یەکەم یاریی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە سپۆنسەری میدیایی کەناڵ8 کۆتاییهات

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکەم یاریی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە سپۆنسەری میدیایی کەناڵ8 کۆتاییهات
یەکەم یاریی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە سپۆنسەری میدیایی کەناڵ8 کۆتاییهات

پووختەی هەواڵەکە

  • یەکەم یاریی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ ساڵی 2026 - 2027 بە سپۆنسەری میدیایی کەناڵ8 لە یاریگەی یانەی نەورۆز لە شاری سلێمانی تەواوبوو.
  • خولی ئەستێرەکان بە بەشداریی 20 یانەی جیاواز بۆ ماوەی 38 هەفتە بەردەوام دەبێت و لە یاریی دەستپێکیشدا هەردوو یانەی نەورۆز و قوەجەوییە ڕووبەڕووی یەکدی بوونەوە و یارییەکە بە گۆڵ 3 بەرامبەر بە 3 گۆڵ کۆتاییھات.
  • ئەمە سێیەم وەرزە لەسەریەک ئاهەنگی دەستپێکی خولەکە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت و ئەمساڵ بۆ یەکەمجار شاری سلێمانی میوانداریی ئەو ڕووداوە وەرزشییە گەورەیەی عێراقی کرد.

بەگوێرەی زانیارییە تایبەتەکانی کەناڵ8 ، وەرزی 2026 - 2027ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە سپۆنسەری میدیایی کەناڵ8 لە یاریگەی نەورۆز دەستیپێکرد، کە تێیدا 20 یانە بۆ ماوەی 38 هەفتە کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەکە دەکەن و یەکەم یاریش ئەمشەو بەڕێوەچوو و ئەنجامەکەشی بۆ یەکسان بۆ یانەی نەورۆز و یانەی قوە جەوییە کۆتاییهات.


وردەکارییەکانی دەستپێکی خولی ئەستێرەکان

  • خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ ئەم وەرزە بە بەشداریی 20 یانەی جیاواز لە شارە جیاوازەکان بەڕێوەدەچێت.
  • یاریی دەستپێکی خولەکە لە کاتژمێر 21:30 لەنێوان یانەکانی نەورۆز و قوەجەوییەی پاڵەوانی وەرزی ڕابردوو بەڕێوەچوو، کە ئەنجامی یارییەکە 3 گۆڵ بۆ یانەی نەرۆز و 3 گۆڵ بۆ یانەی قوە جەوییە کۆتاییهات.
  • یاریگەی نەورۆز لە شاری سلێمانی وەک شوێنی سەرەکیی بۆنەکە بۆ ئەنجامدانی ئاهەنگی دەستپێکی وەرزەکە دیاری کراوە.
  • کەناڵ8 وەک سپۆنسەری میدیایی ئەم ڕووداوە وەرزشییە، تەواوی ئامادەکارییەکانی بۆ ڕووماڵکردنی یارییەکان و ئاهەنگەکە لە ستۆدیۆی تایبەتەوە کردووە.

ئامانجەکانی نەورۆز و پەرەپێدانی وەرزش

تەنیا حەسەن، سکرتێرى یانەى نەورۆز بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، ئەمساڵ یانەکەیان جیاواز دەبێت و لەسەر ئاستە بەرزەکان کێبڕکێ دەکات و یاریزانە ناوخۆییەکانیش بڕبڕەی پشتی نەورۆز دەبن و ئاماژەى بەوەشکرد، یانەى نەورۆز موڵکى شارى سلێمانییە و موڵکى کەسێکى دیاریکراو نییە.

حاکم مەحموود ئەحمەد، ئەندامى فیدراسیۆنى تۆپى پێى عێراق بە کەناڵ8ـى گوت، ئەم دەستپێک و کردنەوەى ئەم خولەى عێراق لە یاریگەى نەورۆز و لە شارى سلێمانى بەم شێوە ناوازەیە، پێموایە وا لە فیدراسیۆنی تۆپى پێى عێراق دەکات کە بیر لەوە بکاتەوە هەموو ساڵێک یەکەم یارى لە یاریگەى نەورۆز ئەنجام بدرێت و ئاماژەى بەوەشکرد، ئامادەکارییەکان بەجۆرێکە ئەو ئەندامانەى کە لەگەڵ مندا هاتوون گوتیان مەگەر لە ئەورووپا شتى لەو جۆرە کرابێت.

بەشداریی بەشێک لە هاندەران

هاونیشتمانیان لە شارە جیاجیاکانی عێراق و تەنانەت لە هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپاوە هاتبوون بۆ نێو یاریگەی نەورۆز تاوەکو ڕاستەوخۆ سەیری خولی ئەستێرەکانی عێراق بکەن. جگە لەوە بەشێک لە کەسایەتییە سیاسی و بەرپرسانی حکومی و کەسە ناودارەکانی بواری تۆپی پێ لە یاریگەی نەورۆز ئامادەبوون، کە بەشێکیان بریتی بوون لە د. هاوڕێ شێخ دارۆ، هەڤاڵ ئەبوبەکر، یونس مەحمود و هاوار مەلا محەممەد.

زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە

یاریگەی نەورۆز کە لە ساڵی 1994 دامەزرێنراوە، یەکێکە لە یاریگە هەرە نوێ و پێشکەوتووەکانی عێراق و جێگەی 14 هەزار و 500 هاندەر دەبێتەوە. یانەی نەورۆز بۆ شەشەم وەرزە لە خولی لوتکەی عێراقدا بەشدارە و لە وەرزی 2021 - 2022 بۆ یەکەمجار گەیشتە خولی نایاب. جێگەی ئاماژەیە ئەمە سێیەم جارە ئاهەنگی دەستپێکی خولی ئەستێرەکان لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، کە پێشتر لە وەرزی 2023 - 2024 لە یاریگەی زاخۆ و لە وەرزی 2024 - 2025 لە یاریگەی دهۆک ئەنجامدرابوو، بەڵام ئەم وەرزە شاری سلێمانی میوانداریی دەکات.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

لەسلێمانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە سپۆنسەری میدیایی کەناڵ8 دەستیپێکرد

لەسلێمانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە سپۆنسەری میدیایی کەناڵ8 دەستپێدەکات

کەناڵ8 سپۆنسەرى میدیایی ئاهەنگى کردنەوەى خولى ئەستێرەکانى عێراقە

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا