خانەنشینانی سەربازی مووچە کەڵەکەبووەکانیان وەردەگرن

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا
چەردەیەک لە دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8
چەردەیەک لە دینارى عێراقى. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

پووختەی هەواڵەکە:

  • حکومەتی هەرێم بۆ ماوەی 6 مانگە دەستی بە دابەشکردنی مووچەی کەڵەکەبووی خانەنشینانی سەربازی کردووە.
  • بەشێک لە خانەنشینان لەگەڵ مووچەی مانگی 7 بڕی 4 مووچەی پێکەوەیان وەرگرتووە.
  • پڕۆسەی پێدانەوەی مووچە کەڵەکەبووەکان بەپێی پلەی سەربازی و بڕی پارەی بەردەست دەگۆڕێت.
  • پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول دۆسیەی مووچەی کەڵەکەبووی هەموو خانەنشینان یەکلا بکرێتەوە.

زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 ئاشکرای دەکەن کە پڕۆسەی دانەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکانی خانەنشینانی سەربازی گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی؛ بە جۆرێک لە ئێستادا تەنها 1500 خانەنشین ماون شایستە داراییەکانیان وەربگرن و حکومەتیش مانگانە چەند مووچەیەک پێکەوە بۆ خانەنشینان خەرج دەکات تاوەکو دۆسیەکە بە تەواوی دابخرێت.


بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی:

  • حکومەتی هەرێم لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە ڕەزامەندیی لەسەر پێدانەوەی مووچە کەڵەکەبووەکان داوە.
  • لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تەنها نزیکەی 1500 خانەنشینی سەربازی ماون مووچەی ڕابردوویان وەربگرنەوە.
  • دابەشکردنی پارەکە بەپێی بڕی نەختینەی بەردەست و پلەی سەربازیی خانەنشینەکان ئەنجام دەدرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سلێمانی:

بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە لەو پارێزگایەدا تەنها 200 بۆ 300 کەس ماون شایستەکانیان وەربگرن. خانەنشین هەبووە کە 14 یان 12 مووچەی لای حکومەت بووە و ئێستا بەشێکی زۆری بۆ خەرج کراوەتەوە. بۆ نموونە ئەو خانەنشینەی مووچەکەی 1.2 ملیۆن دینار بووە 4 مووچەی پێکەوە وەرگرتووە، بەڵام بۆ مووچەی 3.9 ملیۆن دیناری تەنها 2 مووچە پێکەوە دراوە.

زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە:

بڕیارە لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوول، سەرجەم مووچە کەڵەکەبووەکانی خانەنشینانی سەربازی کۆتاییان پێ بهێنرێت و هیچ شایستەیەکی ڕابردوویان لای حکومەت نەمێنێتەوە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

مانگی 10 وەک وادەی کۆتایی تەواوکردنی دۆسیەی خانەنشینان دیاریکرا

سەدان خانەنشینی سەربازی مووچە کەڵەکەبووەکانیان لەگەڵ مووچەی مانگی تەمموز وەردەگرن

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا