بەشێک لە پارچەکانى ئۆتۆمبێل هۆکارن بۆ کەمتر بەکارهێنانى بەنزین
پووختەی هەواڵ
- کاریگەریی نۆزڵ و پلاک و شووتەى هەوا
- کاریگەریی ساڵنساى ئۆتۆمبێل بۆ ڕێژەى بەکارهێنانى بەنزین
- چێککردنەوەی ناوبەناوی پێکهاتەکانی ئۆتۆمبێل
- چی بکرێت بۆ کەمکردنەوەی خەرجی بەنزین؟
بەنزین، ئەو پێویستییە گرنگە گرانەى ڕۆژانە زۆرینەمان پێویستمان پێیەتى، لەئێستادا کە بڕەکەى کەمبووەتەوە و نرخەکەشى گران بووە، پێویستمان بە هەندێ: ڕێنماییە تاوەکو بزانین، چى وا دەکات ئۆتۆمبێلەکانمان کەمتر یان زیاتر بەنزین بەکاربهێنێت، لێرەدا باسی هەندێک بەش یان پارچەى ئۆتۆمبێل دەکەین، کە هۆکارن بۆ زۆر بەکارهێنان یان کەم بەکارهێنانى بەنزین، ئەوانیش؛
ئیش نۆزڵ لە ئۆتۆمبێلەکاندا
نۆزڵ، ئەو پارچەیەى ئۆتۆمبێلە کە سووتەمەنی بە شێوەی سپرایەکی ورد دەڕێژێتە ناو بزووێنەر، بە تەواوی لەگەڵ هەوادا تێکەڵی دەکات، و بڕ و کاتی پێویست ڕێکدەخات بۆ دابینکردنی زۆرترین وزە و کەمترین بەفیڕۆچوونی بەنزین، ئەگەر ئەم بەشە پیس بێت، ئەوا وادەکات بەنزین زیاتر بسووتێت، بۆیە پێویستە ناو بەناو نۆزڵەکانى ئۆتۆمبێلەکەت تێست بکەیت.
کاریگەری پلاک لەسەر سەرفکردنی بەنزین
پلاکی ئۆتۆمبێل، ئەم پارچە بچووکانەش پڕیشکی کارەبایی پێویست بۆ داگیرساندنی تێکەڵەی بەنزین و هەوا لەناو بزووێنەردا دروست دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی تەقینەوەی ڕێکخراو و بەرهەمهێنانی هێزی جووڵە بۆ پێشخستنی ئۆتۆمبێلەکە، لە هەمان کاتدا گەرمی زیادە لە ژووری سووتانەوە دەگوازێتەوە دەرەوە.
پیسبوونی پلاک یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی زۆر سەرفکردنی بەنزین. کاتێک پلاکەکە کاربۆن یان زەیتی لێ دەنیشێت، پڕیشکی ئاگرەکەی لاواز دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەنزینەکە بە تەواوی نەسووتێت و بەفیڕۆ بچێت.
کاری شووتە یان فلتەری هەوا
شووتەی هەوا، فلتەرێکی تایبەتە لەناو بۆکسێکی پلاستیکیدا لە بەشی پێشەوەی بزووێنەر جێگیر دەکرێت. ئەرکی سەرەکی پاراستنی بزووێنەرەکەیە لە ڕێگەی پاڵاوتن و پاککردنەوەی ئەو هەوایەی کە لە دەرەوە ڕادەکێشرێت بۆ ناو ژووری سووتان، بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە چوونەناوەوەی تۆز، خۆڵ و پیسى، گیرانی شووتە هەوا، بڕی ڕشتنی بەنزین زۆر زیاد دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوون و بەرزبوونەوەی مەسرەفی سووتەمەنی.
کاریگەری ساڵەنسا و پەستانی پێچەوانە
هاوکات، ساڵەنسا - یان سایلێنسەر، بەشێکی سەرەکییە لە کۆتایی سیستمی ئەکسۆزی ئۆتۆمبێلدا، ئەرکی سەرەکی کەمکردنەوە و کپکردنی ئەو دەنگە بەرز و تەقینەوانەیە کە بەهۆی سووتانی سووتەمەنی لەناو بزووێنەردا دروست دەبن، لەگەڵ گواستنەوەی گازە ژەهراوییەکان بۆ دەرەوەی سەیارەکە، تێکچوون یان گیرانی ساڵەنسا، دەبێتە هۆی دروستبوونی پەستانی پێچەوانە لەسەر بزووێنەر، ئەمەش مەکینەکە ماندوو دەکات و ناچاری دەکات بەنزینی زیاتر بۆ بەرهەمهێنانی وزە بسووتێنێت.
بۆ کەمکردنەوەی خەرجی بەنزین
بۆ کەمکردنەوەی خەرجى بەنزین و پاراستنی ئەم بەشانە، پێویستە شۆفێران شووتەی هەوا بە ڕێکوپێکی پاک بکەنەوە یان بیگۆڕن، و لە کاتی خۆیدا پلاکەکان نوێ بکەنەوە. هەروەها بەکارهێنانی بەنزینی کوالیتی بەرز و پاککەرەوەی نۆزڵ، لەگەڵ نەهێشتنی کێشە و گیرانی ساڵەنسا، باشترین ڕێگان بۆ هێشتنەوەی بزووێنەر بە چالاکی و کەم بەکارهێنانى بەنزین.
ناوبەناو چێککردنەوەی پارچەکانی ئۆتۆمبێلەکان
با زیاتر سادەى بکەینەوە، بۆ نموونە، ئەگەر ئۆتۆمبێلێکی چوار پستن یان سلندەر، ئاسایی و بێ گرفت لە 100 کیلۆمەتردا 8 لیتر بەنزین خەرج بکات، بە هەبوونی کێشە لەم چوار پارچەیەدا، دوو بۆ چوار لیتر بەنزینی زیاتر لە هەر 100 کیلۆمەترێکدا خەرج دەکات، بۆیە پێویستە لەبەر سەلامەتى خۆتان و ئازیزانتان کە سەرنشینتانن، هەروەها پاراستى گیرفانتان، زوو زوو چێکى ئۆتۆمبێلەکانتان بکەن.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
1 کاتژمێر پێش ئێستا