چوارشەممە 49 ملیار دینار بۆ جووتیارانی کەرکووک دابەش دەکرێت
پووختەی هەواڵەکە:
- ڕۆژی چوارشەممە دەست بە دابەشکردنی 49,280,000,000 دینار بۆ جووتیارانی کەرکووک دەکرێت.
- ئەم بڕە پارەیە شایستە داراییەکانی ساڵی ڕابردووی جووتیارانی سنووری پارێزگاکەیە.
- تاوەکو ئێستا نزیکەی 250 ملیار دینار لە کۆی شایستە داراییەکان خەرج کراوە.
- بڕی گەنمی وەرگیراوی ئەمساڵ لە کەرکووک گەیشتووەتە نزیکەی 500,000 تۆن.
زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە زیاتر لە 49 ملیار دینار وەک شایستەی دارایی گەنمی ساڵی ڕابردوو بۆ جووتیارانی کەرکووک خەرج بکرێت. ئەم بڕە پارەیە لە ڕێگەی لقی کەرکووکی کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانیی دانەوێڵە دابەش دەکرێت و بەشێکی دیکە لە قەرزەکانی جووتیاران دەپەڕێنێت. ئێستا سایلۆی کەرکووک ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ ئەوەی پڕۆسەی دابەشکردنەکە بەبێ گرفت دەستپێبکات.
وردەکاریی دابەشکردنی پارەکە؛ حەسەن حەمدی، بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکووک بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند:
- بڕی ئەو پارەیەی ڕۆژی چوارشەممە دابەش دەکرێت 49,280,000,000 دینارە.
- محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک، ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی ئەم بڕە پارەیە دەربڕیوە.
- پڕۆسەی دابەشکردنەکە لە ڕێگەی کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانیی دانەوێڵە ئەنجام دەدرێت.
- بەپێی ئامارەکانی سایلۆ، دوای ئەم تەمویلە هێشتا 77,000,000,000 دینار وەک شایستەی ساڵی ڕابردوو دەمێنێتەوە.
ئامارەکانی بەرهەمی گەنم و نرخەکان
لە وەرزی 2025ـدا، بەرهەمی گەنمی کەرکووک 503,000 تۆن بوو، کە حکومەتی عێراق هەر تۆنێکی پلە یەکی بە 850,000 دینار وەرگرت و کۆی گشتی پارەکە گەیشتە 412,743,418,000 دینار. بۆ ئەمساڵیش پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە 1ـی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و نرخی هەر تۆنێک گەنمی ناو پلان بە 700,000 دینار و دەرەوەی پلان بە 500,000 دینار دیاریکراوە. حەسەن حەمدی، بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکووک ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕی گەنمی وەرگیراوی ئەمساڵ گەیشتووەتە نیو ملیۆن تۆن، لەکاتێکدا لە بازاڕەکاندا هەر تۆنێک بە 300,000 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
بەغداد 400 ملیار دینارى شایستەى گەنمى جووتیاران بۆ 2025 و 2026 قەرزارە
500 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە؛ ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی وەرگرتنی گەنمە لە جووتیارانی کەرکووک
سایلۆی کەرکووک: نزیکەی 500 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە
وەزیری بازرگانی عێراق: شایستەی جوتیاران کرا بە بودجەی سیادی و مانگانە پارەی گەنم خەرج دەکرێت
2 کاتژمێر پێش ئێستا