خۆرگیرانێکی دەگمەن ڕوودەدات و لە کوردستان نابینرێت
پووختەی هەواڵەکە:
- ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەکی جیهان خۆرگیرانی تەواو ڕوودەدات و لە کوردستان نابینرێت.
- دوایین خۆرگیرانی تەواو لە کوردستان لە ساڵی 1999دا بووە و داهاتوو لە 2081 دەبێت.
- بینینی دوو خۆرگیرانی تەواو لە ماوەی ژیانی مرۆڤدا دیاردەیەکی زۆر دەگمەنە.
- تەنیا لە کاتی خۆرگیرانی تەواودا دەکرێت بۆ ماوەی دوو خولەک بەبێ چاویلکە سەیری خۆر بکرێت.
زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8 کە تێیدا وردەکاریی دەگمەنترین دیاردەی گەردوونی خراوەتەڕوو؛ لە کاتێکدا ئەمڕۆ بەشێک لە جیهان تاریک دەبێت، هاونیشتمانیانی هەرێم دەبێت ٥٧ ساڵی دیکە چاوەڕێ بکەن تاوەکو جارێکی تر بینەری خۆرگیرانی تەواو بن. ئەم دیاردەیە کە تەنیا %10ی مرۆڤەکان لە ژیانیاندا دەبینن، ئەمڕۆ بەسەر ئاسمانی کوردستاندا تێپەڕ نابێت.
گەردوونناسی و مێژووی دیاردەکە:
لوقمان حەوێز، گەردوونناسی کورد لە ئەمریکا، ئەم زانیارییانەی خستووەتەڕوو:
- کەمتر لە یەک لە هەزار کەس لە جیهاندا چانسی ئەوەیان هەیە لە ژیانیاندا دوو جار خۆرگیرانی تەواو ببینن.
- لە ساڵی 1999دا کوردستان دوایین خۆرگیرانی تەواوی بەخۆیەوە بینی، کە 85 ساڵ دوای خۆرگیرانەکەی ساڵی 1914 بوو.
- ڕێڕەوی خۆرگیرانی داهاتوو لە 3ی ئەیلوولی 2081 بەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و بەغدادا تێپەڕ دەبێت و لە باشووری کوردستان %100 نابێت.
- سەیرکردنی خۆرگیرانی تەواو بەبێ چاویلکە تەنیا لەو دوو خولەکەی کە خۆر بە تەواوی دەبێتە تۆپێکی ڕەش، بێمەترسییە.
شوێنی بینین و ڕێکارەکان:
ئەمڕۆ لە هەریەکە لە گرینلاند، ئایسلەندا و ئیسپانیا خۆرگیرانی تەواو ڕوودەدات، لە بەشێکی تری ئەورووپاش بە شێوەی نیمچەیی دەبینرێت. پسپۆڕانی گەردوونناسی جەخت دەکەنەوە کە بۆ بینینی خۆرگیرانی نیمچەیی دەبێت چاویلکەی تایبەت و زۆر تاریک بەکاربهێنرێت، چونکە تیشکی خۆر زیانی هەمیشەیی بە چاو دەگەیەنێت. دیاردەی خۆرگیرانی تەواو بەوە جیادەکرێتەوە کە لە کاتی ڕۆژدا بە کتوپڕی ئاسمان تاریک دەبێت، بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە ئەمڕۆ لە ئاسمانی کوردستاندا ڕوونادەن.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
تاریکایی تەواوەتی.. چۆن خۆرگیران ئیلهامی بۆ هونەر و ئەدەبیات دروستکرد
ملیۆنان کەس لە چاوەڕوانیی خۆرگیراندان
ناسا: دووشەممەى داهاتوو خۆرگیرانى تەواوەتى روودەدات
1 کاتژمێر پێش ئێستا