ئەوقاف پرسەی کردە یەک ڕۆژ و کرێی قورئانخوێنی دیاریکرد
پووختەی هەواڵەکە:
- گۆڕینی ماوەی پرسە لە هەولێر لە 2 ڕۆژەوە بۆ 1 ڕۆژ.
- دیاریکردنی 75 هەزار دینار وەک کرێی قورئانخوێن لە سلێمانی.
- قەدەغەکردنی مەولوود، دەف لێدان و لاواندنەوە لە هۆڵی پرسەکان.
زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8 کە ئاماژە بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە ڕێوڕەسمی پرسەکان دەکات لە هەرێمی کوردستان؛ چیتر پرسەکان لە هەولێر و سلێمانی نابنە بارێکی قورس بەسەر شانی هاووڵاتییانەوە، چونکە کاتەکەی کورت کراوەتەوە و ڕێنمایی توند بۆ خەرجییەکان و شێوازی بەڕێوەچوونی لە ناو مزگەوتەکاندا دانراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سلێمانی
- ماوەی پرسە لە هۆڵی مزگەوتەکان تەنیا 1 ڕۆژە و لە نیوەڕۆوە تا دوای عەسر بەردەوام دەبێت.
- کرێی قورئانخوێن بۆ پرسەی یەک ڕۆژە بە 75 هەزار دینار دیاریکراوە.
- ئەرکی بەڕێوەبەرایەتییەکە تەنیا ڕێکخستنی کاتی هۆڵەکانە و دەستوەردان لە پرسەی دەرەوەی مزگەوتەکان ناکات.
بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی هەولێریش بە فەرمی پرسەی لە 2 ڕۆژەوە بۆ 1 ڕۆژ کەمکردەوە. بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، کاتی پرسە لە کاتژمێر 1:00ی نیوەڕۆ دەستپێدەکات و کاتژمێرێک پێش بانگی شێوان کۆتایی دێت. لە هۆڵی پرسەی ژنان، مەولوود، دەف لێدان و لاواندنەوە قەدەغە کراوە و لە هۆڵی پیاوانیش تەنیا ڕێگە بەو قورئانخوێنانە دەدرێت کە ناسنامەی فەرمییان هەیە. هەروەها تەنیا خواردنەوەی ئاو ڕێگەپێدراوە و خاوەن پرسە دەبێت بە پڕکردنەوەی فۆڕمێک بەڵێنی پاراستنی هۆڵەکە بدات.
زانیاریی لەسەر بابەتەکە
ئەم هەنگاوەی هەولێر دوای ئەوە دێت کە سلێمانی چەند ساڵێکە پرسەی کردووەتە یەک ڕۆژ، بەڵام لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا وەک نەریت 2 ڕۆژ بووە. ئامانج لەم ڕێکارانە کەمکردنەوەی تێچووی سەر شانی بنەماڵەی مردووەکان و ڕێکخستنی شێوازێکی یەکگرتووە بۆ ڕێوڕەسمە ئاینییەکان کە لەگەڵ باری دارایی هاووڵاتییاندا بگونجێت.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
3 کاتژمێر پێش ئێستا