عەلی زەیدی لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆبووەوە

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران
کۆبوونەوەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران

پووختەی هەواڵەکە:

  • دیلان غەفور: عەلى زەیدى داواى کرد پرۆژە بودجەى 2027 زۆر دەستکارى نەکرێت
  • دیلان غەفور: پڕۆژە یاساى قەرزکردن و لابردنى سفرەکانى دراوى عێراقى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانە
  • دیلان غەفور: بەغداد مامەڵە بەو داهاتەوە دەکات کە رۆژانە دەستى دەکەوێت
  • ڕێبوار کەریم مەحموود: داوامانکردووە کاتى مووچەى هەرێم لەگەڵ عێراقدا بێت
  • ئەحمەد حاجى ڕەشید: ناردنى مووچەى هەرێمى کوردستان دەکەوێتە هەفتەى داهاتوو

عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق و وەزیرى دارایی و پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق لەگەڵ لیژنەى دارایی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کۆبوونەوە و تێیدا دۆخى دارایی عێراق تاوتوێ کراوە، سەبارەت بە پرسى مووچەش، ئەندامێکى لیژنەکە بە کەناڵ8ـى گوت" ناردنى تەمویلى مووچەى مانگى تەمووزى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دەکەوێتە هەفتەى داهاتوو".


لێدوانی ئەندامێکی لیژنەی دارایی

  • حکومەت پلاتی هەیە بۆ زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان
  • بودجەی نوێ مانگی  ئەیلول یان تشرینی یەکەم  دەکاتە پەرەلەمان


دیلان غەفور ئەندامى لیژنەى دارایی بە کەناڵ8ـى گوت"عەلى زەیدى جەختى لەوەکردووەتەوە کە پلانیان هەیە داهاتەکان زیاد بکەن و خەرجییە گشتییەکان کەمبکەنەوەو پێویستە لیژنەى دارایی هاوکاربن، هاوکات پرۆژە بودجەى 2027 لە کۆتایی مانگى ئەیلول یاخود لەسەرەتاى مانگى تشرینى یەکەم مانگى 10 دەگاتە پەرلەمان، زەیدى داواى کرد پڕۆژە بودجەى 2027 زۆر دەستکارى نەکرێت.

هێشتا بەشێک لە وەزارەت و سەرۆکایەتییەکان مووچەی مانگی حەوتیان وەرنەگرتووە



دیلان غەفور گوتیشی عێراق لەرووى داراییەوە مامەڵە بەو داهاتانەوە دەکات کە دەستى دەکەوێت، هێشتا بەشێک لەوەزارەتەکان و سەرۆکایەتییەکان مووچەی مانگى حەوتیان وەرنەگرتووە".

ئەوەشى دووپاتکردەوە، لەو کۆبوونەوانەدا هیچ کاتێک دیارى ناکرێت بۆ ناردنى تەمویلى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان، بۆیە هیچ وادەیەى ڕوون دیار نییە کەى تەمویلى مووچەى هەرێمى کوردستان ڕەوانە دەکرێت".

 

تاوتوێکردنی دوو پرۆژە لە ئەنجوومەنی نوێنەران


هەروەها دیلان غەفور، باسى لەوەشکرد، کە چەند پڕۆژەیاسایەک لە ئەنجوومەنى نوێنەرانە بۆ قەرزکردن و لابردنى سفرەکانى دراوى عێراقى، ئەم دوو پڕۆژەیە لە ئەنجوومەنى نوێنەران تاوتوێ دەکرێن.

هاوکات ئەحمەد حاجى ڕەشید، ئەندامى لیژنەى دارایی بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند" ڕەوانەکردنى مووچەى هەرێمى کوردستان دەکەوێتە هەفتەى داهاتوو، بەهۆى کەمى داهاتى عێراقەوە".

ئاڕاستەکردنی سێ داواکاری بە زەیدی



هەروەها ڕێبوار کەریم، مەحمود، ئەندامى لیژنەى دارایی بە کەناڵ8ـى گوت" سێ داواکاریمان ئاڕاستەى عەلى زەیدى کرد پەیوەست بە هەرێمى کوردستانەوە، کە تێیدا داوامان کرد کاتى مووچەى هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق بێت، سەرجەم ماف و شایستە داراییەکان وەکو مووچەخۆرانى عێراقى لێ بکرێت".

هەروەها ڕاشیگەیاند، داوایان کردووە کێشەى سووتەمەنى چارەسەر بکرێت هەموو نەوتى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى سۆمۆ بفرۆشرێت و بەغداد سووتەمەنى پێویست بۆ هەرێمى کوردستان دابین بکات".داوای جێبەجێکردنی سیتسمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستان



ڕێبوار کەریم گوتیشى" داوامان کردووە سیستمى ئەسیکۆدا لەهەرێمى کوردستان جێبەجێ بکرێت داهاتى هەرێمى کوردستان و عێراق بەرزبکرێتەوە، لەوەڵامدا پێیان ڕاگەیاندین لەم ڕۆژانەدا بەتەواوى دەروازەکانى هەرێمى کوردستان دەخرێنە چوارچێوەى سیستمى ئەسیکۆدا".

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی دارایی کۆدەبێتەوە

لە شەش پارێزگاى عێراق دژى دواکەوتنى مووچە خۆپیشاندان کرا

بودجەی 2027ی عێراق؛ کورتهێنانێکی 100 تریلیۆن دیناری و مەترسییەکانی سەر نەوت

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا