پێکەنینێک پڕ لە فرمێسک؛ لە پشت مێمەکانی گەنجانی هیندستانەوە 21 خوێندکار خۆیان کوشت

شێوە عومەر 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دارمێندرا پرادهان، وەزیری پەروەردەی هیندستان دەستی لەکار کێشایەوە
دارمێندرا پرادهان، وەزیری پەروەردەی هیندستان دەستی لەکار کێشایەوە

گەنجانی هیندستان لە ڕێگەی تەنز و مێمە دیجیتاڵییەکانەوە ڕووبەڕووی حکومەتەکەی نارێندرا مۆدی دەبنەوە، لە پشت ئەو گاڵتەجاڕییە ئۆنلاینانەش تراجیدیای دزەپێکردنی پرسیارەکان و خۆکوشتنی 21 خوێندکار هەیە.

جەنگی دیجیتاڵی و جووڵانەوەی "سیسرکە"

خۆپیشاندەران لە شەقامەکانی پایتەختی هیندستان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەمپەینێکی هاوتەریب بەڕێوە دەبەن. نارێندرا مۆدی، کە پێشتر ناوبانگی سیاسیی خۆی لەسەر سۆشیاڵ میدیا بونیاد نا، ئێستا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی تەنز بووەتەوە. خۆپیشاندەران پێکدادانەکانی پۆلیس و بەربەستەکان دەگۆڕن بۆ ڤیدیۆی کۆمیدی و لاسایی یاری "Subway Surfers" دەکەنەوە. کچانی خوێندکاریش ڤیدیۆی "لەگەڵمدا خۆت ئامادە بکە" بڵاودەکەنەوە و تێیدا کڵاوی پارێزەر و چاویلکەی دژە گاز دەپۆشن.

نەوەی "کورتکراوە" و شکاندنی تابۆی مۆدی

خوێندکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە حەزیان بە وتاری درێژی سیاسی نییە و خۆیان بە "نەوەی کورتکراوە" (Summary Generation) ناودەبەن کە ڕاهاتوون لە ماوەیەکی کەمدا پەیامەکانیان بگەیەنن. نیوەی دانیشتووانی هیندستان لە خوار تەمەنی 25 ساڵیدان و ئێستا تابۆی مێژوویی گاڵتەکردن بە خودی مۆدییان شکاندووە. گەنجان بە ئاشکرا لاسایی جووڵە و شێوازی قسەکردنی سەرۆکوەزیران دەکەنەوە و دەیکەنە نوکتەی سیاسی بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتی بەرامبەر گەندەڵی و سەرکوتکردن.

تراجیدیای دزەپێکردنی پرسیارەکانی پزیشکی (NEET)

هۆکاری سەرەکیی خۆپیشاندانەکان بۆ دزەپێکردنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی نیشتمانیی پزیشکی (NEET) دەگەڕێتەوە، کە بە پارەیەکی زۆر بە هەندێک خوێندکار فرۆشراون. پاش ئاشکرابوونی دۆسیەکە، حکومەت ناچار بوو ئەنجامەکان هەڵبوەشێنێتەوە و داوای دووبارەکردنەوەی تاقیکردنەوەکە بکات. ئەم بڕیارە گوشارێکی دەروونی بێوێنەی لەسەر 2,000,000 خوێندکار درووست کردووە و بووەتە هۆی درووستبوونی بارگرانییەکی زۆر لەسەر خێزانەکان.

دەستلەکارکێشانەوەی وەزیر و ئاماری قوربانییەکان

لەژێر گوشاری توندی خۆپیشاندانەکاندا، ڕۆژی شەممە دارمێندرا پرادهان، وەزیری پەروەردەی هیندستان دەستی لەکار کێشایەوە. بەگوێرەی ئامارەکانی جووڵانەوەی گەنجان (CJP)، تاوەکو ئێستا 21 خوێندکار بەهۆی قەیرانی تاقیکردنەوەکان و گوشاری دەروونییەوە خۆیان کوشتووە. یەکێک لە قوربانییەکان شێخ سانای تەمەن 19 ساڵە، کە ڕۆژێک پێش دووبارەکردنەوەی تاقیکردنەوەکە بەهۆی گوشاری زۆرەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و تەنها نووسیبووی "داوای لێبوردن دەکەم".

بێکاری و ناڕەزایەتیی خێزانەکان

سەرەڕای گەشەی ئابووری، ڕێژەی بێکاری گەنجان لە هیندستان گەیشتووەتە 9.9%، کە ئەمەش توڕەیی گەنجانی زیاتر کردووە. پڕادیپ کومار، کە باوکی یەکێک لەو خوێندکارانەیە کە خۆی کوشتووە، باس لەوە دەکات کە وەک جوتیارێک زەوییەکەی فرۆشتووە تاوەکو کوڕەکەی ببێتە پزیشک، بەڵام سیستمەکە کوڕەکەی کوشتووە. ئەو باوکە ڕایگەیاندووە تاوەکو وەزیری پەروەردە دەستی لەکار نەکێشایەوە تەرمی کوڕەکەی بە خاک نەسپاردووە، چونکە پارەی ناوێت و تەنها لێپرسینەوەی دەوێت.

شێوە عومەر

2 کاتژمێر پێش ئێستا