"بۆچی چاوەکانم ئازاریان هەیە" ئەمە ئەو پرسیارەیە کە لە دواى خۆرگیرانەکە لە ئەورووپا بڵاوبووەوە
پوختەى هەواڵەکە
- کاردانەوە تەندرووستییەکانى خۆرگیرانەکەى ڕۆژى چوارشەممە لە ئەورووپا دەردەکەوێت.
- دوای خۆرگیرانەکە بە سەدان کەس لە ئیسپانیا سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.
- لە بەریتانیا دوای خۆرگیرانەکە گەڕانی گوگڵ بۆ ئازاری چاو%800 زیادیکرد.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئەورووپا پرێس، پاش ئەوەی تاریکییەکی مێژوویی باڵی بەسەر ئیسپانیادا کێشا، 530 کەس لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەوە سەردانی ناوەندە تەندروستی و نەخۆشخانەکانیان کردووە، بە گوتەی ئاژانسەکە زۆرینەی سەردانەکان بەهۆی هەستکردن بە نائارامی یان ئازاری سووکی چاوەوە بوون دوای سەیرکردنی خۆرگیرانەکە، هەروەها هەندێک حاڵەتی گیژبوون و کاریگەریی گەرماش تۆمار کراون.
ئامارەکان لەکوێ بوون زیاتر؟
- زۆرترین ژمارە لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا تۆمارکراوە.
- نزیکەی 101 کەس ڕاوێژی پزیشکییان وەرگرتووە.
- زۆربەی حاڵەتەکان بەهۆی تێکچوونی کاتیی باری تەندروستی و کاریگەرییەکانی خۆرگیرانەکەوە بووە.
- گەڕانەکانی گوگڵ، سەبارەت بە ئازاری چاو دوای خۆرگیرانەکە، گەیشتە ڕێژەیەکی زۆر.
- بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی تەلەگراف، گەڕان لە وێبگەڕی گوگڵ بۆ ئازاری چاو بەڕێژەی%800 لە بەریتانیا زیادیکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ملیۆنان تەماشاکەر ئاگادارکرابوونەوە ڕاستەوخۆ سەیری خۆر نەکەن، مەگەر چاویلکەی پارێزەر بەکاربهێنن.
- پێش خۆرگیرانەکە بە سەدان کەس لە بەریتانیا ڕیزیان گرتبوو بۆ کڕینی چاویلکەی پارێزەر.
- دوای ئەوەی هەمووی فرۆشرا، بەشێک لە خەڵکی ڕێنماییەکانی سەیرکردنی خۆرگیرانیان پشتگوێ خست.
- هەر بۆیە گەڕان بۆ "سەرئێشە" و پرسیارى "بۆچی چاوەکانم ئازاریان هەیە" زیادیکرد.
خۆرگیران، دیاردەیەکی سرووشتییە و سەیرکردنی ڕاستەوخۆی دیاردەکە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە چاو و مەترسی بەتایبەت لەسەر منداڵان هەیە، لە هەندێک حاڵەتیشدا دەکرێت ببێتە هۆی لە دەستدانی بینایی بۆ هەمیشە.
ڕۆژى چوارشەممە، 12ـى ئابى 2026، لە هەریەکە لە گرینلاند، ئایسلەندا و ئیسپانیا خۆرگیرانی تەواو ڕوویدا، لە بەشێکی دیکەى وڵاتانى ئەورووپاش بە شێوەی نیمچەیی بینرا. پسپۆڕانی گەردوونناسی هۆشدارییاندا کە بۆ بینینی خۆرگیرانی نیمچەیی دەبێت چاویلکەی تایبەت و زۆر تاریک بەکاربهێنرێت، چونکە تیشکی خۆر زیانی هەمیشەیی بە چاو دەگەیێنێت. دیاردەی خۆرگیرانی تەواو بەوە جیادەکرێتەوە کە لە کاتی ڕۆژدا بە کتوپڕی ئاسمان تاریک دەبێت.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
https://channel8.com/kurdish/news/225453
3 کاتژمێر پێش ئێستا