پارێزگارى سلێمانى: ئاگرەکە لەکاتى بەتاڵکردنى تانکەرى بەنزین بووە

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێکی ئاگرکەوتنەوەکەی ناو باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی
دیمەنێکی ئاگرکەوتنەوەکەی ناو باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی

پووختەی هەواڵەکە:

  • ئاگر لە بەنزینخانەى ناو پارێزگاى سلێمانى کەوتەوە
  • پارێزگارى سلێمانى: لێکۆڵینەوە لە هۆکارى کەوتنەوەى هەردوو ئاگرەکەى سلێمانى دەکرێت

ئێوارەى ئەمڕۆ ئاگر لە بەنزینخانەى ناو باڵەخانەى پارێزگاى سلێمانى کەوتەوە و پارێزگارى سلێمانى دەڵێت" لیژنەى لێکۆڵینەوە لە هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە پێکهێنراوە و داواى پێکهێنانى لیژنەیەکى باڵایان کردووە.


لێدوانی پارێزگاری سلێانی لە بارەی ئاگرەکەوە

  • ئاگرکەوتنەوە لە وێستگەی سووتەمەنی ناو باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی
  • لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکە پێکهێنراوە و داوای لیژنەیەکی باڵاش کراوە
  • پشکنین بۆ بەنزینەکە و سەرچاوەی بەنزینەکەش دەکرێت


هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى ڕایگەیاند، ئاگرکەوتنەوەکەى وێستگەى سووتەمەنى لە باڵەخانەى پارێزگاى سلێمانى لەکاتى بەتاڵکردنى تانکەرێکى بەنزین بووە کە 20هەزار لیتر لە سووتەمەنى بەبێ گرفت بەتاڵکردووە و دواتر ئاگرەکە کەوتووەتەوە.

گوتیشى، لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەسەر ئاستى دامودەزگا پەیوەندیدارەکانى سلێمانى پێکهێنراوە، بەڵام داواى لیژنەیەکى دیکەى باڵایان کردووە، بۆئەوەى پشکنین بۆ بەنزینەکە و سەرچاوەى بەنزینەکەش بکرێت.

هاوکات، شاهۆ عوسمان جێگرى پارێزگارى سلێمانى لەبارەى ڕووداوەکەوە دەڵێت، کارمەندەکانى بەنزینخانەکە و شۆفێرى تانکەرەکە بەتەواوى سەلامەتن و تەنیا ئەو بەنزینە ئاگرى گرتووە کە لەناو تانکەرەکە ماوە.

ئاگرەکە تەنها زیانی ماددیی هەبووە



ئارام عەلى، گوتەبێژى بەرگریى شارستانى سلێمانى لەبارەى ئاگرەکەوە بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکانى ئاگرکەوتنەوە دەستیپێکردووە و ڕووداوەکە تەنیا زیانى ماددیی هەبووە و هیچ زیانێکى گیانى نەبووە.

گوتەبێژى بەرگریى شارستانى سلێمانییش گوتیشى، لەڕووداوەکەدا ئەو تانکەرەى سووتەمەنییەکەى گواستووەتەوە، بەتەواوى سووتاوە.

لەناو باڵەخانەى پارێزگاى سلێمانى وێستگەیەکى دابینکردنى سووتەمەنى بۆ ئۆتۆمبێلەکانى پارێزگا هەیە و لەکاتى بەتاڵکردنەوەى تانکەرى بەنزین ئاگرەکە کەوتووەتەوە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

دڵنیایی دەدرێتە شۆفێران؛ ئاگرەکەی تانجەرۆ کۆنتڕۆڵ کرا و نابێتە هۆی گرانبوونی نرخی بەنزین

ئاگرەکەی تانجەرۆ 22 بریندار و 3 ملیۆن دۆلار زیانی هەبوو

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا