کە پێشتر ڕاوێژکارانی ئیدارەکە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمزیان لەلایەن ئێرانەوە بە دوور دەزانی. بەڵام پێشهاتەکانی دوای شەڕی 12 ڕۆژەی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو دەریانخست کە هەڵسەنگاندنەکانیان نادروست بووە. ئێران بە شێوەیەکی شەڕانگێزانەتر وەڵامی داوەتەوە، چونکە ئەم ململانێیەی وەک هەڕەشەیەکی وجودی بۆ سەر قەوارەکەی تێگەیشتووە.
کاریگەرییەکان لەسەر هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خول
لەگەڵ ئاڵۆزبوونی دۆخەکە، بەشێک لە سەرکردەکانی پارتی کۆماری نیگەرانی قووڵی خۆیان دەربڕیوە. ئەوان دەترسن بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ناسەقامگیری ئابووری، کاریگەری نەرێنی لەسەر پێگەی پارتەکەیان هەبێت لە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی ئەمریکا (Midterms) کە بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجام بدرێت. ئەم بەرپرسانە دەخوازن جەنگەکە بە خێرایی کۆتایی بێت تاوەکو کاریگەرییە داراییەکانی لەسەر دەنگدەرانی ئەمریکی کەم ببێتەوە.
سەرایا ئەولیا دەم: 4 هێرشمان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەنجامداوە
بە مەبەستی تۆڵەکردنەوەی خوێنی ڕێبەری باڵای پێشووی ئێران و چەکدارە کوژراوەکانیان، گرووپی سەرایا ئەولیا دەم زنجیرەیەک هێرشی نوێیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە ڕاگەیاند.
ئەنجامدانی 4 ئۆپەراسیۆن لە ماوەی 24 کاتژمێردا
گرووپی سەرایا ئەولیا دەم، کە بەشێکە لە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، ڕایگەیاند لە ماوەی 1 شەو و ڕۆژدا، 4 هێرشی جۆراوجۆریان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق ئەنجامداوە. گرووپەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە دژی بەرژەوەندییەکانی واشنتن بووە و وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانە ئەنجامدراون کە دەکرێنە سەر بارەگاکانیان.
هۆکارەکانی پەرەسەندنی هێرشەکان
ئەم هێرشانەی گرووپە چەکدارەکان دوای کوژرانی ڕێبەری باڵای ئێران و چڕبوونەوەی بۆردوومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانیان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق دێن. لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەنجامدراون، ژمارەیەک لە چەکدارانی ئەم گرووپانە کوژراون، ئەمەش وای کردووە "بەرەی مقاوەمە" ئاستی هێرشەکانی بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان بەرز بکاتەوە.
تۆڵەکردنەوە بۆ ڕێبەری باڵای ئێران
سەرایا ئەولیا دەم لە ڕاگەیێندراوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، هێرشەکان وەک تۆڵەیەک بووە بۆ خوێنی ڕێبەری باڵای ئێران و ئەو گەنجە شەڕکەرە عێراقییانەی لە ماوەی ڕابردوودا لە ئەنجامی بۆردوومانە ئاسمانییەکانی ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە. گرووپەکە دووپاتی کردووەتەوە کە پابەند دەبن بە بەردەوامبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە بیانییەکان لە تەواوی ناوچەکەدا بۆ ئەوەی وەک خۆیان دەڵێن "پارێزگاری لە نیشتمانەکەیان بکەن".
کیم جۆنگ ئون: ڕێز لە هەڵبژاردنی گەلی ئێران دەگرین بۆ دیاریکردنی ڕێبەری باڵایان
کۆریای باکوور بە فەرمی پشتیوانی خۆی بۆ موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێی ئێران ڕاگەیاند و هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە سەرکۆنە کرد، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هەوڵەکانی واشنتن بۆ دەستوەردان لە کاروباری تاران.
پشتیوانی پیۆنگ یانگ بۆ ڕێبەری نوێی ئێران
وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور ڕایگەیاند، بە ناوی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیەوە ڕێز لە هەڵبژاردنی گەلی ئێران دەگرن بۆ دیاریکردنی ڕێبەری نوێی خۆیان. کۆریای باکوور جەختی لەوە کردەوە کە هەر جۆرە هەڕەشە و کردارێکی سەربازی کە سەروەری و سیستەمی سیاسی وڵاتان بکاتە ئامانج، بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵکردن نییە.
ڕەتکردنەوەی هەژموونی ئەمریکا لە دیاریکردنی سەرکردەکان
ئەم هەڵوێستەی کۆریای باکوور وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ دەبینرێت بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە پێشتر ڕایگەیاندبوو دەبێت واشنتن ڕۆڵی هەبێت لە دیاریکردنی سەرکردەی داهاتووی ئێران و موجتەبا خامنەیی بە کەسێکی "قبوڵنەکراو" ناوبردبوو. پیۆنگ یانگ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران بە کارێکی نایاسایی و دەستدرێژی وەسف کرد.
هەڵوێستی هاوپەیمانەکانی ئێران لە جەنگەکەدا
پشتیوانییە فەرمییەکەی کۆریای باکوور لە کاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا هیچ کام لە هاوپەیمانە مێژووییەکانی تاران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاوکاری سەربازیی ئێرانیان نەکردووە. زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمان تەنیا لە ڕێگەی بەیاننامە و ڕاگەیەندراوی سیاسییەوە پاڵپشتی خۆیان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕیوە لە بەرانبەر هێرشە بەردەوامەکاندا.
مەرجەکانی کیم جۆنگ ئون بۆ دانوستان لەگەڵ واشنتن
ئەم هەڵوێستەی پیۆنگ یانگ هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور. کیم جۆنگ ئون ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامادەیە بۆ دانوستان، بەڵام بەو مەرجەی واشنتن بە فەرمی کۆریای باکوور وەک "دەوڵەتێکی ئەتۆمی" بناسێنێت، ئەوەش وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوانیاندا.
سوپای ئەمریکا: سوپای ئێران لەوە لاوازترە کە چاوەڕێمان دەکرد
پێنتاگۆن سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی "داستانی تووڕەیی" لە پەکخستنی هێزی دەریایی ئێران ڕادەگەیەنێت و ژەنەراڵ دان کین دەڵێت، زیاتر لە 50 کەشتیی جەنگیی تاران نوقم کراون.
هەڵسەنگاندنی توانای سەربازیی ئێران
ژەنەراڵ دان کین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە پێنتاگۆن ڕایگەیاند، هەرچەندە سوپای ئێران بەرەنگاریی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکاتەوە، بەڵام تواناکانیان لە ئاستی پێشبینییەکاندا نییە. کین جەختی کردەوە کە سوپای ئێران لاوازترە لەوەی بتوانێت تەحەدایەکی گەورە بۆ پلاندانەرانی سەربازیی ئەمریکا دروست بکات.
نوقمکردنی 50 کەشتی و پەکخستنی 5,000 ئامانج
بەگوێرەی ئامارەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM)، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "داستانی تووڕەیی"دا، تا ئێستا زیاتر لە 5,000 ئامانجی جۆراوجۆر لە ناوخۆی ئێران و ناوچەکە پێکراون. ژەنەراڵ کین ئاشکرای کرد کە لە ماوەی 10 ڕۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە زیاتر لە 50 کەشتیی دەریایی ئێران نوقم بکەن و بەشێکی بەرچاو لە توانای دەریایی ئەو وڵاتە پەکبخەن.
کاردانەوەکانی تاران و زیانە گیانییەکان
لە بەرانبەر هێرشەکاندا، تاران پەنای بۆ بەکارهێنانی مووشەک و درۆن بردووە. هەرچەندە زۆربەی هێرشەکان لەلایەن سیستەمە بەرگرییەکانەوە تێکشکێنراون، بەڵام لە یەکەم ڕۆژی جەنگدا هێرشێکی ئێران بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە کوێت، بووە هۆی کوژرانی 6 سەربازی ئەمریکی. هاوکات، پیت هیگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کردووە سوپاکەیان خۆی بۆ بەهێزترین ڕۆژی هێرشەکان بۆ سەر ئێران ئامادە دەکات.
ستراتیژی پاراستنی گەرووی هورمز
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێستای پێنتاگۆن، تێکشکاندنی ئەو کەشتییە ئێرانییانەیە کە مین لە دەریا دادەنێن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە گەرووی هورمز، کە 20%ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، بەهۆی هەڕەشەکانی ئێرانەوە بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخراوە. ئەمریکا لە ئێستادا تاوتوێی بژاردەی پاراستنی ڕاستەوخۆی کەشتییە بازرگانییەکان دەکات لەو ناوچە ستراتیژییەدا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی داخستنی گەرووەکە.
نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت دابەزی بۆ 87 دۆلار
دوای پێشنیازی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بۆ کردنەوەی یەدەگی ستراتیجی و پەرەسەندنی هێرشە دەریاییەکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمز، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دابەزینی بەخۆوە بینی.
دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی ئازاری 2026، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 23 سەنت دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 87 دۆلار و 57 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 37 سەنت دابەزی و گەیشتە 83 دۆلار و 8 سەنت.
کردنەوەی یەدەگی ستراتیجیی جیهانی
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشنیازی بۆ وڵاتانی ئەندام کردووە کە زیاتر لە 182 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی نەوتی خۆیان بخەنە بازاڕەوە. ئەم هەنگاوە هاوشێوەی ئەو ڕێکارەیە کە لە ساڵی 2022 و دوای هەڵگیرسانی شەڕی ئۆکراینا گیرایە بەر بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی شێتانەی نرخەکان بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە.
تێکشکاندنی 16 کەشتیی مینڕێژی ئێران
لە ڕووی سەربازییەوە، هێزی دەریایی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە 16 کەشتیی ئێرانییان کردووەتە ئامانج، کە سەرقاڵی چاندنی مین و تەقەمەنی بوون لە گەرووی هورمز. ئەم هێرشە لە چوارچێوەی گەورەترین هێرشی ئاسمانی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدایە کە شەوی سێشەممە بۆ سەر چەندین ئامانجی جیاواز لە ناوخۆی ئێران ئەنجامدرا.
هۆشدارییەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ تاران
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پەیامیدا هەڕەشەی توندی لە ئێران کردووە و داوای لێکردوون دەستبەجێ هەموو ئەو مینانە هەڵبگرنەوە کە لە گەرووی هورمز دایانناوە. ترەمپ جەختی کردووەتەوە کە ئەگەر تاران پابەندی ئەم داوایە نەبێت، ڕووبەڕووی هێرشی زۆر توندتر دەبێتەوە کە کاریگەرییەکی کوشندەیان لەسەر ژێرخانی سەربازیی ئەو وڵاتە دەبێت.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: گەورەترین پڕۆسەی ڕاکێشانی یەدەگی نەوت لە مێژوودا ئەنجام دەدەین
بۆ بەرپەرچدانەوەی بەرزبوونەوەی بێوێنەی نرخەکان بەهۆی جەنگی ئێران، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پلانی هەیە گەورەترین بڕی نەوت لە یەدەگی ستراتیجیی جیهانی بخاتە بازاڕەوە.
پلانی ڕاکێشانی گەورەترین یەدەگی نەوت لە مێژوودا
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشنیازی ئەنجامدانی گەورەترین پڕۆسەی ڕاکێشانی یەدەگی ستراتیجیی نەوت لە مێژووی خۆیدا دەکات. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی نەوت دێت، کە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە شێوەیەکی بەرچاو لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرزبووەتەوە.
تێپەڕاندنی ڕێژەی ساڵی 2022
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "وۆڵستریت جۆرناڵ" کە لە زاری بەرپرسانی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەو بڕە نەوتەی بڕیارە لە یەدەگی ستراتیجی ڕابکێشرێت و بخرێتە بازاڕەوە، 182 ملیۆن بەرمیل تێدەپەڕێنێت. ئەم بڕە گەورەترە لەو پێشنیازەی کە لە ساڵی 2022 لەلایەن ئەندامانی ئاژانسەکەوە دوای لەشکرکێشیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا پێشکەش کرا.
کۆبوونەوەی بەپەلەی وڵاتانی ئەندام
پێشنیازەکە ڕۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا خراوەتە ڕوو کە هەموو 32 ئەندامەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی تێدا بەشدار بووە. ئامانج لەم کۆبوونەوەیە گەیشتن بووە بە بڕیارێکی هاوبەش بۆ پاراستنی هاوسەنگیی بازاڕی وزە، و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە بە فەرمی ڕابگەیێندرێت.
سێرگی لاڤرۆڤ بۆ عێراقچی: پێویستە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا لەبەرچاو بگیرێن
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی کرد و ئامادەیی مۆسکۆی بۆ نێوەندگیری و خاوکردنەوەی گرژییەکان نیشاندا.
هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ نێوەندگیری و هێورکردنەوەی دۆخەکە
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئازاری 2026، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا. لاڤرۆڤ لە پەیوەندییەکەدا ڕایگەیاند، مۆسکۆ ئامادەیە بۆ هەر جۆرە نێوەندگیرییەک و پێشکەشکردنی ئاسانکاری بە مەبەستی خاوکردنەوەی ئەو گرژییە توندانەی ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە.
جەختکردنەوە لە پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکان
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دووپاتی کردەوە کە هەر جۆرە چارەسەرێک بۆ دۆخی ناوچەکە، دەبێت بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئێران بە هەند وەربگرێت. لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێران و وڵاتانی کەنداو پێکەوە پارێزراو بن بۆ ئەوەی سەقامگیرییەکی درێژخایەن لە ناوچەکەدا بێتە کایەوە.
سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، هەردوو وەزیرەکە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ئەو هێرش و دەستدرێژییانەی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەکرێنە سەر خاکی ئێران، بە تەواوی بێ پاساون. ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە کردە سەربازییانە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانن و تەنیا پشێوی زیاتر لە ناوچەکەدا دروست دەکەن.
وەزارەتی بەرگری عێراق: ڕووبەڕووی ئەو تاوانبارانە دەبینەوە کە هێرش دەکەنە سەر بنکە ئاسمانییەکان
وەزارەتی بەرگریی عێراق هۆشداریی توند دەداتە ئەنجامدەرانی هێرشەکان و جەخت لە پاراستنی سەروەریی بنکە سەربازییەکانی دەکاتەوە.
سەرکۆنەکردنی هێرشەکان و پێگەی بنکە سەربازییەکان
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەستدرێژیکارانەی کرد کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کرانە سەر هەردوو بنکەی ئاسمانیی (شەهید محەممەد عەلا) و بنکەی ئاسمانیی (شەهید عەلی فلەیح). وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بنکانە هیچ هێزێکی نێودەوڵەتییان تێدا نییە و تەنیا هێزە عێراقییەکانی تێدا جێگیرە.
ڕێکاری یاسایی و سەربازی بەرانبەر هێرشکاران
وەزارەتەکە ئاماژەی بە سەرکەوتنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵات کرد لە پووچەڵکردنەوەی ئامانجی هێرشەکان و ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لە ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەوڵێکی دووبارە. وەزارەتی بەرگری هۆشداریی دا کە بێدەنگ نابێت و چ لە ڕووی یاسایی و چ لەسەر زەوی بە توندی ڕووبەڕووی ئەو تاوانبارانە دەبێتەوە کە ئاسایشی بنکەکان دەخەنە مەترسییەوە.
بێدەنگی لە ئاست بەئامانجگرتنی بنکەی ڤیکتۆریا
سەرڕای سەرکۆنەکردنی هێرشی سەر بنکە ئاسمانییەکان، وەزارەتی بەرگریی عێراق هیچ هەڵوێستێکی بەرانبەر بە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی سەر بنکەی (ڤیکتۆریا) دەرنەبڕیوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانیی ناتۆ لەو بنکەیەدا جێگیرن و شوێنەکەشی کەوتووەتە تەنیشت بنکەی ئاسمانیی شەهید محەممەد عەلا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد.
ئاژانسی ئەکسیۆس: 5 سیناریۆ بۆ چارەنووسی جەنگی ئێران دیاری دەکرێت
لەگەڵ تێپەڕبوونی 12 ڕۆژ بەسەر دەستپێکی هێرشەکان، ئاژانسی ئەکسیۆسی ئەمریکی کۆمەڵێک بژاردە دەخاتە ڕوو کە ڕەنگە نەخشەی کۆتاییهاتنی ململانێکان دیاری بکەن، لە لێدانی بەرنامەی ئەتۆمییەوە تاوەکو گۆڕینی سەرکردایەتی تاران.
سیناریۆی یەکەم: لێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکە و شکستی نێوەندگیرییەکان
دۆناڵد ترەمپ ئامانجی سەرەکی لەم جەنگەدا تێکشکاندنی توانای ئەتۆمیی ئێرانە. هەرچەندە پێشتر عومان هەوڵی نێوەندگیری دەدا، بەڵام دەستنیشانکردنی ئایاتوڵا موجتەبا خامنەیی وەک جێگرەوەی باوکی، متمانەی بە دیپلۆماسی کەم کردووەتەوە و هیوای گەیشتن بە ڕێککەوتنی سیاسی و ئاگربەستی لاواز کردووە.
سیناریۆی دووەم: جێبەجێکردنی مۆدێلی ڤەنزوێلا و گۆڕینی دەموچاوەکان
ئەم سیناریۆیە خۆی لە گۆڕینی سەرکردایەتیی ئێران دەبینێتەوە هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ نیکۆلاس مادۆرۆ لە ڤەنزوێلا کرا، بەبێ ئەوەی دەستکاری بنەمای سیستەمەکە بکرێت. بەڵام ئاستەنگی ئەم مۆدێلە ئەوەیە کە سیستەمی ئێران 47 ساڵە لەگەڵ ژینگەی ئەو سیستمەدا دەژی و تەنیا بە گۆڕینی کەسی یەکەم، ڕیشەکەی بە ئاسانی نالەرزێت.
سیناریۆی سێیەم: ڕاپەڕینی ناوخۆیی و ڕووخانی دەسەڵات
بنیامین نەتانیاهوو گرەو لەسەر ڕاپەڕینی گەلی ئێران دەکات بۆ ڕووخاندنی دەسەڵات. مەترسیی گەورە لەم سیناریۆیەدا نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتوویە، کە ڕەنگە ئێران بەرەو شەڕێکی ناوخۆیی خوێناوی و مۆدێلێکی هاوشێوەی سووریا ببات کە تەواوی ناوچەکە کاریگەری هەبێت لەسەری.
سیناریۆی چوارەم: ئۆپەراسیۆنی زەمینیی هێزە تایبەتەکان
ناردنی هێزی تایبەتی وەک "دەڵتا فۆرس"ی ئەمریکی و کۆماندۆی ئیسرائیلی بۆ ناو جەرگەی ئێران بە مەبەستی تەقاندنەوەی کۆگاکانی یۆرانیۆم یەکێکی دیکەیە لە ئەگەرەکان. ئەم هەنگاوە مەترسییەکی زۆری بۆ سەر ئەو هێزانە هەیە، چونکە سوپای پاسداران هێشتا توانای وەڵامدانەوەی مووشەکیی ماوە.
سیناریۆی پێنجەم: ڕاگەیاندنی سەرکەوتن و کشانەوەی هێزەکان
دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی بازاڕەکانی جیهان، ڕەنگە ڕایبگەیەنێت کە توانای سەربازیی ئێرانی تێکشکاندووە و پاشان هێزەکانی بکشێنێتەوە. کێشەی سەرەکی ئیسرائیلە، کە پێناچێت بەمە ڕازی بێت و ئامادەیە بە تەنیا بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی دڵنیا دەبێتەوە مەترسیی ئەتۆمی ئێران بە تەواوی بنبڕ کراوە.
بنیامین نەتانیاهوو: ئەمە دەرفەتێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ ئێرانییەکان تاوەکو لە ڕێگەیەوە بگەن بە ئازادی
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوا لە گەلی ئێران دەکات فشارە سەربازییەکان بقۆزنەوە بۆ ڕووخاندنی ڕژێم و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێرشەکان گورزی بێ وێنەیان لە سەرکردایەتی تاران وەشاندووە.
بانگەواز بۆ ڕووخاندنی دەسەڵات لە ئێران
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە گەلی ئێران کرد ئەم هەلە بقۆزنەوە و هەنگاو بنێن بۆ ڕووخاندنی دەسەڵات لە وڵاتەکەیان. نەتانیاهوو هێرشەکانی سەر ئێرانی بە "جەنگێکی مێژوویی بۆ ئازادی" ناوبرد و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئۆپراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکان گورزی بێ وێنەیان لە سەرکردایەتیی ئێران وەشاندووە.
فشارە سەربازییە هاوبەشەکان وەک دەرفەتێک
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە، فشارە سەربازییە هاوبەشەکانیان لەگەڵ ئەمریکا دەرفەتی گۆڕینی دەسەڵاتی لە ئێران ڕەخساندووە. نەتانیاهوو جەختی لەوە کردووەتەوە کە بارودۆخی ئێستا دەرفەتێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ ئێرانییەکان، تاوەکو لە ڕێگەیەوە بگەن بە ئازادی و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئێستا بهێنن.
دیاریکردنی چارەنووسی وڵات لە ڕۆژانی داهاتوودا
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنی داوە بە هێزێکی زیاترەوە درێژە بە هێرشەکان بدات و ڕایگەیاندووە کە سەرکردەکانی ئێران هەڵدێن و هیچ پەناگەیەکی پارێزراویان نییە. نەتانیاهوو ئاماژەی بەوە کردووە، لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەو هەلومەرجە دروست دەکەن کە گەلی ئێران بتوانێت چارەنووسی خۆی دیاری بکات و ڕایگەیاندووە: "ئەو کاتە نزیکدەبێتەوە، وڵات ڕادەستی ئەوان دەکەن".