پاش 35 ساڵ پەرلەمانی لوبنان یاسای لێخۆشبوونی گشتی بۆ زیندانییان پەسەند کرد
پووختەی هەواڵ
- ئامانج لە یاسای لێخۆشبوون کەمکردنەوەی قەرەباڵغی زیندانەکانە
- یاساکە سزای لەسێدارەدان و زیندانیی هەتاهەتایی بۆ 17 ساڵ زیندانیکردن کەمکردووەتەوە
- کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ: ڕێژەی قەرەباڵغی زیندانەکانی لوبنان گەیشتووەتە 300%
پاش 35 ساڵ، ئەمڕۆ پەرلەمانی لوبنان، یاسایەکی لێخۆشبوونی گشتی پەسەند کرد، کە هەزاران زیندانی و کەسانی داواکراو لێی سوودمەند دەبن.
لێدوانی سەرۆکایەتی لوبنان
نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان، پەسەندکردنی ڕەشنووسی یاساکەی ڕاگەیاند. کە ئامانج لێی، بەخشینی لێخۆشبوونێکی گشتی و بە شێوەیەکی دەستووری کەمکردنەوەی ماوەی هەندێک سزایە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی سوودمەند دەبن لێی، ڕانەگەیێنراوە.
لایەنگرانی یاساکە چی دەڵێن؟
- سزای 17 ساڵەکە بە 12 ساڵ و نۆ مانگ حساب دەکرێت
- لە یاساکەدا نۆ مانگ بە ساڵێکی زیندانیکردن هەژمار دەکرێت
- یاساکە داوای ئازادکردنی ئەو کەسانە دەکات کە 12 ساڵ زیندانیکردنیان بە بێ تۆمەت بردووە
بە گوتەی عیماد حوت، ئەندامى پەرلەمانی لوبنان، کە لایەنگری یاساکەیە، سزای ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان و زیندانیی هەتاهەتایی بوونەتەوە، بۆ 17 ساڵ زیندانیکردن کەمبووەتەوە، ئەمەش هاوتای 12 ساڵ و نۆ مانگ زیندانیکردنی ڕاستەقینەیە لە لوبنان، کە تێیدا نۆ مانگ بە ساڵێکی زیندان هەژمار دەکرێت.
یاساکە داوای ئازادکردنی ئەو زیندانییانە دەکات، کە زیاتر لە 12 ساڵی زیندانییان بەبێ تۆمەت بەسەر بردووە، لەکاتێکدا دادگاییکردنیان بەردەوام بووە.
قەرەباڵغیەکی زۆری زیندانەکانی لوبنان
کۆمیسیۆنی نیشتمانیی مافی مرۆڤی وڵاتەکەش، لە ڕاپۆرتی ساڵی 2025ـدا ڕایگەیاند، ڕێژەی قەرەباڵغی زیندانەکان گەیشتووەتە 300% و دەسەڵاتدارانی زیندانەکان تاوەکو کۆتایی مانگی ئازار، لانیکەم شەش هەزار و 268 زیندانییان تۆمار کردووە.
هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان لە لوبنان
پەسەندکردنی ئەم یاسایە لەکاتێکدایە، ڕۆژی ڕابردوو، پەرلەمانی لوبنان بە زۆرینەی دەنگ یاسای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەسەندکرد، بەمەش لوبنان دەبێتە یەکەم وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەسێدارەدان لە یاسای سزاکانیدا نەهێڵێت.
پێشتر لوبنان یاسای لێخۆشبوونی گشتیی لە دوای شەڕی ناوخۆی ساڵانی 1975 بۆ 1990 دەرکردبوو، کە ڕێگەی بە سەرکردە سەربازییەکانی پێشووی شەڕ دەدا، بچنە ناو سیاسەتەوە، بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی دادگاییکردن ببنەوە، لەسەر ئەو تاوانانەی لە ماوەی ململانێکەدا ئەنجامیان داوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
3 کاتژمێر پێش ئێستا