دیلان غەفوور: لەسەر لابردنی سفری سەر دراو نووسراو ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا

ئارام یوسف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیلان غەفور، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد
دیلان غەفور، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد

پووختەی هەواڵەکە:

  • دیلان غەفوور: داوامان کردووە دەنگدان بە پرۆژەیاسای گۆڕین و لابردنی سفرەکان دوابخرێت.
  • دیلان غەفوور: پێویستە گفتوگۆی چڕ لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامبدرێت.
  • پرۆسەی گۆڕینی دراوی عێراقی، بەبێ لابردنی سفرەکانی سەر دراوەکە، ئەرک و بەرپرسیارێتیی بانکی ناوەندییە.

لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر گۆڕین و لابردنی سفرەکانی سەر دراو، نووسراوێک ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات و وردەکاریی یاسایی پڕۆسەکە ڕووندەکاتەوە، داواشدەکات، دەنگدان بە پرۆژەیاسای گۆڕین و لابردنی سفرەکانی سەر دراو، دوابخرێت.


دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، بەگوێرەى نووسراوەکەی لیژنەی دارایی، پرۆسەی گۆڕینی دراوی عێراقی، بەبێ لابردنی سفرەکانی سەر دراوەکە، ئەرک و بەرپرسیارێتیی بانکی ناوەندییە، بانکەکە لە ماوەکانی داهاتوودا بەو ئەرکە هەڵدەستێت بەگوێرەى یاسای بانکی ناوەندی.


پرۆسەکە پێویستی بە دەرچوونی یاسا هەیە

  • گۆڕینی دراو لەگەڵ لابردنی سفرەکان، پێویستی بە دەرچوونی یاسایە.
  • پێویستە بەهای ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ کۆمپانیاکان بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان واژۆکراوە، دياری بکرێت.
  • پێویستە چارەسەری بابەتی هەموارکردنەوەی یاساکانی مەدەنی، بازرگانی و سزادان بکرێت.


ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕینی دراو لەگەڵ لابردنی سفرەکان، پێویستی بە دەرچوونی یاسایە، کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پرۆژەیاساکە ئامادە دەکرێت و ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت.

دیاریکردنی بەهای هەر پشکێک بەرامبەر بە دیناری عێراقی

بە گوتەی دیلان غەفوور، لە نووسراوەکەی سەرۆکی لیژنەی داراییدا هاتووە، لەو پرۆژەیاسایەدا کە ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەی دەکات، پێویستە چارەسەری بابەتی هەموارکردنەوەی یاساکانی مەدەنی، بازرگانی و سزادان بکرێت، لەگەڵ دیاریکردنی بەهای هەر پشکێک بەرامبەر بە دیناری عێراقی، هەروەها ئەو دەقە یاساییانەی پێبژاردن و پابەندییە داراییەکانی دیکەی تێدایە.

دیلان غەفوور ڕاشیگەیاند، پێویستە بەهای ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ کۆمپانیاکان بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان واژۆکراوە، دياری بکرێت، لەگەڵ دیاریکردنی ماف و پابەندییەکانی قەرزار و خاوەن قەرز لە کەرتی گشتی و تایبەت و دیاریکردنی وادەی چارەسەرکردنی گۆڕین و لابردنی سفرەکان و دیاریکردنی ڕێکاری گونجاو بۆی.


لابردنی سفرەکانی دراو پێوستی بە گفتوگۆی لایەنە پەیوەندارەکانە


دیلان غەفوور ئەوەشی ئاشکرا کرد، پێویستە یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر هەموار بکرێتەوە، بۆیە داوایان کردووە پەلە نەکرێت لە دەنگدان بە پڕۆژەیاسای گۆڕین و لابردنی سفرەکانی دراو، تاوەکو گفتوگۆی چڕوپڕ لەنێوان لیژنەی دارایی، ئەنجوومەنی وەزیران، بانکی ناوەندی، وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان دەکرێت، تاوەکو گرنگترین ئاڵنگاریی و بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر دراودا دێن.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

پڕۆژەی لابردنی سێ سفرەکەی سەر دراوی عێراق دەچێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

حەیدەر عەبوودى: بڕیار بۆ لابردنى سفرەکانی سەر دینار نەدراوە

ئارام یوسف

2 کاتژمێر پێش ئێستا