عێراق بریاری ڕاگرتنی فرۆشتنی سیمکارتی لە بریکار و خاڵەکانی فرۆشتن لە هەرێمی کوردستان دەرکرد
پووختەی هەواڵەکە:
- بە هۆکاری تۆمارنەکردنی سیمکارت بە ناوی هاوڵاتییانەوە بە بێ ڕەزامەندی خۆیان
- سیمکارت تەنیا لە ناوەندی فەرمی کۆمپانیا رێگەپێدراو دەبێت
- ڕێگریکردن لە ساختەکاری و بەکارهێنانی ناسنامەی کەسانی دیکە
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بە بڕیارێک فرۆشتنی سیمکارتی سەرجەم هێڵەکانی پەیوەندی لە هەرێمی کوردستان ڕاگرت و هۆکارەکەی بۆ تۆمارکردنی سیمکارت بە ناوی هاوڵاتییانەوە بەبێ ئاگاداری ڕەزامەندی خۆیان دەگەڕێنێتەوە.
بڕیارەکە کاتییە
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، لەسەر بڕیاری بەلیغ ئەبوکەلەل، سەرۆکی دەزگای جێبەجێکردنی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، بڕیاردراوە بە ڕاگرتنی فرۆشتنی سیمکارتی سەرجەم کۆمپانیاکانی پەیوەندی لای بریکار و خاڵەکانی فرۆشتن بەشێوەیەکی کاتی.
فڕۆشتنی سیمکارت تەنها لە ناوەندی فەرمیی کۆمپانیا دەبێت
ئاماژە بەوەشکراوە، فرۆشتنی سیمکارت تەنیا لە ناوەندی فەرمیی کۆمپانیا ڕێگەپێدراوەکان دەبێت، تاوەکو ڕێکارەکانی تایبەت بە ڕێکخستنی جێەجێکردنی دۆکیۆمێنتکردنی ئەلیکترۆنی و دڵنیابوونەوەی ئەمنی تەواو دەکرێت.
بەلیغ ئەبوکەلەل جەختلەوە دەکاتەوە، ئەو بڕیارەیان دوای ئەوەداوە، دەستەی سکاڵا چەندین حاڵەتیان تۆمارکردووە، کە سیمکارت بەناوی چەندین هاوڵاتییەوە تۆمارکراوە بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی خۆیان.
لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، تۆمارکردنی ئەو سیمکارتانە، زیانی یاسایی، دارایی و کۆمەڵایەتیی لێکەوتووەتەوە، کە زیانی بە مافی هاوبەشەکان گەیاندووە.
هۆکاری دەرچوونی بڕیارەکە
سەرۆکی دەزگای جێبەجێکردنی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ئاماژە بەوەدەکات، ئەو ڕێکارە بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی هاوڵاتییان نییە بە خزمەتگوزارییەکان، بەڵکو بۆ گرەنتیکردنی ئەوەیە، سەرجەم پڕۆسەی فرۆشتنی سیمکارت بە گوێرەى ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان تۆمار بکرێت و ڕێگری لە ساختەکاری و بەکارهێنانی ناسنامەی کەسانی دیکە بکات بۆ کڕینی سیمکارت.
پەیرەوکردنی سیستمی دۆکیۆمێنتکردنی ئەلکترۆنی
بەلیغ ئەبوکەلەل باسلەوە دەکات، دەستەکەیان لەگەڵ سەرجەم کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکان و دەزگا ئەمنییەکان هەماهەنگی دەکات، بۆ تەواوکردنی پێدوایستییەکانی جێبەجێکردنی سیستمی دۆکیۆمێنتکردنی ئەلیکترۆنی و دووبارە ڕێگەپێدان بە فرۆشتنی سیمکارت لەلایەن بریکار و خاڵەکانی فرۆشتن بەگوێرەى پێوەرە ئەمنییەکان.
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، داوا لە هاوڵاتییان دەکات، ڕێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نەدەن لە دەرەوەی ڕێکارە فەرمییەکان سیمکارتیان بەناوەوە تۆمار بکەن و لەهەر حاڵەتێکی گوماناوی، کە داتای کەسێتیی بەخراپ بەکاردەهێنرێت ئاگاداریان بکەنەوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
وەزارەتی پەیوەندییەکان: باجی 20% بۆ سەر نرخی کارتی ئینتەرنێت چووە بواری جێبەجێکردنەوە
3 کاتژمێر پێش ئێستا