بانکێکی ئەمریکا هەژمارەکانی دامەزراوەی ترەمپی داخستووە
پووختەی هەواڵ
- بانکەکە گومانی لە سپیکردنەوەی پارە هەیە لە لایەن دامەزراوەی ترەمپەوە
- بانکەکە 300هەژماری بانکی دامەزراوەکەی ترەمپی داخستووە
- بڕیاری بانکەکە بۆ ڕێگری بووە لە سپیکردنەوەی پارە
- داخستنی بەشێک لە هەژمارە بانکییەکانی دامەزراوەی ترەمپ
نیگەرانییەکان سەبارەت بە سپیکردنەوەی پارە لەلایەن دامەزراوەی ترەمپەوە، وای لە بانکێکی ئەمریکی کردووە، لە ساڵی 2021ـدا، زیاتر لە 300 هەژماری بانکیی دامەزراوەکە دابخات.
بۆ یەکەم جارە بانکێک بە فەرمی نیگەرانییەکانی پەیوەست بە ڕێگری لە سپیکردنەوەی پارە بە بازرگانیی خێزانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ببەستێتەوە.
بەرپەرچدانەوەی سکاڵای یاسایی
ڕۆژی ڕابردوو، بانکی کاپیتاڵ وەن، بەرپەرچی سکاڵایەکی یاسایی دایەوە، سەبارەت بە بڕیاری داخستنی هەژمارە بانکییەکانی دامەزراوەی ترەمپ و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە دوای پێداچوونەوەی پسپۆڕانی ڕێگری لە سپیکردنەوەی پارە ئەنجامداوە.
ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە
- کاپیتاڵ وەن پێشتر تۆمەتی وای ئاڕاستەی دامەزراوەی ترەمپ نەکردووە
- کوڕی ترەمپ سکاڵایی یاسایی تۆمارکردبوو
- ئیدارەی ترەمپ لەم خولەی سەرۆکایەتیدا فشار لە بانکەکان دەکات
یەکەمجارە دامەزراوەکەی ترەمپ تۆمەتبار بکرێت
کاپیتاڵ وەن، هەرگیز دامەزراوەی ترەمپی بە سپیکردنەوەی پارە تۆمەتبار نەکردووە، بەڵام ئەو بەڵگەنامانەی پێشکەشی دادگا کراون بۆ ڕەتکردنەوەی کەیسەکە، ئاماژە بەوە دەکەن هەژمارەکان بە هۆکاری ڕێگری لە سپیکردنەوەی پارە داخراون.
کاپیتاڵ وەن، لە ئازاری ساڵی 2021ـدا، ڕایگەیاند، زیاتر لە 300 هەژماری بانکی پەیوەندیدار بە ترەمپەوە دادەخات، لە بەرامبەردا دامەزراوەی ترەمپ و ئێریک ترەمپ، کوڕی سەرۆکی ئەمریکا، لە ئازاری 2025ـدا، لە دادگای فیدراڵیی فلۆریدا، سکاڵایەکی یاساییان تۆمارکرد و بانگەشەی ئەوەیان کرد بۆ سوود وەرگرتن لە کەشوهەوای سیاسی هەژمارەکان داخراون، بەتایبەت دوای ئاژاوەکەی 6ـی کانوونی دووەمی 2021ـی کاپیتۆڵ.
زیادکردنی گوشارەکان لەسەر بانکەکان
لە سەرەتای خولی دووەمی سەرۆکایەتی ترەمپەوە، ئیدارەکەی گوشاری خستووەتە سەر هەندێک لە بانکە گەورەکان، کە پێیان وایە بە ئەنقەست ڕەوتی سیاسی ڕاستڕەوی ترەمپ دەکەنە ئامانج.
ترەمپ لە ئابی 2025ـدا، فەرمانێکی واژۆ کرد کە ڕێگری لە بێبەشکردن لەسەر بنەمای جیاکاری لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان دەکات.
لەسەر هەمان بنەما، لە کانوونی دووەمدا، ترەمپ سکاڵایەکی لەسەر بانکی جەی پی مۆرگان تۆمارکرد، ئەمەش جەخت لەسەر ئەو ژینگە سیاسییە ئاڵۆزە دەکاتەوە کە ئەمریکا لە سەردەمی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا بەرەوڕووی دەبێتەوە.
لە ساڵی 2019ـدا و لە سەردەمی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ سکاڵای یاسایی لەسەر بانکی کاپیتال وەن و دۆیچە بانک تۆمارکرد، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هاوبەشکردنی تۆمارە داراییەکانی لەگەڵ کۆنگرێس.
2 کاتژمێر پێش ئێستا