پارێزگاری حەسەکە: ڕێز لە سیمبوولە نیشتمانییەکان بگرن

نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە
نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە

نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە لەبارەی ڕووداوەکانی عەفرین و کۆبانێ و هێرشکردنە سەر هاونیشتمانیانی کورد و ئاڵای کوردستان لە کاتی ئاهەنگی نەورۆزدا گوتی، ڕێز لە سیمبوولە نیشتمانییەکان بگرن و هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن.

ڕێز لە سیمبولە نیشتمانییەکان بگرن

نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە لە پەیامێکیدا لەبارەی گرژییەکانەوە گوتی، "داوا لە هەموو هاووڵاتییان دەکەین کە هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و ڕێز لە سیمبوولە نیشتمانییەکان بگرن".

"سەرکۆنەی ڕەفتاری نابەرپرسانە دەکەین"

پارێزگاری حەسەکە لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسی ئەوەیکردووە، سەرکۆنەی هەر ڕەفتارێکی نابەرپرسانە دەکەین کە ببێتە هۆی بێڕێزیکردن بە یەکڕیزیی نیشتمانی و لاوازکردنی تەبایی نێوان پێکهاتە و تاقمە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سووریا".

تۆم باراک: سەقامگیریی سووریا بپارێزن

لە کاردانەوەی ئەو بارگرژییانەدا، کە بە خێرایی شارەکانی کۆبانێ، قامیشلۆ، حەسەکە و عامودێی گرتەوە، تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا داوای پاراستنی سەقامگیریی سووریای کرد.

کاردانەوەی هاونیشتمانیانی کورد

هاونیشتمانیانی کورد لە عەفرین لەکاتی بەڕێوەبردنی ئاهەنگەکانی نەورۆزدا ئاڵای کوردستانیان بەرزکردەوە و لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە هێرشیان کرایەوە سەر و سوکایەتیی بە هاونیشتمانیان و ئاڵای کوردستان کرا. هاونیشتمانیانی کوردیش لە شارەکانی عامودێ، قامیشلۆ، حەسەکە و کۆبانێ ناڕەزایەتییان نیشاندا و لە قامیشلۆ هەوڵیاندا هێرش بکەنە سەر بنکەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حکومەتی سووریا، کە بە دەستوەردانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕێگری لەو هێرشە کرا.