کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی فراوان لە بەغداد بەڕێوەچوو

ئارام یوسف 3 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی باڵای هێزە ئەمنییەکان لە بەغداد
کۆبوونەوەی باڵای هێزە ئەمنییەکان لە بەغداد

پووختەی هەواڵ

  • فەرماندە ئەمنی و سەربازییەکان: ڕێگەنادەین عێراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێک
  • گفتوگۆ لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان

کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی فراوان لە بەغداد سەبارەت بە بەرزکردنەوەی ئامادەباشیی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بەڕێوەچوو، جەختلەوە کرایەوە، ڕێگەنەدرێت عێراق ببێتە سەرچاوەی هیچ هەڕەشەیەکی ناوخۆیی و دەرەکی.


بەشداربووانی کۆبوونەوە ئەمنییەکە


شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاویکردووەتەوە، عەبدولئەمیر شەممەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی و سەربازی کردووە، بە ئامادەبوونی سوپاسالار، سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆر، فەرماندە و سەرکردەی ئەمنی، دەستەی حەشدی شەعبی و ئەفسەرانی باڵا، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکان و فەرماندەی پۆلیسی سەرجەم پارێزگاکان.

ئامادەباشی هێزە چەکدارەکان

  • بەرزکردنەوەی ئامادەباشی توانای هێزە چەکدارەکان لە سنوورەوە تا مەیدانی ناوچەکانی عێراق
  • جەختکردنەوە لەوەی عێراق نابێتە هەڕەشە بۆ هیچ لایەک


بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کراوە، بۆ بەرزکردنەوەی توانای ئامادەباشیی هێزە چەکدارەکان، کە لە خاڵە سنوورییەکانەوە دەستپێدەکات، تاوەکو کاری مەیدان لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق.

عێراق نابێتە هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەکی


لە کۆبوونەوەکە جەختلەوەکراوەتەوە، کە ڕێگەنادرێت عێراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشەی ناوخۆی و دەرەکی بۆ هیچ وڵاتێک.

ئەم کۆبوونەوەیەی سەرکردە ئەمنی و فەرماندە سەربازییەکانی عێراق لەکاتێکدایە، ئێوارەی پێنجشەممە، عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بڕیاریدا سەرجەم هێزە ئەمنی و سەربازییەکان ئاستی ئامادەباشییان بەرزبکەنەوە.

کۆتایی وادەکەی حەشدی شەعبی بۆ سعودیە و ئەمریکا

بەرزکردنەوەی ئاستیی ئامادەباشیی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ ئەو وادەیە کۆتایی دێت، کە بەرەی مقاوەمەی عێراق بۆ حکومەتی دیاریکردبوو، تاوەکو وەڵامی هێرشە هاوبەشەکەی سعودیە و ئەمریکا بۆسەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی بداتەوە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

https://channel8.com/kurdish/news/224472

https://channel8.com/kurdish/news/224462

ئارام یوسف

3 کاتژمێر پێش ئێستا