بەغداد هاوشێوەى مانگەکانى دیکە 120 ملیار دینارى مەقاسە کردووە
پووختەی هەواڵەکە:
- مووچەى مانگى تەمووز بە سێ رۆژ دابەش دەکرێت
- کورتهێنانى مووچە بە داهاتى ناوخۆ چارەسەر دەکرێت
- بەغداد 830ملیارو 782 ملیۆن دینارى بۆ مووچەى مانگى تەمووز ڕەوانە کردووە
- وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان: بەغداد 3.3 ملیار دینارى شایستەى خانەنشینانى نەناردووە
سەرەڕاى مەقاسە کردنى 120 ملیار دینارى داهاتى نانەوتیی لە پارەى مووچەى مانگى تەمووزى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان، بەڵام گرفت بۆ دابەشکردنى مووچە دروست نابێت و کورتهێنانى مووچە چارەسەر دەکرێت لەڕێگەى داهاتى ناوخۆوە.
کورتهێنان بە داهاتی ناوخۆ چارەسەر دەکرێت
- پارەی مووچە ڕاستەوخۆ دەبرێتە بانکی منارە لە هەولێر
- جیاکردنەوەی مووچەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان
- ئۆتۆمبێل نێردراوە بۆ گواستنەوەی پارەی مووچە بۆ پارێزگانی سلێمانی هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان
بەرپرسێکى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان، بۆ کەناڵ8، ئەوەى دووپاتکردەوە، کورتهێنان بوونى هەیە، بەڵام لەڕێگەى داهاتى ناوخۆ چارەسەر دەکرێت و گرفت دروست نابێت.
پاش ئەوەى بەغداد تەمویلى مووچەى مانگى تەمووزى ڕەوانە کردووە و لە لقى هەولێرى بانکى ناوەندیی عێراق خراوەتە سەر هەژمارى دارایی وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان، بە چەند ئۆتۆمبێلێکى گواستنەوەى پارە، مووچەى مانگى تەمووز دەبرێتە بانکى منارە لە هەولێر.
بانکى منارە پارەى مووچەى پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان جیادەکاتەوەو بە ئۆتۆمبێلى تایبەت پارەکان دەگوازرێنەوە، بەرپرسێکى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان کە نەویست ناوى بهێندرێت گوتى" ئۆتۆمبێل نێردراوە بۆ گواستنەوەى پارەى مووچەى مانگى حەوت بۆ پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجەو ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان و ڕاپەڕین".
بانکەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من حەوت بانکن
بانکەکانى ناو پڕۆژەى هەژمارى من کە حەوت بانکن، هەر بانکەو بەگوێرەى ژمارەى مووچەخۆران کە بە کارتى بانکى مووچەکانیان وەردەگرن، بڕى پارەى پێویست دەخرێتە سەر هەژمارى ئەو بانکانەو ڕاستەوخۆ بانکەکان لەڕێگەى کارمەندەکانیانەوە ئامێرى ئەى تى ئێمەکان پڕ دەکەن لە پارە تاوەکو مووچەخۆران پاش داخڵکردنى پاسۆردى تایبەت بە خۆیان کارتەکانیان دەدەن لە ئامێرەکە و مووچەى مانگى تەمووز ڕادەکێشن.
بە چەند کاتژمێرێک مووچە دەگوازرێتەوە بۆ بانکەکانی هەژماری من
ئەم هەنگاوەى بانکەکانى ناو هەژمارى من چەند کاتژمێرێکى دەوێت، چونکە ئەوانیش بە ئۆتۆمبێلى تایبەتى پارە گواستنەوە، پارەى مووچە دەگوازنەوە.
بەشێک لە مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لەسەدا 95% مووچەکانیان ڕادەکێشن، واتە بڕێکى کەم پارە دەهێڵنەوە کە کەمترە لە 25 هەزار دینار، بەڵام بەشێکیش لە مووچەخۆران بڕى پارەى پێویست ڕادەکێشن بۆ خەرجیی هەفتەیەک یان دوو هەفتەیان، واتە بە بەش بەش مووچەکانیان ڕادەکێشن، تا لەکاتى پێویستدا هەر کات پارەى دیکەیان پێویست بێت دەچنەوە لاى ئامێرەکانى ئەى تى ئێم و مووچەکانیان.
تەمویلی مووچەی مانگی تەمووز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، بڕى 830 ملیارو 782 ملیۆن دینارى بۆ تەموویلی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێگەیشتووە، کە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق خراوەتە سەر هەژمارەکەیان.
بەغداد بڕی 120 ملیار دینارى وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵ لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی تەمووز، لە کۆی گشتیی تەموویلی مووچەکە بڕیوە.
هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە، بڕى سێ ملیارو 326 ملیۆن دینار نەنێردراوە، کە تایبەتە بە پڕکردنەوەی شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی لە هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، بەغداد لەسەر بنەماى لیستى مووچەى مانگى کانوونى دووەمى 2025 تەمویلى مووچە ڕەوانە دەکات و هۆکارى نەناردنى شایستەى بەشێک لە خانەنشینان دابینکردنى دەکەوێتە پاش پەسەندکردنى پڕۆژە بودجەى 2027.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان لیستى مووچەى مانگى تەمووزى ڕاگەیاند
تەمویلی مووچەی مانگی 7 گەیشتە هەولێر و دابەشکردنی دەستپێدەکات
1 کاتژمێر پێش ئێستا