بڕیارە ئەمڕۆ گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە نزیک مەزارگەی شەرەفەدین لە شنگال هەڵبدرێتەوە

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
هەڵدانەوەى گۆڕێکى بە کۆمەڵى کوردانى ئێزدى لە شنگال
هەڵدانەوەى گۆڕێکى بە کۆمەڵى کوردانى ئێزدى لە شنگال

پووختەى هەواڵەکە

  • ئەمڕۆ گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە نزیک مەزارگەی شەرەفەدین لە شنگال لەلایەن تیمێکی تایبەتی دادی بەغدادەوە هەڵدەدرێتەوە.
  • پێشتر ئەو ڕووفاتانەی لە نزیک مەزارگەکە بەخاکسپێردراون، لە گۆڕێکی بەکۆمەڵی دیکەدابوون و شوێنەکەیان گواستراوەتەوە.
  • لە پاش تێپەڕینى12  ساڵ لە لایەن تیمێکی تایبەتەوە گۆڕە بە کۆمەڵەکە هەڵدەدرێتەوە و بەدواداچوونیان بۆ دەکرێتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، ئەمڕۆ هەینى، 21ـى ئابى 2026، لە شنگال گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە لایەن تیمێکی تایبەتی پزیشکی دادی بەغدادەوە هەڵدەدرێتەوە.


زانیارییەکان لەسەر گۆڕە بەکۆمەڵەکە

  • بەگوێرەی زانیارییەکان، پێشتر لە ساڵی 2014ـدا گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە خانەسۆرێ دۆزرایەوە کە تەرمی 67 کەسی تێدابووە و لەبری ئەوەی گۆڕەکە لەلایەن تیمی تایبەتەوە هەڵبدرێتەوە، هێزێکی پێشمەرگە شوێنی تەرمەکانیان گواستەوە و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی لەنزیک مەزارگەی شەرەفەدین دووبارە تەرمەکانیان بەخاکسپارد.
  • لە پاش تێپەڕینی12  ساڵ لە لایەن تیمێکی تایبەتەوە گۆڕە بە کۆمەڵەکە هەڵدەدرێتەوە و بەدواداچوونیان بۆ دەکرێتەوە.
  • گۆڕە بەکۆمەڵەکە دەکەوێتە نزیک مەزارگەی شەرەفەدین لە شنگال، کە ئەو مەزارگەیە یەکێکە لە ناسراوترین و دیارترین مەزارگەکانی کوردانی ئێزدی.
  • مەزارگەکە دەکەویتە چیای شنگال لە باکووری شنگال سەر بە پارێزگای نەینەوا.

لە 2014 چى ڕوویدا؟

کاتژمێر سێی بەرەبەیانی ڕۆژی 3ـی ئابى 2014، داعش هێرشیکردە سەر گوندەکانی دەورووبەری شنگال، بەهۆی کشانەوەی هێزە چەکدارەکانەوە، خەڵکی گوندەکان بە چەکەکانی خۆیان دەستیان کرد بە پاراستنی شوێنەکانیان، لە بەیانیی رۆژی 3ـی ئاب، داعش بە تەواوی دەستی بەسەر شنگالدا گرت و هەرکەس بەرگریی بکردایە دەیکوشت.

تەنیا لە ڕۆژی 3ـى ئاب نزیکەی دوو هەزار کەس لە شنگال و دەورووبەری کوژران، لە نێوان 2 بۆ 5ـی ئابیش، نزیکەی 500 پیاوی ئێزدی کوژران،70  ژن و منداڵیش لە برسا و لە تینوێتیدا لە کاتی ڕاکردنیان لە داعش گیانیانلەدەستدا.

بە گوێرەى ڕاپۆرتەکانی تشرینی یەکەمی 2014ـی نەتەوە یەکگرتووەکان، داعش لە مانگی ئابدا نزیکەی پێنج هەزار پیاوی ئێزدیی کوشتووە.

ژمارەى گۆڕە بە کۆمەڵەکان

لە سنووری شنگال و دەشتی نەینەوا 119 گۆڕی بەکۆمەڵی نوێی قوربانییانی کوردانی ئێزدی دۆزراونەتەوه، لەو ژمارەیەش تاوەکو ئێستا 68 گۆڕی بەكۆمەڵ لە سەرتاسەری شارۆچکەى شنگال هەڵدراونەتەوە.

3ـی ئابی 2026، لە 12ـیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکاندا دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی کاربەڕێکەرى هەرێمی کوردستان، لە ئامارێکی دەستەکەیاندا ڕایگەیاند، لە کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکاندا، زیاد لە شەش هەزار کەس ڕفێنران، پێنج هەزار ئێزدی شەهیدکراون و سەدان هەزار هاونیشتمانی دیکەیان ناچار بوون ماڵ و زێدی خۆیان بەجێبهێڵن. ڕاشیدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا توانراوە، سێ هەزار و 595 ئێزدی ڕفێنراو، ڕزگار بکرێن، بەڵام هێشتا دوو هەزار و 526 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.

زانیار زیاتر بۆ تۆ

https://channel8.com/kurdish/news/223718

https://channel8.com/kurdish/news/223723

https://channel8.com/kurdish/news/223743

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا