سیپان حەمۆ: پێویستە هەمووان کار بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە سووریادا بکەن
هاونیشتمانیانی کورد لە کاتی پیرۆزکردنی ئاهەنگی نەورۆز لە عەفرین ئاڵای کوردستانیان بەرزکردەوە و ئەوەش بووە هۆی ئەوە کەسانێک هێرشبکەنە سەریان و سوکایەتییان پێ بکەن. سیپان حەمۆ لەوبارەیەوە گوتی، لە ڕووداوێکی تاکەکەسیدا سوکایەتی بە هاونیشتمانیانی کورد کراوە.
ڕووداوێکی تاکەکەسی
سیپان حەمۆ، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەبارەی ڕووداوەکان پۆستێکی لە تۆڕی ئێکس بڵاوکردەوە و لە پۆستەکەیدا باسی ئەوەشیکردووە، "بەهۆی ڕووداوێکی تاکەکەسییەوە، هاونیشتمانیانی کورد لە حەلەب و هەندێک لە ناوچەکانی دەوروبەری رووبەڕووی لێدان و سووکایەتی بوونەتەوە؛ دەرکەوتووە کە هەندێک کەس چاوەڕێی ڕووداوی لەو شێوەیەن تا فیتنە و دووبەرەکی لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی سووریادا بچێنن. هەربۆیە داوا لە نیشتمانپەروەران دەکەین دان بەخۆدا بگرن و پابەندی ڕۆحی نیشتمانی بن و ڕێگە نەدەن ڕابکێشرێنە ناو فیتنە".
"هەڵگری یەک عەقڵییەتن"
حەمۆ لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا نووسیەتی، "دووپاتی دەکەینەوە، ئەوانەی ئاڵای سووریایان لە شاری کۆبانێ هێنایە خوارەوە و ئەوانەشی سووکایەتی بە ڕۆڵەکانی گەلی کورد و سمبولەکانیان دەکەن، هەڵگری هەمان ئەو عەقڵییەتەن کە ئامانجی تێکدانی یەکڕیزی و نانەوەی فیتنەیە. پێویستە هەموومان پێکەوە دژی ئەم ڕەفتارە ڕەتکراوانە بوەستینەوە و کار بکەین بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان هەموو سوورییەکاندا".
"ڕێزلە یەکبگرین و بەردەوام بن لە جەژنەپیرۆزە"
داوا لە هەمووان دەکەین لە ماڵەکانیان بمێننەوە و بەردەوام بن لە جەژنەپیرۆزە و ڕێزگرتن لە یەکتر، سەرەڕای جیاوازیی نەتەوە و ئایینەکان. هەموو ئەو کەسانەی سووکایەتییان بە ئاڵای سووریا کردووە یان دەستدرێژییان کردووەتە سەر کورد و سمبولەکانیان، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. دووپاتی دەکەینەوە کە یاسا ڕێڕەوی خۆی وەردەگرێت بەرامبەر هەر کەسێک هەڕەشە لە سەقامگیری و ئاسایشی سووریا بکات. بە پێچەوانەی ئەو هەوڵانە، دەبێت پێکەوە کار بکەین بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە و بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکان و ڕێزگرتن لە ئاڵای سووریا کە نوێنەرایەتی هەموو سوورییەکان دەکات".
پاشخانی ڕووداوەکە
هاونیشتمانیانی کورد لە عەفرین لە کاتی ئاهەنگەکانی نەورۆزدا ئاڵای کوردستانیان بەرزکردەوە و ئەوەش بووە هۆی هێرشکردنە سەریان و سوکایەتی پێکردنیان لەلایەن هەندێک کەسەوە. ئەو هێرش و سوکایەتییە بووە هۆی ئەوە، کە هاونیشتمانیان لە کۆبانێ و قامیشلۆ، عامودێ و حەسەکە دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی کردووە. هەروەها بەشێک لە گەنجان هەوڵیاندابوو لە قامیشلۆ هێرش بکەنە سەر بنکەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حکومەتی سووریا، بەڵام ێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەستوەردانیان لە دۆخەکە کرد و ڕێگرییان لە دروستبوونی بارگرژیی زیاتر کرد. تەشەنەسەندنی بارگرژییەکان بە ڕادەیەک بوو، کە تۆم باراک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا داوای پاراستنی سەقامگیریی سووریای کرد.
21/03/2026