تورکیا ئەو پەرستارەی لە کار دوورخستەوە کە کەزیی هۆنیبووەوە
پووختەى هەواڵەکە
- ئیکرا ئاڤجی، پەرستاری نەخۆشخانەیەکی تورکیا بەهۆی هۆنینەوەی کەزیی قژی بە یەکجاری لە کارەکەی دوورخرایەوە.
- سەرەڕای بڕیاری بێتاوانی لە دادگا، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کۆجاعەلی بڕیاری دەرکردنی ئەو پەرستارەی جێبەجێ کرد.
- پارتی دەم هەڵمەتێکی بۆ گەڕاندنەوەی پەرستارەکە دەستپێکردووە و بڕیارەکە بە ڕەوایەتیدان بە توندوتیژی ناودەبات.
ئیکرا ئاڤجی، ئەو پەرستارەی لە شاری کۆجاعەلی تورکیا وەک هاوسۆزییەک بۆ شکۆی کچە شەڕڤانێکی کورد قژی هۆنیبووەوە، لەلایەن دامەزراوەکەیەوە بە یەکجاری لە کارەکەی دوورخراوەتەوە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ناوبراو لە دادگا لە تۆمەتی "بانگەشەی تیرۆر" پاککرایەوە، بەڵام سزای ئیداریی بەسەردا سەپێنرا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی کۆجاعەلی:
- لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی و ئیدارییان بەرامبەر پەرستارەکە بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە دەستپێکرد.
- کارەکەی پەرستارەکەیان بە پێچەوانەی یاسای فەرمانبەرانی گشتی و بنەماکانی ئیتیکی پیشەیی لەقەڵەمدا.
- سەرەڕای بڕیاری بێتاوانیی دادگا لە 21ـی ئایار، بڕیاری کۆتاییان بۆ دەرکردنی ناوبراو لە کارەکەی لە 19ـی ئاب جێبەجێ کرد.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی):
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی دەم و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە هەڵمەتێکی فراوانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستپێکردووە. ئەوان جەخت دەکەنەوە کە دوورخستنەوەی ئاڤجی ڕەوایەتیدانە بە توندوتیژی دژی ژنان و داوای گەڕاندنەوەی دەستبەجێی دەکەن بۆ سەر کارەکەی، چونکە بڕیارەکەی دادگا بێتاوانیی ئەو پەرستارەی سەلماندووە.
زانیاری لەسەر بابەتەکە:
ئەم کێشەیە لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە ڤیدیۆی بڕینی قژی کچە شەڕڤانێک بڵاوکرایەوە و کاردانەوەی لێکەوتەوە، لەو چوارچێوەیەدا کەناڵ8 هەڵمەتی "شکۆی کەزی" ڕاگەیاند. ئاڤجی یەکێک بوو لەو کەسانەی بە دروشمی "هەمان ئازار و هەمان هەست" بەشداریی لە هۆنینەوەی کەزیدا کردبوو وەک هاوسۆزییەک بۆ ئەو کچە شەڕڤانە.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
2 کاتژمێر پێش ئێستا