مامۆستایانى گرێبەست: ئەنجامى کۆبوونەوەکانمان دڵخۆشکەرن
پووختەی هەواڵەکە:
- نوێنەرانى مامۆستایانى گرێبەست سێ ڕۆژە لە بەغدادن.
- زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی و فراکسیۆنە جیاوازەکان ئەنجامداوە.
- پەرلەمانتارانی پێکهاتەکانی شیعە و سوننە هاوسۆزی و پشتگیری خۆیان بۆ داواکارییەکانیان دەربڕیوە.
نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ ڕۆژە لە بەغدان و زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی و فراکسیۆنە جیاوازەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە و بە ئەنجامى کۆبوونەوەکان "دڵخۆشن".
کاروخ عەبدوڵا، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی، پەرلەمانتارانی پێکهاتەکانی شیعە و سوننە هاوسۆزی و پشتگیری خۆیان بۆ داواکارییەکانیان دەربڕیوە. بەڵام لە هەمان کاتدا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پشکی دامەزراندنی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی گشتیدا جێگەی بکرێتەوە.
هەنگاوەکانی داهاتووی نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست
- بڕیارە لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆببنەوە.
- لە هەوڵدان بۆ رێکخستنی دیدارێک لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق.
- لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 38 هەزار مامۆستای گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە و زیاتر لە 5 هەزار مامۆستا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا هەن.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوویان، کاروخ عەبدوڵا ئاشکرای کرد کە بڕیارە لەگەڵ نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆببنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان تاوەکو ئێستا دڵخۆشکەر بووە و ئێستا لە هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی دیدارێک و وەرگرتنی دەرفەتێک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەلى زەیدى سەرۆکوەزیران.
ژمارەی مامۆستایانی گرێبەستە لە هەرێمی کوردستان
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 38 هەزار مامۆستای گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە و زیاتر لە 5 هەزار مامۆستا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا هەن. ئێستا مووچەی ئەم مامۆستایانە کە مانگانە بڕی 18 ملیار دینارە و لە داهاتی نانەوتی دابین دەکرێت.
مامۆستایانی هەڵگری بڕوانامەی دیبلۆم 400 هەزار دینار و هەڵگرانی بەکالۆریۆس 500 هەزار دینار وەردەگرن. جێگیرکردنی ناوەکانیان لە بودجەی فیدراڵیدا گرەنتییەکی دارایی گرنگە بۆ بەهەمیشەییکردنیان و هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ مامۆستایانی فیدراڵدا.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
دواکەوتنی مووچە و دامەزراندن مامۆستایانی گرێبەست و وەزیر کۆدەکاتەوە
نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست بۆ جێگیرکردنی مووچەکانیان لە بەغدادن
دەستەیەک لە مامۆستایانی گرێبەست بۆ پرسی بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکانیان بەرەو بەغداد بەڕێکەوتن
2 کاتژمێر پێش ئێستا