بەرزنجی: لەناوەڕاستی مانگی ئاب کابینەی حکومەتی عێراق تەواو دەکرێت

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران

پووختەی هەواڵەکە

  • لە 15 بۆ 20ـی ئابی 2026 دەنگ لەسەر وەزیرە ماوەکانی کابینەی حکومەتی عێراق دەدرێت.
  • لە کۆی 23 وەزارەت تەنیا 14 وەزیر دەنگیان لەسەر دراوە و نۆ وەزارەت بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێن.
  • پڕکردنەوەی وەزارەتە ماوەکان پێویستی بە سازانی سیاسیی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان هەیە.

بەگوێرەی زانیارییەک، کە بە کەناڵ8 گەیشتووە، لەنێوان 15 بۆ 20ـی ئاب کابینەی وەزاریی حکومەتی عێراق تەواودەکرێت و دەنگ لەسەر ناوەکانی دیکە دەدرێت. حەیدەر بەرزنجی شرۆڤەکاری سیاسیی کەناڵ8 ئاشکرایکردووە، لە کۆی 23 وەزارەت تاوەکو ئێستا 14 وەزیر دەنگیان لەسەر دراوە.


وەزارەتە پەسەندکراوەکانی کابینەکەی عەلی زەیدی

لە 14ـی ئایاری 2026 کابینەکەی عەلی زەیدی خرایە دەنگدانەوە و ئەم وەزیرانە دەنگی متمانەیان بەدەستهێنا:

  • باسم محەممەد خزەیر: وەزیری نەوت
  • محەممەد نووری ئەحمەد: وەزیری پیشەسازی
  • عەلی سەعد وەهیب: وەزیری کارەبا
  • عەبدولحسێن عەزیز: وەزیری تەندروستی
  • سروە عەبدولواحید: وەزیری ژینگە
  • عەبدولڕەحیم جاسم: وەزیری کشتوکاڵ
  • مووسەننا عەلی مەهدی: وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان
  • مستەفا نزار جومعە: وەزیری بازرگانی
  • خالید شوانی: وەزیری داد
  • عەبدولکەریم عەبتان: وەزیری پەروەردە
  • وەهب سەلمان محەممەد: وەزیری گواستنەوە
  • فالح ئەلساری: وەزیری دارایی
  • فوئاد حوسێن: وەزیری دەرەوە
  • مستەفا جەبار سەند: وەزیری پەیوەندییەکان

وەزارەتە ماوەکان و دەستپێشخەرییەکەی سەرۆککۆمار

نۆ وەزارەت لە کابینەکەدا ماون دەنگیان لەسەر بدرێت کە بریتیین لە ناوخۆ، بەرگریی، پلاندانان، ئاوەدانکردنەوە، کار و اموراتی کۆمەڵایەتی، گەنجان و لاوان، خوێندنی باڵا، ڕۆشنبیری، لەگەڵ کۆچ و کۆچبەران. یەکلاییکردنەوەیان پێویستی بە سازانی سیاسیی هەیە. هاوکات نزار ئامێدی سەرۆککۆماری عێراق لە 25ـی تەمموزی 2026 دەستپێشخەرییەکی بۆ پاڵپشتی لە مافەکانی ژنان ڕاگەیاند و داوایکرد ڕەچاوی نوێنەرایەتی ژنان بکەن، بە جۆرێک ژنێک بۆ جێگری سەرۆککۆمار یان جێگری سەرۆکوەزیران دیاریبکرێت، یاخود وەزارەتێکی تایبەت بە کاروباری ژنان دابنرێت.

زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە

لە دانیشتنەکەی 14ـی ئایاری 2026ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا بۆ دەنگدان لەسەر کابینەکەی عەلی زەیدی، پێنج وەزیر لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ڕەتکرانەوە و چوار وەزیری دیکەش ناویان بۆ دەنگدان پێشکەش نەکرا. ئێستا پۆستی ئەو نۆ وەزارەتە ماوەیە بەوەکالەت لەلایەن وەزیرانی دیکەوە بەڕێوەدەبرێن و گرنگترینیان وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریین کە پێویستیان بە رێککەوتنی لایەنەکان هەیە.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

https://channel8.com/kurdish/news/222192

https://channel8.com/kurdish/news/213045

https://channel8.com/kurdish/news/213419

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا