ترەمپ هەڕەشەی بۆردوومانکردنی عومان دەکات
پووختەی هەواڵەکە:
- دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی بۆردوومانکردنی عومان دەکات ئەگەر ببێتە ڕێگر لەبەردەم هەوڵەکانی ئەمریکا بەرامبەر ئێران.
- تاران و مەسقەت لەسەر میکانیزمی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی.
- حەماس بە مەرجی چەکدانان ڕازی بووە و ئیسرائیلیش واژۆکردنی پلانی ئاشتیی ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە.
- حووسییەکانی یەمەن هێرشیان کردووەتە سەر چوار بەلەمی سەربازیی سعوودیە لە نزیک گەرووی بابولمەندەب.
زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 ئاشکرای دەکات دۆناڵد ترەمپ بە زمانێکی زبر هێرشی کردووەتە سەر عومان و وادەی 60 ڕۆژەی دانوستاندنی لەگەڵ ئێران بێ ئەنجام کۆتایی هاتووە.
ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان:
- دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەر عومان ڕێگری بکات، وەک مانگی ئایاری ڕابردوو هەڕەشەی لەنێوبردنیان لێ دەکات و بۆردوومانیان دەکەن.
- ترەمپ جەختی کردەوە کە کۆتاییهاتنی وادەی 60 ڕۆژەکە بۆ ئەوان گرنگییەکی نییە و هیچ کاتێکی دیاریکراویان بۆ ڕێککەوتن نییە.
- ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کەمکردنەوەی هەڕەشەکان دەکات و دەڵێت هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ کێشەکە لە ئارادا نییە.
ئێران و عومان:
تاران و مەسقەت گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی هاوبەش بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز؛ بە جۆرێک کەشتییەکان لە ڕێڕەوی نزیک ئێرانەوە دەچنە ژوورەوە و لە نزیک عومانەوە دەچنە دەرەوە. ئەمریکا مەرجی هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی بەستووەتەوە بە کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆی نێودەوڵەتی.
کەرتی غەززە و حەماس:
جارێد کوشنەر دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردایەتیی حەماس لە میسر، لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو کۆبووەوە. حەماس ڕەزامەندی لەسەر پلانی ١٥ خاڵیی ئەمریکا نیشانداوە کە چەکدانانی بزووتنەوەکە لەخۆدەگرێت، بەڵام ئیسرائیل واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە ڕەتدەکاتەوە و داوا دەکات پێش کشانەوەیان، حەماس بە تەواوی بێچەک بکرێت. وە لەلایەکیکەشەوە حووسییەکان ڕایانگەیاندووە کە لە نزیک گەرووی بابولمەندەب هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەک و چوار بەلەمی سەربازیی سعوودیە و بەتەواوی سووتاندوویانن. تائێستا لایەنی سعوودی هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ئەو هێرشە و زیانەکانی بڵاونەکردووەتەوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
ئێران و عوممان لەسەر کردنەوەی گەرووی هوورمز ڕێکدەکەون
عوممان پێشنیازێکی نوێی سەبارەت بە بەڕێوەبردنی گەرووی هوورمز پێشکەش کرد
2 کاتژمێر پێش ئێستا