پڕۆژەیاسای دەریای قەزوین؛ هەوڵی نوێی ئێران بۆ ڕێگری لە دەستوەردانی بیانی
پووختەی هەواڵەکە:
- تاران دەیەوێت سنوورە ئاوییەکانی باکوور بکاتە جێگرەوەی بەندەرە گەمارۆدراوەکانی باشوور.
- ڕێگریکردن لە دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی لە کاروباری پێنج وڵاتەکەی کەناراوی دەریای قەزوین.
- پڕۆژەیاساکە بڕگەی دیاریکردنی سنوورە ناکۆکەکانی تێدا نییە و خوێندنەوەی خێرای بۆ دەکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند وەرچەرخانێکی گرنگ لە ستراتیژی دەریایی ئێران ڕوودەدات؛ لە کاتێکدا گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی باشوور توندتر دەبن، تاران چاوی بڕیوەتە باکوور و دەیەوێت دەریای قەزوین بکاتە "سییەی بازرگانی" و ناوچەیەکی قەدەغەکراو بۆ هێزە بیانییەکان، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە لە خنکانی ئابووری ڕزگاری بێت.
حکومەتی ئێران و وەزارەتی دەرەوە
- ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند، ناردنی ئەم پەیماننامەیە بۆ پەرلەمان هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕێکخستنی یاسایی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەناراو.
- ئامانجی سەرەکی حکومەت دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاساییە بۆ ڕێگریکردن لە دەستوەردانی وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکە لە کاروباری دەریاکە.
- ئەم هەوڵە زەوینە خۆش دەکات بۆ هاوئاهەنگیی زیاتری نێوان وڵاتانی کەناراو و ڕێگری لە خراپ بەکارهێنانی دەریاکە لە کاتی نەبوونی یاسادا دەکات.
- حکومەت داوای کردووە پەرلەمان بە خوێندنەوەی خێرا پڕۆژەیاساکە پەسند بکات بۆ ئەوەی ڕێکارە یاساییەکان لە زووترین کاتدا تەواو ببن.
- تاران دەیەوێت لە ڕێگەی دەریای قەزوین و وڵاتانی دراوسێی باکوورەوە، هێڵێکی بازرگانیی پارێزراو وەک شوێنگرەوەی بەندەرەکانی باشوور دروست بکات.
پەرلەمانتاران و ڕەخنەگرانی ناوخۆیی
لە بەرامبەردا، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئێران نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە و ئەم هەنگاوە بە "پاشەکشەی ستراتیژی" ناودەبەن. هۆکاری ڕەخنەکانیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە پڕۆژەیاساکەدا بڕگەی دیاریکردنی سنوورە ئاوییەکان لادراوە، کە پێشتر خاڵی سەرەکیی ناکۆکی بووە لەگەڵ ئازەربایجان. ڕەخنەگرانی حکومەت پێیان وایە تاران بۆ دەربازبوون لە فشارەکانی ئەمریکا، ئامادەی سازشی زۆرە بۆ وڵاتانی دراوسێی باکوور.
زانیاریی لەسەر بابەتەکە
دەریای قەزوین کە لە نێوان پێنج وڵاتدایە (ئێران، ڕووسیا، کازاخستان، تورکمانستان و ئازەربایجان)، ئێستا بووەتە تاقە هیوای تاران بۆ بازرگانیی نێودەوڵەتی دوای ئەوەی ئەمریکا گەمارۆی توندی خستە سەر بەندەرەکانی کەنداو. ئەم پڕۆژەیاسایە درێژکراوەی ڕێککەوتنی ساڵی 2018ی "ئاکتائۆ"یە و تاران دەیەوێت لە ڕێگەیەوە بەرەیەکی هاوبەشی وڵاتانی باکوور دژی هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دروست بکات.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
1 کاتژمێر پێش ئێستا