رووماڵی کەناڵ8

ئایندەی ململانێی تاران لەگەڵ واشنتن و تەلئەڤیڤ

کەناڵ8 21/03/2026

بازنەی جەنگی نێوان ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێران، جگە لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پریشکی گەیشتوەتە دەریای سپیی ناوەڕاست و قەوقاز و سریلانکا.  جگە لە ئیسرائیل، ئێران هێرشی کردووەتە سەر 11 وڵات و سەرچاوەکانی وزە و ڕێڕەوە بازرگانییە جیهانییەکانی وەک گەرووی هورمز و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کردووەتە ئامانج. هێرشەکانی ئێران تاوەکو ئێستا وڵاتانی کوەیت، بەحرەین، قەتەڕ، ئیمارات، سعودیە، ئوردن، عێراق (هەرێمی کوردستان)، عومان، تورکیا، قوبرس و نەخجەوانی ئازەربایجانی گرتووەتەوە.

ئۆپەراسیۆنەکانی نەڕەی شێر و توڕەیی داستانخوڵقێن

ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەڕەی شێر و توڕەیی داستانخوڵقێن، بە چڕی بەردەوامن لەسەر هێرشەکانیان بۆ سەر ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران. ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر"ی ئیسرائیل و ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی داستانخوڵقێن"ی  ئەمریکا، کە سەرلەبەیانیی 28ـی 2ـی 2026ـی بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، و چەندین بەرپرسی سەربازی و ئەمنی کوژران. بەگوتەی دۆناڵد ترەمپ، عەلی خامنەیی، لە کاتی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران دا کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە زیاتر لە 48 بەرپرسی سەربازی و ئەمنیی ئێران کوژراون. میدیاکانیش باس لەوە دەکەن، ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە 30 مووشەک و بۆمبی تایبەتی تێکشکاندنی سەنگەر و بڕینی کۆنکرێتیان بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی بەکارهێناوە.

دەستەی سەرکردایەتیکردنی ئێران و داوای چەکدانان

لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، لە ئێران حەوت ڕۆژ پشوو و 40 ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاندرا و بەگوێرەی دەستووری ئێران، دەستەیەکی کاتیی سێ کەسی بۆ سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردنی ئێران دروستکرا، کە پێکهاتوون لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، غولام موحسین موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد و ئایەتوڵڵای عەلیڕەزا ئەعرافی، ئەندامی ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوور. ترەمپ لەبارەی داهاتووی ئێرانەوە دەڵێت، سێ بەربژێری باشی بۆ بەڕێوەبردنی ئێران هەیە و داواشی لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران کردووە، کە چەکەکانیان دابنین.

هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێی ئێران

هاوکات لەگەڵ ئەوەی بە گەرمی شەڕ و بۆردومان و هێرشی درۆنی و مووشەکی بەردەوامیی هەیە، شەوی (8ـی 3ـی 2026) ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری  ئێران بڵاویکردەوە، کە ئایەتوڵا موجتەبا خامنەیی، کوڕیی عەلی خامنەییان بە زۆرینەی دەنگ هەڵبژاردووە بۆ ڕێبەری ئێران. بەوەش ئایەتوڵا موجتەبای تەمەن 56 ساڵ دەبێتە سێیەم ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1979ەوە. هەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، ژمارەیەک کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، لەگەڵ هەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا موجتەبادا نین. دۆناڵد ترەمپ، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند، بە هەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، وەک ڕێبەری نوێی ئێران دڵخۆش نییە. هاوکات لە لێدوانێکی دیکەدا بۆ ڕۆژنامەی "زە تایمز ئۆف ئیسرائیل" لەبارەی هەمان پرس، بە کورتی گوتی: "با بزانین چی ڕوودەدات".

"گورزی 20 هێندەیان لێ دەدەین"

دۆناڵد ترەمپ، هۆشدارییەکی تووند دەداتە تاران لە بارەی داخستنی گەرووی هورمز و ڕایدەگەیەنێت، هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە ڕووبەڕووی "مەرگ و ئاگر و تووڕەیی"یان دەکاتەوە و جەختیش لە لەناوبردنی تەواوەتی توانای ئەتۆمی و دەریایی ئەو وڵاتە دەکاتەوە.

چارەنووسی سەرکردایەتیی ئێران

ترەمپ، تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی ناو سەرکردایەتیی ئێران و گوتی: "ئێران هیچ سەرکردەی نەماوە، سەرکردەی نوێ دێت و ئەویش نامێنێت." ئەم لێدوانەی ترەمپ ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی ستراتیژیی ئەمریکا لە بە ئامانجگرتنی بەرپرسە باڵاکانی تاران و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی نوێ بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانیان.

نوێترین پێشهاتەکان

بۆردومانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ناوەندەی سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران و بە ئامانجگرتنی بەرپرسانی باڵای ئێران بەردەوامیی هەیە. لەو وچوارچێوەیەدا ئیسرائیل ڕۆژی 17ـی ئازاری 2026 هەواڵی کوژرانی عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و غولام ڕەزا سولەیمانی فەرماندەی هێزەکانی بەسیجی ئێرانی بڵاوکردەوە، کە دواتر هەواڵی کوژرانیان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە پشتڕاستکرایەوە.

کەناڵ8

21/03/2026

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
جەبار حسێن

مەسعود بارزانى: لە سەردەمێکدا دەژین کە هەموو جیهان چاوی لە کوردە

مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، پەیامێکى ئاڕاستەى بەشداربووانى جەژنى نەورۆز لە شارى بۆنى ئەڵمانیان کرد و ڕایگەیاند، لە سەردەمێکدا دەژین هەموو جیهان چاوی لە کوردە و ئەگەر لەگەڵ خۆماندا ڕاستگۆ بمێنینەوە، جیهان پشتیوانمان دەبێت.

نەورۆز بەرەبەیانی ڕۆژێکی نوێیە

سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە پەیامەکەیدا گوتیشى، نەورۆز بۆ کورد هێمای ژیان و ئازادی و سەرەتای نوێ و هیوا و بەرەبەیانی ڕۆژێکی نوێیە. نەورۆز هیوای گەلێکە کە هەرگیز دەستبەرداری خەباتی خۆیان نەبوون بۆ ماف و ئازادی خۆیان. بڵێسەی نەورۆز هەزاران ساڵە بە گەشاوەیی لە دڵی کورددا سووتاوە، پەیامێکە بۆ جیهان کە ئەم گەلە ئیرادەی خۆی هەیە و هیچ بەربەستێک و ستەمکارێک ناتوانێت ڕێگریی لێبکات.

"یەک پەیاممان هەڵگرتووە"

مەسعود بارزانى ڕاشیگەیاند، ئێمەی کورد لە هەر کوێیەک بین، لە کوردستان، ئەورووپا، ئەمریکا، یان هەر شوێنێکی جیهان، یەک پەیاممان هەڵگرتووە، ئەویش ناسنامەی کوردایەتی و خۆشەویستی ئازادییە. بارزانى ئاماژەى بەوەشکرد، کورد لە هەموو شوێنێک توانای ئەوەی هەیە پێکەوە بۆ ماف و ناسنامەی خۆی بوەستن و ئەمەش ڕێگای ڕزگارییە.

"هەموو جیهان چاوی لە کوردە"

سەرۆکى پارتى داوا دەکات، هەمیشە ئەم یەکڕیزییە بپارێزن و دەشڵێت، ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە هەموو جیهان چاوی لە کوردە. ئەگەر لەگەڵ خۆماندا ڕاستگۆ بمێنینەوە و پشتگیری یەکتر بکەین، دڵنیابن جیهان هاوڕێ و یارمەتیدەر و پشتیوانمان دەبێت.

هەموو لایەنەکان ڕازی بکات

لە بارەى ڕۆژئاوا و باکوورى کوردستانیشەوە، گوتى، ڕۆژئاوای کوردستان لە کارەساتەکان ڕزگاری بووە، هیوادارم حکومەتی سووریا و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان ڕێز لە ماف و داواکارییەکانی گەلی کورد لە سووریا بگرن. هاوکات پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکەین و هیوادارین دەرئەنجامێکی ئەرێنی بێت کە هەموو لایەنەکان ڕازی بکات.

جیهان پێویستی بە ئارامی و سەقامگیرییە

لە کۆتایى پەیامەکەشیدا دەڵێت: لە سەردەمێکدا کە جیهان گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا دێت، ناوچەکەمان شەڕ و ململانێی بەسەردا دێت. لەم دۆخە سەختەدا کە هەموو جیهان پێویستی بە ئارامی و سەقامگیری هەیە، پەیامی گەلی کورد هەمیشە پەیامی ئاشتی و سەقامگیری بووە، ئێمە هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ ئەوەی گەلی کورد تێوەنەگلێت لەم کێشە و ململانێیانەدا و هیوادارین خوشک و براکانمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان سەلامەت بن لەو شەڕ و ململانێیەى ناوچەکەی گرتووەتەوە.

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
جەبار حسێن

پەیامی ئیلهام ئەحمەد بۆ جەژنی نەورۆز؛ کار بۆ جێگیرکردنی دەستکەوتەکان لە دەستووردا دەکەین

"لە قامیشلۆوە تاوەکو ئامەد و هەولێر و مەهاباد"

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئیدارەی خۆسەر، پەیامێکى بەبۆنەى جەژنى نەورۆز بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "جەژنى نەورۆز لە قامیشلۆوە تاوەکو ئامەد، هەولێر و مەهاباد پیرۆزبێت".

ساڵێکی قورسیان بەڕێکردووە

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئیدارەی خۆسەر گوتیشى، لە ڕۆژئاواى کوردستان ساڵێکى پڕ لە شۆڕشى قورسیان بەڕێکردووە و چەندین دەستکەوتى مەزنیان بە تێکۆشینى گەلى کورد لە چوار پارچەى کوردستان بەدەستهێناوە.

 کوردانی چوارپارچەی کوردستان پشتیوانیان کردوون

ئیلهام ئەحمەد ڕاشیگەیاند، هیوامان خواستووە دەستکەوتەکان لە چوارچێوەى دەستوور و یاسادا جێگیر بکرێن، بەڵام دۆخى قورستریان بەسەرداهێندراوە و لەو دۆخەشدا کوردانى چوارپارچەى کوردستان پشتیوانیان کردوون.

نەورۆز جەژنی دەربازبوونە

لەبەشێکى دیکەى گوتەکانیدا، ئیلهام ئەحمەد گوتى، وەک چۆن لە مێژووى کورداندا نەورۆز بووەتە جەژنى دەربازبوون، بووەتە ڕۆژێکى نوێ بۆ تەواوى گەلى میزۆپۆتامیا، ئەمڕۆش جارێکى دیکە نەورۆزى 2026 دەبێتە نەورۆزێکى نوێ بۆ تەواوى گەلى کورد.

پرۆسەى ئاشتیى باکوور دەبێتە چارەسەرێکى سیاسى بۆ مافەکانى کورد

هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئیدارەی خۆسەر ڕاشیگەیاند، لەو بڕوایەدان پرۆسەى ئاشتى کە لە باکوورى کوردستان دەستیپێکردووە، دەبێتە چارەسەرێکى سیاسى بۆ مافەکانى گەلى کورد.

سەردەم و پرۆسەیەکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵات دەستیپێکردووە

لەبارەى ڕۆژهەڵاتى کوردستانیشەوە گوتى، جارێکى دیکە پرۆسەیەکى دیکە هاتووەتە ئاراوە و سەردەمێکى دیکە دەستپێکردووە، کە سەردەمى ڕێککەوتن و یەکێتیى گەلى کوردە.

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
شۆڕش محەمەد

عەممار حەکیم: دۆخى چەقبەستوویى پێکهێنانى حکومەت کۆتایی پێدەهێنین

عەممار حەکیم، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى نیشتمانى ڕایگەیاند، بەگوێرەى چوارچێوە دەستووریى و سیاسییەکان هەنگاو دەنێن بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخى چەقبەستوویی عێراق و پەلەکردن لە پێکهێنانى حکومەتێکى بەهێز کە تواناى بەڕێوەبردنى قۆناغەکەى هەبێت.

تەماشاکار نابن

عەممار حەکیم لەمیانەى پێشکەشکردنى گوتارى نوێژى هەینى ئاماژەى بەوە کرد "لەبەرامبەر بەردەوامبوونى چەقبەستوویى سیاسى پێکهینانى حکومەت وەک تەماشاکار نامێنێتەوە".

کۆتاییهێنان بە دۆخی چەقبەستوویی

سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى نیشتمانى گوتیشى "بەرژەوەندیى عێراق وا دەخوازێت کە هەنگاوى یەکلاکەرەوە و بەرپرسانە بگرینەبەر و لە چوارچێوە دەستووری و سیاسییەکاندا هەنگاو دەنێین بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە چەقبەستووەى کە بۆ پێکهێنانى حکومەت دروست بووە، بە ئامانجى پەلەکردن لە پێکهێنانى حکومەتێکى بەهێز کە تواناى بەڕێوەبردنى دۆخەکەى هەبێت".

دەستی دیالۆگ و گفتوگۆ

عەممار حەکیم ئاماژەى بەوەش کرد "بە ڕۆحێکى نیشتمانیى ڕاستگۆیانە دەستى دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ هەموو لایەک درێژ دەکەین بەڵام جەختیش لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە مافى گەلەکەمانە بزانێت کێ بەدواى چارەسەردایە و کێش گرفت بۆ ڕێرەوى دەوڵەت دروست دەکات".  دەشڵێت "چونکە عێراق زۆر لەوە گەورەترە کە لە ململانێى تەسکدا کورت بکرێتەوە".

کردنەوەی ئاسۆی سەقامگیری

بەگوتەى حەکیم "کۆتاییهێنان بەو چەقبەستووییە و کردنەوەى ئاسۆى سەقامگیریى بەرپرسیارێتى نیشتمانییە و پێویستى بە هۆشیارییەکى ڕاستەقینە هەیە بۆ ئەوەى ئاسایشى هاوڵاتیان و بەرژەوەندییە باڵاکانیان بخاتە سەروو هەموو شتیکى دیکەوە". 

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
ئارا ئیبراهیم

هەناردەى گازى ئێران بۆ عێراق دەستیپێکردووەتەوە

ئێران پێنج ملیۆن مەترسێجا گاز هەناردەى عێراق دەکات

هەناردەکردنى گازى سرووشتى لە وڵاتى ئێرانەوە بۆ عێراق دەستی پێکردووە و ڕۆژانە بڕى پێنج ملیۆن مەتر سێجا گاز لە وێستگەکانى ئێرانەوە هەناردەى عێراق دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا.

بڕی گازی هاوردەکراو زیاد دەکەن

ئەحمەد موسا، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق، ڕایگەیاند" ئەمڕۆ شەممە 21ـى ئازار، هاوردەکردنى گازی سروشتییان لە ئێران دەستپێکردووە و بەشێوەى قۆناغبەندى بڕى هاوردەکردنەکەى بۆ وێستگەکانی کارەبا زیاد دەکەن".

 پشتبەستن بە گازی سروشتیی ناوخۆ

گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق باسى لەوەشکرد، بەوهۆیەوە وەزارەتى کارەبا پشت بە گازى سروشتى لەناوخۆ بەستووە بۆ دابینکردنى وێستگەکانى کارەبا و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت بۆ دابینکردنی گاز هەیە".

زیادکردنی بەرهەمی کارەبا

گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق ئەوەشی ئاشکراکردووە کە پاش دەستپێکردنەوەی گازی سروشتى ئێران، بەرهەمى کارەبا بە بڕى 14 هەزار مێگاوات تۆمارکراوە و پلانەکانی وەزارەتى کارەبا بەردەوامە بۆ ئەوەی پێش وەرزی هاوین گازى سروشتى زیاتر بۆ وێستگەکانى دیکە دابین بکرێت.

کار بۆ سەقامگیری لە دابەشکردنی کارەبادا دەکرێت

گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق، ئەوەشى ڕوونکردەوە، سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا دابینکراون و چاودێری و بەدواداچوونی وردى کارپێکردنی سیستەمەکە و هێڵەکانی گواستنەوە دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری لە دابەشکردنى کارەبادا.

بۆردومانی کێڵگەی گازی پارس

هەفتەى ڕابردوو بەهۆى بۆردوومانکردنى کێڵگەى پارسی باشوور لە ئێران و زیان گەیاندن بە کێڵگەکە، هەناردەى غاز لەو وڵاتە تا ئاستى سفر بۆ عێراق وەستاوە، ئەمە لەکاتێکدایە، لەپێش جەنگى ئەمریکاو ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران، عێراق ڕۆژانە بڕى حەوت ملیۆن مەتر سێجا گازى سروشتى لە ئێرانەوە هاوردە دەکرد بۆ کارپێکردنى وێستگەکانى کارەبا.

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
کیژان مەحمود

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: هەوڵەکان لە پێناو بەرقەراریى ئاسایشى وڵات بەردەوامن

وەزارەتى ناوخۆى عێراق عێراق دڵنیایی دەدات لە هاوڵاتیان کە سنوورەکان پارێزراون و هێزى ئەمنى لە سنوورەکە بڵاوەیان پێکراوەتەوە و داواشیان لێدەکات لەو ناوچانە دووربکەونەوە کە بە ئامانج دەگیردرێت.

گرتووخانەکان پارێزراون

وەزارەتی ناوخۆی عێراق و فەرماندەی هێزەکانی سنوور و پۆلیسی پارێزگای ئەنبار سەبارەت بە دۆخى پارێزراوی سنوورەکان و دۆخی ئەمنی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا و تێیدا، عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، گرتووخانەکان پارێزراون و هەوڵەکان لە سەرانسەری هەموو دەزگا ئەمنییەکان لە پێناو ئاسایشی وڵات بەردەوامن.

دوورکەوتنەوە لە ناوچە بە ئامانجگیراوەکان

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ڕاشیگەیاند، مامەڵە لەگەڵ ئەو مووشەک و درۆنانەش دەکەن کە دەکەونە خوارەوە، داواشی لە هاونیشتمانیان کرد دووربکەونەوە لەو ناوچانەی دەکرێنە ئامانج و هۆشداریشیدا لە تۆمارکردنى ڤیدیۆ و بڵاوکردنەوەى.

هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سووریا

هەر لە کۆنفرانسەکەدا محەممەد عەبدولوەهاب، فەرماندەی هێزەکانی سنووری عێراق ڕایگەیاند، هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سووریا هەیە بۆ پاراستنی دەروازەکان و جەختیشیکردەوە لەپارێزراوی سنوورەکان و نەبوونی حاڵەتی دزەکردن.

ئاستی پارێزراویی سنوورەکان لە باشترین حاڵەتدایە

فەرماندەی هێزەکانی سنووری عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاستی پارێزراوی سنوورەکان لە باشترین حاڵەتی دایە و سنوورەکان توندکراون، ئەوەی دەوترێت لەسەر مەترسی دزەکردن، ڕاستنییە چونکە سنوورەکان بە کامێرای چاودێری و پاسەوانییەکی زۆرەوە چاودێری دەکرێن.

پلانی ئەمنی وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت

عادل عەلوانی، فەرماندەی پۆلیسی ئەنبار ڕایگەیاند، دۆخی ئەمنی سنوورەکان پارێزراوە و هێزێکی زۆر لە سەرجەم دەروازە و خاڵەکان بڵاوەیان پێکراوە و هیچ پێشێلکارییەک بوونی نییە و پلانە ئەمنییەکان وەک خۆی جێبەجێدەکرێت. عادل عەلوانی ئەوەشی ڕەتکردەوە خاڵە سەربازییەکانی ئەنبار چۆڵکرابن.

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
کیژان مەحمود

عەممار حەکیم: ئاسایش و سەقامگیری عێراق هێڵی سوورە و ناکرێت تێپەڕێنرێت

عەممار حەکیم ڕایگەیاند، ئاسایش و سەقامگیری عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هێڵی سوورە و ناکرێت تێپەڕێنرێت.

حەکیم باسی هێڵی سووری کرد

ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی جەژنی رەمەزانە لای پەیڕەوانی شیعە مەزهەب و بەو بۆنەیەوە عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە وتارێکی پێشکەشکرد و  ڕایگەیاند، "ئاسایش و سەقامگیری عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هێڵی سوورە و نابێت تێبپەڕێنرێت".

سەقامگیری بە ڕێکەوت بە دەستنەهاتووە

سەرۆکی ڕەوتی حیکمە دەشڵێت، "ئەو  ئاسایش و سەقامگیرییە سیاسییەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەستهاتووە بە ڕێکەوت نەبووە، بەڵکو بە خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی بێ ئەندازەی گەل و ئیرادەیان بووە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی عێراقی بەهێز".

هەڵمەتی هاوکاری بۆ ئێران

حەکیم ، هیواشی خواستووە شەڕی سەر ئێران و لوبنان بەزووترین کات کۆتایی بێت و بانگێشتی گەلی عێراقیشی کرد بۆ هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆئەو دوو وڵاتە.

جەنگ خزمەت بە ماڵوێرانی دەکات

سەرۆکی ڕەوتی حیکمە ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشکردنە سەر ئێران هیچ پاساوێکی نییە  و هۆشداریشیدا لەوەی زیادبوونی گرژییەکان خزمەت تەنیا بە جەنگ و ماڵوێرانی لە ناوچەکەدا دەکات.

 "دەستدرێژی بۆسەرە وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان قبوڵ ناکرێت"

عەممار حەکیم گوتیشی، "سەقامگیریی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەموو وڵاتانی ناوچەکە، مەرجێکی بنەڕەتییە کە ناتوانرێت سازشی لەسەر بکرێت یان ڕێگەبدرێت بکرێنە ئامانج. هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هەر وڵاتێکی عەرەبی یان موسڵمان جێگەی قبوڵکردن نییە و ناتوانن بێدەنگ و بێلایەن بمێننەوە".

داوای ڕاگرتنی شەڕخوازەکان

سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، داواشی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد هەنگاوی جددی بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی ئەو کەسانەی دەیانەوێت ناوچەکە پەلکێشی شەڕێکی درێژخایەن بکەن.

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
محەمەد عەلی

ئەردۆغان: پیرۆزبایی نەورۆز لە سووریا و عێراق و ئێران دەکەم؛ لە پیرۆزباییەکەیدا ناوی کوردی نەهێناوە

لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە بڵاویکردەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، چالاکیی ڕۆژی نەورۆز کە ساڵی ڕابردوو لە ئیستانبوڵ لەژێر سەرپەرشتیی ئەواندا بەڕێوەچووە  ئەمساڵ لە عەنتاب بەڕێوەیدەبەن.

بەبێ ناوهێنانی کورد

ئەردۆغان پیرۆزبای نەورۆزی لە وڵاتان و بە گوتەی خۆی جیهانی تورکی کرد و لەبارەی وڵاتانی دراوسێی تورکیاشەوە بێ ناوهێنانی کورد پیرۆزبایی نەورۆز لە دانیشتوانی هەریەک لە سووریا و عێراق و ئێران دەکات و هیواخوازە نەورۆز ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگ.

پیرۆزبایی لە وڵاتان

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا  گوتیشی، "دڵخۆشم دەبینم نەورۆز کە نیشانەی جۆش و خرۆش، دڵخۆشیی و پێکەوەییە، لە وڵاتەکەمان و لە وڵاتانی دراوسێمان بووەتە سیمبولی دەستپێکی نوێ. لە 81 پارێزگای وڵاتەکەمان و هاوکات لە لەسەرانسەری جیهانی تورکیدا، بە هەمان هەستەوە لەدەوری ئاگری نەورۆز کۆدەبینەوە. هاوکات نەورۆز لە خوشک و برایانمان لە سووریا، عێراق و لە ئێران کە لەم ڕۆژانەدا بووە بەژێر گرفتەکانی جەنگەوە، پیرۆزدەکەم و هیوادارم ئەم ڕۆژە مانادارە ببێتە ئامڕازی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەکەمان".

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
کیژان مەحمود

وەزارەتی نەوتی ئێران: هیچ نەوتێکی خاوی کۆگاکراومان نییە تاوەکو بیفرۆشین لە بازاڕە جیهانییەکاندا

وەزارەتی نەوتی ئێران وەڵامی ئەمریکای دایەوە و ڕایگەیاند، هیچ بڕە نەوتێکیان نییە تاوەکو بیفرۆشن بە بازاڕە جیهانییەکان و دەشڵێن، ئەو لێدوانانەی ئەمریکا تەنیا بۆ هێورکردنەوەی بازاڕ و بەرزنەبوونەوەی نرخی نەوتە.

نەوتی خاوی کۆگاکراویان نییە

سامان قدوسی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی ئێران لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند، لە ئێستادا ئێران هیچ بڕە نەوتێکی خامی نییە، نە لە کەشتییەکاندا نە لە کۆگاکاندا بۆ خستنەڕوو و فرۆشتنی بە بازاڕە جیهانییەکان.

 لێدوان بۆ هیوابەخشین

ئاماژەی بەوەشکردووە، لێدوانی وەزیری خەزێنەی ئەمریکا تەنیا بۆ هیوابەخشین و دان بەخۆداگرتنی کڕیارانی نەوت و کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و بەرزنەبوونەوەی نرخی نەوتە.

پلانی ئەمریکا بۆ نەوتی خاوی ئێران

ئەوە لەکاتێکدا پێشتر وەزیری خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، لە ڕۆژانی داهاتوودا سزا لەسەر ئەو نەوتەی ئێران هەڵدەگرن کە لە دەریادایە و بڕەکەی 140 ملیۆن بەرمیلە و بە خستنەڕووی لە بازاڕەکان، بەشدار دەبێت لە کەمکردنەوەی نرخی نەوتی خاو لە ماوەی 10 بۆ 14 ڕۆژدا.

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
کیژان مەحمود

دەزگای هەواڵگری عێراق لە بەغداد: هێرشکراوەتەسەر بنکەیەکمان

دەزگای هەواڵگری عێراق ڕایگەیاند، هێرشێکی تیرۆرستی کراوەتەسەر دەورووبەری پێگەی دەزگاکەیان لە بەغداد بەهۆیەوە ئەفسەرێکیان کوژراوە و ئاژانسی فرانس پرێسیش دەڵێت، باڵەخانەیەک کراوەتە ئامانج کە ڕاوێژکارانی ئەمریکا تێیدا کاردەکەن.

"هێرشەکە لە لایەن هێزەکانی دەرەوەی یاساوە کراوە"

دەزگای هەواڵگیری عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، سەر لە بەیانی ئەمرۆ هێرشێکی تیرۆرستی لەلایەن "هێزەکانی دەرەوەی یاساوە" کراوەتەسەر دەورووبەری پێگەی دەزگاکەیان لە بەغداد، بەهۆیەوە ئەفسەرێکیان کوژراوە.

 ئامانجی پشت هێرشەکە

دەزگاکە دەڵێت، ئەو هێرشە بەئامانجی ساردکردنەوەیانە لە ئەرکەکانیان و جەختیشدەکەنەوە بەردەوامدەبن لە بەدواداچوون و دۆزینەوەی بکەری هێرشەکان و دەستگیرکردنیان و ڕادەستکردنیان بە دادگا بۆ وەرگرتنی سزای یاسایی.

کەوتنەخوارەوەی درۆنێک لە نزیک بارەگای هەواڵگری

ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، درۆنێک لە نزیک دەزگای هەواڵگری عێراق لە ناوچەی مەنسووڕی بەغداد کەوتووەتە خوارەوە، ئاژانسەکانی هەواڵیش ڕایانگەیاند، لەو ناوچەیە دامەزراوەیەکی لێیە کە ڕاوێژکارەکانی ئەمریکا تێیدا کاردەکەن.

شوێنی هێرشەکە نزیکە لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوون

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسیش باسی لەوەکردبوو، بە درۆن هێرشکراوەتەسەر گەڕەکێکی نیشتەجێبوون لە ناوەڕاستی بەغداد و بەرپرسانی ئەمنی عێراقی بە ئاژانسەکەیان ڕاگەیاندووە، یەکەمجار بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان چاودێری یانەی سەید کە یانەیەکی کۆمەڵایەتییە لە ناوچەی مەنسووڕ کراوە ، دواتر هێرشی درۆنی کراوەتە سەر باڵەخانەکە.

ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووە، هێرشی دووەم بۆسەر باڵەخانەیەکی پەیوەندی بووە کە باڵەخانەیەکی دامەزراوەیەکی ئەمنی عێراقییە و هەماهەنگی هەیە لەگەڵ ژمارەیەک ڕاوێژکاری ئەمریکی کە لە عێراقن و لەچوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش کاردەکەن.

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

هێرشکرایە سەر وێستگەى ئەتۆمى نەتەنز لە ئێران

بەرەبەیانى ئەمڕۆ وێستگەى ئەتۆمى نەتەنز لە ئێران کەوتە بەر هێرشى ئەمریکا و ئیسرائیل، ڕێکخراوى وزەى ئەتۆمى ئێرانیش دەڵێت، هیچ دزەکردنێکى تیشکى ئەتۆمى لە دەرئەنجامى هێرشەکە ڕووینەداوە.

شوێنی هێرشەکە ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆمە

ڕێکخراوى وزەى ئەتۆمى ئێران، ڕایگەیاند، بەرەبەیانى ئەمڕۆ جارێکى دیکە، هێرشى ئاسمانى کراوەتە کۆمەڵگەى شەهید ئەحمەد ڕەوشەن بۆ پیتاندنى یۆرانیۆم لە وێستگەى ئەتۆمى نەتەنز، بەڵام بەهۆى رێکارە پێشوەختەکان هیچ دزەکردنێکى تیشکى ئەتۆمى ڕووینەداوە.

هێرشەکە پێچەوانەی پەیماننامەکانە

دووپاتیشیکردووەتەوە، هێرشکردنە سەر وێستگەى ئەتۆمى نەتەنز پێچەوانەى پەیماننامەى قەدەغەى بڵاوبوونەوەى چەکى ئەتۆمە.

دەنگی تەقینەوە لە چەند ناوچەیەکی جیاجیای ئێران

هەروەها میدیاى ئێران بڵاویکردەوە، دەنگى تەقینەوە لە نزیک شارى دیزەفول لە پارێزگاى خوزستانى باشوورى خۆرئاواى وڵات و شارى بەندەر عەباس لە پارێزگاى هورمزگان لە باشوورى وڵات بیستراوە.

پارێزگارى مازندەرانیش ڕایگەیاندووە، بەهۆى هێرشى ئاسمانى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەیەکى نیشتەجێبوون لە شارى ڕامسەرى باکوورى وڵات سێ کەس کوژراون کە یەکێکیان منداڵە.

"ئێران هەنگاوی گەورەی لە گەرووی هورمز ناوە"

لایخۆشییەوە، گوتەبێژى بارەگاى خاتەمولئەنبیا ڕایگەیاند، ئێران هەنگاوى گەورەى لە گەرووى هوورمز ناوە و گوتیشى، هێرشی ورد و بێ پێشینەى ئۆپراسیۆنەکانیان ، تواناى ئێران و هەژموونى لە ئاسمانى دوژمن دەرخستووە.

دووپاتیشیکردەوە، بەردەوامى جەنگ و وێرانکارى نوێ لە بنکەکانى دوژمن بەجۆرێکە ناتوانێت نۆژەنیان بکاتەوە.

لێدوانی سوپای ئیسرائیل

هەروەها سوپاى ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بەرەبەیانى ئەمڕۆ ھێرشى ئاسمانییان کردووەتە سەر چەند ئامانجێک لە تاران، دواى هەڵدانى چەند مووشەکێک بەرەو ئیسرائیل.

ئاماژەى بەوەشکردووە، لەماوەى شەش کاتژمێردا سێ جار هەڵدانى مووشەک لەلایەن ئێرانەوە بۆ ئیسرائیل تۆمارکراوە.

میدیاى ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بەهۆى مووشەکى هێشووى ئێرانەوە، پارچەى موشەک و بۆمب لە هەشت شوێن لە شارى ریشو لیتسیون کەوتوونەتە خوارەوە.

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

جۆن بۆڵتن: ڕوون نییە کەى جەنگى ئێران کۆتایی دێت

جۆن بۆڵتن ڕاوێژکارى پێشووترى ئاسایشى نیشتمانیی ئەمریکا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵ8، دوا پەرەسەندنە ئەمنى و سیاسییەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و پلان و ستراتیجى ئەمریکا بۆ ئێران ڕوونکردەوە و گوتى، پلانى ترەمپ بۆ جەنگى ئێران ڕوون نییە و ئاشکرانییە جەنگەکە چۆن دەوەستێت.

گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران بە شەوو ڕۆژێک نایەتی دی

جەختیشیکردەوە، گۆڕینى دەسەڵات لە ئێران بە شەو و ڕۆژێک نایەتەدى و پێویستى بە تێکشکاندنى لوتکەى دەسەڵات و خۆپیشاندانى گەلانى ئێرانە.

جۆن بۆڵتن ڕاوێژکارى پێشووترى ئاسایشى نیشتمانیی ئەمریکا دەربارەی پلانی ترەمپ بۆ ئێران و گۆڕینی دەسەڵات لە ئیران گوتی " زۆر ڕوون نییە کەی و چۆن جەنگەکە دەوەستێت و ئامانجەکان لای تڕەمپ زۆر ڕوون و ئاشکرا نین ، کە ئایا ڕژێمەکە دەگۆڕدرێت لە ئێران یاخود وەکو ئەوەی بینیمان لە مانگی کانوونی دووەم خۆپیشاندانەکان سەرهەڵدەدەنەوە ، حیزب و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران ڕۆڵیان دەبێت و هانی خەڵکی دەدەن بۆ خۆپیشاندان و گۆڕینی ڕژێم لە ناوخۆی وڵات کە ئەو کات پێیان دەگوترا یارمەتیەکان لە ڕێگایە بۆلاتان ، بۆیە من پێم وایە ئەگەر ئامانجەکە گۆڕینی ڕژێم بێت ئەوا بە شەو و ڕۆژێک نایەتەدی و پێویستی بە تیکشکانی پەیکەربەندی لوتکەی دەسەڵاتەکەیە  بێگومان پێویستی بە ڕژانە سەر شەقامی خەڵکی ئێران هەیە، بە جۆرێک سوپای پاسداران هەڵبوەشێندرێتەوە و هێزە کوردیەکانیش کە لە دەرەوەی سنوورن بەشداری بکەن و بەم جۆرەش هێزەکانی بەسیج پەکبخەن".

ئێران لە لاوازترین دۆخدایە

جۆن بۆڵتن، ئاماژەى بەوەشکرد، دەسەڵاتى ئێران لە دواى ساڵى 1979 ەوە لە لاوازترین دۆخدایە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشنبیى ناکەن لە شەو ڕۆژێکدا بگۆڕێت، لەباشترین دۆخدا دەکرێت، سوپا و دەسەڵاتی سەربازی دەستبەسەر حکومڕانی وڵاتەکەدا بگرێت.

هەوڵی دووبارە بنیات نانەوەی توانا ئەتۆمییەکان

جەختیشیکردەوە،  مانەوەی ئەم دەسەڵاتە واتاى دووبارە بونیادنانەوەى بەرنامەی ئەتۆمى و تواناکانییەتى، بۆیە دەبێت دەرئەنجامی جەنگەکە جیاواز و بەرهەمداربێت.

جۆن بۆڵتن: کورد مافى خۆیەتى دەوڵەتی هەبێت

لەبەشێکى دیکەى دیمانەکەیدا لەگەڵ کەناڵ8، جۆن بۆڵتن ڕاوێژکارى پێشتووترى ئاسایشى نیشتمانیی ئەمریکا، ڕایگەیاند، لەدواى گۆڕینى دەسەڵات لە ئێران، خەڵکى ئێران بڕیار لە نووسینەوەى دەستوور و پێکهێنانى حکومەتى نوێ دەدەن، دەشڵێت، کورد لە تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا مافى خۆیانە وڵاتى خۆیان هەبێت.

"گۆڕینی جوگرافیا و نەخشەی ئێران کاری ئێمە نییە"

 ڕاوێژکارى پێشتووترى ئاسایشى نیشتمانیی ئەمریکا دەربارەی گۆڕینی جوگرافیا و نەخشەی ئێران گوتی " ئەگەرهاتوو ڕژێمەکە ڕووخا ئەوا خەڵکی ئێران  بڕیار لە حکومەتی نوێ دەدەن ، بۆیە ئەم پرسە پێویستی بە نووسینەوەی دەستوور و داڕشتنەوەی هەیە لە پاش کۆتایی هێنان بە دەسەڵات، بۆیە گۆڕینی جوگرافیا و نەخشەی ئێران کاری ئێمە نییە و ئەوە بڕیار و وویستی گەلی ئێرانە کە پاش ڕووخانی ڕژێمەکە بڕیاری لێدەدەن، بۆ نمونە کوردەکان لە ئێران و تورکیا و عێراق و سووریا مافی خۆیانە حکومەت و وڵات و نەتەوەی خۆیان هەبێت و من هەمیشە پاڵپشتی ئەوەم کردووە و ئەم گفتوگۆیانەش پێویستە پاش نەمانی  دەسەڵات بکرێت و لە ئێستادا پێویست بە قسەکردن ناکات لەو بارەیەوە بە تایبەت پێش ئەوەی هیچ گۆڕانکاریەک هاتبێتە ئاراوە ، ئەوەی گرنگە ئێستا دەبێت یەکگرتووبن و خۆیان بۆ ئەگەری ئایندە ئامادە بکەن بۆ گۆڕین و کۆتای هێنان بە دەسەڵات".

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

ئەمریکا هاوپەیمانێتییەک بۆ دروستکردنی مووشەک و درۆن لە ئاسیا پێکدەهێنێت

بەسەرکردایەتی واشنتن، هاوپەیمانییەک بۆ دروستکردنی چەک و مووشەک و درۆن لە نزیک شوێنی ململانێ و گرژییەکان لە وڵاتانی ئاسیا پێکدەهێنرێت.

بە هاوکاریی ژاپۆن و سەرکردایەتی ئەمریکا

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا لە ڕاگەیێنراویکدا ئاشکرایکردووە، بڕیاردراوە بە دروستکردنی هاوپەیمانێتییەک بۆ دروستکردنی بزوێنەری مووشەک و درۆن بە هاوکاری وڵاتی ژاپۆن و سەرکردایەتی ئەمریکا، ، وەزارەتەکە دەشڵێت، بڕیاردراوە هێڵێکی نوێی دروستکردنی ئەو جۆرە چەکانە لە وڵاتی فلیپیندا دابمەزرێنرێت.

گەشەپێدانی پیشەسازییە بەرگرییەکان

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ گەشەپێدانی پیشەسازییە بەرگرییەکانە لە زەریای هێمن و هیندی، کە بەشێک لە وڵاتەکانی پێکەوە کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان لە بەرهەمهێنانی چەک".

پێشتر هاوپەیمانێتی دروستکردن لەگەڵ وڵاتانی ئاسیا

ئەم بڕیارەش لە کاتێکدایە لەساڵی 2024ـدا ئەمریکا هاوپەیمانێتییەکی لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی ئاسیا دروستکرد بۆ کەمکردنەوەی مەترسی و یارمەتیدانی هاوپەیمانەکانی بۆ بەرهەمهێنان و چاککردنەوەی ئامێرە سەربازییەکان.

لە 16 وڵات پێکهاتوون

هاوپەیمانێتییەکەی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتان بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک و درۆن لە 16 وڵات لە زەریای هێمن و هیندی و ئەوروپا پێکهاتوون، نوێترین ئەندامی هاوپەیمانێتییەکەش وڵاتانی تایلەند و بەریتانیان کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لەلایەن وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانییەکەوە پێشوازییان لێکرا.

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

ئێران: ڕێگەدەدەین کەشتییە نەوتییەکانی ژاپۆن لە گەرووی هوورمزەوە تێپەڕن

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

ئێران مووشەک ئاراستەى دوورگەى دیگۆ گارسیا دەکات

ئێران مووشەک ئاراستەى بنکەى هاوبەشى هێزەکانى ئەمریکا و بەریتانیا لە دوورگەى دیگۆ گارسیا لەزەریاى هیندى دەکات کە چوار هەزار کیلۆمەتر لە خاکى ئەو وڵاتەوە دوورە.

دوورگەکە دەکەوێتە کوێ؟

ڕۆژنامەى وۆڵستریت جۆرناڵى ئەمریکى لە زارى بەرپرسانى ئەمریکاوە ئاشکرایکردووە، ئێران بەمدواییانە دوو مووشەکى ئاراستەى بنکەى هاوبەشى هێزەکانى ئەمریکا و بەریتانیا لە دوورگەى دیگۆ گارسیا لە زەریاى هیندى کردووە، بەڵام هیچ یەکێک لە مووشەکەکان ئامانجەکەیان نەپێکاوە.

چوار هەزار کیلۆمەتر لە خاکی ئێرانەوە دوورە

ڕۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، دوورگەى دیکۆ گارسیا، چوار هەزار کیلۆمەتر لە خاکى ئێرانەوە دوورە، هەڵدانى مووشەک بۆ دوورگەکە نیشانەى ئەوەیە هێشتا ئێران خاوەنى مووشەکى دوورمەودایە.

یەکێک لە مووشەکەکان لە ڕێگە پەکی کەوتووە

بەگوێرەى زانیارییەکانى ڕۆژنامەکە، یەکێک لە مووشەکەکانى ئێران، لە ڕێگەى ئاڕاستەکردنى پەکیکەوتووە و ئەوى دیکەشیان لە لایەن کەشتییەکى جەنگى ئەمریکاوە مووشەکى ئاڕاستەکە کراوە و بەرپەرچدراوەتەوە.

بنکەى دیگۆ گارسیا یەکێکە لەو دوو بنکەیەى بەریتانیا ڕێگەى بە ئەمریکا داوە لێیەوە هێرش بکاتە سەر ئێران.

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

کۆمپانیاکانى فڕۆکەوانى بەبەهاى 53 ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە

ئاڵۆزییەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست زیانى گەورەى بە کۆمپانیاکانى فڕۆکەوانى گەیاندووە، بەگوێرەى شیکردنەوەیەکى ڕۆژنامەوانى، 20 گەورە کۆمپانیاى جیهانى لە بۆرسەى جیهانى بەبەهاى 53 ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە

خراپترین قەیرانی دارایی لە دوای کۆرۆناوە

ڕۆژنامەى فاینانشاڵ تایمز لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، کۆمپانیاکانى فڕۆکەوانى لە جیهاندا ڕووبەڕووى خراپترین قەیرانى دارایی و بەگەڕخستن لەدواى کۆرۆنا بوونەتەوە لە دەرئەنجامى ئاڵۆزییە سەربازییەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

لەدەستدانی نزیکەی 53 ملیار دۆلار

شیکردنەوە ڕۆژنامەوانییەکان دەریانخستووە، لەدواى دەستپێکردنى هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بەهای پشکەکانی 20 گەورە کۆمپانیاى فڕۆکەوانی لە بۆرسەى جیهانیدا نزیکەى 53 ملیار دۆلاریان لەدەستداوە، لەکاتێکدا وەبەرهێنەران پێشبینى دەکەن بەهاى پشکەکانیان بەردەوام بێت لە دابەزین.

بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی فڕۆکە

ڕاپۆرتەکەى فاینانشاڵ تایمز ئاماژەى بەوەکردووە، کۆمپانیاکانى گواستنەوەى ئاسمانى لە ئێستادا کار لەسەر کاراکردنى هێڵى فریاگوزارى بەگەڕخستن و دارایی دەکەن، لە ترسى ڕاوەستانى دابینکردنى سوتەمەنى فڕۆکە، بەتایبەت کە خەرجى سوتەمەنى یەک لەسەر سێى تێکڕاى خەرجییەکانى بەگەڕخستنى ئەم کەرتە پێکدەهێنێت.

لەدواى دەستپێکردنى هێرشى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـى شوبات، نرخى سوتەمەنى فڕۆکە چەندین هێندە بەرزبووەتەوە، هێشتا ئاراستەکەشى ڕووە و بەرزبوونەوەیە، ئەوەش قازانجى کۆمپانیاکان ناهێڵێت و کاریگەریی نەرێنى هەیە لەسەر پێشبینى شیکەرەوانى دارایی و چالاکى پشکەکانیان لە بۆرسەکاندا.

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
رێبوار حمەوەیس

ترەمپ: نزیکبووینەتەوە لە ئامانجەکانى جەنگى ئێران

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا دەڵێت، زۆر نزیکبوونەتەوە لە بەدیهێنانى ئامانجەکانیان لە جەنگى ئێراندا و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا تاوتوێى کەمکردنەوەى هەوڵە سەربازییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکات.

کەمکردنەوەی توانا مووشەکییەکان

ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی تروس ئاماژەى بەوەکردووە، ئامانجەکانیان بریتین لە کەمکردنەوەى توانا مووشەکییەکان و لەناوبردنى پیشەسازیی بەرگری و نەهێشتنى هێز و ئازادیی جوڵەى دەریاوانى و ڕێگەنەدان بە نزیکبوونەوەى ئێران لە دروستکردنى بۆمبى ئەتۆمى و پاراستنى هاوپەیمانەکانیان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

جەنگ ڕاناگرن

هەروەها دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەوانان لە کۆشکى سپى ڕایگەیاند، جەنگ ڕاناگرن و گورزى کوشندەیان لە ئێران وەشاندووە و سەرکەوتنى سەربازییان بەسەر ئێراندا بەدەستهێناوە.

گوتیشى، ئیسرائیل ئامادەیە بۆ ڕاگرتنى جەنگ هەرکاتێک ئەمریکا بیەوێت.

گەرووەکە دەکرێتەوە

لەبارەى کردنەوەى گەرووى هوورمز، ترەمپ ئاماژەى بەوەکرد، لە قۆناغێکى دیاریکراودا گەرووەکە دەکرێتەوە، کردنەوەى گەرووەکەشى بە ئۆپراسیۆنێکى سەربازى ئاسان و کەم مەترسى ناوبرد.

ئەرکەکان چوار بۆ شەش هەفتە بخایەنێت

هاوکات کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژى کۆشکى سپى ڕاگەیاند، دۆناڵد ترەمپ و وەزیرى جەنگ پێشبینى دەکەن جێبەجێکردنى ئەرکەکان لە ئێران چوار بۆ شەش هەفتە بخایەنێت، ئێستا سێ هەفتەیان تەواو کردووە.

گوتیشى، ترەمپ جەخت لە یەک ئامانج دەکاتەوە ئەویش سەرکەوتنى تەواو و گشتگیرە.

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
ئارام قەرەداغی

لە ئامەد، بنارى قەندیل و قامیشلۆ ئاهەنگى نەورۆز سازدەکرێت

ئەمڕۆ لە ئامەد، بنارى قەندیل و قامیشلۆ ئاهەنگى گەورە بەبۆنەى جەژنى نەورۆز سازدەکرێت و بانگێشتى هاونیشتمانییان کراوە بەشداریى لە ئاهەنگەکان بکەن.

خوێندنەوەی پەیامی ئۆجەلان

لە ئاهەنگى نەورۆزى ئامەد، پەیامى عەبدوڵا ئۆجەلان دەخوێنرێتەوە، لەیلا زانا و بەرپرسانى دەم پارتى وتاریان دەبێت و پەیامی حیزب و لایەنە سیاسییەکانیش دەخوێنرێتەوە.

ئێمە ئێستا لە ئاشتیداین

لە بنارى قەندیلیش، ئامادەکارى بۆ ئاهەنگى گەورە کراوە، ئارام حسێن، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی بناری قەندیل ڕایگەیاند، ڕۆژى 21ـى ئازار ئاهەنگی گەورەی نەورۆز ئەنجام دەدرێت، دەڵێت" ئێمە ئێستا لە ئاشتیداین و داواى بەشداریى بەرفراوانى هاونیشتمانییان لە ئاهەنگەکە دەکەین و هەموو ئامادەکارییەکانمان تەواوکردووە.

بەهۆی بارانبارینەوە ئاهەنگەکانی نەورۆز دواخران

لە ڕۆژئاواى کوردستانیش ئەگەرچى لە چەند ناوچەیەک بەهۆى بارانبارین ئاهەنگەکانى نەورۆز دواخران، بەڵام بڕیارە لە قامیشلۆ لەناو یاریگاى قامیشلۆ و لە عامودا ئاهەنگى جەماوەریى بەرفراوان بۆ نەورۆز سازبکرێت، دەستەى سەرپەرشتیارانى ئاهەنگەکان لە ڕۆژئاواى کوردستان ڕایانگەیاندووە، ئەگەر بارانبارین بەردەوام بێت، ئەوا ئاهەنگەکان دوادەخەن.

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

عێراق دۆخى دەرەوەى کۆنترۆڵ بۆ شەش کێڵگەى نەوت ڕادەگەیەنێت

عێراق بەرهەمهێنانى نەوتى بە ڕێژەى 70% کەمکردووەتەوە و دۆخى دەرەوەى کۆنترۆڵ بۆ ئەو کێڵگانەى کۆمپانیاى بیانى کاریان تێدا دەکەن ڕادەگەیەنێت.

دۆخى " هێزى لەڕادەبەدەر"

ئاژانسى رۆیتەرز بڵاویکردەوە، وەزارەتى نەوتى عێراق، دۆخى " هێزى لەڕادەبەدەر" یاخود دۆخى دەرەوەى کۆنترۆڵى ڕاگەیاندووە بۆ ئەو کێڵگە نەوتییانەى کۆمپانیا بیانییەکان کاریان تێدا دەکەن.

 دۆخەکەش شەش کێڵگەى نەوتى لە پارێزگاى بەسڕە دەگرێتەوە.

دواى دەستپێکردنى شەڕى ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران

ئاژانسى ڕۆیتەرز ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو هەنگاوەى عێراق لە دەرئەنجامى ئەو دۆخەیە کە دواى دەستپێکردنى شەڕى ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، دووچارى هاتووە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت

هاوکات دواى هەنگاوەکەى عێراق نرخى نەوت بە ڕێژەى 4% لە بازاڕەکانى جیهاندا بەرزبووەوە.

تاوتوێکردنی پلانی بەرهەم

هەروەها حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوت، سەردانى کۆمپانیاى نەوتى باشوورى کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا تاوتوێى پلانى بەرهەمهێنانى نەوت لە کۆمپانیاکە لەبەر ڕۆشنایی دۆخى ناوچەکە کرا.

کەمبوونەوەی بەرهەم

وەزیرى نەوت ڕایگەیاند، لە دواى ڕاوەستانى هەناردەى نەوت لە بەندەرەکانى باشوور، بەرهەمهێنانى نەوت لە کێڵگەکانى نەوتى باشوور لە سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیلەوە بۆ 900 هەزار بەرمیل نەوت کەمکراوەتەوە.

ڕوونیشیکردووەتەوە، بڕى بەرهەمهێنراوى نەوت بۆ کارپێکردنى پاڵاوتگەکان بەکاردەهێنرێت.

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

حەشدى شەعبى کوژرانى چەکدارێکى لە بۆردوومانێکدا لە خورماتوو ڕاگەیاند

حەشدى شەعبى کوژرانى چەکدارێک و برینداربوونى ژمارەیەک چەکدارى دیکەى لە بۆردوومانێکدا بۆ سەر بارەگایەکى هێزەکانى لە فڕۆکەخانەى حلیوەى شارۆچکەى خورماتوو ڕاگەیاند.

درەنگانێکی شەوی هەینی

دەستەى حەشدى شەعبى لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، لە بەردەوامى دەستدرێژییەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پێگە و بارەگاکانى حەشدى شەعبى، درەنگانێکى شەوى هەینى، لە بۆردوومانێکى ستەمکارانەدا بارەگاى فەوجى چوارى سەر بە لیواى 45 لە چوارچێوەى فەرماندەى ئۆپراسیۆنەکانى باکوور و ڕۆژهەڵاتى دیجلە، کە دەکەوێتە فڕۆکەخانەى حلێوەى سەر بە شارۆچکەى خورماتوو کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە چەکدارێکیان کوژراوە و ژمارەیەکى دیکەش برینداربوون.

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

عێراق دۆخى دەرەوەى کۆنترۆڵ بۆ شەش کێڵگەى نەوت ڕادەگەیەنێت

عێراق بەرهەمهێنانى نەوتى بە ڕێژەى 70% کەمکردووەتەوە و دۆخى دەرەوەى کۆنترۆڵ بۆ ئەو کێڵگانەى کۆمپانیاى بیانى کاریان تێدا دەکەن ڕادەگەیەنێت.

دۆخى " هێزى لەڕادەبەدەر"

ئاژانسى رۆیتەرز بڵاویکردەوە، وەزارەتى نەوتى عێراق، دۆخى " هێزى لەڕادەبەدەر" یاخود دۆخى دەرەوەى کۆنترۆڵى ڕاگەیاندووە بۆ ئەو کێڵگە نەوتییانەى کۆمپانیا بیانییەکان کاریان تێدا دەکەن.

 دۆخەکەش شەش کێڵگەى نەوتى لە پارێزگاى بەسڕە دەگرێتەوە.

دواى دەستپێکردنى شەڕى ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران

ئاژانسى ڕۆیتەرز ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو هەنگاوەى عێراق لە دەرئەنجامى ئەو دۆخەیە کە دواى دەستپێکردنى شەڕى ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، دووچارى هاتووە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت

هاوکات دواى هەنگاوەکەى عێراق نرخى نەوت بە ڕێژەى 4% لە بازاڕەکانى جیهاندا بەرزبووەوە.

تاوتوێکردنی پلانی بەرهەم

هەروەها حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوت، سەردانى کۆمپانیاى نەوتى باشوورى کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا تاوتوێى پلانى بەرهەمهێنانى نەوت لە کۆمپانیاکە لەبەر ڕۆشنایی دۆخى ناوچەکە کرا.

کەمبوونەوەی بەرهەم

وەزیرى نەوت ڕایگەیاند، لە دواى ڕاوەستانى هەناردەى نەوت لە بەندەرەکانى باشوور، بەرهەمهێنانى نەوت لە کێڵگەکانى نەوتى باشوور لە سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیلەوە بۆ 900 هەزار بەرمیل نەوت کەمکراوەتەوە.

ڕوونیشیکردووەتەوە، بڕى بەرهەمهێنراوى نەوت بۆ کارپێکردنى پاڵاوتگەکان بەکاردەهێنرێت.

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
ئارام قەرەداغی

لە باشوور و ڕۆژئاوا و باکوورى کوردستان و ئەورووپا ئاهەنگى نەورۆز بەڕێوەچوو

لە هەرێمى کوردستان، ڕۆژئاوا و باکوورى کوردستان و بەشێک لە وڵاتانى ئەورووپا، ئاهەنگى نەورۆز بەڕێوەچوو، ڕێوڕەسمى تایبەت سازکرا و کوردان بە پۆشاکى کوردییەوە بەشدارییان لە جەژنى نەورۆز و پێشوازى لە سەرى ساڵى نوێى کوردى کرد.

هیچ ڕێوڕەسمێکی فەرمی بۆ نەورۆز سازنەکرا

لە هەرێمى کوردستان ئەگەرچى هیچ ڕێوڕەسمێکى فەرمى لەلایەن یەکە ئیدارییەکانەوە بەهۆى دۆخى ناوچەکە ساز نەکرا، بەڵام لە زۆربەى پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، ئاگرى نەورۆز کرایەوە و هاونیشتمانییان ئومێدیان خواست، ساڵى نوێى کوردى ساڵى کۆتاییهاتنى ئەو ناسەقامگیرییە بێت ناوچەکەى گرتووەتەوە.

ئاهەنگی کەرکوک تەواو جیاواز بوو

لەگەڵ ئەمانەدا ئاهەنگى نەورۆز لە پارێزگاى کەرکووک تەواو جیاوازبوو، لەکەرکووک ئاهەنگى جەماوەریى گەورە بۆ نەورۆز سازکرا و هاونیشتمانییان بەئاڵاى کوردستانەوە بەشدارییان لە ئاهەنگەکان کرد.

لە رۆژئاوای کوردستان

لە رۆژئاواى کوردستانیش سەرەڕای ناجێگیریی کەشوهەوا، بەڵام لە چەند ناوچەیەک بەبەشدارى هاونیشتمانییان و بە هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان و گوتنەوەى دروشمەکانى بژى بەرخۆدانى ڕۆژئاوا، ئاگرى نەورۆز کرایەوە.

لە باکووری کوردستان تەواو جیاواز دەبێت

لە باکوورى کوردستان ئەمساڵ نەورۆز جیاوازە، جیاوازییەکەش دەستپێکردنى قۆناغەکانى پرۆسەى ئاشتییە و هاونیشتمانییان هیواخوازن پرۆسەکە سەرکەوتووبێت و مافەکانى گەلى کورد لە تورکیا دابینبکرێت.

ئاهەنگی نەورۆز لە بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا

هاوکات لەگەڵ کردنەوەى ئاگرى نەورۆز، لە بەشەکانى کوردستان و لە بەشێک لە وڵاتانى ئەورووپا ڕەوەندی کوردی کۆبوونەوە و ئاگرى نەورۆزیان کردەوە و هیوایانخواست، ساڵى نوێ ساڵى هێنانەدیى خەونى هەمووان بێت.

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
رێبوار حەمەوەیس

ترەمپ پلانى هەیە دوورگەى خارگى ئێران کۆنترۆڵ بکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا هێز بۆ کۆنترۆڵکردن یاخود گەمارۆدانى دوورگەى خارگى ئێران لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کۆدەکاتەوە و بە فەرمانێکى بەپەلە داوا هێزێکى ئەمریکى کە بەڕێگاوە بووە بەرەو زەریاى هندى دەستبەجێ بەرەو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئاراستەکەى بگۆڕێت، کۆشکى سپیش دەڵێت، ئەمریکا هەر کاتێک بیەوێت دوورگەى خارگى ئێرانى کۆنترۆڵ دەکات.

هێز بەرەو زەریای هیندی بەڕێوەیە

تۆڕى "سى ئێن ئێن"ى ئەمریکى لە زارى دوو سەرچاوەى نزیک لە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاوە، دووپاتیکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ فەرمانێکى بەپەلەى ناردووە بۆ گرووپى شەڕکەرى دەریایی 11 سەر بە هێزى مارێنز کە بەڕێگاوە بووە بەرەو زەریاى هندى، تاوەکو دەست لە ئەرکەکەى هەڵبگرێت و بە پەلە بەرەو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بکەوێتەڕێ.

ژمارەیان 4500 سەربازە

تۆڕى "سى ئێن ئێن" ئاشکرایکردووە، هێزەکە لە چوار هەزار و 500 سەرباز پێکدێت و دەچێتە پاڵ گرووپى شەڕکەرى 31ـى سەر بە دەریاوانی و مارێنز کە بەیاوەرى کەشتى تەرابلوس بەڕێکەوتووە، جگە لەوەش گرووپى 11 چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دواى ئەوەى فەرمانى پێگەیشتووە بەیاوەرى کەشتى (پوکسەر) بنکەکەى لە ژاپۆن جێهێشتووە، کە نزیکەى پێنج هەزار سەرباز لەخۆدەگرێت.

هەریەکەیان هێزی ئاسمانیی خۆی هەیە

ئاماژەى بەوەشکردووە، هەر یەکێک لەو دوو هێزە پێکدێت لە سوپایەکى تەواو لە پاڵپشتیى لۆجستى و سەربازى و دەریایی و وشکانى، بەجۆرێک هەر یەکێکیان هێزى ئاسمانیى تایبەت بەخۆى هەیە، جگە لە هێزى وشکانى و زرێپۆش و تۆپهاوێژ.

کۆی هێزەکەی بەڕێوەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 10 هەزار سەربازە

بەگوێرەى زانیارییەکانى میدیا ئەمریکییەکە، کۆى ئەو هێزەى بەڕێگاوەیە بەرەو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، دەگاتە 10 هەزار سەرباز و دەریاوانى ئەمریکى، کە خاوەنى توانایەکى بەرزە لە ئۆپراسیۆنى سەربازیى کەناراوى لە هەموو دۆخێکدا.

پلانی کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارگ

هەروەها پێگەى "ئەکسیۆس" ئاشکرایکردووە، ئیدارەى دۆناڵد ترەمپ پلانى هەیە دوورگەى خارگى ئێرانى کۆنترۆڵ بکات یاخود گەمارۆى دەریایی بدات، بە ئامانجى فشار خستنە سەر ئێران بۆ کردنەوەى گەرووى هوورمز.

مانگێک بۆ هێرشی ئاسمانیی چڕ

چەند سەرچاوەیەکى ئاگادار لە گفتوگۆکانى ناو کۆشکى سپى ئاماژەیان بەوەکردووە، پلانەکە پێویستى بە مانگێک لە هێرشى ئاسمانیى چڕ هەیە بۆ لاوازکردنى تواناکانى ئێران لەدەوروبەرى گەرووى هوورمز، بەر لەوەی هەوڵبدات دوورگەکە کۆنترۆڵ بکات و وەک ئامرازێکى سەرەکى لە دانوستاندا بەکاریبهێنێت.

هەوڵەکان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز

بەرپرسێکى باڵا لە ئیدارەى ترەمپ بە پێگەى "ئەکسیۆس"ى گوتووە، ترەمپ دەیەوێت گەرووى هوورمز بکاتەوە، ئەگەر ئەوەش پێویستى بە کۆنترۆڵکردن یاخود گەمارۆدانى دوورگەى خارگ هەبێت، ئەوا ئەو کارە دەکرێت، بەڵام هێشتا بڕیارى کۆتایی لەسەر نەدراوە.

پەیام بۆ ئۆپراسیۆنەکانی داهاتوو

هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ لەماوەى ڕابردوودا هەڵوێستى جیاوازى هەبووە لەبارەى ناردنى هێزى پیادە بۆ ئێران، بەڵام هێرشى بەرفراوانى ئەمریکا بۆ سەر دوورگەى خارگ لە ڕۆژى هەینى ڕابردوو 13ـى ئازار، پەیامێکى هۆشداریی و هەنگاوێک بووە بۆ رێگەخۆشکردن بۆ هەر ئۆپراسیۆنێک لە داهاتوودا.

لە نوێترین هەڵوێستى کۆشکى سپى لەبارەى ئەو ڕاپۆرتە میدیاییانەى باس لە ئەگەرى کۆنترۆڵکردنى دوورگەى خارگى ئێران دەکەن لەلایەن ئەمریکاوە، " ئەنا کیلى" جێگرى گوتەبێژى کۆشکى سپى ڕایگەیاندووە، ئەمریکا لە هەر کاتێکدا بێت، دەتوانێت دوورگەکە کۆنترۆڵ بکات، ئەگەر سەرۆک ترەمپ فەرمان بکات.

گوتیشى، بەهۆى ئەو نەخشەسازییە وردەى کراوە، تەواوى ئیدارەى ئەمریکا لەوپەڕى ئامادەباشیدایە بۆ هەر ڕێکارێک کە لەوانەیە دەسەڵاتى ئێران بیگرێتەبەر.

جێگرى گوتەبێژى کۆشکى سپى، ئاماژەى بەوەشکرد، سەرۆک ترەمپ، بەتەواوەتى ئاگادارى ئەوەیە کە ئێران هەوڵدەدات ئاستەنگ بۆ ئازادیى دەریاوانیی و ناردنى وزە دروست بکات، بەکردەوەش 40 بەلەمى مین چاندنى ئێرانى لەناوبردووە.

لەدواى هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و کاردانەوەى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانى کەنداو، جموجۆڵى دەریاوانى لە گەرووى هوورمز لە 28ـى شوباتەوە پەکیکەوتووە، ئەوەش بووەتە هۆى بەرزبوونەوەى نرخى وزە لە بازاڕەکانى جیهاندا.

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
بەهزاد ئەحمەد

ترەمپ: ئێران هێزی دەریایی نەماوە و کەشتییەکانیان نوقم بوون

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەوان لە ئێران ئاستێکی زۆر باشیان نیشانداوە و چیدیکە ئێران هیچ هێزێکی دەریایی نەماوە و سەرجەم کەشتییەکانیان نوقم بوون، دەشڵێت ئەگەر هێرشەکەی ئەوان نەبووایە، ئێران دەبووە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل بەکاریدەهێنا.

باسکردنی پلانەکانی ئێران بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ تیپی تۆپی پێی ئەکادیمیای دەریایی لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەمریکا خاوەن گەورەترین هێزی دەریاییە لەسەر ئاستی جیهان، جەختی لەوەش کردەوە کە ئێران بەنیازبووە دەست بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێت، بەڵام ئەوان ڕێگەیان نەدا ئەو کارە بکەن.

سەرزەنشتکردنی هاوپەیمانیی ناتۆ

هاوکات سەرۆکی ئەمریکا هاوپەیمانیی ناتۆی بە " ترسنۆک" ناوبرد، ئەمەش لە بەرامبەر ڕەتکردنەوەی داواکەی بۆ هاوکاریکردنی سەربازییان لە گەرووی هوورمز.

ناتۆ پڵنگی کاغەزە

ترەمپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی ترووس دەڵێت: "ناتۆ بەبێ ئەمریکا پڵنگێکی لە کاغەز دروستکراوە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوپەیمانەکانیان لە ناتۆ نایانەوێت بەشداربن لە مانۆڕێکی سەربازیی سادەدا بۆ کردنەوەی گەرووی هوورمز و دابەزاندنی نرخی نەوت، دەشڵێت "ئێمە ئەو هەڵوێستە ترسنۆکانەیان لەبیر ناکەین".

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
بەهزاد ئەحمەد

ئەمریکا پێشنیازێکی ڕووسیا ڕەتدەکاتەوە

پێگەی پۆلەتیکۆ بڵاویکردەوە، ئەمریکا پێشنیازێکی ڕووسیای ڕەتکردووەتەوە بۆ ڕاگرتنی هەماهەنگیی هەواڵگری لەگەڵ ئێران، بەرامبەر بە پچڕاندنی پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا.

پێشنیازەکەی مۆسکۆ بۆ ئەمریکا

بەگوێرەی پۆلەتیکۆ، مۆسکۆ پێشنیازێکی پێشکەش بە ئەمریکا کردووە، کە ڕێگە دەدات کرێملن واز لە هاوبەشیکردنی زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ ئێران بهێنێت، کە خۆی دەبینێتەوە لە پێدانی زانیاریی ورد لەسەر پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مۆسکۆ داوایکردووە لە بەرامبەردا واشنتن سەرجەم هاوکارییە هەواڵگرییەکانی بۆ ئۆکرانیا ڕابگرێت.

ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکە

پۆلەتیکۆ لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادار لە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆ ڕایگەیاندووە، پێشنیازەکە لە کۆبوونەوەکەی هەفتەی ڕابردوودا لە میامی، لەلایەن کیریل دیمیتریڤ، نێردەی تایبەتی ڕووسیاوە پێشکەش بە ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نێردە تایبەتەکانی ئیدارەی ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کراون، بەڵام نێردەکانی ئەمریکا پێشنیازەکەیان ڕەتکردەوەتەوە.

زیادکردنی نیگەرانییەکانی ئەوروپا

ئاماژەیان بەوەشکردووە، بوونی پێشنیازێکی لەو شێوەیە نیگەرانییەکانی ئەورووپای زیادکردووە و ترسیان لە هەوڵەکانی مۆسکۆ هەیە، بۆ دروستکردنی کەلێنێک لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئەورووپادا، دەشڵێن دیپلۆماتکارانی یەکێتیی ئەورووپا بەتوڕەیی و گومانەوە لە پێشنیازەکەی ڕووسیا دەڕوانن و بە هەوڵێکی ڕووسیای دەزانن بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، دەستبەسەرداگرتنی ئۆکرانیا و پەراوێزخستنی ئەورووپا.

نوێکراوەتەوە / 21/03/2026
بەهزاد ئەحمەد

چەند وڵاتێک ئەمڕۆ دەکەن بە جەژنی ڕەمەزان

لەکاتێکدا زۆرینەی وڵاتان و گەلانی سوننە مەزهەب رۆژی هەینییان کرد بە جەژنی ڕەمەزان، بەڵام وڵاتان و گەلانی شیعە مەزهەب وەک هەمیشە ڕۆژێک دواتر جەژنی ڕەمەزان دەکەن.

ئەمرۆ شەممە لە ئێران، باشووری ئەفریقا، بەشێک لە سووریا و لیبیا، هەروەها بەشە شیعەکەی عێراق، یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دەبێت.

لە وڵاتانی باشووری ئاسیاش ئەمڕۆ جەژنە

بەهەمان شێوە لە بەشێک لە وڵاتانی باشووری ئاسیا، هیندستان، پاکستان و بەنگلادیش، وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیایش وەکو ئەندەنوسیا، مالیزیا، سەنگاپورە، برونای و تایلەند، بەهۆی جیاوازیی بینینی مانگەوە دوێنێ هەینی تەواوکەری مانگی ڕەمەزان بووە و ئەمڕۆ شەممە یەکەم رۆژی جەژنی ڕەمەزانە.

هۆکاری جیاوازی لە شێوازی بینینی مانگی شەوال

چەندین هۆکار هەیە بۆ جیاوازیی دیاریکردنی جەژنی ڕەمەزان لەنێوان وڵاتە جیاوازەکاندا، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی شێوازی بینینی مانگ، کە ئاماژەیە بۆ دەستپێکی مانگی شەوالی ئیسلامی، لەمەشدا شوێنی جوگرافی کاریگەرییەکی زۆری هەیە. مانگ لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا دەجووڵێت، لەبەرئەوە زۆرجار لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا زووتر دەبینرێت تاوەکو وڵاتانی باشوور یان باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، هەروەها ڕەنگە بارودۆخی کەشوهەوای وەکو هەور و تەم ڕێگربێت لە بینینی مانگ لە وڵاتێک و دەرکەوتنی لە وڵاتێکی دیکە.

هەندێک پەیڕەو لە ڕاگەیاندنی سعودیە دەکەن

وڵاتانی وەک هیندستان و پاکستان و باشووری ئەفریقا ئەگەر بەشێوەیەکی فیزیکی مانگ لە سنوورەکانی خۆیان نەبینن، نایکەن بە جەژن، وڵاتانی ئیمارات، قەتەڕ و کوەیت، زۆرجار پەیڕەوی لە ڕاگەیاندنی فەرمیی سعودیە دەکەن.

زۆرێک لە دەسەڵاتدارانی ئایینی پێداگری لەسەر بینینی مانگ دەکەن

زۆرێک لە دەسەڵاتدارانی ئایینی پێداگری لەسەر بینینی مانگ بە چاو دەکەن و پێویستە لانیکەم دوو شایەتحاڵی متمانەپێکراو هەبێت، ئەمەش هەمان دابونەریتە کە چەندین سەدەیە پەیڕەوی لێدەکرێت.

وڵاتانی وەک تورکیا و سەنگاپورەش، داتای زانستیی ورد و حیساباتی فەلەکی بەکاردەهێنن بۆ پێشوەختە دیاریکردنی جەژن، ئەمەش وادەکات دەرەنجامی جیاواز لەبینینی فیزیکی بکەوێتەوە.