عەلى زەیدى پێشوازى لە فەرماندەى سێنتکۆم کرد
پووختەی هەواڵ
- عەلى زەیدى: 30ـى ئەیلوول وادەى کۆتاییە بۆ تەواوبوونى ئەرکى هاوپەیمانان
- عەلى زەیدى: یەکى تشرینى یەکەم ڕۆژێکى نوێ دەبێت لە مێژووى دەوڵەتى عێراقدا
- عەلى زەیدى: سنووردارکردنی چەک لە دەستى دەوڵەت پارێزگاری لە هەموو لایەک دەکات
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو، ڕۆژێکی نوێ دەبێت بۆ دەوڵەت و هیچ بوونێکی سەربازیی بیانی لە عێراق نامێنێت، دەشڵێت، کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت، هەمووان دەپارێزێت.
کۆبوونەوەی عەلی زەیدی و فەرماندەی سێنتکۆم
عەلی زەیدی، ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم کۆبووەوە و ڕایگەیاند، پابەندن بەو خشتەیەی ڕێککەوتنی لەبارەوە کراوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، کە ڕۆژی 30 ـى ئەیلوولی داهاتووە.
دواین وادە بۆ بوونی سەربازانی بیانی لە عێراق
- عەلى زەیدى: لە یەکى تشرینى یەکەمەوە هیچ بوونێکى سەربازیى بیانى لە عێراق نامێنێت
- عەلى زەیدى: لە یەکى تشرینى یەکەمەوە هیچ چەکێک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت نابێت
- بونیاتنانی توانا ئەمنی و سەربازییەکان و ئاراستنی ئاسایش و سەقامگیری
بە گوتەی زەیدی، یەکى تشرینی یەکەمی 2026، ڕۆژێکی نوێیە لە ئاڕاستەی دەوڵەتی عێراق، لەو ڕێکەوتەوە عێراق هیچ بوونێکی سەربازیی بیانی نامێنێت و سەروەری نیشتمانی بەسەر خاکەکەیدا تەواو دەبێت و بەردەوام دەبێت لە بونیادنانی توانا ئەمنی و سەربازییەکانی، بەجۆرێک توانای پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەبێت.
پابەندبوون بە بنەماکانی دەستوور
سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای پابەندبوون بە بنەماکانی دەستوور دەکات، کە دەوڵەتی لەسەر بونیادنراوە، لەگەڵ پاراستنی بەرژوەندییە باڵاکان و ئاڕاستەکردنی توانای گەلی عێراق بۆ بونیادنان و پەرەپێدان.
زەیدی جەختلەوە دەکاتەوە، عێراق ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە هەموو ڕۆڵەکانێتی بۆ بونیادنانی ئابوورییەکی بەهێز، دەوڵەتێکی سەقامگیر و داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو.
گرنگی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختلەوە دەکاتەوە، کە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت بەگوێرەى یاسا پارێزگاری لە هەمووان دەکات و دەسەڵات دەوڵەت بەهێزتر دەکات، هەروەها گرەنتیی ئاسایش و سەقامگیری دەکات، کە مەرجێکی سەرەکیی گواستنەوەی عێراقە بۆ قۆناغێکی نوێی گەشەسەندن و پەرەپێدان.
جەختکردنەوە لە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی
سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی سێنتکۆم جەختیان لە جێبەجێکردنی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووەتەوە، بەگوێرەى ئەو ڕێککەوتنی لە سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتن لە ناوەڕاستی تەمموز کراوە.
هەردوولا جەختیان لە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا کردەوە، کە دەگوازرێتەوە بۆ هەماهەنگی و هاوبەشی لە بوارەکانی ئابووری، پەرەپێدان و ئەمنی، لەسەر بنەمای ڕێزی هاوبەش بۆ سەروەری و بەرژەوەندییەکانی بەغداد و واشنتن.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
حکومەتی عێراق: تاوەکو 30ی ئەیلوول دەبێت چەک لەدەستی دەوڵەتدا بێت
بزووتنەوەی نوجەبا: کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت هێزەکانی مقاوەمە ناگرێتەوە
عەلی زەیدی و گرووپە چەکدارەکان؛ کاتژمێری سفر بۆ ڕووبەڕووبوونەوە نزیکدەبێتەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا