رووماڵی کەناڵ8

ئایندەی ململانێی تاران لەگەڵ واشنتن و تەلئەڤیڤ

بازنەی جەنگی نێوان ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێران، جگە لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پریشکی گەیشتوەتە دەریای سپیی ناوەڕاست و قەوقاز و سریلانکا.  جگە لە ئیسرائیل، ئێران هێرشی کردووەتە سەر 11 وڵات و سەرچاوەکانی وزە و ڕێڕەوە بازرگانییە جیهانییەکانی وەک گەرووی هورمز و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کردووەتە ئامانج. هێرشەکانی ئێران تاوەکو ئێستا وڵاتانی کوەیت، بەحرەین، قەتەڕ، ئیمارات، سعودیە، ئوردن، عێراق (هەرێمی کوردستان)، عومان، تورکیا، قوبرس و نەخجەوانی ئازەربایجانی گرتووەتەوە.

ئۆپەراسیۆنەکانی نەڕەی شێر و توڕەیی داستانخوڵقێن

ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەڕەی شێر و توڕەیی داستانخوڵقێن، بە چڕی بەردەوامن لەسەر هێرشەکانیان بۆ سەر ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران. ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر"ی ئیسرائیل و ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی داستانخوڵقێن"ی  ئەمریکا، کە سەرلەبەیانیی 28ـی 2ـی 2026ـی بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، و چەندین بەرپرسی سەربازی و ئەمنی کوژران. بەگوتەی دۆناڵد ترەمپ، عەلی خامنەیی، لە کاتی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران دا کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە زیاتر لە 48 بەرپرسی سەربازی و ئەمنیی ئێران کوژراون. میدیاکانیش باس لەوە دەکەن، ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە 30 مووشەک و بۆمبی تایبەتی تێکشکاندنی سەنگەر و بڕینی کۆنکرێتیان بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی بەکارهێناوە.

دەستەی سەرکردایەتیکردنی ئێران و داوای چەکدانان

لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، لە ئێران حەوت ڕۆژ پشوو و 40 ڕۆژ ماتەمینی ڕاگەیاندرا و بەگوێرەی دەستووری ئێران، دەستەیەکی کاتیی سێ کەسی بۆ سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردنی ئێران دروستکرا، کە پێکهاتوون لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، غولام موحسین موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد و ئایەتوڵڵای عەلیڕەزا ئەعرافی، ئەندامی ئەنجوومەنی پاسەوانی دەستوور. ترەمپ لەبارەی داهاتووی ئێرانەوە دەڵێت، سێ بەربژێری باشی بۆ بەڕێوەبردنی ئێران هەیە و داواشی لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران کردووە، کە چەکەکانیان دابنین.

هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێی ئێران

هاوکات لەگەڵ ئەوەی بە گەرمی شەڕ و بۆردومان و هێرشی درۆنی و مووشەکی بەردەوامیی هەیە، شەوی (8ـی 3ـی 2026) ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری  ئێران بڵاویکردەوە، کە ئایەتوڵا موجتەبا خامنەیی، کوڕیی عەلی خامنەییان بە زۆرینەی دەنگ هەڵبژاردووە بۆ ڕێبەری ئێران. بەوەش ئایەتوڵا موجتەبای تەمەن 56 ساڵ دەبێتە سێیەم ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1979ەوە. هەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، ژمارەیەک کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، لەگەڵ هەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا موجتەبادا نین. دۆناڵد ترەمپ، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند، بە هەڵبژاردنی ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، وەک ڕێبەری نوێی ئێران دڵخۆش نییە. هاوکات لە لێدوانێکی دیکەدا بۆ ڕۆژنامەی "زە تایمز ئۆف ئیسرائیل" لەبارەی هەمان پرس، بە کورتی گوتی: "با بزانین چی ڕوودەدات".

"گورزی 20 هێندەیان لێ دەدەین"

دۆناڵد ترەمپ، هۆشدارییەکی تووند دەداتە تاران لە بارەی داخستنی گەرووی هورمز و ڕایدەگەیەنێت، هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە ڕووبەڕووی "مەرگ و ئاگر و تووڕەیی"یان دەکاتەوە و جەختیش لە لەناوبردنی تەواوەتی توانای ئەتۆمی و دەریایی ئەو وڵاتە دەکاتەوە.

چارەنووسی سەرکردایەتیی ئێران

ترەمپ، تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی ناو سەرکردایەتیی ئێران و گوتی: "ئێران هیچ سەرکردەی نەماوە، سەرکردەی نوێ دێت و ئەویش نامێنێت." ئەم لێدوانەی ترەمپ ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی ستراتیژیی ئەمریکا لە بە ئامانجگرتنی بەرپرسە باڵاکانی تاران و ڕێگریکردن لە هەر هەوڵێکی نوێ بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانیان.

بە ئامانجگرتنی بەرپرسانی باڵای ئێران بەردەوامە

بۆردومانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ناوەندەی سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران و بە ئامانجگرتنی بەرپرسانی باڵای ئێران بەردەوامیی هەیە. لەو وچوارچێوەیەدا ئیسرائیل ڕۆژی 17ـی ئازاری 2026 هەواڵی کوژرانی عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و غولام ڕەزا سولەیمانی فەرماندەی هێزەکانی بەسیجی ئێرانی بڵاوکردەوە، کە دواتر هەواڵی کوژرانیان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە پشتڕاستکرایەوە. هەروەها ڕۆژی 20ی ئازار هەواڵی کوژرانی محەمەد عەلی نائینی، گوتەبێژی سوپای پاسداران بڵاوکرایەوە.

بە ئامانجگرتنی دوورگەی دیگۆ گارسیا

ئێران دەڵێت، بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر بنکەسەربازییەکانی ئەمریکا لە دوورگەی دیگۆ گارسیا لە زەریای هیندی، کە چوار هەزار کیلۆمەتر لە ئیرانەوە دوورە. ئەوەش بە مانای ئەوەیە، ئێران توانای مووشەکی و فراوانکردنی جەنگەکەی بۆ دوو هێندەی بازنەی هێرشەکانی پێشتری فراوانکردووە و دەتوانێت وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ناوەڕاست و باشووری ئەوروپا و باکوور و قۆچی ئەوروپا و هەموو هیندستان بکاتە ئامانج.

وەرچەرخانە سەربازییەکە چییە؟

 لە ڕووی زانستی سەربازییەوە، ئێران بە هەڵدانی مووشک بۆ مەودای چوار هەزارکیلۆمەتر دوورتر لە وڵاتەکەی خۆی، گەیشتووەتە لێواری دروستکردنی مووشەکی کیشوەربڕ. مووشەکە کیشوەربڕەکان مەودای نێوان 5 هەزار و 500 کیلۆمەتر بۆ 12 هەزار کیلۆمەتر دەبڕن. ئەگەر ئێران بڕێک لە کێشی کڵاوەی مووشەکەی کەم بکاتەوە و هەندێک سوتەمەنی بە بزوێنەری مووشەکەکە زیاد بکات، بە ئاسانی دەتوانێت مەودای 5 هەزار و 500 کیلۆمەتری مووشەکی کیشوەربڕ بەدەست بهێنێت. خاڵێکی دیکە ئەوەیە، کە ئێران بۆ هەڵدانی ئەو مووشەکە سوودی لە تەکنەلۆژیای مووشەکە کیشوەربڕەکان وەرگرتووە. مووشەکە کیشوەربڕەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەچنە ئەو دیو بەرگەهەواوەو و دواتر دێنەوە خوارەوە بۆ ئامانجەکەیان، ئێران لە هێرشەکەی سەر دیگۆ گارسیادا ئەوەی بەکارهێناوە و ئەوەش ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ نزیکبونەوە لە دروستکردنی مووشەکی کیشوەربڕ. ئەو کارەی ئێران، زەنگی ئاگادارکردنەوەی مەترسیداری بۆ زۆربەی وڵاتان لێداوە و ڕەنگە لە شەڕەکەدا وەرچەخانی نوێتر لەوەی کە چاوەڕێ دەکرا ڕووبدات.

 هێرشکردنە سەر دیمۆنای ئەتۆمیی ئیسرائیل

هەروەها ئێران باس لەوە دەکات، هێرشی مووشەکیی کردووەتە سەر ناوچەکانی عەراد و دیمۆنا لە ئیسرائیل و بەهۆیەوە نزیکەی 100 کەس بریندار بوون. ناوچەی دیمۆنا ناوچەیەکی ستراتیژی و هەستیاری ئیسرائیلە، کە وێستگە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیلی تیادایە. ئێران دەڵێت، ئەو هێرشەیان بۆ وەڵامی هێرشکردنە سەر وێستگەی ئەتۆمیی نەتەنز ئەنجامداوە. تاران بە هێرش بۆ سەر دیگۆ گارسیا و دیمۆنا شەڕەکەی گواستووەتەوە بۆ قۆناغێکی دیکە.

نوێکراوەتەوە / 22/03/2026
کەناڵ8

کۆچەر تاهیر: بەمزووانە کێشەی دابینکردنی غازی ماڵان چارەسەر دەبێت

سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگەکانی غاز لە سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانیان کە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا بڕی پێویستی غازی LPG دەگاتە ناو شارەکە و قەیرانی کەمیی غاز کۆتایی دێت.

کاتی دابەشکردن و نرخی بوتڵێکی غاز

ئەمڕۆ یەکشەممە 22-03-2026، کۆچەر تاهیر، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگەکانی غاز لە سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆوە بریکارەکانی غاز دەگەنە ناو کۆڵانەکان بۆ دابینکردنی غاز بۆ هاونیشتمانیان. جەختی لەوەش کردەوە کە هەر بوتڵێکی غاز بە نرخی فەرمی کە 8,500 دینارە بەسەر ماڵاندا دابەش دەکرێت.

گەیشتنی تانکەرە نوێیەکان و چارەسەری کێشەکە

سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگەکانی غاز ئاماژەی بەوە کرد، چەندین تانکەری غاز دابین کراون و لە ماوەی 2 ڕۆژی داهاتوودا دەگەنە کارگەکانی غاز. بە گوتەی کۆچەر تاهیر، ئەگەر هیچ پێشهاتێکی نەخوازراو دروست نەبێت، لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا کێشەی دابینکردنی غازی ئێل پی جی ماڵان بە تەواوی چارەسەر دەبێت و غازی پێویست دەگاتە هەموو کارگەکان.

دابینکردنی غاز بۆ نانەواخانە و فڕنەکان

لەبارەی کارەکانی لیژنەکان، کۆچەر تاهیر ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی لیژنەکانی قایمقامییەتەوە لە ماوەی ڕابردوودا ئەوەی لە توانادا بووبێت، غاز بە نرخی فەرمی بۆ ماڵان دابین کراوە. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە بەشێک لەو غازەی بەردەست بووە، بە شێوەیەکی تایبەت دراوەتە نانەواخانە و فڕنەکانی سەموون تاوەکو کارەکانیان پەک نەکەوێت.

نوێکراوەتەوە / 22/03/2026
کەناڵ8

پچڕانی ڕێڕەوە بازرگانییەکان؛ هەناردەی ئاژەڵ و پەلەوەر بۆ وڵاتانی عەرەبی ڕاگیرا

پچڕانی ڕێڕەوە بازرگانییەکان وایکردووە وڵاتانی کەنداو لە یەکێک لە گرنگترین جەژنەکانیاندا ڕووبەڕووی کەمیی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک گۆشت و برنج ببنەوە و بازاڕەکانیان تووشی شڵەژان ببن.

ڕاگرتنی هەناردەی ئاژەڵ و پەلەوەر بۆ کەنداو

ئەنجوومەنی هەناردەکارانی ئاژەڵی ئوسترالیا ڕایگەیاند، کۆمپانیاکانیان بە شێوەیەکی کاتی ناردنی باری نوێیان بۆ بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگرتووە. هاوکات، هەناردەکارانی پەلەوەر لە بەڕازیل ناردنی بارەکانیان سنووردار کردووە، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بیمە و مەترسییەکانی ڕێگەی گەیشتن بە وڵاتانی کەنداو لەم بارودۆخەدا.

400 هەزار تۆن برنج لە دەریادا گیریان خواردووە

کۆمەڵەکانی هەناردەکاری برنج لە هیندستان ئاشکرایان کردووە کە نزیکەی 400,000 تۆن برنجی بەسمەتی لە بەندەرەکان یان لە ناو دەریادا گیریان خواردووە. هۆکاری ئەمەش بۆ سەختیی دەستەبەرکردنی ئەو کەشتیانە دەگەڕێتەوە کە ئامادەن بەرەو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕۆن، ئەمەش بووەتە هۆی پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی خۆراک بۆ وڵاتانی عەرەبی.

کاریگەریی قەیرانەکە لەسەر جەژنی ئەمساڵ

پچڕانی کەرتی کەشتیوانی و گواستنەوەی ئاسمانی، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی جەژن لە وڵاتانی کەنداو داناوە. یەکێک لە نەریتە باوەکانی جەژن لەم وڵاتانەدا دانانی گۆشتی بەرخە، بەڵام بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی بەرخی ئوسترالی، فرۆشیاران ناتوانن خواستی هاووڵاتییان پڕ بکەنەوە. ئەمەش وایکردووە هاونیشتمانیانی ئەو وڵاتانە بە ئاسانی دەستیان بە پێداویستییە سەرەکییەکانی جەژن ڕانەگات.

هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی جێگرەوە

ڕێنوکا جاگتیانی، سەرۆکی گرووپی لاندمارک لە دوبەی، کە لە ئیمارات و 17 وڵاتی عەرەبی چالاکن، بە بلوومبێرگی ڕاگەیاندووە کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە هەوڵەکانیان لەسەر دۆزینەوەی ڕێگەی جێگرەوە چڕ کردووەتەوە. هەرچەندە حکومەتەکانی کەنداو دووپاتی دەکەنەوە کە یەدەگی ستراتیژیی خۆراکیان بۆ چەند مانگێک بەشی دەکات، بەڵام بازاڕەکان هێشتا نادڵنیایی و شڵەژانیان پێوە دیارە.

وابەستەیی کەنداو بە هاوردەکردنی خۆراک

وڵاتانی کەنداو سەرەڕای ئەوەی دابینکەری سەرەکیی وزەن، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکانی بانکی نێودەوڵەتی، 85%ـی پێداویستییە خۆراکییەکانیان لە دەرەوە هاوردە دەکەن. بەگوێرەی کۆمپانیای ئاڵتانای جیهانی، تەنیا لە ساڵی 2025دا وڵاتانی سعوودیە، عێراق، ئیمارات، کوەیت، قەتەر و بەحرەین بە کۆی گشتی بە بەهای 10 ملیار دۆلار دانەوێڵە و گۆشت و بەرهەمی کشتوکاڵییان هاوردە کردووە، کە زۆربەیان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بووە.

نوێکراوەتەوە / 22/03/2026
کەناڵ8

دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە پایتەختی ئێران بیستران

بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر تاران و دەوروبەری، کە تێیدا چەندین بنکەی سەربازی و دامەزراوەی پیشەسازیی ئاسمانی کرانە ئامانج.

کاتی هێرشەکە و ناوچە بەئامانجگیراوەکان

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22-03-2026، لە کاتژمێر 3:30 خولەک تاوەکو 4:45 بە کاتی تاران، زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز و لەدوای یەک شارەکانی تاران، کەرەج، پەردیس و دەماوەندیان هەژاند. هاوکات لە ئاسمانی شارەکانی مەلایر و ئەراک دەنگی فڕۆکە جەنگییەکان بیستراوە و ئۆپراسیۆنەکە بۆ ماوەی زیاتر لە کاژێرێک بەردەوام بووە.

کاریگەریی تەقینەوەکان لەسەر ناوچە نیشتەجێبوونەکان

بەگوتەی دانیشتووانی ڕۆژئاوای تاران لە گەڕەکەکانی ئەکباتان و تارانسەر، هەروەها لە ناوچەکانی شاری ڕەی و دەماوەند، کاریگەریی تەقینەوەکان بووەتە هۆی هەژاندنی خانوو و باڵەخانەکان. لە زۆربەی ناوچەکان شووشەی پەنجەرەکان شکاون و دیواری بەشێک لە باڵەخانەکان درزیان بردووە. هەروەها لەگەڵ دەستپێکی تەقینەوەکان، کارەبای بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری ڕەی بڕدراوە.

ئەو بنکە سەربازییانەی کراونەتە ئامانج

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، مەزەندە دەکرێت بنکە سەربازییەکانی "مەیسەمی" و "حەیدەری کەڕاڕ" لە ناوچەی دەماوەند کرابێتنە ئامانج. هەروەها دامەزراوەکانی پیشەسازیی ئاسمانی لە ڕۆژئاوای تاران لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆمبباران کراون، کە وەک ناوەندی ستراتیژیی سەربازیی ئێران هەژمار دەکرێن.

ڕاگەیەندراوی فەرمیی سوپای ئیسرائیل

سوپای ئیسرائیل بە فەرمی ڕایگەیاند، زنجیرەیەک هێرشی چڕ و پڕیان کردووەتە سەر تاران و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئێران. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هێرشەکان بنکە و بارەگا سەربازییەکان و بەشێک لە ژێرخانە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتەیان پێکاوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو پەرەسەندنانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن.

نوێکراوەتەوە / 22/03/2026
کەناڵ8

دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێران: 48 کاتژمێر مۆڵەتتان هەیە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز

سەرۆکی ئەمریکا مۆڵەتێکی کورت دەداتە تاران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، لە بەرامبەریشدا ئێران هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی وزە و تەکنەلۆژیای ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەکات. وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش هۆشداریی داوە کە لە ڕۆژی یەکشەممەوە ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکەنەوە

مۆڵەتی 48 کاتژمێریی ترەمپ بۆ ئێران

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" هۆشدارییەکی 48 کاتژمێریی دایە ئێران. ترەمپ ڕایگەیاندووە، ئەگەر لەو ماوەیەدا گەرووی هورمز بە تەواوی و بێ هەڕەشە نەکرێتەوە، ئەوا ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر وێستگە جیاوازەکانی کارەبای ئێران و دەیانسڕێتەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە "سەرەتا لە وێستگە گەورەکانەوە دەستپێدەکەین".

وەڵامی توندی ئێران بۆ هەڕەشەکانی ئەمریکا

ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران، وەڵامی هۆشدارییەکەی ترەمپی دایەوە و ڕایگەیاند، هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی، وەڵامێکی "سەخت"ی دەبێت. زولفەقاری هۆشداریی دا کە لە ئەگەری هەر هێرشێکدا، سەرجەم ژێرخانەکانی وزە، تەکنەلۆژیای زانیاری (IT) و وێستگەکانی شیرینکردنی ئاوی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، دەکرێنە ئامانج.

کاریگەریی داخستنی تەنگەی هورمز لەسەر وزەی جیهانی

داخستنی گەرووی هورمز قەیرانێکی گەورەی سووتەمەنی لە چەندین وڵات دروستکردووە، چونکە 20%ـی سووتەمەنی هەناردەکراوی جیهان بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت. ئێران لە دووەم ڕۆژی جەنگەکەوە گەرووەکەی داخستووە و ڕێگە بە کەشتییەکانی سووتەمەنی و کاڵاکان نادات هاتووچۆ بکەن. هاوکات 22 وڵات لەگەڵ ئەمریکا بە توندی سەرکۆنەی ئەم هەنگاوەی ئێرانیان کردووە.

پەرەسەندنە سەربازییەکان و زیانە گیانییەکان

بەهۆی شکستهێنانی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل لە بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکان، زیاتر لە 100 کەس لە دوو شارۆچکەی باشووری ئیسرائیل بریندار بوون. لە شارۆچکەی عەراد 75 کەس بریندار بوون کە دۆخی 23 کەسیان مەترسیدارە، هەروەها 33 کەسی دیکە لە شاری دیمۆنا بریندار بوون. هاوکات سوپای پاسداران ڕایگەیاند فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F-16ی ئیسرائیلییان لە ناوەڕاستی ئێران پێکاوە.

مەترسیی ئەتۆمی و بۆردومانکردنی بنکەی نەتەنز

ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پێکراوە، بەڵام هیچ دزەکردنێکی تیشکی لێنەکەوتووەتەوە. تاران ڕایگەیاندووە هێرشەکەی سەر دیمۆنا وەڵامێک بووە بۆ بۆردومانکردنی نەتەنز. لە لایەکی دیکەوە، ڕووسیا و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) هۆشداریی لە کارەساتی ئەتۆمی دەدەن.

هەوڵە شکستخواردووەکان و دۆخی گازی عێراق

سەرچاوە ئەمنییەکان ئاشکرایان کردووە کە ئێران هەوڵیداوە هێرش بکاتە سەر بنکەی سەربازیی هاوبەشی ئەمریکا و بەریتانیا لە دوورگەی "دیێگۆ گارسیا" لە زەریای هیندی، کە 4,000 کیلۆمەتر لە ئێرانەوە دوورە، بەڵام هێرشەکە سەرکەوتوو نەبووە. هاوکات عێراق ڕایگەیاندووە دوای 3 ڕۆژ وەستان، بڕێکی سنووردار لە گازی ئێرانی پێگەیشتووەتەوە.

پلانی چڕکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان

ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم ڕایگەیاند، هێزەکانیان دامەزراوەیەکی ژێرزەویی کەناراوەکانی ئێرانیان وێران کردووە. لە لایەکی دیکەوە، ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریی داوە کە لە ڕۆژی یەکشەممەوە ئیسرائیل و ئەمریکا ئاستی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران و ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکەنەوە.

نوێکراوەتەوە / 22/03/2026
کەناڵ8

لە دوو هێرشى ئێراندا بۆسەر ئیسرائیل 100 کەس برینداربوون

لە شەوی دووەمی جەژندا، ئێران بە دوو هێرشی مووشەکی ناوچەکانی عەراد و دیمۆنای لە ئیسرائیل کردە ئامانج و بەهۆیەوە نزیکەی 100 کەس بریندار بوون.

ئاماری بریندارەکان لە عەراد و دیمۆنا

بەپێی ڕاگەیەندراوی دەزگای فریاگوزاریی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی ئێران بۆ سەر شاری عەراد لە باشووری وڵات، 59 کەس بریندار بوون، کە باری تەندروستیی 6 کەسیان ناجێگیرە. هاوکات لە هێرشێکی دیکەی مووشەکیدا بۆ سەر شاری دیمۆنا کە بنکەیەکی ئەتۆمیی لێیە، زیاتر لە 30 کەسی دیکە بریندار بوون. کۆی گشتیی بریندارەکانی هەردوو هێرشەکە گەیشتووەتە نزیکەی 100 کەس.

شکستی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە سیستەمی بەرگریی وڵاتەکە نەیتوانیوە بەرپەرچی هەموو ئەو مووشەکە بالیستییانە بداتەوە کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە کرابوون. بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە ئەوان شەوێکی زۆر سەختیان بەڕێ کردووە، بەڵام جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە لێدانی دوژمنەکانیان وەک وەڵامێک بۆ ئەم پەرەسەندنانە.

هۆکاری هێرشە مووشەکییەکانی تاران

تاران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێرشە مووشەکییانە وەک وەڵامێک بووە بۆ بۆردوومانکردنی بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز. بەپێی زانیارییەکانی لایەنی ئێرانی، بنکەی نەتەنز لە هەمان ڕۆژدا لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج، بۆیە هێرشەکانی سەر عەراد و دیمۆنا وەک پەرچەکردارێک بۆ ئەو ڕووداوە ئەنجامدراون.