رووماڵی کەناڵ8
ئایندەی ململانێی تاران لەگەڵ واشنتن و تەلئەڤیڤ
بازنەی جەنگی نێوان ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێران، جگە لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پریشکی گەیشتوەتە دەریای سپیی ناوەڕاست و قەوقاز و سریلانکا. جگە لە ئیسرائیل، ئێران هێرشی کردووەتە سەر 11 وڵات و سەرچاوەکانی وزە و ڕێڕەوە بازرگانییە جیهانییەکانی وەک گەرووی هورمز و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کردووەتە ئامانج. هێرشەکانی ئێران تاوەکو ئێستا وڵاتانی کوەیت، بەحرەین، قەتەڕ، ئیمارات، سعودیە، ئوردن، عێراق (هەرێمی کوردستان)، عومان، تورکیا، قوبرس و نەخجەوانی ئازەربایجانی گرتووەتەوە.
ئۆپەراسیۆنەکانی نەڕەی شێر و توڕەیی داستانخوڵقێن
ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەڕەی شێر و توڕەیی داستانخوڵقێن، بە چڕی بەردەوامن لەسەر هێرشەکانیان بۆ سەر ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران. ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر"ی ئیسرائیل و ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی داستانخوڵقێن"ی ئەمریکا، کە سەرلەبەیانیی 28ـی 2ـی 2026ـی بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، و چەندین بەرپرسی سەربازی و ئەمنی کوژران. بەگوتەی دۆناڵد ترەمپ، عەلی خامنەیی، لە کاتی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران دا کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە زیاتر لە 48 بەرپرسی سەربازی و ئەمنیی ئێران کوژراون. میدیاکانیش باس لەوە دەکەن، ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە 30 مووشەک و بۆمبی تایبەتی تێکشکاندنی سەنگەر و بڕینی کۆنکرێتیان بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی بەکارهێناوە.
دەستەی سەرکردایەتیکردنی ئێران و داوای چەکدانان
لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، لە ئێران حەوت ڕۆژ پشوو و 40 ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاندرا و بەگوێرەی دەستووری ئێران، دەستەیەکی کاتیی سێ کەسی بۆ سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردنی ئێران دروستکرا، کە پێکهاتوون لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، غولام موحسین موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد و ئایەتوڵڵای عەلیڕەزا ئەعرافی، ئەندامی ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوور. ترەمپ لەبارەی داهاتووی ئێرانەوە دەڵێت، سێ بەربژێری باشی بۆ بەڕێوەبردنی ئێران هەیە و داواشی لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران کردووە، کە چەکەکانیان دابنین.
هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێی ئێران
هاوکات لەگەڵ ئەوەی بە گەرمی شەڕ و بۆردومان و هێرشی درۆنی و مووشەکی بەردەوامیی هەیە، شەوی (8ـی 3ـی 2026) ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری ئێران بڵاویکردەوە، کە ئایەتوڵا موجتەبا خامنەیی، کوڕیی عەلی خامنەییان بە زۆرینەی دەنگ هەڵبژاردووە بۆ ڕێبەری ئێران. بەوەش ئایەتوڵا موجتەبای تەمەن 56 ساڵ دەبێتە سێیەم ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1979ەوە. هەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، ژمارەیەک کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، لەگەڵ هەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا موجتەبادا نین. دۆناڵد ترەمپ، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند، بە هەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، وەک ڕێبەری نوێی ئێران دڵخۆش نییە. هاوکات لە لێدوانێکی دیکەدا بۆ ڕۆژنامەی "زە تایمز ئۆف ئیسرائیل" لەبارەی هەمان پرس، بە کورتی گوتی: "با بزانین چی ڕوودەدات".
"گورزی 20 هێندەیان لێ دەدەین"
دۆناڵد ترەمپ، هۆشدارییەکی تووند دەداتە تاران لە بارەی داخستنی گەرووی هورمز و ڕایدەگەیەنێت، هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە ڕووبەڕووی "مەرگ و ئاگر و تووڕەیی"یان دەکاتەوە و جەختیش لە لەناوبردنی تەواوەتی توانای ئەتۆمی و دەریایی ئەو وڵاتە دەکاتەوە.
چارەنووسی سەرکردایەتیی ئێران
ترەمپ، تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی ناو سەرکردایەتیی ئێران و گوتی: "ئێران هیچ سەرکردەی نەماوە، سەرکردەی نوێ دێت و ئەویش نامێنێت." ئەم لێدوانەی ترەمپ ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی ستراتیژیی ئەمریکا لە بە ئامانجگرتنی بەرپرسە باڵاکانی تاران و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی نوێ بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانیان.
نوێترین پێشهاتەکان
بۆردومانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ناوەندەی سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران و بە ئامانجگرتنی بەرپرسانی باڵای ئێران بەردەوامیی هەیە. لەو وچوارچێوەیەدا ئیسرائیل ڕۆژی 17ـی ئازاری 2026 هەواڵی کوژرانی عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و غولام ڕەزا سولەیمانی فەرماندەی هێزەکانی بەسیجی ئێرانی بڵاوکردەوە، کە دواتر هەواڵی کوژرانیان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە پشتڕاستکرایەوە.
18/03/2026
ئایندەی ململانێی تاران لەگەڵ واشنتن و تەلئەڤیڤ
زڕگوێزەڵە لە سلێمانی و چیای بەنی هەریر لە سۆران کرانە ئامانج
ئەمشەو هێرشی درۆنی کرایە سەر زڕگوێزەڵە لە سلێمانی و چیای بەنی هەریر لە سۆران.
چوار درۆن لە زڕگوێزەڵەی داوە
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، بە چوار درۆن بارەگاکانی کۆمەڵە لە گوندی زڕگوێزەڵە کراونەتە ئامانج.
چوار مووشەک ئاڕاستەی چیای بەنی هەریرکراوە
هەروەها پەیامنێری کەناڵ8 لە سۆران گوتی، ئەمشەو بە چوار مووشەکی چیای بەنی هەریر کە دەکەوێتە نێوان هەردوو شارۆچکەی خەلیفا و هەریر بۆردوومان کراون و دەنگی تەقینەوەکان زۆر بەهێز بوون کە بە جۆرێک لە باڵەکایەتی هەستی پێکراوە.
نەتانیاهوو: ئێران توانانی بەرهەمهێنانی مووشەک و چەکی ئەتۆمیی نەماوە
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوای 20 ڕۆژی جەنگ، ئێران توانای بەرهەمهێنانی مووشەک و چەکی ئەتۆمیی نەماوە.
جەنگەکە زۆر کورتتر دەبێت
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەم جەنگە زۆر کورتتر دەبێت لەوەی بیری لێدەکرێتەوە و ئەوانیش سێ ئامانجیان هەیە لە جەنگەکەدا، ئەوانیش لەناوبردنی توانا مووشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ خەڵکەکەی بۆ گۆڕینی دەسەڵات، چونکە بە گوتەی ئەو چونکە دەسەڵات لە ئاسمانەوە بە مووشەک ناگۆڕدرێت، بەڵکو پێویستی بە جموجوڵی ناوخۆیشە.
"ئیسرائیل زلهێزێکی هەرێمییە"
بنیامین نەتانیاهوو گوتیشی ئەو سوپا و مۆسادی ڕاسپاردووە بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسانی ئێران، تەنانەت لە شەقامەکانیشدا، هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە پێشتر بەڵێنیداوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت و ئێستا ئەو کارەیان کردووە و ئیسرائیلیان کردووە بە زلهێزێکی هەرێمی.
عەلى باپیر: بەرپرسانى هەرێمى کوردستان ژیرانە مامەڵەیان لەگەڵ ئاڵۆزییەکان کردووە
عەلى باپیر، سەرۆکى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان ڕایگەیاند، بەرپرسانى هەرێمى کوردستان ژیرانە مامەڵەیان لەگەڵ دۆخى ئاڵۆز و سەقامگیریى ناوچەکە کردووە و نەچوونەتە ژێر ئەو فشارانەى کە لێیانکراوە بۆ ئەوەى لەگەڵ لایەک دژى لایەکی دیکەی بوەستن.
ڕێچکەی بێلایەنی هۆکاری سەقامگیرییە
سەرۆکى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان گوتیشى، بەردەوام بوون لەسەر ڕێچکەی بێلایەنى هۆکارێکە بۆ پاراستنى سەقامگیریى هەرێمى کوردستان.
"ئەمریکا و ئیسرائیل ستەم لە ئێران دەکەن"
عەلى باپیر، سەرۆکى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان لەوپەیامەى بەبۆنەى جەژنى ڕەمەزان بڵاویکردەوە دەڵێت، ئەمریکا و ئیسرائیل ستەمیان لە کۆمارى ئیسلامیى ئێران کردووە چونکە لە کاتى دانوستان پەیمانیان شکاندووە و هێرشیان کردووەتە سەر ئەو وڵاتە.
هاوپەیمانییەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل
سەرۆکى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان گوتیشى، بەهۆى ئەو ستەمەى لە ئێران کراوە، زۆرینەى وڵاتانى زلهێز نەچوونەتە ناو ئەو هاوپەیمانییەى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران پێکیان هێناوە.
سێبەری جەنگ بەسەر جەژنەوە؛ لە بەغداد بازاڕى جەژن کزە
جەژنی ساڵانی ڕابردوو بازاڕەکانی بەغداد بە تایبەتی بازاڕە میللییەکانی شەقامى شۆڕجە جمەیان دەهات لە کڕیار، هاتوهاواری فرۆشیارانیش دەنگى دەدایەوە. بەڵام ئەمساڵ دۆخەکە کەمێک جیاوازە، هەرچەندە تاک و تەرا هاوڵاتییان ڕوو لە بازاڕەکە دەکەن، بەڵام فرۆشیاران دەڵێن بێ بازاڕییەکە ئەوسەرى دیار نییە.
"ئەم جەژنە خراپترین جەژنە"
سەرمەد محەممەد، فرۆشیاری جلوبەرگ لە بەغداد دەڵێت، "بەگشتی دەتوانین ئەم جەژنە بە خراپترین جەژن بزانین، لەڕووی بازرگانی دەروونییەوە، بەڕوونی دیارە کە کەس دڵی خۆش نییە، دۆخی دارایی خراپە، نەک هەر بەوشیوەیە نییە کە پێشبینیمان کردبوو بەڵکو زۆرخراپترە ئەتوانم بڵێم ڕێژەی فرۆشتن 20٪ە".
هاوکاتیی جەژن لەگەڵ جەنگ
عێراقییەکان بەوە ناسراون، سفرە و خوانى ڕازەوەیان هەیە و لە جەژنانیشدا لە پارە خەرجکردندا دەستبڵاون. جەژنی ڕەمەزانى ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ ئەو جەنگەى لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران هەڵگیرساوە و پریشکەکەشى عێراقى گرتووەتەوە و بەو هۆیەوە نرخى کەلوپەل و پێداویستییەکان بەرزبووەتەوە، چونکە هاوردە کەمتربووەتەوە.
کاریگەریی جەنگ لەسەر جوڵەی بازاڕ
محەممەد ئەحمەد، دوکاندارێکە لە بەغداد و باسی ئەوە دەکات، "جەنگی ئێران کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر عێراق داناوە، کاریگەریی کردووەتەسەر بازاڕ و بازاڕی کز کردووە، ئەتوانم بڵێم بەڕێژەی 45٪، جووڵە لەبازاڕذا هەیە بەڵام کەمە ئەتوانم بڵێم 45٪، بەتایبەت لەنێو بازرگانانی شۆرجەدا، بەگشتی فرۆشتن کەمبووەتەوە، ئەمە جێگەی داخە کە بەم دۆخەدا تێدەپەڕین، داوا لە خوای گەورە دەکەم دۆخەکە باشتر ببێت و ئاشتەوایی بەدی بێت".
بە وریاییەوە پارەکانیان خەرج دەکەن
عێراق بە گشتى وڵاتێکى بەکاربەرە و 90ـى داهاتەکەشى لە فرۆشتنى نەوتەوە دەستدەخات و زۆرینەشى بۆ مووچە دەڕوات، ئێستا هەناردەى نەوت وەستاوە و هاوڵاتییان و حکومەتیش نازانن کەى دۆخەکە ئاسایى دەبێتەوە، هەر بۆیە بە وریاییەوە پارەکانیان خەرج دەکەن.
نەخشاندنی دەست و پەنجە بە خەنە؛ نەریتی دێرینی ژنانی پاکستان بۆ جەژن
"جەژن بێ خەنە نابێت"
ژنانى کاراچیى پاکستان، بەبۆنەى جەژنەوە دەستوپەنجەیان بە خەنە دەنەخشێنن و ئەوەش نەریتێکى دێرینە و لەبەرەجەژناندا ژنان ڕوو لە ئارایشتگاکان دەکەن. گەورە و بچووک نۆرەی ئارایشتگاکان دەگرن و بە گوتەی هەندێک لە ژنان "جەژن بێ خەنە نابێت".
"خەنەکردنی دەست لەلای من جەژنە"
یەکێک لە کچە پاکستانیانە، کە دەیەوێت دەست و پەنجەی بە خەنە بنەخشێنێت دەڵێت، "بەلای منەوە، خۆشی جەژن و ئاهەنگێڕانی بەبێ خەنە و نەخشاندنی دەستمان جەژن نییە، تەنانەت ئەگەر ملوانکە و گوارە و زینەکانی دیکەشمان کرد، بەڵام کە دەستم خەنە دەکەم ئەوکات بە تەواوی لەلای من جەژنە".
کەشی بازاڕەکان ژنانەیە
پاکستان کە یەکێکە لە گەورەترین وڵاتە ئیسلامییەکان، جەژنى ڕەمەزان بە گەرموگوڕییەوە پێشوازى لێدەکرێت. بازاڕەکانیش جمەیان دێت و کەشی بازاڕەکان تەواو ژنانەیە و یەکێ بازن و یەکێکیش پێڵاو دەکریت.
ئەمساڵ باوی بازنەی کشمیرییە
یەکێک لە کچەکانی تری پاکستان باسی ئەوە دەکات، "خەڵاتی ڕەمەزان، جەژنە، هەرگیز لەم بازاڕکردنە خۆم بێبەشناکەم، جلی نوێ دەکڕم و ئێستاش بەدوای جانتا و پێڵاوی نوێوەم، شتی مۆدێرن دەکڕم، دەمەوێت بازنیش بکڕم، ئەمساڵ زۆر باوی بازنەی کشمیرییە کچان و ژنان سەریان خستووەتە سەری".
گرانبوونی کاڵاکان
لەگەڵ قەرەباڵغی بازاڕەکان، بەڵام گرانی بەشێک لە کاڵاکان کەمێک بارگرانی بۆ دانیشتووانی پاکستان دروستکردووە و كە نزیکەى سەدا 40ـى خەڵکەکەى لە هەژاریدا دەژین.
جەنگ هۆکاری گرانی
کوڕێکی دانیشتووی کاراچی لەبارەی هۆکاری گرانبوونی کاڵاکانەوە دەڵێت، "پێدەچێت کاریگەری شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران بێت و ئەوەش زۆر مەترسیدارە و هۆکاری هەڵاوسانە، بەرزبوونەوەی زۆری نرخەکانم بەدیکرد لە جلی پیاوان و ژنان و منداڵان، زۆر کاڵای سەرەکیی دیکەش ئەمەش هەمووی بەهۆی جەنگی ناوچەکەوەیە".
سروتە ئایینییەکان
وەک زۆربەى وڵاتانى ئیسلامى، خەڵکى پاکستانیش لە جەژناندا لە مزگەوتەکان سروتە ئایینییەکان بەجێدەهێنن و لە ماڵانیش سەردانى یەکدى دەکەن.
سوودانى سەردانى بارەگاى سەرۆکایەتیی دەستەى حەشدى شەعبى کرد؛ عێراق ناچێنە ناو جەنگی ناوچەکە
محەممەد شیاع سوودانى دەڵێت، تۆمەتبارکردنى حەشدى شەعبى بە ئەنجامدانى کردەوە لە دەرەوەى حکومەت و یاسا، لە نەزانین یاخود چەواشەکارییەکى بە ئەنقەستە.
سەردان و کۆبوونەوە
محەممەد شیاع سوودانى، فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق، سەردانى بارەگاى سەرۆکایەتیی دەستەى حەشدى شەعبیى کرد و لەگەڵ سەرۆکى دەستە و سەرۆکی ئەرکان و ژمارەیەک لە بەرپرسانى حەشدى شەعبى کۆبووەوە.
"ناکرێت حکومەت بێدەنگ بێت"
سوودانى لە کۆبوونەوەکەیدا باسی ئەوەیکرد، ناکرێت حکومەت بێدەنگ بێت لەئاست هەر هێرشێک بۆ سەر چەکدارانى حەشدى شەعبى و تەواوى پێکهاتەى هێزە چەکدارەکان، ستایشى قوربانیدانى حەشدى شەعبى کرد بۆ پاراستنى سەروەرى و سەربەخۆیی عێراق، پشتیوانیی تەواوى خۆشى بۆ حەشدى شەعبى دووپاتکردەوە.
چەواشەکاریی بە ئەنقەست
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشى، تۆمەتبارکردنى حەشدى شەعبى بە ئەنجامدانى کردەوە لە دەرەوەى چوارچێوەى حکومەت و یاسا، لە نەزانین یاخود چەواشەکارییەکى بە ئەنقەستى ئامانجدارە.
پابەندی بە فەرمانی لایەنی فەرمی
بەگوتەى سوودانى، بە پێچەوانەى ئەو چەواشەکارییانەى لەسەرى هەیە، حەشدى شەعبى هێزێکى بنەڕەتییە لەژێر سایەى دەستوور و یاسا کاردەکات و پابەندە بەو فەرمانانەى لە لایەنى فەرمییەوە دەردەچن.
لە بەردەم ئاڵنگاریدان
فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق ئاماژەى بەوەشکرد، لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاریدان، حەشدى شەعبى بەشێکە لە سیستمى ئەمنى بۆ بەرەنگاربوونەوە و تێپەڕاندنى ئاڵنگارییەکان.
عێراق ڕاناکێشرێتە جەنگی ناوچەکە
جەختیشیکردەوە لە سەر بەردەوامى هێزە ئەمنییەکان لە بەجێگەیاندنى ئەرکى پاراستنى ئاسایش و سەقامگیری و ڕێگەنەدان بەهیچ لایەنێک، عێراق ڕابکێشێتە جەنگى ناوچەکە و پاراستنى دامەزراوە ژیارییەکان و بارەگا و نێردە دیپلۆماسییەکان.
ترەمپ: ئەگەر سەرباز بنێرم بۆ ئێران پێتان ناڵێم بەڵام ئەو کارە ناکەم
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێز نانێرن بۆ ئێران و گوتیشی، داوای لە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە هێرش نەکەنە سەر دامەزراوەکانی وزە و نەوتی ئێران و ئەویش ڕازی بووە و ئیدی ژێرخانی وزەی ئێران ناکرێتە ئامانج.
"ناردنی سەربازتان پێناڵێم"
لە دیدارێکدا لەگەڵ سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە کۆشکی سپی، ترەمپ لە وەڵامی میدیاکاندا گوتی: " بێگومان ئەگەر سەرباز بنێرم بۆ ئێران پێتان ناڵێم، بەڵام من ئەو کارە ناکەم".
ژاپۆن هاکاریی ئەمریکا دەکات
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی هەوڵەکانی ژاپۆنی کرد بۆ هەوڵەکانیان لە جەنگی ئێران و گوتیشی دڵنیایی وەرگرتووە کە ئەوان هاوکاریان دەبن. ترەمپ دڵنیاییدا دەربارەی ژاپۆن و گوتی بە پێچەوانەی ناتۆوە ئەوان هاوکار دەبن، جەختی لەوەش کردەوە کە بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە گەرووی هوورمز، لەکاتێکدا کەمترین قازانجی بۆ ئەمریکا تێدایە.
"دوای جەنگ ناوچەکە خۆشگوزەران دەبێت"
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، کە ئێستا زۆربەی توانا سەربازییەکانی ئێران کۆتاییان هاتووە، بەڵام ئەوان مین لە گەرووی هوورمز دەچێنن، گوتیشی کاتێک جەنگەکە کۆتایی دێت، ناوچەکە ئارام و خۆشگوزەران دەبێت.
مەسرور بارزانى: جەژن ببێتە مایەى ئارامی و کۆتاییهاتنى شەڕ
مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە، هیوای خواستووە شەڕ و گرژی لە ناوچەک و جیهان کۆتایی بێت.
گەرمترین پیرۆزبایی
مەسرور بارزانیدا لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم".
کۆتاییهاتن بە شەڕ و گرژی لە ناوچەکە
سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان دەشڵێت، "هیوادارین جەژن ببێتە مایەی شادی و ئارامی و کۆتاییهاتنی شەڕ و گرژی لە ناوچەکە و جیهان".
سوپای پاسداران: فڕۆکەیەکی ئێف35مان لە ئاسمانی ئێران پێکا
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە ئاسمانی وڵاتەکەیان فڕۆکەیەکی ئێف35یان پێکاوە و زیانی گەورەی پێگەیشتووە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاش دان بەوەدا دەنێت، فڕۆکەیەکیان بە ناچاری لە بنکەیەک نیشتووەتەوە.
لە ناوەڕاستی ئێران کراوەتە ئامانج
سوپای پاسداران دەڵێت، هێزەکانیان کاتژمێر 2:50ـی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، لە ناوەڕاستی ئێران فڕۆکەیەکی ئێف35یان کردووەتە ئامانج و ئەو فڕۆکەیە لەلایەن هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانەوە بە سیستمێکی پێشکەوتوو پێکراوە.
چارەنووسی فڕۆکەوانەکە دیار نییە
میدیای ئێران دەڵێت، چارەنووسی فڕۆکەوانەکە نەزانراوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە فڕۆکەکە تێکشکاوە.
بە ناچاری نیشتووەتەوە
لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی سێنتکۆم ڕایگەیاندووە، فڕۆکەیەکیان لە جۆری ئێف 35 بە ناچاری لە بنکەیەکی وڵاتەکەیان لە ناوچەکە نیشتووەتەوە.
لە ئیران لە ئەرکدابووە
گوتەبێژی سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو فڕۆکەیە لە ئاسمانی ئێران لە ئەرکدا بووە، بەڵام فڕۆکەوانەکەی سەلامەتە و لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە دەکەن.
ژمارەی کوژراوانی هێرشی ئیسرائیل لە لوبنان هەزار کەسی تێپەڕاند
بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە لوبنان زیاتر لە هەزار هاوڵاتی سڤیل کوژراون و نزیکەی ملیۆنێک و 100 هەزار کەسیش ئاوارە بوون.
هەزار کەسی سڤیل کوژراون
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، بەهۆی هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار کەسی سڤیل کوژراون، کە 118 کەسیان منداڵن.
2 هەزار و 584 هاوڵاتیش برینداربوون
وەک لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، هەر بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، دوو هەزار و 584 هاوڵاتی مەدەنیی لوبنانی بریندار بوون.
ملیۆنێک و 100 هەزار ئاوارە
هاوکات بە گوێرەی ئامارەکانی نەتەو ەیەکگرتووەکان، لەپاش هێرشەکانی ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی ملیۆنێک و 100 هەزار هاوڵاتی لوبنانی ناچاربوون ماڵوحاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و ئاوارە بوون.
عێراق هۆشداری لە بۆردوومانکردنى دامەزراوەکانى وزە دەدات
وەزارەتى دەرەوەى عێراق، بە ئامانجکردنى دامەزراوەکانى وزە لە ناوچەکەدا بە پەرەسەندنێکى "نیگەرانکەر" ناودەبات و چڕکردنەوەى هەوڵەکانیش بۆ دامرکاندنەوەى ئاڵۆزییەکان بە پێویست دەزانێت.
هێرشی سەر دامەزراوەکانی وزە و نیگەرانی
وەزارەتەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، هێرشەکانى ئەم دواییە بۆ سەر دامەزراوەکانى وزە لە چەند وڵاتێکى دراوسێى عێراق، پەرەسەندنێکى نیگەرانکەرە، زیان بە هەوڵەکانى دامرکاندنەوەى پشێوییەکان دەگەیەنێت.
گرەنتیی گەیاندنی وزە
وەزارەتى دەرەوەى عێراق جەختیشدەکاتەوە، لە گرنگیی چڕکردنەوەى هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەى ئاڵۆزییەکان و بەهێزکردنى سەقامگیریی ناوچەکە و گرەنتیی بەردەوامى گەیاندنى وزە بۆ بازاڕەکانى جیهان.
زاڵکردنی زمانی دیپلۆماسیەت
وەزارەتى دەرەوەى عێراق دووپاتیدەکاتەوە، بەردەوامیى ئاڵۆزییەکان خزمەت بە بەرژەوەندییەکانى هیچ لایەک ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆى قوڵکردنەوەى قەیرانەکان و فراوانکردنى بازنەى پشێوییەکان. دەشڵێت "ئەم کارەش دەخوازێت زمانى دیالۆگ و دیپلۆماسییەت زاڵبکرێت، چارەسەرى ئاشتییانە باشترین بژاردەیە بۆ چارەسەرى ناکۆکییەکان بەجۆرێک ئاسایش و سەقامگیریی بۆ هەمووان بەدیبهێنێت".
داوای وەزارەتی دەرەوەی عێراق
وەزارەتى دەرەوەى عێراق، داواش دەکات میکانیزمە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگارییە هاوبەشەکان کارابکرێن.
بازرگانیی جیهانى: جەنگى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەڕەشە لە ئاسایشى خۆراک دەکات
نگوزى ئۆکۆنجۆ، سەرۆکى ڕێکخراوى بازرگانیی جیهانى، ڕایگەیاند، ململانێکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەڕەشە لە ئاسایشى خۆراکى جیهان دەکەن، ئاستەنگى گواستنەوەى بار و بەرزبوونەوەى نرخى وزە، دابینکردنى پێداویستییەکان کەمدەکەنەوە.
کاریگەریی نەرێنێ بۆ سەر سیستمی خۆراک
پچڕانى دابینکردنى خۆراک بۆ ماوەیەکى زۆر کاریگەریی نەرێنى دەکاتە سەر سیستمى خۆراک، جووتیاران ناچار دەکات بەکارهێنانى پەین کەمبکەنەوە و خۆراکى کەمتریش بچێنن.
کراوەیی کەناڵە بازرگانییەکان
سەرۆکى رێکخراوى بازرگانیی جیهانى جەختی لە گرنگى بەکراوەیی هێشتنەوەى کەناڵەکانى بازرگانیی جیهانى کردەوە، تاوەکو گەیاندنى خۆراک بۆ ئەو ناوچانەى زۆرتر پێویستییانە بەردەوام بێت.
عێراقچی: ئەگەر ژێرخانمان بکەن بە ئامانج چاوپۆشی ناکەین
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هەڕەشە لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و دەڵێت ئەگەر ژێرخانیان بکەنە ئامانج، بەهیچ جۆرێک چاوپۆشی ناکەن و وەڵامیان تووند دەبێت.
داواکاری بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان
عەباس عێراقچی، لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند، وەڵامدانەوەیان بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل کە ژێرخانی وڵاتەکەیانی کرد بە ئامانج، تەنیا بەشێکی بچووک بووە لە توانایان، دەشڵێت "تاکە هۆکاری خۆگرتنیان بۆ ڕێزگرتن بووە لە داواکارییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان".
مەرج بۆ کۆتایی جەنگ
عێراقچی، هۆشداری دەدات بە ئەمریکا و ئیسرائیل و دەڵێت: "ئەگەر جارێکی دیکە ژێرخانی وڵاتەکەمان بکەن بە ئامانج، ئاستی خۆگرتنمان بۆ سفر دادەبەزێت"، جەخت لەوەش دەکاتەوە کۆتایى جەنگ مەرجدارە بە قەرەبووکردنەوەی زیانی ناوچە سڤیلەکان.
کێڵگەی گازی باشوور لە کەنداو کرایە ئامانج
ئەم گوتانەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ کێڵگەی گازی پارسی باشووری کرایە ئامانج، لە وەڵامدا ئێران چەندین مووشەکی ئاڕاستەی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو کرد و گوتی "بەشێک لە مووشەکەکان ئامانجەکانیان پێکاوە". ئەمڕۆش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە ئێران کرد و گوتی "ئەگەر ژێرخانی وڵاتانی کەنداو بکەن بە ئامانج، وێستگەی پارس دەتەقێننەوە".
هادى عامرى: لە هێرشەکاندا 60 چەکدارى حەشدى شەعبى کوژراون و 100 دیکەش برینداربوون
هادى عامرى: لە هێرشەکاندا 100 چەکدارى حەشدى شەعبى برینداربوون
هادى عامرى، ئەمیندارى گشتیی ڕێکخراوى بەدر ڕایگەیاند، هێرشەکانى سەر حەشدى شەعبى 60 کوژراو و 100 برینداریان لێکەوتووەتەوە. داواش لە وەزیرى دەرەوە دەکات سنوورێک بۆ هێرشەکان دابنێت.
دانانی سنوورێک بۆ هێرشەکان
عامرى لە ڕاگەیێنراوێکدا، سەرکۆنەى هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر بنکە و بارەگاکانى حەشدى شەعبى دەکات، داواش لە ئەنجوومەنى نوێنەران و حکومەت و بەتایبەتیش فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوە دەکات، کارى بەپەلە و جددى بکەن بۆ دانانى سنوورێک بۆ هێرشەکان کە تاوەکو ئێستا 60 کوژراو و 100 برینداریان لێکەوتووەتەوە.
عامری چی لەسەر هێرشەکان دەڵێت؟
عامرى دووپاتیکردووەتەوە، هێرشەکان ڕژدتریان دەکات لەسەر هەڵگرتنى بەرپرسیارێتى پاراستنى ئاسایشى عێراق و سەروەریى خاک و گەلەکەیان.
بە ئامانجگرتنی بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی
لەدواى دەستپێکردنى هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران لە 28ـى شوبات، بنکە و بارەگاکانى حەشدى شەعبى لە پارێزگا جیاوازەکانى عێراق بوونەتە بەشێک لە ئامانجى هێرشەکان، گرووپە چەکدارەکانیش بەردەوامن لە هێرشە درۆنى و مووشەکییەکانیان بۆسەر پێگە و دامەزراوەکانى ئەمریکا بە تایبەت لە بەغداد و هەولێر.
نرخی نەوت ترەمپی ناچارکرد یاسایەکی 100 ساڵە هەڵپەسێرێت
هەوڵ بۆ سەقامگیریی نرخەکان
نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، لەم ساتەدا نرخی یەک بەرمیلێکی برێنت 118 دۆلاری تێپەڕاندووە، کە پێش 28ـی مانگی شوبات نرخی هەمان بەرمیل 73 دۆلار بوو، هەر ئەو 73 دۆلارە بۆ ئەوکاتەش بەرزبوو و بە کاریگەریی مەترسییەکانی سەرهەڵدانی جەنگ 73ـی بینیبوو. ئەوە لەکاتێکدایە هەریەک لەلای خۆیەوە هەوڵدەدات بۆ سەقامگیربوونی نرخەکان و دابەزاندنی، بەڵام دەبینین سەرجەم هەوڵەکان نرخەکانیان دانەبەزاندووە.
گرانبوونی بەنزین لە ئەمریکا
ئەمریکا لە هەمووان زیاتر سەرقاڵە بەوەی نرخی نەوت دابەزێنێت، چونکە جەنگ لەمسەری دونیایە کەچی لەناوخۆی وڵاتەکەی نرخی گازوایل و بەنزین گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست، یەک لیتر بەنزین بووە بە 1.8 دۆلار کە پێشتر 86 سەنت بووە، بۆیە هاوڵاتیی ئەمریکی ئۆقرەی لەبەر بڕاوە و کەوتووەتەوە نێو سەردەمی سەرەتای جەنگی ئۆکرانیا.
هەڕەشە لەسەر دوورگەی خارگ
گرفتەکە ئەوەیە بەگوتەی شیکەرەوانی ئابووری، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەر هەڕەشە و فشارێک کە لە ئێرانی دەکات، نرخەکان زیاتر بەرزدەبنەوە، بۆ نموونە هەڕەشە لە سەر دوورگەی خارگ، یان نەوت و گازی ئێران نرخەکان پاڵ دەنێن بۆ سەرەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی وزە
ویل تۆدمان، لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی دەڵێت:"زۆرێک لەو بژاردانەی ترەمپ بۆ زیادکردنی فشارەکان لەسەر ئێران، هێندەی دیکە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە، چونکە هەوڵ هەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارگ یان بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی وزەی ئێران".
ئەگەری 160 دۆلار بۆ بەرمیلێک
هاریس خورشید، بەڕێوەبەری وەبەرهێنان لە کۆمپانیای کارۆبار کاپیتاڵ لە شیکاگۆ گوتی: "بازاڕ هێشتا بە قەبارەی ئەو مەترسییانەی ئێستا هەیە دەجووڵێت، ئەگەر هێرشەکان پەرەبسێنێت، ئەوا لەمڕۆژانەدا 120 دۆلاری بەرەو ژووریش دەبینین بۆ نرخی یەک بەرمیل نەوت، ئەو نرخە نەک بەرزترین نابێت، بەڵکو بناغە دەبێت بۆ گەیشتن بە 140 دۆلار و 160 دۆلار".
کێڵگەی گازی پارسی باشوور و خارگ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمریکا ئاگاداری هێرشی ئیسرائیل نییە بۆ سەر کێڵگەی گازی پارسی باشوور، بەڵام هەڕەشەی ئەوەی کرد کە "هەموو کێڵگەکە دەتەقێنێتەوە" ئەگەر هێرشی زیاتر بکرێتە سەر سەروەت و سامانی قەتەڕ. سەرەتای ئەم هەفتەیەش گوتی، "بە ئامانجگرتنی ژێرخانی نەوت لە ناوەندی سەرەکی هەناردەکردنی ئێران لە دوورگەی خارگ وەک بژاردەیەک دەمێنێتەوە، دوای بۆردوومانکردنی ئامانجە سەربازییەکان لە دوورگەکە".
هەڵپەساردنی کاتیی یاسای جۆنز
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بووەتە مۆتەکەی ئەمریکا، بەڕادەیەک مەترسیدارە، کە ترەمپی ناچارکردووە دەست بۆ هەڵپەساردنی یاسایەک بەرێت کەلەساڵی 1920 وە دانراوە. ئەمڕۆ چوارشەممە19ـی ئازار، دۆناڵد ترەمپ بەشێوەیەکی کاتیی یاسای جۆنزی ئەمریکای هەڵپەسارد لەپێناو سەقامگیرکردنی بازاڕ و دابەزینی نرخەکان، یاسایەک کە زیاتر لە 100 ساڵە کاری پێدەکرێت و تایبەتە بە نرخەکانی گواستنەوەی وزە لەڕێگەی کەشتیوانییەوە.
ڕێگەدان بە کەشتییە بیانییەکان
بە هەڵپەساردنی یاسای جۆنز، لەمڕۆوە ڕێگە بەو کەشتییانە دەدرێت، کە ئاڵای بیانییان لەسەر هەڵکراوە، نەوت و کاڵا و شمەک بگوازنەوە لە بەندەرەکانی ئەمریکا. کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت: "بڕیارەکەی سەرۆک ترەمپ بۆ ماوەی 60 ڕۆژ کاریپێدەکرێت لەپێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی نەمانی وزە، لەکاتێکدا سوپای ئەمریکا بەردەوامە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی ئۆپراسیۆنی توڕەیی ئەفسوناوی".
یاسای جۆنز چییە؟
لە یاساکەدا تەنیا ڕێگە بەو کەشتییانە دەدرێت، کاڵا و شمەک لەنێو بەندەرەکانی ئەمریکا بگوازنەوە، کە ئاڵای ئەمریکایان لەسەر هەڵکراوە، دروستکراویی ئەمریکان و خاوەندارێتییان ئەمریکایە، بە هەڵپەساردنی یاساکەش، ڕێگە بە کەشتیی بیانی دەدرێت بەندەرەکان بەکاربهێنن بۆ گواستنەوەی خەڵوز، نەوتی خاو، بەرهەمی پاڵاوتگە، گازی سروشتی، پەینی کیمیایی. هەروەها بەگوێرەی جەی پی مۆرگان، ڕاگرتنی یاسای جۆنز دەتوانێت دەرفەتێک بداتە شۆفێرانی کەناری ڕۆژهەڵات نزیکەی 10 سەنت بۆ هەر گاڵۆنێک لە سووتەمەنی پاشەکەوت بکەن.
هەوڵەکانی دیکە
ئەم هەنگاوەی ئەمریکا دووەم هەنگاوە لەپاش ئازادکردنی بڕی 172 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگی ستراتیجی لە چوارچێوەی پلانەکەی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی کە بڕیارە 400 ملیۆن بەرمیل نەوت بڕژێننە بازاڕەکانەوە.
ئایا نەوتی ڤەنزوێلا دەبێتە فریادڕەسی ئەمریکا؟
هەناردەکردنی نەوتی کاراکاس بۆ واشنتن گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لەماوەی ساڵێکدا، بەگوێرەی حکومەتی ئەمریکا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، هاوردەکردنی نەوتی خاوی قورسی ڤەنزوێلا لەلایەن کۆمپانیای شیڤرۆن لە 13ـی مانگەوە بۆ زیاتر لە دوو هێندە زیادیکردووە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە کۆتایی ساڵی 2024ەوە.
سیناریۆکانی داهاتووی نرخی نەوت
لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکانەوە نەوت نزیکەی 50٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش نادڵنیایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستکردووە، کەرتی کەشتیوانی لەڕێگەی گەرووی هوورمزەوە پەکیکەوتووە و بەرهەمهێنانی نەوت و گازیش بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
پێشبینییەکان بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت
لە کاتێکدا شەڕەکە دەچێتە هەفتەی چوارەمی خۆیەوە و دۆخی گەرووی هوورمز وەک خۆی ماوەتەوە، بانکە گەورەکان و دامەزراوە داراییەکان بەردەوامن لە بەرزکردنەوەی پێشبینییەکانی نرخی نەوت. بەگوێرەی سیتی بانک لە نزیکترین کاتدا نرخی نەوت دەگاتە 120 دۆلار، ئەگەر 120 دۆلار تێبپەڕێنێت بە ئاسانی 140 دۆلار و 160 دۆلاریش دەبینرێت لە ئەگەری درێژەی جەنگەکەدا.
11 بۆ 16 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە
ئەم سینارۆیانە تەنیا ڕیزکردنی ژمارە نیین شیکاریی و وردەکاریی بازاڕە، شرۆڤەکاری بانکەکە ماکس لیتۆن روونیدەکاتەوە:" لە ماوەی چوار بۆ شەش هەفتەی داهاتوودا ڕەنگە دابینکردنی نەوت لەنێوان 11 بۆ 16 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا جێگیر ببێت، لەکاتێکدا مەترسیی لەسەر هەناردەکردنی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی گەرووی هوورمزەوە.
کاریگەریی سێ مانگ داخستنی گەرووی هورمز
لە بەرامبەردا کۆمپانیای بلومبێرگ ئیکۆنۆمیکس هەڵسەنگاندنێکی جیاوازتر بۆ کاریگەرییەکانی ماوەی داخستنی گەرووی هوورمز دەکات بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی، بۆ ماوەی یەک مانگ ئەم گەرووە ائەگەر دابخرێت، ئەگەری هەیە نرخی نەوت بۆ نزیکەی 105 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبکاتەوە. ئەگەر داخستنەکەش بۆ سێ مانگ درێژببێتەوە، ئەوا نرخەکەی باز دەدات بۆ 164 دۆلار.
دیدی بانکی ئەمریکا
بانکی ئەمریکا دیدێکی کەمێک جیاواز پێشکەش دەکات بەجۆرێک لە ئەگەری یەکەمدا ئەگەر جەنگەکە بوەستێت و قەیرانەکان خێرا چارەسەر بکرێن، ئەوا نرخی نەوت دەگاتەوە 70 دۆلار، بەڵام ئەگەر جەنگەکە بەردەوام بێت تاوەکو چارەکی دووەمی ئەمساڵ ئەوا نرخی یەک بەرمیل 130 دۆلار تۆمار دەکات
درێژەکێشانی جەنگ لە بەرژەوەندیی کێیە؟
بەگشتیش لەنێو شرۆڤەی بەشێکی زۆر لە بانک و دامەزراوە داراییەکاندا ئەوە بەدی دەکرێت، کە درێژە کێشانی جەنگ لە بەرژەوەندیی ئێرانە و بە زیانی ئەمریکا دەشکێتەوە، چونکە جەنگی وزە لەنێوان دوو وڵاتدایە کە ئەمریکا دەستپێشخەری جەنگ بووە و بەرگەی هەڵاوسان ناگرێت، لەبەرامبەردا ئێران هەیە کە دوایین لوتکەی بەرزی ڕێژەی هەڵاوسانی ئەزموون کردووە.
گۆتیرێس داوای ڕاگرتنی جەنگی ئێران دەکات
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، هانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەدات کۆتایی بە جەنگی دژی ئێران بهێنن و هۆشداریی دەدات لە دەرچوونی دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت و دەڵێت، لێکەوتەی کارەساتباری بۆسەر هاوڵاتییانی سڤیل و ئابووری جیهان دەبێت.
کاتی کۆتاییهاتنی جەنگ هاتووە
ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، لەکاتی بەڕێوەچوونی لوتکەی ئەورووپی لە برۆکسل ڕایگەیاند، "پەیامم بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل ئەویە، کاتی کۆتاییهاتنی جەنگ هاتووە، کە ڕەنگە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت".
هێرش بۆ سەر دراوسێکان ڕابگرە
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، پەیامێکی ئاڕاستەی ئێرانیش کرد و گووتی، "هێرشەکانت بۆسەر دراوسێکانت ڕابگرە، ئەوان هیچ کاتێک بەشێک نەبوون لە ململانێکان".
20 ڕۆژ جەنگ
20 ڕۆژ لەمەوبەر، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی فراوانیان بۆسەر ئێران دەستپێکرد و ڕێبەری باڵای ئەو وڵاتە و بەشێکی زۆر لە وەزیر و فەرماندە سەربازییەکان کوژران، لە بەرامبەریشدا ئێران هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بۆسەر ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو و هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە.
وەزیری جەنگی ئەمریکا: کاتێکی دیاریکراو نییە بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ
لە پێش پلانەکەوەن
پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، هیچ کاتێکی دیاریکراو نییە بۆ کۆتاییهاتنی جەنگی ئەمریکا – ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کە زیاتر لە سێ هەفتەیە بەردەوامە، جەختی لەوەش کردەوە، کارەکانیان بەگوێرەی ئەو پلانە دەڕوات کە دیارییان کردووە و بەڵکو لە ڕووی کاتەوە زۆر لە پێش پلانەکەوەن.
لە کۆتایی ئەرک نزیکبوونەتەوە
هێگسێت لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، تەنیا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت بڕیار بدات کەی کۆتایی بە جەنگ بهێنرێت، هەرکاتێک ترەمپ گوتی، "ئەوەی پێویستمان بوو بەدەستمان هێناوە"، ئەوکاتە جەنگ کۆتایی دێت، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە، هێزەکانیان لە کۆتایی ئەرکەکەیان نزیک بوونەتەوە.
داوای 200 ملیار دۆلار
دەربارەی بودجەی جەنگەکەش گوتی: داوایان لە کۆنگرێس کردووە ڕەزامەندبێت بە دابینکردنی زیاتر لە 200 ملیار دۆلاری دیکە، دەشڵێت، پێدەچێت ئەم بودجەیە زیاتریش بەرزبکرێتەوە، چونکە بە گوتەی ئەو "کوشتنی کەسە خراپەکان پارەی پێویستە".
120 کەشتیی جەنگیی ئێران لەناوچوون
وەزیری جەنگی ئەمریکا جارێکی دیکە جەختی لەوەکردەوە، تواناکانی بەرگریی ئاسمانی و فڕۆکەوانیی ئێران بەتەواوی لەناوچوون و بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، تواناکانیان بۆ بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیکیی نوێ، بەشێوەیەکی بەرچاو تێکچوو، ئەوەشی خستەڕوو، نزیکەی 120 کەشتیی جەنگیی ئێران لەناوبراون.
ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم
هێرشەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا و ئیسرائیلی بە "گەورەترین" ناوبرد کە لە سەرەتای هێرشەکانەوە دەستیان پێکردووە، گوتیشی، ئامانجەکانی ئەمریکا لە جەنگ دژ بە ئێران هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە کە بریتین لە، لەناوبردنی توانا مووشەکییەکان، پیشەسازیی بەرگری، هێزی دەریایی ئێران و ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
لە سلێمانى ئامادەکارى بۆ پێشوازى لە جەژنى ڕەمەزان و نەورۆز کراوە
ئامادەکاریی تەواو
فازڵ عومەر، قایمقامى سلێمانى بەوەکالەت بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، ئامادەکاریى تەواویان بۆ پێشوازى لە جەژنى ڕەمەزان و نەورۆز کردووە.
هۆتێل و میوانخانەکانیش ئامادەن
بەهاوبەشى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەکارییان کردووە بۆ پێشوازى لە گەشتیاران و هۆتێل و میوانخانەکانیش ئامادەن و لە بازگەکانیش پێشوازى لە گەشتیاران دەکرێت.
کردنەوەی ئاگری نەورۆز
پشتگیرى لە کۆبوونەوەى خۆڕسکانەى هاونیشتمانییان دەکەن بۆ کردنەوەى ئاگرى نەورۆز، بەڵام بەشێوەیەکى فەرمى هیچ بۆ نەیەک بەڕێوەنابەن.
فەهمی بورهان وەڵامى دەستپێشخەرییەکەى کەناڵ8 دەداتەوە
مۆراڵێکی بەرزی کاری میدیایی
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمى کوردستان، وەڵامى دەستپێشخەرییەکەى کەناڵ8 دەداتەوە و دەڵێت، "ئەوەی کەناڵ8 ڕایگەیاند، مۆراڵێکی بەرزی کاری میدیاییە، بە هیوام میدیای کوردی بەگشتی ببنە بەشێک لەم هەنگاوە و پێکەوە کاربکەن، تاوەکو هەردوو جەژنی ئایینی و نەتەوەییمان دوور لەم دنیا نائارامەی جەنگ تێپەڕێنین".
میدیا و سەردەمی شکۆمەندی
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمى کوردستان ڕاشیگەیاندووە، چاوەڕێن میدیاکان بیانبەنەوە سەردەمی شکۆمەندی و لە ڕێگەی بەهاکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و واتا جوانەکانی نەورۆز و وانەکانی، لەم هەموو دڵڕەقییەی جەنگ دووریان بخەنەوە.
کەناڵ8 لە جەژندا ڕووماڵی جەنگ ناکات
ئەمە لەکاتێکدایە، کەناڵ8 بڕیاریداوە لە ڕۆژانى جەژنى ڕەمەزان و نەورۆزدا ڕووماڵى ڕووداوەکانى جەنگ ناکات و تەنیا ڕووماڵى هەردوو جەژنەکە دەکات.
عێراق دژى هێرشەکانى سەر حەشدى شەعبدى ڕێکار دەگرێتەبەر
گوتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەت دەستیکردووە بە تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی ئەو کەسانەی بوونەتە هۆکاری بۆردوومانی بنکەکانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکانی دیکە.
"دامەزراوەیەکی ئەمنی فەرمی"
سەباح نوعمان، ڕاشیگەیاندووە، سەرکۆنەی توندی ئەو هێرشە ترسنۆکانە دەکەن کە کراوەتەسەر بنکەکانی حەشدی شەعبی، کە ئەو بە "دامەزراوەیەکی ئەمنی فەرمی" ناویبردووە و گوایە ئەرکەکانی خۆیان کە پاراستنی عێراق بەجێهێناوە و بەی پاساویش کراونەتە ئامانج.
پێشکەشکردنی پێداویستیی تەواو
بەگوێرەی سەباح نوعمان، فەرماندەی هێزە ەکدارەکان لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ سەردانی کەسوکاری کوژراوانی حەشدی شەعبی و بەسەرکردنەوەی دۆخی بریندارەکان، دەشڵێت، سوودانى فەرمانیکردووە بە پێشکەشکردنی تەواوی پێداویستی و خزمەتگوزاری بۆیان.
46 هیرش بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق
لە پاش دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران، بەشێک لە گرووپەکانى حەشدى شەعبى هێرشیان بۆ سەر باڵیۆزخانەی و کونسوڵخانە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەستپێکردووە و لە بەرامبەردا ئیسرائیل و ئەمریکا لە چەند شوێنێک بۆردوومانى بنکەکانى کردووە، پیت هێگسێت وەزیرى جەنگى ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، 46 جار هێرشیان کردووەتە سەر گرووپە چەکدارە عێراقییەکان.
بەهاى تمەن بەرامبەر دۆلار بەرزبوونەوەى تۆمارکرد
لە ماوەى 20 ڕۆژى جەنگى ئەمریکاو ئیسڕائیل بەرامبەر ئێران، تمەن بەهاکەى بەرامبەر دۆلار بەرزبوونەوەى تۆمارکردووە، بەشێوەیەک بۆ هەر سەد دۆلارێک سێ ملیۆن تمەن کەمبووەتەوە. لە بۆرسەى ئێران بەهاى سەد دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر 14 ملیۆن و 600 هەزار تمەنە بە حەواڵە.
جیاوازی لە نرخدا دروست بووە
دانا مەولود، مامەڵەکارى دراو لە بازاڕى دراوى سلێمانى بە کەناڵ8ـى گوت "لە 28ـى شوبات و یەکەم رۆژى جەنگەکە بەهاى 100 دۆلار بەرامبەر 17 ملیۆن و 600 هەزار تمەن بوو، بەڵام پاش 20 رۆژ لە جەنگ سەد دۆلار بەرامبەر 14 ملیۆن و 600 هەزار تمەن بووە بە حەواڵە، واتە بۆ هەر سەد دۆلارێک سێ ملیۆن تمەن کەمبووەتەوە".
دۆخی حەواڵە
لە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان، بەهاى تمەن بەکاش، بەهەمان شێوەى حەواڵە بەرزبوونەوەى تۆمار کردووەو هەر سەد دۆلارێک دوو ملیۆن تمەن بەرزبوونەوەى تۆمارکردووە. گوتیشى "بەهاى سەد هەزار تمەنى ئێرانى بەرامبەر هەزارو 250 دینارى عێراقییە".
هێرشی سەربازی
ئەمە لەکاتێکدایە، لە کۆتایی مانگى ڕابردوو، ئیسڕائیل و ئەمریکا هێرشى سەربازییان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووەو ڕێبەرى باڵاى ئێران و چەندین بەرپرسى دیکەیان لەڕێگەى هێرشەکانەوە لە تاران لەناوبردووە، لە بەرامبەردا ئێران هێرشى مووشەکى دەکاتە سەر ئیسڕائیل و وڵاتانى کەنداو و جەنگەکە بەردەوامە.
سلێمانى لە چەژندا چاوەڕوانى هەزاران گەشتیار دەکات
چاوەڕوانی ژمارەیەکی زۆر گەشتیار
سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیای فڕۆکەوانی و گەشتیاری ڕایگەیاند، لە شەوی ڕابردووەوە جوڵەی گەشتیاران و سەردانیان بۆ سلێمانی بینراوە، گوتى "بۆ ئەم جەژنە چاوەڕوانی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاری ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکەین".
گەشتیاری بیانی کەمدەکات
عەتا ئەنوەر، بۆ کەناڵ8 گوتیشى، "هەرچەندە دەروازە سنوورییەکان کراوەن و هاتوچۆ ئاساییە، بەڵام بەهۆى شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئیران، چاوەڕوانی ژمارەیەکی کەمتری گەشتیارى بیانى دەکەن".
دوو جەژنەکەی ئەمساڵ
ئەمساڵ هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی بەهاردا، جەژنەکانی نەورۆز و ڕەمەزان دەستپێدەکەن و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە هاونیشتمانیان دوو جەژن لە یەک کاتدا بەڕێوەببەن. کەشوهەوای بەهاریش یارمەتیدەر دەبێت لە ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ گەشتیاران و سەردانیان بۆ ناوچە گەشتیارییەکان.
کام وڵاتانە ئێران ڕێگەيان پێدەدات کەشتييەکانيان بە گەرووی هورمزدا تێبپەڕێت؟
لە کاتی ململانێ سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، تاران گەرووی هورمزی بە ڕووی واشنتن و هاوپەیمانەکانیدا داخستووە و تەنیا ڕێگە بە چەند وڵاتێکی دیاریکراو دەدات کەشتییەکانیان تێپەڕێنن.
بارودۆخی گەرووی هورمز لە کاتی جەنگدا
لە ماوەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، تاران جەختی کردووەتەوە کە گەرووی هورمز بۆ هەمووان کراوەیە جگە لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. ئەمە لە کاتێکدایە کە 1 لەسەر 5ی نەوتی جیهان بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە کەناڵی (CBS)ی ئەمریکی ڕایگەیاند، ژمارەیەک وڵات لەگەڵ تاران گفتوگۆیان کردووە بۆ ئەوەی کەشتییەکانیان بە سەلامەتی تێپەڕن و ڕێگەش بە ژمارەیەک کەشتی دراوە.
مامەڵەی ئێران لەگەڵ کەشتییە چینییەکان
تاران تا ڕادەیەکی زۆر خۆی لە بەئامانجگرتنی ئەو کەشتییانە بەدوور دەگرێت کە سەر بە چینن و سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی بۆ ناسینەوەیان بەکاردەهێنێت. پەکین لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئێران بۆ ئەوەی ڕێگەی پێ بدات نەوت و گازی سروشتیی قەتەر بە گەرووەکەدا تێپەڕێنێت. لە نێوان 1 بۆ 15ی ئەم مانگەدا، 11 کەشتیی چینی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، هەرچەندە لە 12ی مانگدا یەکێک لە کەشتییەکان کرایە ئامانج.
تێپەڕبوونی کەشتییەکانی یۆنان و پاکستان
کەشتییە یۆنانییەکان یەکەم کۆمپانیاکانی کەشتیوانی بوون کە بە گەرووەکەدا تێپەڕین؛ لە 8ی ئازاردا کەشتی "شێنلۆنگ" کە 1 ملیۆن بەرمیل نەوتی سعوودیی هەڵگرتبوو، گەیشتە هیندستان. هەروەها ڕۆژی دووشەممە کەشتیی "ئەفراماکس" بە ئاڵای پاکستانەوە، کە نەوتی خاوی لە ئەبوزەبی بارکردبوو، بە سەلامەتی لە گەرووەکە تێپەڕی.
هەوڵە دیپلۆماسییەکانی هیندستان و تورکیا
لە ئێستادا ڕێگە بە کەشتییەکانی هیندستان دەدرێت گەرووەکە تێپەڕێنن و 2 کەشتییان لە ناو ئاوەکاندایە. جايشانکار، وەزیری دەرەوەی هیندستان ڕایگەیاندووە کە دانوستانە ڕاستەوخۆکانیان لەگەڵ تاران بەرهەمدار بوون. لە لایەکی دیکەوە، تورکیا پشتڕاستی کردەوە کە ڕێگە بە کەشتییەکیان دراوە ترانزێت بکات، بەڵام 14 کەشتیی دیکەی تورکی هێشتا لە ناوچەکەدا چاوەڕێی تێپەڕین دەکەن.
داواکاریی فەڕەنسا و ئیتاڵیا لە تاران
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی بەریتانی، هەریەکە لە فەڕەنسا و ئیتاڵیا وەک دوو وڵاتی ئەوروپی داوای گفتوگۆیان لەگەڵ ئێران کردووە. ئامانجی ئەم دوو وڵاتە گەیشتنە بە ڕێککەوتنێک تاوەکو ڕێگە بە کەشتییەکانیان بدرێت بە سەلامەتی بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕن و لە هێرشەکان بەدوور بن.
فشاری ترەمپ بۆ سەر ژاپۆن؛ بەشداریکردن لە جەنگی ئێران وەک هاوکاری لۆجستی
سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە واشنتن کۆدەبنەوە و پرسی بەشداریکردنی تۆکیۆ لە جەنگی دژ بە ئێران و پاراستنی ڕێڕەوەکانی وزە تاوتوێ دەکەن.
لوتکەی واشنتن و فشاری ئەمریکا
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئازاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە واشنتن کۆدەبنەوە. بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ترەمپ بە نیازە فشار بخاتە سەر ژاپۆن بۆ ئەوەی پاڵپشتی لە جەنگی دژ بە ئێران بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە ژاپۆن سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی جۆری هاوکارییەکانە بە جۆرێک لەگەڵ دەستووری وڵاتەکەیدا بگونجێت.
داواکارییە لۆجستییەکانی واشنتن
دۆناڵد ترەمپ ڕەخنەی لە هاوپەیمانانی واشنتن گرتووە کە هەڵوێستیان لە بەرامبەر هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لاواز بووە. سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی پێویستی بە پشتیوانیی سەربازیی ڕاستەوخۆ نییە، بەڵام فشار دەکات بۆ بەشداریکردنی ژاپۆن لە بواری لۆجستییدا، لەوانە دابینکردنی کەشتیی پاککردنەوەی مین و یاوەریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمزدا.
هەڵوێستی هاوپەیمانە ئەوروپییەکان
داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە جەنگی ئێران لەلایەن چەندین هاوپەیمانی سەرەکییەوە ڕەتکراوەتەوە. وڵاتانی ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا بە فەرمی بەشداریکردنیان لەو جەنگەدا ڕەتکردووەتەوە، ئەمەش ناڕەزایەتی و تووڕەیی دۆناڵد ترەمپی لێکەوتووەتەوە.
وەڵامی فەرمیی ژاپۆن
سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە لێدوانێکدا بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا تۆکیۆ هیچ داوایەکی فەرمیی لە ئەمریکا پێنەگەیشتووە بۆ بەشداریکردن لە جەنگەکەدا. تاکایچی ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتەکەی تەنیا لە چوارچێوەی یاسایی و دەستووریی خۆیدا بیر لە بژاردەکان دەکاتەوە و بڕیار لەسەر هەر هەنگاوێک دەدات.
گەورەترین کێڵگەى گازى سروشتى لە ئێران بۆردوومانکرا
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل گەورەترین کێڵگەی گازی سروشتیی جیهانیان لە سنوورە ئاوییەکانی ئێران کردە ئامانج، کە بە هاوبەشی لەگەڵ قەتەر بەڕێوەدەبرێت و یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی دابینکردنی وزە لەسەر ئاستی جیهان.
پەرەسەندنی سەربازی و هەڵوێستی دەوحە
کێڵگەی گازی سروشتیی پارسی باشوور کە بە گەورەترین ناوەندی بەرهەمهێنانی گازی شل لە ئێران دادەنرێت، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بۆردوومانکرا. مەجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، بەئامانجگرتنی ئەم دامەزراوەیە کە درێژدەبێتەوە بۆ ناو کێڵگەی گازی "شیمال" لە قەتەر، هەنگاوێکی مەترسیدارە لەژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی سەربازیی ناوچەکەدا.
پێگەی جوگرافی و ڕووبەری کێڵگەکە
ئەم کێڵگە گازییە کە لە قەتەر بە "شیمال" و لە ئێران بە "پارسی باشوور" ناسراوە، بە ڕووبەری نزیکەی 9,700 کیلۆمەتری چوارگۆشە مەزەندە دەکرێت. ڕووبەرەکەی بە جۆرێک دابەشبووە کە 6,000 کیلۆمەتری چوارگۆشەی لە ئاوەکانی قەتەر و 3,700 کیلۆمەتری چوارگۆشەی لە دیوی ئێران دایە. ئێران ڕۆژانە بڕی 1,000,000 مەتر سێجا گاز لەم کێڵگەیە بەرهەم دەهێنێت.
مێژووی دۆزینەوە و قەبارەی یەدەگ
ئەم سەرچاوە سروشتییە لە ساڵی 1971 دۆزرایەوە و بەرهەمهێنانی فیعلی تێیدا لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەستیپێکرد. بەپێی خەمڵاندنەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، کێڵگەکە نزیکەی 1,800 تریلیۆن پێ سێجا گازی لەخۆگرتووە کە یەکسانە بە 51 تریلیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی، هەروەها نزیکەی 50 ملیار بەرمیل گازی چڕیشی تێدایە.
گرنگیی کێڵگەکە بۆ وزەی جیهانی
کێڵگەی پارسی باشوور نزیکەی 10%ـی تەواوی یەدەگی گازی سروشتیی جیهان پێکدەهێنێت. ئەم بڕە گازە دەتوانێت بۆ ماوەی 13 ساڵ پێداویستیی هەموو جیهان دابین بکات. پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کێڵگەیە تاوەکو ساڵی 2059 سوودی ئابووری دەبێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە تاوەکو 33 ساڵی دیکە دەتوانرێت پرۆسەی دەرهێنانی گازی لێ بەردەوام بێت.
هەواڵگری ئەمریکا: ئێران هەوڵی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەداوە
بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا ئاشکرایدەکات، لە دوای جەنگی 12 ڕۆژەوە، ئێران هەوڵی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەداوە.
لە دوای هێرشەکانی جەنگی 12 ڕۆژەوە
تۆڵسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای هێرشی ئیسرائیل و دواتر دەستێوەردانی ئەمریکا و بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، تاران هەوڵی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەداوەتەوە.
تۆڵسی هەرچەندە لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوکردووە ئێران هەوڵی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەداوە، بەڵام کاتێک قسەی بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران کردووە، باسی ئەو بابەتەی نەکردووە.
دەروازەی وێستگە ئەتۆمییەکان داخراون
بەگوتەی بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، دوای بۆردوومانکردنیان، ئێران دەروازەی وێستگە ئەتۆمییەکانی بە خۆڵ و کۆنکرێت داپۆشیووە.
ڕاپۆرتەکە پێچەوانی قسەکانی ترەمپە
ڕاپۆرتەکەی بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، پێچەوانەی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە، کە یەکێک لەو پاساوانەی بۆ هێرشی سەر ئەمریکا دەیهێنێتەوە، هەوڵەکانی تارانە بۆ درووستکردنی چەکی ئەتۆمی.
لێدوانی ترەمپ لەسەر توانا ئەتۆمییەکانی ئێران
ترەمپ دوای جەنگی 12 ڕۆژە، لە چەند بۆنەیەکی جیاوازدا جەختیلەوە کردەوە، توانا ئەتۆمییەکانی تارانیان بە تەواوەتی لەناوبردووە، بەڵام دواتر لە 28ی شوباتی ئەمساڵ ڕایگەیاند، ئێران تەنیا دوو هەفتەیەی مابوو بۆمبی ئەتۆمی درووست بکات.
ئەم ڕاپۆرتەی بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانیی ئەمریکا لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، جۆزیف کینت، بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئەمریکا، بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دەستیلەکار کێشایەوە.
ئاسایش: لە دوو ڕۆژدا 16 هێرش کراوەتەسەر هەرێمى کوردستان
هێرشە درۆنییەکانى سەر هەرێمى کوردستان بەردەوامە و ئەمڕۆش زنجیرەیەک هێرشى درۆنیی کرایە سەر هەولێر، سلێمانى و بە دوو درۆنیش کونسوڵخانەى ئەمریکا لە هەولێر کرایە ئامانج، دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستانیش دەڵێت، لە دوو ڕۆژى ڕابردوودا 16 هێرش کراوەتەسەر ناوچەکانى هەرێمى کوردستان.
10 هێرشی جیاجیا بۆ سەر هەولێر
پەیامنێرى کەناڵ8، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە کاتژمێر 10:30ـى خولەکى بەیانیەوە زیاتر لە 10 هێرشى درۆنیى کراونەتەسەر چەند شوێنێکى شارى هەولێر، بەڵام هێرشەکان هیچ زیانێکى گیانییان نەبووە.
بە ئامانجگرتنی کونسوڵخانەی ئەمریکا
ئاماژەى بەوەشکرد، ئێوارەى ئەمڕۆ کونسوڵخانەى ئەمریکا لە هەولێر بە دوو درۆن بە ئامانج گیراوە، بەڵام هێرشەکان هیچ زیانێکیان نەبووە.
هێرش بۆسەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات
هەروەها، ژمارەیەک هێرشى درۆنیى کرایەسەر بنکەى حیزبەکانى ڕۆژهەڵات لە کۆیە، بەڵام تاوەکو ئێستا زیانەکانى هێرشەکان ئاشکرا نەکراون، هاوکات، هەر ئەمڕۆ ژمارەیەک هێرشى درۆنیى کرایەسەر شارى سلێمانى، بەڵام هیچ زیانێکیان نەبووە.
هێرشی درۆنی بۆسەر بارەگانی پێشمەرگە
دەزگای ئاسایشی هەرێمى کوردستانیش دەڵێت، ڕۆژى سێشەممە، سێ هێرشی درۆنی و دوو هێرشی مووشەکیی کراوەتە سەر بارەگاى هێزەکانى 70 لە شاری سلێمانی و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە برینداربوون، هەروەها، دوو هێرشی درۆنیی کراوەتە سەر شاروچکەی کۆیە - کەمپی پەنابەران و بەهۆیەوە دوو کارمەندی ئاگركوژێنەوەی خەلیفان برینداربوون.
بەگوێرەى دەزگای ئاسایشی هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆش دوو هێرشی درۆنیی کراوەتە سەر بارەگاى هێزەکانى 70 لە شاری سلێمانی و شەش هێرشی درۆنیی کراوەتە سەر شارۆچکەی کۆیە - کەمپی پەنابەران، هیچ زيانێکی گيانى نەبووە و زۆربەی هێرشەکانیش لە ئاسمان تێکشکێنراون.
لێدوانی پارێزگاری هەولێر
ڕۆژى پێنج شەممە، 12ـى ئازارى 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، تەنیا لە یەک شەودا 17 هێرش بۆسەر سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجامدراون و سەرجەمیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هاوپەیمانان تێکشکێنراون و هیچ زیانی گیانی نەبووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی هاوبەشى ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران، هەرێمی کوردستان چەندین جار ڕووبەڕووی هێرشی درۆن و مووشەک بووەتەوە، بەهۆیانەوە پێنج کەس شەهید بوون و زیاتر لە 20 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەى ئامارەکان، لەسەرەتاى دەستپێکردنى هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 177 هێرش کراونەتەسەر شارى هەولێر و ژمارەیەک هێرشى دیکەى درۆنیی کراونەتەسەر شار و ناوچەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان.
جەنگی شەکەتکەر؛ بەرەی مقاوەمەی عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەدا
پاش چاوەڕوانییەکی زۆر؛ دواجار جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ بەرەی مقاوەمە بە سەرکردایەتیی ئێران ڕوویدا؛ ئەوەی لەم جەنگەدا لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدایە، گرووپە عێراقییەکانى بەرەکەیە کە بە هەموو هێزی خۆیانەوە لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەدەن، بەتایبەت کە جەنگەکە بووە بە جۆری شەکەتکەر و هەردوولا هەوڵی پەڕوباڵکردنی یەکتر دەدەن.
هەفتەی سێیەمی جەنگی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەرەو هەفتەی سێیەم هەنگاو دەنێت و بازنەی جەنگەکە گەورەتر و ئاگری شەڕ بڵێسەدارتر دەبێت.
گواستنەوەی جەنگەکە بۆ کەرتی وزە
جەنگەکە لە لێدان لە پێگە سەربازییەکانەوە گواستراوەتەوە بۆ بۆردوومانکردنی دامەزراوە وزەییەکانی یەکدى، ئەوەش جیهانی خستووەتە بەردەم یەکێک لە گەورەترین قەیرانە قوڵەکانی وزە، بەتایبەت پاش داخستنی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا، کە 20%ـی وزەی جیهان دابین دەکەن.
هەڵوێستی بەرەی مقاوەمە
لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەکان بۆسەر ئێران؛ چاوەڕوان دەکرا بەرەی مقاوەمە لە ناوچەکەدا هاوکاریی تاران بکەن، کە سەرچاوەی سەرەکی ڕەوایەتی و هێزیان بوو.
هاتنی حیزبولا بۆ ناو جەنگەکە
حیزبوڵا بە سنوورداریی هاتە ناو جەنگەکەوە، بەڵام ئەوەی بە هەموو هێز و توانایەوە خۆی خزاندووەتە جەنگەکە و لە پشتەوە و لە بەرەی عێراقەوە پەلاماری ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانى دەدات، بەرەی مقاوەمەی عێراقە.
پەلامارەکانی سەر هەرێمی کوردستان
بەشی گەورەی ڕووبەری هێرشەکانی ئەو بەرەیە بۆسەر هەرێمی کوردستانە و ئەو هێزانە دەڵێن، پەلاماری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەدەن، لە کاتێکدا بەشێک لە قوربانییەکانی ئەو هێرشانە، هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بوون.
بەرەی مقاوەمە پاڵپشتیکاری مەعنەوی ئێران
لەگەڵ بێدەنگیی حەماس و حووسییەکان و سنوورداریی هێرشەکانی حیزبوڵا، بەرەی مقاوەمەی عێراق بووەتە گەورەترین پاڵپشتیکاری سەربازی و مەعنەویی ئێران، کە ماندوو و شەکەتە بەدەست هێرشە بێوچانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
جەنگی شەکەتکەر
ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە جەنگی شەکەتکەر کردووە؛ ئەویش ئەو جۆرە جەنگەیە کە هێزی هێرشبەر، بە هەموو هێزی خۆیەوە پالاماری هێزی بەرامبەر دەدات، تاوەکو ئەو کاتەی بە تەواویی شەکەتی دەکات و لە پەلوپۆی دەخات، ئەوەش پێویستی بە کاتی درێژە.
کردنەوەی بەرەی نوێی جەنگ
لەم کاتەدا ئێران پێویستی بە کردنەوەی بەرەی دیکە هەیە، کە بەرەی مقاوەمەی عێراق بەشێک لەو بۆشاییەی بۆ پڕکردووەتەوە.
هێزەکانی مقاوەی عێراق
لە عێراقدا کۆمەڵێک هێز سەربە بەرەی مقاوەمەن و لەسەر هێڵی ئێران هەژمار دەکرێن و لەم جەنگەدا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدان.
ئەو هێزانە نزیکەی سێ هەفتەیە بە درۆن و مووشەک پەلامار دەدەن و وەک خۆیان دەڵێن، لە "پێگەکانی دوژمن" دەدەن.
دیارترین ئەو هێزانەی لەم جەنگەدا لە قەڵای ئێراندا وستاون و بەرگریی دەکەن بریتین لە؛
کەتائیبی حیزبوڵا؛ لە هێزە گەورە و دیارەکانی بەرەی مقاوەمەیە لە عێراق و بە گوتەی خۆیان، هێرشەکانیان بۆسەر پێگەکانی ئەمریکایە کە بە "دوژمن" و "داگیرکەر" ناویان دەبات.
ئەم هێزە لەم جەنگە و ساڵانی ڕابردوودا، کەوتنە بەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەشێک لە سەرکردەکانیان کوژرا. باڵی سیاسیی ئەم هێزە، بزووتنەوەی مافەکانە، کە لە کۆی 329 کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خاوەنی شەش کورسییە.
کەتائیبی حیزبوڵا لە پێگەی خۆیان لە پێناسەی خۆیاندا دەڵێت، گرووپێکی جیهادیی ئیسلامیی مقاوەمەن، کە بڕوایان بە بنەماکانی ئیسلام هەیە و کار بۆ فەرمانڕەوایەتیی ئیسلام دەکەن.
لەگەڵ زیادبوونی چالاکییەکانی هێزەکە دژ بە ئەمریکا، زیاتر کەوتوونەتە بەر هێرشی ئەمریکا و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکە لە جورف سەخر، کە بە ناوەندی سەرەکی ئەوان دادەنرێت، چەند جارێک بۆردوومان کران.
کەتائیبی سەیدولشوهەدا؛ یەکێک لە گرووپە هەرە دیارەکانی عێراقە و لەلایەن ئەبو ئالا ئەلوەلائییەوە سەرکردایەتیی دەکرێت، کە بە یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دادەنرێت، کە هێزی فەرمانڕەوای عێراقە.
لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە کوژرانی وەلائی کرا، بەڵام ئەو زانیارییە لەلایەن هێزەکەوە پشتڕاست نەکرایەوە.
هێزەکە لەژێر هەڕەشە و هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیلدایە و پێش ئەم جەنگە و لە حوزەیرانی ساڵی ڕابردووش، سەرکردەیەکیان لەلایەن فڕۆکە ئیسرائیلییەکانەوە، بە ناوی حەیدەر موسەوی لەسەر سنووری ئێران و عێراق کوژرا.
بزووتنەوەی نوجەبا؛ یەکێکی دیکەیە لە باڵەکانی بەرەی مقاوەمەی عێراق و جیاواز لە هێزە چەکدارەکانی دیکە، بە دوور لە پرۆسەی سیاسیی ناو دەبرێت.
هێزەکە چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و ژمارەیەک سەربازی ئەمریکى بەهۆیانەوە کوژران و بریندار بوون، بەو هۆیەشەوە چەندین جار کەوتوونەتە بەردەم هێرشی ئاسمانیی سوپای ئەمریکا و چەندین کەسی دیار و ئەندامیان کوژراوە.
گروپەکانی دیکەی مقاوەمە
جگە لەو سێ هێزە، چەندین گرووپ و هێزی دیکە لەنێو بازنەی جەنگەکەدان و بەردەوامن لە هێرشەکانیان، لەوانەش؛ سەرایا ئەولیا دەم و ئەسحابولکەهف، کە زیاتر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەرکەوتن.
شەڕی مان و نەمانی ئێران
هێرشەکانی ئەم گرووپە چەکدارانە تەنیا لە چوارچێوەی عێراق و هەرێمی کوردستاندا نەماوەتەوە و گەیشتووەتە دەرەوەی سنوور، لەوانەش کوەیت، کە وای کرد ئەو وڵاتە باڵیۆزی عێراق بانگ بکات و داوای ڕوونکردنەوەی لێبکات.
ئەو گرووپانە و نزیکەکانى دیکەیان لە عێراق، دەیانەوێت شەڕى مان و نەمان بۆ ئێران بکەن، بەتایبەت کە دەگوترێت، خاوەنى ژمارەیەک چەکى قورس و پێشکەوتوون.
هەڵوێستی فەرمی عێراق
حکومەتى عێراق، بە فەرمى چەندین جار هەڵوێستى دژى کردە سەربازییەکانى ئەم گرووپانە دەربڕیوە و بە دەرچوو لە یاسا ناوى بردوون، ئەمەش بەشێکى لەژێر فشارى ئەمریکا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیدا بووە.
هەرچى هەرێمى کوردستانە، کە لەژێر هێرشى چڕى ئەم گرووپانەدایە، بەردەوام داوا لە حکومەتى عێراق دەکات، ڕێگری لەو هێرشانە بکات، کە لەژێر دەسەڵاتى حکومەتى عێراقەوە دەکرێتەسەرى و بەگوتەى بەرپرسانى باڵاى هەرێمى کوردستانیش، تەواوى گرووپە هێرشکارەکان ئاشکرا و دیارن، بەڵام ڕێکاریان لە دژ ناگیرێتەبەر.
کارەبای عێراق: هاوردەی گازی ئێران بە تەواوی ڕاگیراوە
بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، هاوردەی گازی ئێران بۆ عێراق بە تەواوەتی ڕاگیراوە، دەشڵێت، کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی پێدانی کارەبا دەبێت.
لە دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆوە ڕاگیراوە
عادل کەریم، بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، هاوردەی گازی ئێران بۆ عێراق بە تەواوەتی ڕاگیراوە.
کاریکەریی لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا
گوتیشی، وەستانی هاوردەی گازی ئێران، کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا دەبێت.
هەوڵدان بۆ قەرەبووکردنەوەی کارەبا
عادل کەریم ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵدەدەن قەرەبووی کەمبوونەوەی کارەبا بکەن، لەڕێگەی بەکارخستنی ئەو وێستگانەی بە گازاویل کار دەکەن.
زیاتر لە 3000 هەزار میگاوات کەمیکردووە
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی کارەبای عێراق بڵاویکردەوە، بەهۆی ڕاگرتنی هاوردەی گازی ئێرانەوە، سێ هەزار و 200 مێگاوات کارەبا کەم دەبێتەوە.
ڕاگرتنی هاوردەی گازی ئێران بۆ عێراق، دوای بۆردوومانکردنی وێستگەی گازی عەسلویە دێت لە باشووری ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە.
لە وەڵامی بۆردوومانکردنی وێستگەکە، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر سەرچاوەی وزەی ناوچەکە دەکات و میدیای ئێرانیش ناوی چەند دامەزراوەیەکی نەوت و گازی لە وڵاتانی کەنداو بڵاوکردەوە، دەڵێت، هێرش دەکەنە سەر دامەزراوەکانى نەوت لە چەند وڵاتێکى کەنداو.
قەتەڕ: هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کێڵگەکانی غاز نابەرپرسیارانەیە
قەتەڕ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە بە نابەرپرسیارانە ناو دەبات و دەڵێت، ئەو هێرشانە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وزەی جیهان دروستدەکەن.
هەنگاوێکی مەترسیدار و نابەرپرسیارانەیە
پاش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە گازی و نەوتییەکانی ئێران، ماجد محەممەد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کێڵگەی گازیی پارسی باشوور لە ئێران، کە درێژکراوەی کێڵگەی گازی باکوورە لە قەتەڕ، هەنگاوێکی مەترسیدار و نابەرپرسیارانەیە.
مەترسییە بۆ ئاسایشی وزەی جیهانی
ئەنساری ئاماژەی بەوەش کردووە، لەم دۆخی جەنگەدا، هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی ژێرخانی وزە، مەترسییە بۆ ئاسایشی وزەی جیهانی، خەڵک و ژینگەی ناوچەکە.
ئەنساری داوا لە هەمووان دەکات خۆیان لە بەئامانجگرتنی دامەزراوە مەدەنییەکان بپارێزن و پارێزگاری لە ئاسایشی ناوچەکە بکەن.
پزیشکیان کوژرانی وەزیری ئیتڵاعاتی ڕاگەیاند
سەرککۆماری ئێران، کوژرانی وەزیری ئیتڵاعاتی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و بە "تیرۆرێکی نامەردانە" ناویدەبات، دەشڵێت، ڕێگەکەیان بەردەوام دەبێت.
"تیرۆرکردنی نامەردانەی هاوکارەکانم"
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆرمی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "تیرۆرکردنی نامەردانەی هاوکارەکانم؛ ئیسماعیل خەتیبزادە، عەلی لاریجانی و عەزیز نەسیرزادە لەگەڵ بەشێک لە هاوکار و خێزانەکانیان، نیگەرانی کردین."
ڕێگەکەیان بەردەوام دەبێت
پزیشکیان دەڵێت، بەبۆنەی کۆچی دوایی دوو ئەندامی کابینەکەی و سکرتێری باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، سەرەخۆشی لە وڵاتەکەی دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە؛ ڕێگەکەیان بەردەوام دەبێت.
ڕۆژی چوارشەممە، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کوژرانی وەزیری ئیتڵاعاتی ڕاگەیاند، ڕۆژی پێشتریش کوژرانی لاریجانی ڕاگەیێنرا و عەزیز نەسیرزادەش لە ڕۆژانی سەرەتای هێرشەکاندا کوژرا.
نێچیرڤان بارزانی: دەبێت عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاگری شەڕ دووربخرێنەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆنسوڵی تورکیا کۆبوونەوە و جەختیان کردەوە، کە نابێت ڕێگە بدرێت عێراق و هەرێمی کوردستان پەلکێشی نێو شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بکرێن.
کۆبوونەوەیەک بۆ پاراستنی سەقامگیری
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، 18ـی ئازاری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئەرمان تۆپچو، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا کرد. تەوەرە سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی مەترسییەکانی شەڕ و لێکەوتەکانی لەسەر ناوچەکە بوو.
هەوڵی دیپلۆماسی وەک چارەسەر
هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە هەوڵە دیپلۆماسییەکان چڕ بکرێنەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە فراوانبوونی شەڕ بکرێت. جەختیان لەوەش کردەوە کە پاراستنی ئارامیی عێراق و هەرێمی کوردستان لەم کاتەدا لە هەموو شتێک گرنگترە و نابێت وڵاتەکە ببێتە بەشێک لەو ئاڵۆزییانە.
سوپاسگوزاری بۆ ئاسانکارییەکانی تورکیا
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی حکومەتی تورکیای کرد بۆ ئەو ئاسانکارییە بەردەوامانەی لە دەروازە سنوورییەکان بۆ گەشتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەیکەن، کە ئەمەش بووەتە هۆی گەشەکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان.
پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر داهاتووی ناوچەکە کرا، هەردوولا هیوایان خواست کە کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن.
کاتز: مۆڵەتمان داوەتە سوپا بێ پرسی حکومەت بەرپرسە باڵاکانی ئێران تیرۆر بکات
ئیسرائیل قۆناغێکی نوێی لە رووبەڕووبوونەوەی ئێران دەستپێکردووە و وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەش دەڵێت، "ئامانجمان گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانییە لە ئێران".
بڕیارێکی نوێ و کتوپڕ
ڕۆژی چوارشەممە، 18ـی ئازاری 2026، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند؛ سوپای وڵاتەکەی مۆڵەتی فەرمی پێدراوە بۆ ئەوەی هەر بەرپرسێکی باڵای ئێران لە هەر دەرفەتێکدا بێت، تیرۆر بکات و لەناوی ببات.
پێویست بە ڕەزامەندیی پێشوەختە ناکات
بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، سوپای ئیسرائیل ئیدی پێویستی بەوە نابێت بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێکی تیرۆرکردن، بگەڕێتەوە بۆ حکومەت یان ڕەزامەندیی ئاستی سیاسی وەربگرێت، بەڵکو تەنیا بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان دەتوانن هەر بەرپرسێکی باڵای ئێران بکەنە ئامانج.
هاوئاهەنگی نێوان ناتانیاهۆ و کاتز
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، ئەو و بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیران، گڵۆپی سەوزیان بۆ سوپا هەڵکردووە بۆ ڕاوەدوونانی ئەو بەرپرسانەی ئێران کە لە ڕووی ئۆپەراسیۆنییەوە مەترسین و ناویان لە لیستی دەزگا هەواڵگرییەکاندان.
ئامانجە گەورەکە: گۆڕینی ڕژێم
یسرائیل کاتز جەختی لەوە کردەوە، کارەکانیان تەنیا بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانەکان نییە، بەڵکو ئامانجی کۆتایی ئیسرائیل لەناوبردنی بەرپرسە باڵاکانی ڕژێمی ئێران و گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانییە لەو وڵاتەدا.
سعودیە: سبەی تەوااوکەری مانگی ڕەمەزانە
دیوانی شاهانەی سعودیە، لە زاری دادگای باڵای ئەو وڵاتەوە ڕایگەیاند، سبەی پێنجشەممە، تەواوکاری مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەو هەینی یەکەم ڕۆژی جەنگی ڕمەزانە.
نرخى نەوتى برێنت 110 دۆلارە
لە بازاڕەکانى ئاسیا نرخى نەوت بەرزبوونەوەى تۆمار کردووەو نەوتى برێنت زیاتر 6% بەرزبوونەوەى تۆمارکردووە و یەک بەرمیل نەوت 109 دۆلارى تێپەڕاند.
نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت
یەک بەرمیل نەوتى برێنت بە 109 دۆلارو 95 سەنت و بەڕێژەى 6.31% بەرزبوونەوەى تۆمار کردووە.
نرخی بەرمیلێک نەوتی تەکساس
هەروەها یەک بەرمیل نەوتى تەکساس بە 99 دۆلارو 17 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت و بەڕێژەى 3.08% بەرزبوونەوەى تۆمار کردووە.
رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و عێراق
ئەمە لەکاتێکدایە، هەرێمى کوردستان و عێراق ڕێککەوتوون و ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـى ئازار کاتژمێر 10:00 هەناردەى ڕۆژانەى 250 هەزار بەرمیل نەوتى کەرکوک بە بۆرییە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهان دەستیپێکردووە.
بەرزبوونەوەى نرخى نەوتى لە بۆرسەى ئاسیا لەکاتێکدایە، کە ئەمڕۆ 19 ڕۆژە جەنگى ئەمریکاو ئیسڕائیل بەرامبەر ئێران بەردەوامەو بەو هۆیەوە گەرووى هوورمز لەلایەن ئێرانەوە داخراوە.
خاتەمولئەنبیا: هێرش دەکەینە سەر ژێرخانی وزەی ناوچەکە
گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر سەرچاوەی وزەی ناوچەکە دەکات و دەڵێت، ئەمریکا و ئیسرائیل هێڵی سووریان بەزاندووە و هێرشیان کردووەتە سەر سەرچاوەی وزەی وڵاتەکەی.
هێرشکراوەتە سەر ژێرخانی وزەی باشووری ئێران
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیا لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، دوژمن هێرشیکردووەتە سەر بەشێک لە ژێرخانی وزەی ئێران لە باشووری وڵاتەکەمان.
هۆشداریی پێشوو
دەشڵێت، پێشتریش هۆشداریمان دابوو، ئەگەر ژێرخانی نەوت، وزە، غاز و ئابووریی وڵاتەکەمان بکرێتە ئامانج، بە تووندی وەڵامی سەرچاوەی هێرشەکان دەدەینەوە.
گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا جەخت لەوە دەکاتەوە، بە ئامانجگرتنی سەرچاوەی وزە، گاز و نەوتی وڵاتانی دووژمن مافێکی ڕەوای خۆیانە.
لە نزیکترین دەرفەتدا هێرشەکان ئەنجام دەدرێت
بەگوتەی گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولەئەنبیا، لە نزیکترین دەرفەتدا، هێرشەکانیان بۆسەر سەرچاوەی وزەی دووژمن لە ناوچەکە ئەنجام دەدەن.
هێرش کراوەتە سەر دامەزراوەی غازی عەسلەویە
ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ، هێرشکرایە سەر دامەزراوەی غازی عەسلەویە لە ناوچەی پارس لە باشووری ئێران و زیانی گەورەی بە کێڵگەکان گەیاندووە، کە سەرچاوەی دابینکردنی بەشێکی گەورەی کارەبای ئێرانە.
بەهۆی بۆردومانی حەشدی شەعبییەوە لەقائیم 9 قوربانی هەیە
جارێکی دیکە بۆردومانی حەشدی شەعبی لە قائم کرا و لایەنی کەم ٣ کوژراو زیاتر لە ٦بریندار هەیە.
میدیا و زانیاری: بڵاوکردنەوەی زانیاری و نهێنیی سەربازی قەدەغەیە
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنمایی نوێ دەداتە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و جەختدەکاتەوە، بڵاوکردنەوەی زانیاری و نهێنیی سەربازی قەدەغەیە، دەشڵێت، وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی دیمەنی تێکشکاندنی درۆنەکان لە ئاسماندا یان پیشاندانی پاشماوەکانی قەدەغەیە.
بەهۆی ئەو بارودۆخە هەستیارەی ناوچەکەوە
لە راگەیێنراوێکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری باسی لەوەکردووە، بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنی و هەستیارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت و لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان ڕێنمایی و هۆشداریی کۆتاییان ئاڕاستەی سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن (ناوخۆیی و بیانی) کردووە و دەڵێت، "بەرژەوەندییە باڵاکان لەبەرچاو بگرن و بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە مامەڵە بکەن".
قەدەغەکردنی جۆرێک لە زانیاری
ئەوەشهاتووە، بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیاری و نهێنییەکی سەربازی کە خزمەت بە نەیارانی کوردستان بکات و زیان بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بگەیەنێت، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
مەترسی لە پێدانی زانیاری تەکنیکی و مەیدانی هەستیار بە دوژمن
وێنەگرتن یان بڵاوکردنەوەی دیمەنی تێکشکانی درۆنەکان لە ئاسماندا یان پیشاندانی پاشماوەکانیان بەهەمان شێوە قەدەغەیە، چونکە زانیاریی تەکنیکی و مەیدانیی هەستیار دەدات بە دوژمن، یاخود دەرخستنی شوێنە بەئامانجگیراوەکان یان وێنەگرتنی دامەزراوە سیادی و ئەمنییەکان دەستبەجێ دوای ڕووداوەکان قەدەغەیە، وەک لە ڕاگژەیێنراوەکەادا هاتووە.
هۆشداری بۆ دەزگا و دامەزراوە میدیاییەکان
فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێت، هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن پابەندی ئەم ڕێنماییانە نەبێت یان بە شێوازێکی ناپیشەیی ڕووماڵی هەواڵەکانی شەڕ و پەلامارەکان بکات، دەستبەجێ لەلایەن دژەتیرۆری کوردستانـەوە ڕووبەڕووی لێپیچینەوە و سزای یاسایی دەبێتە و بەرامبەر سەرپێچیکاران، ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی توند دەگیرێتە بەر، کە دەگاتە کێشانەوەی مۆڵەتی کارکردن یان داخستنی هەمیشەیی. بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لە 13ـی ئازاری 2026.
وەزارەتى پێشمەرگە: بەهۆى هێرشى درۆنەوە سێ پێشمەرگە برینداربوون
وەزارەتى پیشمەرگەى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆى هێرشى درۆنى بۆ سەر دوو بارەگای یەکەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە هەولێر و سلێمانی، سێ پێشمەرگە برینداربوون.
پێشتریش چەندین جار پێشمەرگە بۆردومانکراوە
وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێنراوێکدا ئەوەى خستووەتەڕوو، ئەم دەستدرێژییە نابەرپرسانەیە لەکاتێکدایە، پێشتریش چەندین جار بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە ڕووبەڕووی بۆردوومان بوونەتەوە، دەشڵێت، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانمان لەو پێشێلکارییانە ئاگادار کردووەتەوە.
داوایەک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق
وەزارەتى پێشمەرگە داوا لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکات بە ئەرکی یاسایی خۆی هەستێت و سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە ناوخۆییانە دابنێت.
گرتنەبەری هەنگاوی خێرا بۆ ڕێگری لە گروپە لە یاسا دەرچووەکان
وەزارەتى پێشمەرگە بە پێویستى دەزانێت، هەنگاوی خێرا و بەپەلە بنرێت بۆ ڕێگریکردن لەو گروپە لە یاسا دەرچووانە بۆ دووبارە نەکردنەوەی ئەم کردەوانە، کە وەکخۆی دەڵێت، دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.
کۆمپانیای نەوتی باکوور: بۆرییە نەوتەکان توانای هەناردەکردنی 500 هەزار بەرمیل نەوتیان هەیە
کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕایگەیاند، تروومپاکانی نەوتی کەرکووک دەرواتە بەندەری جەیهان، توانایان هەیە 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەبکەن، ئەوەش لەپاش دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کەرکووک لەڕێگەی وێستگەی سارالو بۆ بەندەری جەیهان بەبڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
هەناردەکردن لە سێ وێستگەوە
کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕایگەیاندووە، ئەو نەوتەی ئەمڕۆ دەستکراوە بە هەناردەکردنی لە کێڵگەکانی بای حەسەن، وێستگەی سردشاغ و سارالو'ە و پرۆسەکە بەڕێک و پێکی بەڕێوەدەچێت و جەختیشکراوەتەوە لە بێ کێشەیی و ڕێک و پێکی بۆرییەکان.
500 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە
لەبارەی توانای هەناردەی ڕۆژانەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، تروومپاکان توانایان هەیە ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت بنێرن و هەناردەبکەن، ئەوەش بە پشتبەستن بە بۆرییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و ئاماژەکان بە ئاڕاستەی زیادکردنی بەرهەمهێنانن و کۆمپانیاکەیان و وەزارەتی سامان سرووشتییەکان بە نیازی زیادکردنی تروومپاکانن.
وێستگەی سارالو
وەمیز ئایدن "ئەیدین" بەرپرسی وێستگەی سارالو ڕایگەیاندووە، وێستگەکەیان شەش تروومپای هەیە و هەر تروومپایەک 700 مەتر سێجایە لە کاتژمێرێکدا ئەویش ڕایگەیاندووە کاردەکەن بۆ زیادکردنی تروومپاکان و سەرجەم هێڵ و بۆرییەکانی نەوت لەلایەن پۆلیسی وزەوە پارێزگاری لێدەکرێت.
هەناردە بە بۆریی نەوتی کوردستان
ئەوە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پڕۆسەی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی ژێرخانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستیپێکردەوە.
بەگەڕخستنەوەی هەناردەی نەوتی باکوور
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی 18ـی ئادار، کاژێر 6:30ـی بەیانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەست بە کارپێکردنی وێستگەی نەوتی سارالو کراوە. ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆ و ئامادەکاریی تەکنیکی دێت بۆ دووبارە بەگەڕخستنەوەی هەناردەی نەوتی باکوور.
نەوتەکە دەخرێتە بازاڕی جیهانییەوە
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ئامانج لەم کارپێکردنە گواستنەوەی 250,000 بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە بۆ وێستگەی فیشخابوور. بڕیار وایە ئەم بڕە نەوتە لە ڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بەندەری جەیهانی تورکی لەسەر کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست بکرێت، تاوەکو لەوێوە بخرێتە بازاڕە جیهانییەکانەوە.
ئیسرائیل: ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران کوژرا؛ فەرمانی کوشتنی بەرپرسانی ئێران دەرکراوە
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل، ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی ئێرانیان لە هێرشێکی ئاسمانيدا کوشتووە.
بە فڕۆکە کراوەتە ئامانج
خەتيب لە ساڵی 2021ەوە وەزيری ئيتلاعاتی ئێرانە، لەلايەن فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی ئيسرائيلەوە لە تارانی پايتەخت کراوەتە ئامانج.
ڕۆڵی وەزارەتی ئیتڵاعات
سوپای ئيسرائيل دەڵێت "وەزارەتی ئیتلاعات ڕێکخراوی سیخوڕی ئێرانە، هەروەها ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە لە پشتیوانیکردنی سەرکوتکردن و چالاکییەکانی ڕژێمدا".
فەرمانی کوشتنی بەرپرسانی ئێران
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕاشیگەیاندووە، دەسەڵات دراوە بە سوپای وڵاتەکە بەبێ ئەوەی پێویستی بە ڕەزامەندیی زیاتر هەبێت، هەر بەرپرسێکی باڵای ئێران بيانەوێت بيکەنە ئامانج.
کوشتنی بەرپرسانی ئێران بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرەوە
کاتز لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا باسی ئەوەیکردووە، لەگەڵ بنيامين نەتانياهوو، سەرۆکوەزيرانی ئيسرائيل دەسەڵاتيان بە هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل داوە، هەر بەرپرسێکی باڵای ئێران کە بازنەی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنەکان دەيگرێتەوە لەناوی ببەن بەبێ ئەوەی پێویستی بە ڕەزامەندی زیاتر هەبێت.
"هەموویان لە ناو دەبەین"
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە بەشی کۆتایی گوتەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە "بەردەوام دەبن لە ناوبردن و ڕاوکردنی هەموویان".
سەباح نوعمان: هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا تێکدانی سەروەرییە
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق هێرشەکانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە "تیرۆریستی" و "تێکدەری سەروەری" ناودەبات و ڕادەگەیەنێت کە سەرۆکوەزیران فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەرکردووە.
سەرکۆنەکردنی هێرشەکان وەک کاری تیرۆریستی
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، جارێکی دیکە گرووپە لەیاسادەرچووەکان هێرشیان کردووەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد. نوعمان ئاماژەی بەوە کرد کە دەوڵەت بە توندی ئەم جۆرە کارە تاوانکارییانە ڕەتدەکاتەوە و وەک هێرشێکی تیرۆریستیی ئاشکرا بۆ سەر سەروەری و شکۆی عێراق هەژماری دەکات.
پێشێلکردنی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان
بە گوتەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتی، بەئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەکان عێراق دەخاتە دۆخێکی شەرمەزارکەر لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە پێشێلکارییەکی مەترسیداری ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندییە دەرەکییەکان دادەنرێت. هۆشداریشی دا کە ئەم جۆرە کارە نابەرپرسانەیە ڕەنگە ببێتە پاڵنەر بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی وا کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی گەل و نیشتمان بگەیەنێت.
فەرمانی سەرۆکوەزیران بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران
سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەت و لایەنە ئەمنییەکان، سەباح نوعمان ئاشکرای کرد کە پاش هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەکان کردووە بەبێ هیچ کەمتەرخەمییەک بەدواداچوون بۆ تاوانباران بکەن و ڕادەستی دادگایان بکەن تاوەکو سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.
ڕووبەڕووبوونەوەی چەکی دەرەوەی یاسا
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە هێزە ئەمنییەکان هیچ کەمتەرخەمییەک ناکەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر لایەنێک کە بیەوێت چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت بەکاربهێنێت و ئاسایشی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق تێکبدات.
شارەزایانی ژینگە: جەنگ و داگیرکاری جووڵەی ژیانی کێوی تێکدەدات و ڕێگرە لە پڕۆژە بەردەوامەکان
لێکۆڵینەوە ژینگەییەکان دەریدەخەن داگیرکاری و ململانێ سەربازییەکان تەنیا زیانی مرۆیی و سیاسییان نییە، بەڵکو دەبنە هۆی داڕمانێکی هێواشی ژێرخانی سروشتی و بێبەشکردنی دانیشتووان لە مافە ژینگەییە سەرەتاییەکان.
پەککەوتنی پڕۆژە ژینگەییەکان
لە کاتی داگیرکاریدا، چ کورتخایەن بێت یان درێژخایەن، پرۆسەی گەشەپێدانی بەردەوام ڕووبەڕووی بەربەست دەبێتەوە. داگیرکاری دەبێتە ڕێگر لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەو بەرنامە و پڕۆژە ژینگەییانەی کە پێشتر وڵاتەکە بۆ پاراستنی سروشت دایڕشتوون. ئەم دۆخە لەگەڵ کەمیی وەبەرهێناندا دەبێتە هۆی داڕمانی ژێرخانی ژینگەیی کە پێشتر لە کاتی شەڕ و ململانێکاندا زیانی بەرکەوتووە.
کاریگەریی ئامادەیی سەربازی لەسەر سروشت
زیادبوونی جووڵەی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان و دامەزراندنی بنکە و ناوچەکانی ڕاهێنان، دیمەنی سروشت تێکدەدەن. دروستکردنی دیوار و پەرژینە ئەمنییەکان جووڵەی ئازادانەی ژیانی کێوی پەکدەخەن و دانیشتووانی ناوچەکە لەو سەرچاوە سروشتییانە دادەبڕن کە پێشتر پشتیان پێ بەستووە. هاوکات بەڕێوەبردنی خراپی پاشماوەکان لە بنکە سەربازییەکاندا مەترسیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر تەندروستیی گشتی و ژینگە دروست دەکات.
ململانێ لەسەر سەرچاوە سروشتییەکان
لە سەردەمی داگیرکاریدا بەڕێوەبردنی نادادپەروەرانەی سەرچاوەکان دەبێتە دیاردەیەکی باو. دەستگەیشتن بە ئاوی پاک دەبێتە کێشە و زۆرجار دەرهێنانی زیاد لە پێویستی ئاوی ژێر زەوی و کانزاکان و ماددە سروشتییەکانی دیکە ڕوودەدات. زۆرجار ئەو ڕێکارانەشی کە دانیشتووانی داگیرکراو بۆ دژایەتیکردنی داگیرکەر دەیگرنە بەر، دەبنە هۆی زیاتبوونی زیانە ژینگەییەکان لە ناوچەکەدا.
جیاکاری لە مافە ژینگەییەکاندا
چاودێریکردنی ژینگە لە ناوچە داگیرکراوەکاندا زۆرجار سنووردار یان لایەنگرانەیە، ئەمەش ڕێگە بۆ تێکچوونی زیاتری ژینگە خۆش دەکات. دانیشتووانی ئەم ناوچانە بێبەش دەبن لەو مافە ژینگەییانەی کە دانیشتووانی وڵاتی داگیرکەر هەیانە. بەو هۆیەوە، خەڵکی ناوچە داگیرکراوەکان ناچار دەبن لەگەڵ خزمەتگوزاریی ژینگەیی لاواز، سەرچاوەی سنووردار و ئاستێکی بەرزی پیسبووندا ژیان بەڕێ بکەن.
نەتەوەیەکگرتووەکان: ئێران نموونەی هەرە دیاری مایەپوچبوونی ئاوە لە جیهاندا
ئێران لە کاتێکدا لە نێو جەنگدایە کە قەیرانە ژینگەییەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و هۆشداری دەدرێت کە شەڕ و بۆردومانەکان فشارەکان بۆ سەر سەرچاوە ئاوییەکان و پاکیی هەوا قورستر دەکەن.
وەبەرهێنانی ژینگەیی لە ناوچەکەدا
لەکاتێکدا هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە وەبەرهێنانی زۆریان لە زانستی ژینگەدا کردووە، وەک وڵاتی سعوودیە کە پلانی هەیە تاوەکو ساڵی 2030 ملیۆنان دار بچێنێت و ناوچە دەریاییەکانی بپارێزێت، یان وڵاتی عومان کە کار لەسەر نۆژەنکردنەوەی دارستانەکانی دەکات، بەڵام ئێران بە لاوازییەکی ژینگەیی قووڵ و توانایەکی سنووردارەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی کاریگەرییە ژینگەییەکان، چووەتە ناو جەنگەوە.
مایەپوچبوونی ئاو و داڕمانی خاک
بەپێی توێژینەوەیەکی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئێران نموونەیەکی سەرەکیی مایەپوچبوونی ئاوە لە جیهاندا. دەرهێنانی بێشوماری ئاوی ژێر زەوی لەو وڵاتەدا بووەتە هۆی داڕمانی خاک. سەرەڕای ئەم مەترسییانە، بەکارهێنانی ئاو هێشتا لە ئاستێکی بەرزدایە و کەمبوونەوەی ئاو بووەتە دیاردەیەکی باو، بە جۆرێک لە هەندێک شەودا لە شارە گەورەکاندا ئاو بە تەواوی دەبڕدرێت.
پیسبوونی هەوا و مەترسییەکانی تاران
یەکێکی دیکە لە کێشە ژینگەییەکان پیسبوونی هەوایە کە مەزەندە دەکرێت ساڵانە ببێتە هۆی هەزاران حاڵەتی مردن. شاری تارانی پایتەخت بەردەوام وەک یەکێک لە پیسترین شارەکانی جیهان ناوی دەهێنرێت و ئەم کێشەیەش بووەتە قەیرانێکی درێژخایەن بۆ دانیشتووانەکەی.
پەیوەندیی ژینگە و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە کێشە ژینگەییەکان، بەتایبەتی قەیرانی ئاو، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە زیادبوونی خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانەوە هەیە لە دژی دەسەڵاتی ئێستای ئێران. هۆشداری دەدرێت کە جەنگی ئێستا دەبێتە هۆی قورسترکردنی فشارەکان و زیاترکردنی ناڕەزایەتییەکان.
کاریگەریی جەنگ لەسەر ئەولەویەتەکان
زیانگەیاندن بە ژێرخان و پیسبوونی ژینگە بەهۆی بۆردومانەکان، لەگەڵ سنوورداربوونی سەرچاوە داراییەکانی دەوڵەت، وادەکات چاککردنەوەی ژینگە لە لیستی کارە لەپێشینەکانی دوای جەنگدا پلەیەکی نزمی هەبێت. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە جەنگ نەک تەنیا ژینگە تێکدەدات، بەڵکو ئەو دامەزراوانەش لاواز دەکات کە ئەرکیان پاراستنی ژینگەیە.
کاریگەرییە ژینگەییە نێودەوڵەتییەکان
دەرەنجامە ژینگەییەکانی ئەم جەنگە سنوورەکان دەبەزێنێت، چونکە بازاڕەکانی وزە، ڕێڕەوە دەریاییەکان و ئیکۆسیستەمە هاوبەشەکان پێکەوە بەستراونەتەوە. لە ناوچەیەکدا کە خۆی لە ژێر فشاری گۆڕانی کەشوهەوادایە، تێکچوونی ژینگەی ئێران کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر ژینگەی گۆی زەوی دروست دەکات.
خاوەن نانەواخانەکانی ڕەواندز گردبوونەوە؛ داوای دابینکردنی غاز دەکەن
بەهۆی گرانبوونی بەشێک لە کەرەستەی نانەواخانەکانەوە، ژمارەیەک لە خاوەنی نانەواخانەکانی ڕەواندز گردبوونەوە و لەگەڵ قایمقام کۆبوونەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و دابینکردنی غاز بۆیان.
نیگەرانیی لە گرانبوونی نرخی غاز
خاوەن نانەواخانەکان نیگەرانن لە گرانبوونی نرخی غاز، ئارد و عەلاگە و دەڵێن، لە زەرەرداین.
ناچار دەبن 4 نان بکەن بە هەزار دینار
ئەو خاوەن نانەواخانە لە ڕەواندز دەشڵێن، ئەگەر کێشەکانیان چارەسەرنەکرێت یاخود غازیان لە قائیمقامیەتەوە بۆ دابین نەکرێت، ناچارن یان نانەواخانەکان دابخەن، یاخود چوار نان بدەن بە هەزار دینار.
تورکیا: سیستمێکی دیکەی پاتریۆت لە ئەدەنە جێگیر دەکرێت
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایدەگەیەنێت، لە دوای تێکشکاندنی مووشەکێکی بالیستیکی کە لە ئێرانەوە ئاراستەی کایەی ئاسمانیی وڵاتەکەیان کرابوو، سیستمێکی نوێی بەرگریی پاتریۆت لە ئەدەنە جێگیر دەکرێت.
تێکشکاندنی مووشەکێکی ئێرانی
زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، لە 13ی ئازاردا مووشەکێکی بالیستیکی پاش ئەوەی لە ئێرانەوە هەڵدرابوو، هاتە نێو کایەی ئاسمانیی تورکیا و لەلایەن سیستمی بەرگریی مووشەکی و ئاسمانیی ناتۆوە تێکشکێندرا. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا ئەنقەرە لەگەڵ تاران لە پەیوەندیدایە بۆ ئەوەی هەموو ڕەهەندەکانی ئەو ڕووداوە ئاشکرا بکرێن.
بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی لە ئەدەنە
بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی کایەی ئاسمانی و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، بڕیاردراوە سیستمێکی دیکەی پاتریۆت لە پارێزگای ئەدەنە جێگیر بکرێت. ئەم سیستمە نوێیە لەلایەن فەرماندەیی ئاسمانیی هاوپەیمانان لە "ڕامشتاین"ی ئەڵمانیا ئەرکدار کراوە و بڕیارە لەپاڵ سیستمی پاتریۆتی ئیسپانییدا کار بکات کە پێشتر لەو ناوچەیە جێگیر کراوە.
ئامانج ڕەحیم وردەکاری ڕێککەوتنی نوێی هەولێر و بەغداد ئاشکرا دەکات
ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتن بە ڕێککەوتنی هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی بۆریی هەرێمەوە ڕادەگەیەنێت و جەخت لە پابەندییە یاساییەکانی بەغداد بۆ ناردنی مووچە دەکاتەوە و دەڵێت، خۆشحاڵبووم وەک ئەندامی شاندی دانووستانکار، ڕۆڵێکی کاریگەر و بەرپرسیاریم هەبوو لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی گرنگی هەناردەکردنی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک هاوشان لەگەڵ نەوتی هەرێم لە ڕێگای بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان – جەیهان.
ڕێککەوتنی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک
ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی شاندی دانوستانکار ڕایگەیاند، گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک هاوشان لەگەڵ نەوتی هەرێمی کوردستان. ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی بۆریی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان – جەیهان ئەنجام دەدرێت.
پابەندییە یاساییەکانی حکومەتی فیدراڵ
سەبارەت بە شایستە داراییەکانی هەرێم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە بڕیارێکی تەشریعی، حکومەتی فیدراڵی بە یاسا پابەند کردووە بە بەردەوامی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم. بەپێی ئەم بڕیارە، دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکەی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و شایستەکانیان بۆ خەرج بکرێت.
کاریگەریی ڕێککەوتنەکە لەسەر داهات و متمانە
ئامانج ڕەحیم ڕایگەیاند، ئەم بەرەوپێشچوونە متمانەی نێوان هەولێر و بەغداد پتەوتر دەکات و ڕەنگدانەوەی شەراکەتی دەستووریی نێوان هەردوو لایەنە. ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە بنچینەیەکی بەهێز بۆ دابینکردنی بەشێکی گرنگی داهات و لە ئەنجامدا پاڵپشتی بەردەوامی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات.
دۆناڵد ترەمپ: ئێران ژیریی دەستکرد بۆ دروستکردنی وێنە و ڤیدیۆی ساختە بەکاردەهێنێت
لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، ژیریی دەستکرد بووەتە ئامرازێکی سەرەکی؛ واشنتن تاران بە "چەواشەکاریی میدیایی" تۆمەتبار دەکات و هاوکات خۆی و تەلئەڤیڤ تەکنەلۆژیاکە بۆ "دیاریکردنی ئامانجە سەربازییەکان" بەکاردەهێنن.
تۆمەتەکانی ترەمپ بۆ سەر تاران
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە ژیریی دەستکرد بۆ دروستکردنی وێنە و ڤیدیۆی ساختە بەکاردەهێنێت تاوەکو سەرکەوتنەکانی تاران لە دژی واشنتن گەورەتر نیشان بدات. ترەمپ لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران وێنەی چەواشەکاری بۆ نیشاندانی پشتیوانیی خەڵک و سەرکەوتن لە مەیدانی جەنگ بەکاردەهێنێت و هۆشداری دا کە ئەم تەکنەلۆژیایە دەکرێت ببێتە ئامرازێکی زۆر مەترسیدار بۆ پڕوپاگەندە.
نموونەکانی "چەواشەکاریی" میدیایی
بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، میدیاکانی ئێران وێنەی ساختەی ئەو ڕووداوانە بڵاودەکەنەوە کە هەرگیز ڕوویان نەداوە. ترەمپ وەک نموونە باسی لە ڤیدیۆی هێرشکردنە سەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی "ئەبراهام لینکۆڵن" و هێرشی بەلەمەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا کرد. هەروەها گومانی خستەسەر ئەو دیمەنانەی کە تیایدا کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵک بۆ پشتیوانیکردنی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران دەردەکەون و بە "فەیک" ناوی بردن.
ژیریی دەستکرد وەک ئامرازی کوشتن
لە کاتێکدا تاران بە چەواشەکاری تۆمەتبار دەکرێت، ئەمریکا و ئیسرائیل ژیریی دەستکرد بۆ مەبەستی سەربازی و کوشتنی ئامانجەکان بەکاردەهێنن. ئیسرائیل لە جەنگەکاندا سوود لە چەندین مۆدێل وەردەگرێت، لەوانە: "The Gospel" بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان، "Lavender" بۆ ناسینەوەی تاکەکان، و "Where’s Daddy" بۆ دەستنیشانکردنی کاتی گەڕانەوەی کەسایەتییە داواکراوەکان بۆ ماڵەوە. هاوکات ئەمریکاش مۆدێلی "Project Maven" بۆ ناسینەوەی تەنەکان و سیستەمی "Palantir" بۆ یەکخستنی زانیارییە هەواڵگرییەکان بەکاردەهێنێت.
ململانێی ڕاستی و متمانەی میدیایی
پسپۆڕانی بوارەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوزەدکردنی ڕاستییەکان بە چەواشەکاری، بەشێکە لە جەنگی پڕوپاگەندە بۆ ئەوەی متمانە لای بینەر نەهێڵن. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر وێنەکانی ئێران ساختەن، بۆچی ئەمریکا و ئیسرائیل میدیاکان نابەنە شوێنی ڕووداوەکان تاوەکو ڕاستییەکە دەربکەوێت. ئەم دۆخە بووەتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی و دەزگاکانی میدیا، بە شێوەیەک ترەمپ ڕەخنەی توندی لە ڕۆژنامەوانانی وڵاتەکەی گرتووە و داوای پێداچوونەوە بە مۆڵەتی کارکردنی دەزگا میدیاییەکان دەکات.
عەباس عێراقچی: کوشتنی عەلی لاریجانی گورزێکی کوشندە نییە بۆ سەرکردایەتیی ئێران
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، کۆماری ئیسلامی خاوەنی ژێرخانێکی سیاسیی پتەوە و کوژرانی بەرپرسە باڵاکان نابێتە هۆی پەکخستنی سیستەمی حوکمڕانی لە وڵاتەکەدا.
کاردانەوەی تاران بەرامبەر کوژرانی لاریجانی
دوای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی کوژرانی عەلی لاریجانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە هێرشێکی شەوی دووشەممەدا بۆ سەر تاران، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە دیمانەیەکدا ڕایگەیاند، ئەم ڕووداوە گورزێکی کوشندە نییە بۆ سەرکردایەتیی وڵاتەکەی. عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا و ئیسرائیل هێشتا تێنەگەیشتوون کە سیستەمی حوکم لە ئێران لەسەر یەک کەس بونیاد نەنراوە.
پێکهاتەی دامەزراوەیی و سیاسیی ئێران
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی خاوەنی ژێرخانێکی سیاسیی پێکەوە گرێدراوە و لەسەر دامەزراوەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی پتەو ڕاوەستاوە. بە گوتەی عێراقچی، بوون و نەبوونی کەسێک کاریگەریی بنەڕەتی لەسەر سیستەمی حوکمڕانی نابێت، چونکە هەرچەندە کەسایەتییەکان ڕۆڵیان هەیە، بەڵام گرنگییەکە لە خودی سیستەمە سیاسییەکەدایە کە توانای بەردەوامیی هەیە.
ئەزموونی کوژرانی خامنەیی و بەردەوامیی دەسەڵات
عێراقچی لە قسەکانیدا ئاماژەی بە کوژرانی عەلی خامنەیی کرد لە 1 یەمین ڕۆژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. ئەو باسی لەوە کرد کە سەرەڕای ئەو زیانە گەورە نیشتمانییە، دەسەڵات لە ئەرکەکانی بەردەوام بوو و دەستبەجێ جێگرەوەی بۆ دیاریکرا. وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە هەر بەرپرسێکی دیکەش بکوژرێت، مامەڵەی دەسەڵات بە هەمان شێوە دەبێت و پڕۆسەی بەڕێوەبردن ڕاناوەستێت.
فەرماندەى ئۆپراسیۆنەکانى بەغداد: بەغداد ئارام و سەقامگیرە
فەریق ڕوکن وەلید خەلیفە، فەرماندەى ئۆپراسیۆنەکانى بەغداد، دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ دەزگاکانى ڕاگەیاندن لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا، هاوڵاتییان و نێردە دیپلۆماسییەکانى دڵنیاکردەوە، بەغداد ئارام و سەقامگیرە و هەماهەنگییەکى بەرز لە نێوان دەزگا ئەمنییەکاندا هەیە بۆ بەرفەرارکردنى ئاسایش و ئارامى لە بەغداد.
هەماهەنگی هەیە و بەغداد ئارام و سەقامگیرە
فەرماندەى ئۆپراسیۆنەکانى بەغداد گوتیشی، "پەیامى دڵنیایی دەدەینە گەلى عێراقى و هەموو ئەوانەى لە عێراقدان، لە نێردە دیپلۆماسییەکان و هاتووان، بەغداد ئارام و سەقامگیرە، هێزە ئەمنییەکان شەو ڕۆژ لە ئەرکدان بۆ بەرقەراکردنى ئاسایش لە بەغدادى پایتەخت، هەماهەنگییەکى بەرز هەیە لە نێوان سەرجەم ئاژانسەکان و سەرجەم هێزە ئەمنییەکان لە یەکەکانى وەزارەتى ناوخۆ و وەزارەتى بەرگرى و حەشدى شەعبى و هەموو ئاژانسە هەواڵگرییەکان، کارى گەورە و هەوڵى گەورە هەیە ڕۆژانە، ئامانج لێى ئەوەیە بەغداد سەقامگیر و ئارام بێت، سوپاس بۆ خودا ئەو پەیامە دەدەینە گەلەکەمان و دڵنیایی دەدەین بەغداد ئارام و سەقامگیرە".
پێویست بە نیگەرانی ناکات
فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنەکانى بەغداد لەسەر دۆخى ئەمنیى شارەکە ڕایگەیاند، "دۆخى شارەکەمان ئارامە و هێزەکان لە ئامادەباشیدان و دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتیان و پێویست بە نیگەرانى ناکات".
میدیا بەرپرسیار بێت
فەریق ڕوکن وەلید خەلیفە لەبارەی ڕۆڵی میدیا لەم دۆخەدا ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە میدیاکان بەرپرسانە مامەڵە بکەن".
چی لەبارەی هێرشەکانی سەر حەشدی شەعبی دەڵێن؟
فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنەکانی بەغداد لەبارەی هێرشەکانی سەر حەشدی شەع باسی ئەوەیکرد، "هێرشکردنە سەر بارەگاکانى حەشدى شەعبى ڕەتدەکەینەوە و لیژنەیەک لەسەر هێرشەکانى سەربارەگاکانى حەشدى شەعبى پێکهێنراوە و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانى سەر حەشدى شەعبى دەکرێت".
نێردە دیپلۆماسییەکان پارێزراو دەبن
وەلید خەلیفە لەبارەی هێرشی سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکان، ژوورى ئۆپڕاسیۆنى بەغداد باسی ئەوەشیکرد، "لێکۆڵینەوە لەسەر هێرشەکانى سەر بنکە و بارەگا دیپلۆماسیەکان دەکرێت و وەزارەتى ناوخۆ بەردەوامە لەکارەکانى بۆ پاراستنى تیمە دیپلۆماسییەکان".
ئێران کەسێكی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە سێدارەدا
دەسەڵاتی دادی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر کەسێکدا جێبەجێ کرد کە تۆمەتبار بوو بە سیخوڕیکردن بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) و کۆکردنەوەی زانیاریی نهێنی.
جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی هەواڵی میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادی ئێران ڕایگەیاند، عەلی ئەردەستانی (ناسراو بە کورش کەیوانی) بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و هاوکاری دەزگای هەواڵگریی مۆساد" لە سێدارە دراوە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ناوبراو لە ڕێگەی کۆکردنەوەی زانیاری و ناردنی وێنە و ڤیدیۆی شوێنە هەستیارەکانی وڵات بۆ مۆساد، کارەکانی ئەنجامداوە.
کاتی دەستگیرکردن و ئۆپراسیۆنەکان
کورش کەیوانی لە چوارەمین ڕۆژی جەنگی 12 ڕۆژەدا دەستگیرکرا کە لە 13ی حوزەیرانی 2025 دەستی پێکردبوو. لەو ماوەیەدا سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران ڕایگەیاندبوو، ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەستپێکردووە کە گومانی هاوکاری ئەمریکا و ئیسرائیلیان لێ دەکرێت، کە بەو هۆیەشەوە دەیان کەس دەستگیر کران.
ڕێکارە یاساییەکانی پارێزگای سێمان
دەسەڵاتی دادی پارێزگای سێمان ئاماژەی بەوە کردووە، دوای جێبەجێکردنی هەموو ڕێکارە یاساییەکان و یەکلاییبوونەوەی دۆسییەکە، بڕیاری لەسێدارەدانەکە جێبەجێ کراوە. دادگای پارێزگاکە دەڵێت بڕیارەکە پشتبەست بە ناوەرۆکی دۆسییەکە و دانپێدانانی تاوانبارەکان دەرچووە.
هۆشدارییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان
هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەم سزایە، ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی لە زیادبوونی ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێران داوە. ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە کە دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێکی تۆقاندن لە وڵاتەکەدا بەکاردەهێنن.
ڕۆژانە 24 ملیۆن دۆلار؛ داهاتی نوێی عێراق لە ڕێگەی بۆرییەکانی هەرێمی کوردستانەوە
ئەمڕۆ هەناردەی نەوتی عێراق دەستیپێکردەوە کە لە ڕێگەی بۆری هەرێمی کوردستانەوە وەک جێگرەوەیەکی کاتی بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە زیانەکانی پەککەوتنی گەرووی هورمز دەبینرێت.
وردەکاریی داهات و تێچووی هەر بەرمیلێک نەوت
روانگەی ئیکۆ عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاشکرای کرد، هەناردەکردنی 200,000 بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بە نرخی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، داهاتێکی زۆری بۆ عێراق دەبێت. بەپێی حساباتی ئەم ڕوانگەیە، دوای لێدەرکردنی کرێی گواستنەوە کە 3.15 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، داهاتی سافی ڕۆژانەی عێراق لەم هێڵەوە دەگاتە 24,210,000 دۆلار.
دابەشبوونی کرێی گواستنەوە لە نێوان عێراق و تورکیا
سەبارەت بە وردەکاریی خەرجییەکان، ئیکۆ عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە کرێی گواستنەوەکە بەسەر دوو بەشدا دابەش دەبێت؛ بەشی یەکەم 2 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک کە دەدرێتە ئەو کۆمپانیایانەی خاوەندارێتی بۆرییەکانی ناوخۆی خاکی عێراق دەکەن. بەشی دووەمیش 1.15 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک کە وەک کرێی تێپەڕبوون دەدرێتە تورکیا تاوەکو نەوتەکە دەگاتە بەندەری جەیهان.
پێگەی ستراتیژیی هێڵی هەرێم لە کاتی قەیراندا
روانگەکە پێیوایە هەرچەندە ئەم بڕە تەنیا 6%ـی کۆی هەناردەی نەوتی عێراق پێکدەهێنێت، بەڵام وەک چارەسەرێکی کاتی و پێویست دەبینرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانەی بەهۆی پەککەوتنی گەرووی هورمزەوە دروستبووە. جەختیش کراوەتەوە کە پێویستە عێراق کار بۆ هەمەجۆرکردنی ڕێڕەوەکانی هەناردەکردن بکات تاوەکو پشتبەستن بە ڕێڕەوە دەریاییە پڕمەترسییەکان کەم بکاتەوە.
جێبەجێکردنی بڕیاری هەناردەی 250,000 بەرمیل لە هەرێمەوە
ئەم ئامارانە لە کاتیێدایە کە ئەمڕۆ چوارشەممە 18-03-2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆسەی هەناردەکردنی 250,000 بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە ڕێگەی بۆرییەکانی هەرێمەوە دەستیپێکردووە.
لە زۆربەی شارەکانی ئێران ڕێوڕەسمەکانی چوارشەممە سوورى بەڕێوەچوو
ئێرانییەکان لە نێوان دەنگی تەقینەوەکانی جەنگ و ئاگری نەریتە کۆنەکاندا، پێشوازییان لە دواین چوارشەممەی ساڵ کرد، لە کاتێکدا ئامارە پزیشکییەکان باس لە کەمبوونەوەی بەرچاوی قوربانییان دەکەن بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو.
ئاهەنگگێڕان لە ژێر دەنگی فڕۆکە جەنگییەکاندا
شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، لە زۆربەی شارەکانی ئێران لەوانە تاران، کەرەج، قەزوین، ورمێ و مەشهەد، ڕێوڕەسمی "چوارشەممە سووری" بەڕێوەچوو. لە مەیدانی (7)ـی تیری شاری مەشهەد، خەڵک لە ژێر دەنگی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاهەنگیان گێڕا، بەڵام بەهۆی تێپەڕبوونی 20 ڕۆژ بەسەر جەنگدا، ڕێوڕەسمەکان ڕەهەندێکی سیاسییان وەرگرت و گۆڕدران بۆ گوتنەوەی دروشم دژی ئەمریکا و ئیسرائیل و پشتیوانی لە حکومەت.
ئاماری قوربانییان و بریندارانی شەوی چوارشەممە
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی فریاکەوتنی ئێران، لە ڕووداوەکانی ئەمساڵدا 2 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 945 کەسی دیکە بریندار بوون. لە کۆی بریندارەکان، 159 کەسیان هێشتا لە نەخۆشخانەکاندا لەژێر چارەسەردان و 10 کەسیشیان لە ژێر چاودێریی ورد (ICU) دان. زۆرترین ڕێژەی برینداربوون لە پارێزگاکانی ورمێ، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و ئەردەبیل تۆمارکراوە.
گۆڕانکاریی ئامارەکان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو
فریاکەوتنی ئێران ئاشکرای کردووە کە ئامارەکانی مردن بە ڕێژەی 90% و بریندارانیش بە ڕێژەی 70% کەمیکردووە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو. ئەو 2 کەسەی کە گیانیان لەدەستداوە دانیشتووی پارێزگای فارس بوون. کەمبوونەوەی ئامارەکان بۆ کەمبوونەوەی ڕێوڕەسمە باوەکانی وەک بەکارهێنانی یارییە ئاگرینە مەترسیدارەکان دەگەڕێتەوە بەهۆی دۆخی جەنگ و گۆڕانی کەشوهەوای ئاهەنگەکان.
چوارشەممە سووری؛ نەریتێکی دێرینی گەلانی ناوچەکە
"چهارشنبە سووری" کۆتا چوارشەممەی ساڵە بەپێی ساڵنامەی کوردی و هەتاوی. ئەم ڕۆژە وەک جەژنێکی نەتەوەیی لەناو کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلی فارس و نەتەوەکانی دیکەی وەک ئازەربایجانی، تاجیکستان، ئەفغانستان و هیندستان سەیر دەکرێت. ڕێوڕەسمەکە بە ئاگرکردنەوە دەستپێدەکات و تاوەکو بەرەبەیانی دوایین چوارشەممەی ساڵ بەردەوام دەبێت، کە تێیدا خەڵک بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ هیوای ساڵێکی نوێی پڕ لە خۆشی دەخوازن.
هاکان فیدان بۆ تاوتوێکردنی دوا پێشهاتەکانی جەنگ دەگاتە سعوودیە
لە کاتێکدا ئاگری جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەی سەندووە، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە ڕیاز بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی باڵا لەسەر دۆخی هەستیاری ناوچەکە.
سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ سعوودیە
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ چوارشەممە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێک دەگاتە سعوودیە. ئەم جووڵە دیپلۆماسییەی ئەنقەرە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە کە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی نالەباری ناوچەکە و دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو دەستیان پێکردووە.
تاوتوێکردنی دۆخی هەنووکەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی فیدان بەشدارییکردنە لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە. لەم دیدارەدا باس لە دوا پێشهاتەکانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکەوتە ئەمنییەکانی ململانێکان دەکرێت، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکە و تورکیا هەبووە.
پاشخانی گرژییەکان و پێگەی سعوودیە لە ململانێکاندا
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتێکدایە کە سعوودیە وەک یەکێک لە وڵاتانی ستراتیژیی کەنداو، کەوتووەتە ناو جەرگەی ململانێکان. لە چوارچێوەی هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران بەشێوەیەکی بەردەوام سعوودیە دەکاتە ئامانج، ئەمەش وایکردووە وڵاتانی ناوچەکە پێویستیان بە گفتوگۆی چڕ و هاوبەش هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری جەنگەکە.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق: مووچەى هەرێمی کوردستان هاوشێوەى مووچەی عێراق دابینبکرێت
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت کۆبووەوە. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە هەناردەکردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا و دەرئەنجامە ئابوورییەکانی، کە تێیدا هەشت بڕیاری گرنگ پەسەند کران، کە یەکێکیان دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق بەبێ جیاوازی.
پاراستنی کەرتی نەوت و دۆزینەوەی بازاڕی نوێ
پەرلەمان حکومەتی فیدراڵی پابەند کرد بە دۆزینەوەی دەروازەی جیاواز بۆ فرۆشتنی نەوت، تاوەکو وڵات لە هەر لێکەوتەیەکی ئابووری یان ئەمنی بپارێزرێت کە کاریگەری بکاتە سەر بژێوی و مووچەی فەرمانبەران لە سەرانسەری عێراق. هەروەها ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ دەنگدان لەسەر هەر بڕیارێک کە هاوکاری حکومەت بێت لە زیادکردنی سەرچاوەکانی فرۆشتنی نەوت.
کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان و سیستەمی ئەلیکترۆنی (ئەسیکۆدا)
داوا لە حکومەتی فیدراڵ کرا دەسەڵاتی تەواوی خۆی بەسەر سەرجەم سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردنی نەوتدا بسەپێنێت. هەروەها حکومەتی فیدراڵ پابەند کرا بە جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" (بۆ چاودێری گومرگی و بازرگانی) لە تەواوی پارێزگاکان، بەتایبەت لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
هەنگاوە یاساییەکان و پلانی داهاتوو
ئەنجوومەنی نوێنەران جەختی کردەوە کە پێویستە "یاسای نەوت و غاز" ببێتە بەشێکی سەرەکی لە کارنامەی حکومەتی داهاتوو و دواتر ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت بۆ پەسەندکردنی کۆتایی.
پاڵپشتیی کارگەکان و بەردەوامیی کاری پاڵاوگەکان
بۆ ڕێگری لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆگاکردن لە پاڵاوگەکان و گەرەنتی بەردەوامبوونی کارەکانیان، حکومەت پابەند کرا بە دابینکردنی نەوتی ڕەش بۆ کارگە حکومی و ئەهلییەکان، تا ڕێگری لە کەمبوونەوەی بەرهەمە نەوتییەکان بگرێت.
دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان
لە بڕیارێکی گرنگدا، ئەنجوومەنی نوێنەران حکومەتی فیدراڵی پابەند کرد بە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هاوتاکردنیان لەگەڵ فەرمانبەرانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەبێ جیاوازی.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: دەستمان بە هەناردەکردنی 250,000 بەرمیل نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆریی هەرێمەوە کرد
لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ کاراکردنەوەی کەرتی وزە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پڕۆسەی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی ژێرخانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستیپێکردەوە.
هەماهەنگیی هەولێر و بەغدا لە کارپێکردنی وێستگەی سارالو
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی 18ـی ئادار، کاژێر 6:30ـی بەیانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەست بە کارپێکردنی وێستگەی نەوتی سارالو کراوە. ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆ و ئامادەکاریی تەکنیکی دێت بۆ دووبارە بەگەڕخستنەوەی هەناردەی نەوتی باکوور.
بڕی نەوتی هەناردەکراو و ئاڕاستەی گواستنەوەکە
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ئامانج لەم کارپێکردنە گواستنەوەی 250,000 بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە بۆ وێستگەی فیشخابوور. بڕیار وایە ئەم بڕە نەوتە لە ڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بەندەری جەیهانی تورکی لەسەر کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست بکرێت، تاوەکو لەوێوە بخرێتە بازاڕە جیهانییەکانەوە.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان: لە هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت 10 کەس کوژران
لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پایتەخت و ناوچە جیاوازەکانی لوبنان، ژمارەی قوربانییان بەردەوام لە هەڵکشاندایە و سوپای ئیسرائیلیش هۆشداریی نوێ بۆ چۆڵکردنی گوندەکانی باشوور بڵاودەکاتەوە.
بۆردومانکردنی ناوەڕاستی بەیرووت و شارۆچکەی سەحمەر
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ناوەڕاستی شاری بەیرووت و چەند ناوچەیەکی دیکەی لوبنانیان کردە ئامانج. هێرشەکان گەڕەکی باشوورەیان لە ناوەڕاستی پایتەخت پێکاوە و تەقینەوەیەکی زۆر بەهێز لە ناوچەکەدا بیستراوە. هاوکات لە ئەنجامی بۆردومانکردنی شارۆچکەی سەحمەر 4 کەس کوژران، کۆی گشتیی قوربانییانی ئەم بەیانییەش گەیشتە 10 کوژراو و زیاتر لە 24 بریندار.
ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کردووە، تەنیا لە هێرشەکەی سەر ناوەڕاستی بەیرووت لانیکەم 6 کەس کوژراون و 24 کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەم هێرشانە بەشێکن لە شەپۆلێکی فراوانتر کە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنانیشی گرتووەتەوە و زیانی گەورەی بە ژێرخانی ئەو ناوچانە گەیاندووە.
هۆشدارییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی ناوچەکان
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە قۆناغێکی نوێی بۆردومانکردنی ئامانجەکانی حیزبوڵای لە باشووری لوبنان دەستپێکردووە. هاوکات سوپای ئیسرائیل هۆشداریی توندی ئاراستەی دانیشتووانی ناوچەکە کردووە و داوای لێکردوون دەستبەجێ ئەو گوندانە چۆڵ بکەن کە دەکەونە باشووری ڕووباری زەهرانی، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەبینرێت.
پاشخانی ململانێکان و قەبارەی کارەساتە مرۆییەکە
گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا دوای ئەوە گەیشتە لوتکە کە لە 2ـی ئەم مانگەدا حیزبوڵا بۆ تۆڵەسەندنەوەی کوشتنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای پێشووی ئێران، هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی وەڵامدانەوەکانی ئیسرائیلەوە، زیاتر لە 900 کەس لە لوبنان کوژراون، زیاتر لە 2,000 کەس بریندار بوون و نزیکەی 800,000 کەسیش لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون.
نرخی زێڕ نرخەکەی بۆ خوار 5,000 دۆلار دابەزی
بازاڕی زێڕ لە جیهاندا تووشی سستی بووە و نرخەکەی بۆ خوار 5,000 دۆلار دابەزی، ئەمەش لە کاتێکدایە هەموو چاوەکان لەسەر بڕیارە چارەنووسسازەکەی ئەمشەوی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە.
دابەزینی نرخی زێڕ لە بازاڕە جیهانییەکاندا
ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ نزیکەی 10 دۆلار دابەزی و بە 4,990 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئەم دابەزینە کەمەی نرخی زێڕ بۆ سنوورداربوونی مامەڵەکان دەگەڕێتەوە، بەو پێیەی بازرگانان لە دۆخی چاوەڕوانیدان و دەیانەوێت بزانن بانکی ناوەندیی ئەمریکا چ بڕیارێک لەسەر سوودی بانکی دەدات.
چاوەڕوانییەکان بۆ بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا
ئاراستەی داهاتووی نرخی زێڕ بەستراوەتەوە بە ڕوانگەی بانکی ناوەندی بۆ سوودی بانکی. بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر 21:00 بەکاتی کوردستان، بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاری خۆی ڕابگەیەنێت و پێشبینی دەکرێت سوودی بانکی بە جێگیری بهێڵێتەوە، ئەمەش وایکردووە بازاڕ لە دۆخی سستیدا بێت.
نرخی بیتکۆین بۆ سەرووی 74,000 دۆلار بەرزبوووە
دوای قەیرانێکی درێژخایەن، دراوە ئەلیکترۆنییەکان ئاستێکی پێوانەیی نوێیان تۆمار کرد و نرخی بیتکۆین بۆ یەکەمجار لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا گەیشتە بەرزترین ئاست، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ چاوەڕوانییەکان بۆ بڕیاری بانکە ناوەندییەکانی جیهان.
تێپەڕاندنی ئاستی 74,000 دۆلار لەلایەن بیتکۆینەوە
لەنێو سەرجەم ناجێگیرییەکانی بازاڕە داراییەکاندا، نرخی بیتکۆین و دراوە ئەلیکترۆنییەکان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاویان تۆمار کرد. دوای ئەو قەیرانەی لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە دراوە ئەلیکترۆنییەکانی گرتبووەوە، بۆ یەکەمجار نرخی یەک بیتکۆین ئاستی 74,000 دۆلاری تێپەڕاند.
گەڕانەوەی متمانە و قازانجی وەبەرهێنەران
ئیلیا ئۆتیچێنکۆ، شرۆڤەکاری بازاڕی بۆرسە ڕایگەیاند، گەڕانەوەی نرخەکان بۆ سەرووی 74,000 دۆلار وایکردووە ئەو کەسانەی لە کاتی دابەزینی نرخەکاندا بیتکۆینیان کڕیبوو قازانج بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پەرەسەندنانە هێز و متمانەی بۆ بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان گەڕاندووەتەوە.
فشارەکانی ترەمپ و بڕیاری بانکی فیدراڵیی ئەمریکا
ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە بازاڕەکان خۆیان بۆ هەفتەیەکی یەکلاکەرەوە ئامادە دەکەن، کە پەیوەستە بە بڕیاری ڕێژەی سوودی بانکی فیدراڵی و کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی جیرۆم پاول. پێش کۆبوونەوەکە، دۆناڵد ترەمپ فشار دەخاتە سەر پاول بۆ ئەوەی ڕێژەی سوود دابەزێنێت، بەڵام بازرگانان پێیان وایە ڕێژەکە وەک خۆی دەهێڵرێتەوە.
کاریگەریی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر دراوە دیجیتاڵییەکان
پسپۆڕان پێیان وایە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بازاڕی "کۆینەکان" هەبووە. بەهۆی ئەوەی گرژییە سەربازییەکان متمانەی بەکاربەرانیان بە بانکە کلاسیکییەکان کەمکردووەتەوە، وەبەرهێنەران زیاتر ڕوویان لە دراوە ئەلیکترۆنییەکان کردووە وەک جێگرەوەیەک.
هەفتەی یەکلاکەرەوەی بانکە ناوەندییەکانی جیهان
لەم هەفتەیەدا، داڕێژەرانی سیاسەت لە بانکە ناوەندییەکانی ئەمریکا، ئەوروپا، ژاپۆن، ئینگلتەرا، کەنەدا، سویسرا، سوید و ئوسترالیا هەموویان بڕیاری نوێ لەسەر ڕێژەی سوود دەدەن. کۆی ئەم بڕیارانە پێکەوە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاراستەی داهاتووی بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەبێت.
عەلی لاریجانی کێیە؟ وەک پایەیەکی بەهێزی سیستەم لە تاران دەناسرێ
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی عەلی لاریجانی لە هێرشێکی ئیسرائیلدا، جارێکی دیکە سەرنجەکان چوونەتەوە سەر مێژووی پڕ لە گۆڕانکاریی یەکێک لە کاریگەرترین کارەکتەرە سیاسی و ئەقڵانییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لەدایکبوون لە نەجەف و پەروەردەیەکی ئایینی و سیاسی
عەلی لاریجانی لە ساڵی 1957 لە شاری نەجەفی ئەشرەف لە عێراق لەدایکبووە. ئەو لە خێزانێکی ئایینیی ڕەسەن و سیاسیی دژبەری دەسەڵاتی شای پێشووی ئێران پەروەردە بوو. باوکی، ئایەتوڵڵا میرزا هاشم ئامۆلی، یەکێک بوو لە زانایە ئایینییە ناسراوەکانی ئۆپۆزیسیۆن و کەسێکی نزیک لە خومەینی بوو، ئەمەش وایکرد لاریجانی هەر لە منداڵییەوە لە ناو جەرگەی ململانێ سیاسییەکاندا بێت.
تێکەڵکردنی زانست و فەلسەفە لە کاروانی ئەکادیمیدا
لاریجانی بە یەکێک لە خوێندەوارترین سەرکردەکانی ئێران دەژمێردرا؛ قۆناغی سەرەتایی لە شاری قوم تەواو کرد و دواتر لە زانکۆ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بیرکاری و زانستی کۆمپیوتەردا بەدەستهێنا. بەڵام خولیای بۆ بواری مەعریفە وای لێکرد ئاراستەی خوێندنەکەی بگۆڕێت و پلەکانی ماستەر و دکتۆرا لە بواری فەلسەفەی ڕۆژئاوادا ببڕێت، ئەمەش سیمایەکی ئەقڵانی و دیپلۆماسیی بە کەسایەتیی و بڕیارەکانی بەخشیبوو.
پلیکانەکانی دەسەڵات؛ لە سوپای پاسدارانەوە بۆ میدیای فەرمی
کاروانی پیشەیی لاریجانی نەخشەیەکی وردی هەڵکشانی دەسەڵات بوو لە ناو دامەزراوە هەستیارەکاندا. وەک فەرماندەیەک لە ڕیزەکانی سوپای پاسداران خزمەتی کردووە و ڕۆڵی گرنگی لە شەڕی ئێران و عێراقدا هەبووە. بۆ ماوەی 10 ساڵ (1994-2004) سەرۆکایەتی دەستەی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێرانی کرد و میدیای فەرمیی وڵاتی ئاراستە دەکرد.
سەرۆکایەتی پەرلەمان و دۆسیە نێودەوڵەتییەکان
لاریجانی لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2007 سەرۆکی شاندی دانوستانە ئەتۆمییەکان و سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بوو. دواتر بۆ ماوەی 12 ساڵی بەردەوام (2008-2020) سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بوو، کە تێیدا توانی هاوسەنگییەکی ورد لە نێوان باڵە سیاسییەکاندا ڕابگرێت. هەروەها وەک ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی دەورێکی سەرەکی لە داڕشتنی سیاسەتە ستراتیژییەکاندا هەبووە.
کۆتایی کاروانی سیاسی لە هێرشێکی ئاسمانییدا
کاروانی سیاسیی ئەم پیاوە لە 17ـی ئازاری 2026 لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئێران کۆتایی هات. لاریجانی تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەک ئەندامی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی سیستەم مایەوە، و کوژرانی بە زیانێکی گەورە بۆ پێگەی سیاسی و ناوەندی بڕیارسازی لە تاران دادەنرێت.
عەباس عێراقچی: ئەمریکا هێزەکانی بردووەتە ناو هۆتێلەکانی ناو جەرگەی شارەکان و هەرچییەک رووبدات بەرپرسیار نین
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشدارییەکی توند ئاراستەی واشنتن دەکات و ڕایدەگەیەنێت، گۆڕینی شوێنی هێزە ئەمریکییەکان بۆ ناوچە نیشتەجێبوونەکان، بەرپرسیارێتی هەر کارەساتێک دەخاتە ئەستۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
تۆمەتبارکردنی ئەمریکا بە بەکارهێنانی شارەکان وەک قەڵغان
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (Al Jazeera)ـی قەتەری ڕایگەیاند، ئەمریکا هێزەکانی لە بنکە سەربازییەکان کشاندووەتەوە و لە هۆتێلەکانی ناو جەرگەی شارەکان نیشتەجێی کردوون. عێراقچی جەختی کردەوە کە بەهۆی ئەم کارەی واشنتنەوە، "هەر دۆخێک ڕووبدات، ئێمە لێی بەرپرسیار نین و هۆکارەکەی ئەمریکایە"، چونکە بەم هەنگاوە ناوچەکەی خستووەتە دۆخێکی مەترسیدارەوە.
فراوانکردنی بازنەی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە هێرشەکانیان تەنیا لەسەر بنکە و بارەگا سەربازییە کلاسیکییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا سنووردار نەکردووە. عێراقچی گوتی: "لە هەر شوێنێک کۆبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکا و دامەزراوەکانیان هەبێت، دەکرێنە ئامانجی هێرشەکانمان." ئاماژەی بەوەش دا کە بەهۆی ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا چوونەتە ناو هۆتێلەکان و نزیک شارەکان، هەرچییەک ڕووبدات، تاوانەکە لە ئەستۆی ئەمریکایە.
پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئێران وەک ئەولەویەت
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، عەباس عێراقچی جەختی لەوە کردەوە کە ژیانی خەڵکی ئێران لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، گەلی ئێران باشترین دۆستی ئەوانن، بۆیە "ناتوانین لە پێناو وڵاتانی دۆست و دراوسێ کە هەڵە دەکەن، مامەڵە بە ژیانی گەلی ئێرانەوە بکەین"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە تاران لەم ململانێیەدا پاراستنی ناوخۆی وڵاتەکەی پێش هەموو جۆرە پەیوەندییەکی دیپلۆماسی دەخات.
زانیاری کەناڵ8: ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی 3 بە سیستمی پەیڕۆڵ ڕەوانەی بەغداد دەکرێت
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ یەکخستنی داتاکان، لیستی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ مانگی ئازار ئامادە کردووە و ئەمڕۆ بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەکات.
ئامادەکردنی لیستەکە لە ڕێگەی سیستمی پەیڕۆڵەوە
بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، لیستی مووچەی مانگی 3 بە سیستمی پەیڕۆڵ بە تەواوی ئامادە کراوە. پاش ئەوەی لە 10ـی ئەم مانگەدا سیستمەکە کارا کرا، یەکە ژمێرکارییەکان لە ماوەی 8 ڕۆژدا توانیویانە وردبینیی تەواو بۆ لیستەکان بکەن و ڕادەستی وەزارەتی دارایی بکەن، بڕیاریش وایە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی ئازار لیستەکە ئاراستەی بەغداد بکرێت.
جیاوازیی ناردنی لیستی فەرمانبەران و کەسوکاری شەهیدان
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بەشێوەی ئەلیکترۆنی و لە ڕێگەی سیستمەکەوە دەبێت، کە ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ شەفافیەت و خێراکردنی پڕۆسەی تەمویلکردن. بەڵام لیستی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو بەشێوەی کاغەز و بەدەستی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت تاوەکو ئەو کاتەی ئەوانیش دەخرێنە ناو سیستمەکەوە.
پشووەکانی جەژن و دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی
ناردنی لیستەکە لە کاتێکدایە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی ئازاری 2026ـەوە تاوەکو ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو 23ـی ئازاری کردووەتە پشووی فەرمی بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە. بڕیارە ڕۆژی سێشەممە 24ـی ئازار دەوامی فەرمی لە عێراق دەستپێبکاتەوە، ئەمەش وادەکات پڕۆسەی وردبینی لە لیستەکان و ناردنی تەمویلەکە بۆ دوای پشووەکانی جەژن بکەوێت.
دوای ڕێککەوتنەکەی عێراق و ههرێم، نرخی نەوتی زیاتر لە 2 دۆلار دابەزاند
دوای ڕێککەوتنی هەولێر و بەغداد بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، نرخەکانی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین و زیاتر لە 2 دۆلاریان لە دەستدا.
ڕێککەوتنی هەولێر و بەغداد و دابەزینی نرخی نەوت
ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک زیاتر لە 2 دۆلار دابەزی، ئەمەش دوای ئەوەی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە. ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی ڕەواندنەوەی بەشێک لە نیگەرانییەکانی بازاڕ سەبارەت بە کێشەی دابینکردنی وزە لە ناوچەکەدا.
نوێترین ئامارەکانی نرخی نەوت لە بازاڕدا
بەهۆی ئەم ڕێککەوتنەوە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت 2.31 دۆلار (واتا بەڕێژەی 2.30%) دابەزی و گەیشتە 101.1 دۆلار. هاوکات نرخی نەوتی تەکساسی ئەمریکی 3.23 دۆلار (واتا بەڕێژەی 3.36%) دابەزی و یەک بەرمیل بە 92.998 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. سەرەڕای ئەم دابەزینە، بەهۆی بەردەوامیی جەنگی ئێران، نرخی برێنت بۆ 4 دانیشتنی یەک لە دوای یەک لە سەرووی 100 دۆلار جێگیر بووە.
هەڵوێستی مەسرور بارزانی لەسەر بارودۆخە نائاساییەکە
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێنراوێکدا بڵاویکردەوە: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە نائاساییەی کە ڕووبەڕووی وڵات بووەتەوە و ئەو بەرپرسیارێتییەی ئەرکی هەموومانە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە، بڕیارماندا لە زووترین کاتدا ڕێگە بدەین نەوت لە ڕێگەی بۆڕی هەرێمی کوردستاندا بڕوات." بارزانی جەختی کردەوە کە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغداد بەردەوام دەبن بۆ لادانی ڕێگرییەکانی سەر جووڵەی بازرگانی و دابینکردنی گەرەنتی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز.
کۆتاییهاتن بە ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغداد
لە دوای داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، عێراق داوای لە هەرێمی کوردستان کرد ڕێگە بدات نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆڕی هەرێم-تورکیا هەناردە بکرێت. سەرەتا بەهۆی هەبوونی مەرجەکانی هەرێمی کوردستان، ناکۆکی و ناڕەزایەتی لە نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی بەغداد دروستبوو، بەڵام دواجار دوێنێ هەردوولا گەیشتنە ڕێککەوتن و کۆتاییان بەو بنبەستە هێنا.
بنیامین نەتەنیاهوو: ئاهەنگی نەورۆز بگێڕن و دڵنیابن ئێمە لە سەرەوە چاودێریتان دەکەین
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ناو ژووری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە، کوژرانی دوو لە گەورەترین سەرکردە ئەمنییەکانی ئێرانی ڕاگەیاند و پەیامێکی تایبەتی ئاراستەی گەلی ئێران کرد.
ڕاگەیاندنی کوژرانی دوو سەرکردەی باڵای ئێران
ڕۆژی چوارشەممە 18-03-2026، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە ناو ژووری ئۆپەراسیۆن و لە دەوری وەزیری بەرگری و سەرۆکی مۆساد دەرکەوتووە، ڕایگەیاند: "لە 24 کاژێری ڕابردوودا، توانیمان دوو لە سەرکردە تێرۆریستە هەرە باڵاکانی ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە لەناو ببەین." نەتەنیاهوو جەختی کردەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانیان لە ناو جەرگەی شارەکانی ئێران خەریکی پێکانی ئامانجەکانن.
تاران کوژرانی عەلی لاریجانی پشتڕاستکردەوە
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە ڕاگەیێندراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە، بەیانیی ڕۆژی سێشەممە 17-03-2026، لە ئەنجامی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەیەک لە تاران، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنەکە کوژراوە. لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە کە لاریجانی "گەیشتە ئاواتی لەمێژینەی و تێکەڵ بە شەهیدانی جەنگی ڕەمەزان بوو."
وردەکاریی هێرشەکە و قوربانییەکان
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی فارس، عەلی لاریجانی لە کاتی هێرشەکەدا لە ماڵی کچەکەی بووە لە گەڕەکی پەردیس لە تاران. لەم بۆردومانەدا جگە لە لاریجانی، مورتەزا لاریجانی (کوڕی عەلی لاریجانی)، عەلیڕەزا بەیان (جێگری سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ کاروباری ئەمنی) و ژمارەیەک لە پاسەوانەکانیان کوژراون. یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد کە فەرماندەی بەسیجیش یەکێک بووە لە کوژراوەکان.
پەیامی نەتەنیاهوو بۆ نەورۆز و "چوارشەممە سووری"
نەتەنیاهوو لە پەیامەکەیدا کە بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە، ڕووی دەمی کردە گەلی ئێران و پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لێکردن. ئەو وتی، ئەم هێرشانە بۆ ئەوەیە خەڵک بتوانن بە ئازادی ئاهەنگەکانی جەژنی ئاگر (چوارشەممە سووری) بگێڕن و گوتیشی: "ئاهەنگ بگێڕن و نەورۆزتان پیرۆز بێت. ئێمە لە سەرەوە چاودێریتان دەکەین."
بەردەوامیی جەنگ و تێکشکانی سەرکردایەتیی تاران
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان هاوپەیمانیی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران پێی ناوەتە سێیەم هەفتەی خۆیەوە. ئیسرائیل و وەزیری بەرگرییەکەی دووپاتی دەکەنەوە کە ستراتیژیی ئێستایان تێکشکاندنی سەرکردایەتییە سەربازی و ئەمنییەکانی تارانە.