بەگوێرەى ڕۆژمێرى شێخ حەسەنی گڵەزەردە ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی چلەی هاوینە
پووختەی هەواڵەکە:
- بە ڕۆژمێری نەورۆز 25ـی ئاب کۆتا ڕۆژی چلەیەی هاوینە
- سێ ڕۆژمێرى کەشناسى هەیە کە پشتیان پێدەبەسترێت
شێخ کەمال فاتیح گڵەزەردى، شارەزاى کەشناسى بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، بەگوێرەى ڕۆژمێرى شێخ حەسەنی گڵەزەردە، ئەمڕۆ 17ـی ئاب، کۆتا ڕۆژی چلەی هاوینە، بەڵام بە ڕۆژمێرى نەورۆز 25ـی ئاب کۆتا ڕۆژى چلەیەى هاوینە.
ڕۆژمێری کوێستانی و ڕۆژمێری گڵەزەردە و گەرمیانی
ئاماژەى بەوەشکرد، سێ ڕۆژمێرى کەشناسى هەیە کە پشتیان پێدەبەسترێت ئەوانیش بریتین لە ڕۆژمێرى کوێستانى، شێخ حەسەنی گڵەزەردە و گەرمیانى، بەشێکى زۆرى ناوچەکانى هەرێمى کوردستان بەسلێمانیشەوە پەیڕەوى ڕۆژمێرەکەى شێخ حەسەنی گڵەزەردە دەکات تاوەکو سنوورى داقووق و دووز، بەڵام لە هەورامان پەیڕەوى لەو ڕۆژمێرە ناکەن چونکە کوێستانە و پەیڕەوى لە ڕۆژمێرى کوێستانى دەکەن.
ڕۆژمێری شێخ حەسەنی گڵەزەردە
- ئەمڕۆ پێنج ڕۆژ بەسەر هەڵهاتنی ئەستێرەی گەلاوێدا تێپەڕیووە
- گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هەستیان پێدەکرێت
- شەو فینک بووە و ڕۆژ گەرمای هاوین دەشکێت
ڕاشیکەیاند، بەگوێرەى ڕۆژمێرەکەى شێخ حەسەنی گڵەزەردە لەمڕۆوە پێنج ڕۆژ بەسەر هەڵهاتنى ئەستێرەى گەلاوێژدا تێدەپەڕێت، گۆڕانکارییەکانى کەش و هەوا هەستیان پێدەکرێت و شەو فێنک بووە و لە ڕۆژیشدا و گەرمای هاوین دەشکێت.
دوو سووڕی خولانەوە زەوی
بەگوتەى ئەو کەشناسە، لە کوردەواریدا زیاتر ئەزموونیان لەسەر هەڵهاتنى ئەستێرەى گەلاوێژە و دیاریکردنى چلەکانیش پەیوەندى بە لارى تەوەرەى زەوییەوە هەیە، چونکە دوو سووڕى خولانەوە هەیە کە بریتین لە سووڕى خولانەوەى ئەستێرەیى لەگەڵ سووڕى خولانەوەى زەوى بەدەورى خۆردا و لە ڕێگەى ئەو لارەگۆشەیەوە کە هەیە چوار وەرزە دروست دەبێت و ساڵانە لەکاتى خۆیدا بە چلەکانیشەوە دووبارە دەبنەوە.
هەڵهاتنی ئەستێرەکان
ئاماژەى بەوەشکرد، ئەوەى کە گۆڕانکارى دروست دەکات هەڵهاتنى ئەستێرەکانە لەبەرئەوەى ساڵانە 20 خولەک و 40 چرکە جیاوازییان هەیە، لەگەڵ ساڵى ڕۆژمێرى زەوى کە 365 و 242ـی ڕۆژێکە، بەڵام خولى ئەستێرەیى 365 و 256ـی ڕۆژێکە.
ڕاشیگەیاند، هەموو ئەستێرەیەک بە گەلاوێژیشەوە ساڵانە 20 خولەک و 40 چرکە دوا دەکەون ئەوەش وادەکات لە ماوەى 70 ساڵدا یەک ڕۆژ درەنگتر هەڵبێت لە هەڵهاتندا.
ناسینی ئەستێرەی گەلاوێژ
گەلاوێژ ئەستێرەیەکی زۆر گەش و پرشنگدارە کە هەموو ساڵێک لە بەرەبەیانیی پێنجی مانگی ئاب (شەوی 14 بۆ 15ـی گەلاوێژ) دەردەکەوێت.
لە فۆلکلۆری کوردی، کەوتنی گەلاوێژ واتای گەیشتنی نیوەی دووەمی چلەی هاوینە؛ لەو کاتەوە شەوەکان بەرەو درێژبوون دەچن، ڕۆژەکان کورتتر دەبن، شەوان فێنک دەبێت و وردە وردە لە ڕۆژیشدا و گەرمای هاوین دەشکێت.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
1 کاتژمێر پێش ئێستا