تۆم باراک: پێویستە بە یەکەوە کار بۆ سەقامگیریی ناوچەکە بکەین

تۆم باراک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا
تۆم باراک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا

تۆم باراک، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لەبارەی گرژییەکانی عەفرین و کۆبانێ بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە گوتی، پێویستە بە یەکەوە کار بۆ سەقامگیریی ناوچەکە بکەین.

پێکەوە ژیانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا

هاونیشتمانیانی کورد لە عەفرین لە کاتی کردنەوەی ئاگری نەورۆزدا ئاڵای کوردستانیان بەرزکردبووە و بەو هۆیەوە لەلایەن کەسانێکەوە هێرشیانکرایە سەر و سوکایەتییان پێکرا، ئەوەش بووە هۆی ئەوە لە شارەکانی کۆبانێ و قامیشلۆ ناڕەزایەتیان دەربڕی و ئەوەش کاردانەوەی لێکەوتەو و تۆم باراک نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی ئێکس گوتی، "دەبێت پێکەوە کار بکەین بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە، بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی سوریا، و ڕێزگرتن لە ئاڵای سوریا کە نوێنەرایەتی هەموو سورییەکان دەکات."

ستایشی تۆم باراک بۆ سیپان حەمۆ

لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەی باراک دا، پۆستێکی سیپان حەمۆ، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵات و باکووری سووریا بڵاوکردووەتەوە و لەبارەی پۆستەکەو نووسیویەتی "گوتەی گرنگ و سەرکردایەتییەکی مەزنن لە ساتەوەختێکی یەکلاکەرەوەدا".

"ڕووداوێکی تاکەکەسی"

سیپان حەمۆ لە پۆستەکەیدا باسی ئەوەشیکردووە، "بەهۆی ڕووداوێکی تاکەکەسییەوە، هاونیشتمانیانی کورد لە حەلەب و هەندێک لە ناوچەکانی دەوروبەری رووبەڕووی لێدان و سووکایەتی بوونەتەوە؛ دەرکەوتووە کە هەندێک کەس چاوەڕێی ڕووداوی لەو شێوەیەن تا فیتنە و دووبەرەکی لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی سووریادا بچێنن. هەربۆیە داوا لە نیشتمانپەروەران دەکەین دان بەخۆدا بگرن و پابەندی ڕۆحی نیشتمانی بن و ڕێگە نەدەن ڕابکێشرێنە بۆ ناو فیتنە".