شەوى ڕابردوو هێزێکى زۆرى ئەمنى لە شەقامەکانى بەغداد بڵاوکرایەوە

رێبوار حەمەوەیس 2 کاتژمێر پێش ئێستا
بڵاوەپێکردنى هێزە ئەمنییەکان لەزۆرێک لە پارێزگاکانى عێراق بەتایبەت لە بەسڕە
بڵاوەپێکردنى هێزە ئەمنییەکان لەزۆرێک لە پارێزگاکانى عێراق بەتایبەت لە بەسڕە

پوختەى هەواڵەکە

  • شەوى ڕابردوو دوا وادەى مقاوەمەى ئیسلامى بوو بۆ وەڵامدانەوەى هێرشەکەى ئەمریکا و سعودیە
  • هادى عامرى پەیامێکى ڤیدیۆیی ئاڕاستەى گرووپە چەکدارەکان کرد
  • هادى عامرى داواى لە گرووپە چەکدارەکان کرد دانبەخۆیاندا بگرن

شەوى ڕابردوو بە فەرمانى عەلى زەیدى، فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان، هێزێکى زۆرى ئەمنیى عێراق، لە دژە تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەى خێرا لە بەغداد و چەند پارێزگایەکى دیکە بەتایبەت لە پارێزگاى بەسرە، خرانە حاڵەتى ئامادەباشییەوە بۆ وەڵامدانەوەى حاڵەتێک، بەتایبەت کە 6ـى ئاب دوا وادەى مقاوەمەى ئیسلامى بوو بۆ وەڵامدانەوەى هێرشەکەى 29ـى تەمموزى ئەمریکا و سعودیە بۆسەر عێراق، کە بەهۆیەوە 20 چەکدارى حەشدى شەعبى کوژران و زیاتر لە30  چەکدارى دیکەش برینداربوون.


هەڕەشەکانى مقاوەمەى عێراق

  • مقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق، هەڕەشەى بەرپەرچدانەوەى هێرشەکەى ئەمریکا و سعودیەى کردبوو، ئەگەر حکومەتى عێراق وەڵامنەداتەوە.
  • عەلى زەیدى لە برى وەڵامدانەوە، هێزە ئەمنیى و سەربازییەکانى خستە حاڵەتى ئەوپەڕى ئامادەباشییەوە بۆ ڕێگرى لە وەڵامدانەوەى هەڕەشەکانى مقاوەمەى ئیسلامى.
  • دواى کۆبوونەوەى شەوى 5ـى ئابى هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت، کە تیایدا جەخت لە پابەندبوون بە کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت لە 30ـى ئەیلوولى داهاتوو کرایەوە و هۆشداری درا لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ڕەفتارێکى دەرەوەى چوارچێوەى دەوڵەت بە گوێرەى یاساى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر.
  • شەوى ڕابردوو ئاژانسى فەرمیى عێراق، یاساى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرى بڵاوکردەوە، وەک هۆشدارییەک بۆ گرووپە چەکدارەکان، کە ئەگەر هەر پەرچەکردارێکى تاکلایەنە بکەن، بە گوێرەى یاساکە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

پەیامە ڤیدیۆییەکەى عامری

هەر بۆ دواخستنى وەڵامى هێرشەکەى ئەمریکا و سعودیە، شەوى ڕابردوو هادى عامرى، سەرۆکى ڕێکخراوى بەدر پەیامێکى ڤیدیۆیی ئاڕاستەى مقاوەمەى ئیسلامى کرد و داواى لێکردن وەڵامى دەستدرێژییەکەى ئەمریکا و سعودیە دوابخەن و لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى عێراق دانبەخۆیاندا بگرن.

ئامادەیی هێزە چەکدارەکان بۆ ڕێگریی لە گرووپەکان

  • سەباح نوعمان، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیی هێزەچەکدارەکانى عێراق: دیالۆگ لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بەردەوامە، هێزە ئەمنییەکان ڕێگە نادەن گرووپە چەکدارەکان وەڵامبدەنەوە.
  • دواى هێرشەکەى ئەمریکا و سعودیە، ئەنجوومەنى وزارى بۆ ئاسایشى نیشتمانی کۆبوونەوەیەکى بەپەلەى کرد و پلانێکى ئەمنى دانرا و هێزە ئەمنییەکان دەستیانکردووە بە جێبەجێکردنى، کە زۆر بوار دەگرێتەوە. لەوانە؛ کۆنتڕۆڵکردنى خاک و پڕکردنەوەى ناوچە بەتاڵەکان، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخەکە.
  • بڕیارى شەڕ تەنیا لە دەستى دەوڵەتدایە و سەرجەم هێزە ئەمنییەکان لەژێر فەرمانى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکاندان و ڕێگەنادەن بەهیچ دەستدرێژییەک بۆسەر عێراق و لە عێراقیشەوە بکرێتە سەر وڵاتانى دراوسێ.

شەوى ڕابردوو چى ڕوویدا؟

شەوى ڕابردوو وڵاتانى سعودیە و ئوردن و سووریا لە حاڵەتى ئامادەباشیدابوون بۆ وەڵامدانەوەى هەر هێرشێک لە عێراقەوە بکرێتە سەریان، بە گوێرەى سەرچاوەکان، ئەو وڵاتانە هۆشدارییان بە عێراق داوە، لە وەڵامدانەوەى توندى هەر هێرشێک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بکرێتە سەریان.


هەرچەندە شەوى ڕابردوو هیچ هێرشێک لە عێراقەوە نەکرایە سەر سعودیە، بەڵام ئەگەرى وەڵامدانەوەى گرووپەکان تاوەکو48  کاتژمێری دیکە لە ئارادایە.

زانیاریی زیاتر بۆتۆ

https://channel8.com/kurdish/news/220508

https://channel8.com/kurdish/news/222886

https://channel8.com/kurdish/news/222828

https://channel8.com/kurdish/news/222369

رێبوار حەمەوەیس

2 کاتژمێر پێش ئێستا