فەیحان: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی دەگاتە پەرلەمان

ئارام یوسف 34 خولەک پێش ئێستا
کۆبوونەوەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی ئەنجوومەنی نوێنەران
کۆبوونەوەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی ئەنجوومەنی نوێنەران

پووختەی هەواڵەکە:

  • لە ڕۆژانی داهاتوودا لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە میوانداریی بەرپرسانی ئەمنی و سەربازییدەکرێن
  • میواندارییەکە بۆ زانینی ئامادەکارییەکانە بۆ دوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق.
  • ئاڕاستەکردنی نوسراو بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ناردنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی.

جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، حکومەت پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی ڕەوانەی ئەنجوومەنەکەیان دەکات بەمەبەستی پەسەندکردنی، دەشڵێت، لە ڕۆژانی داهاتوودا میوانداریی بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی دەکەن، بۆ زانینی ئامادەکارییەکان بۆ دوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان.


عەدنان فەیحان، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری کرد و گفتوگۆیان لەسەر پڕۆژەیاساکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئەلیکترۆنی، خزمەت و خانەنشینی حەشدی شەعبی، یاسای خزمەتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و یاسای خزمەتی سەربازیی کرد.

کۆبوونەوەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەسەر چەند پرسێکی تایبەت

  • گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاساکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئەلیکترۆنی.
  • گفتوگۆکردن لەسەر خزمەت و خانەنشینی حەشدی شەعبی، یاسای خزمەتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و یاسای خزمەتی سەربازیی.
  • پەلەکردن لە ڕێکارەکانی تایبەت بە یاسای خزمەتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و یاسای خزمەتی سەربازی.

فەیحان جەختی لە گرنگی خێرا پەسەندکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی تەواوەتی، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئەلیکترۆنی کردەوە، کە پارێزگاری لە هاوڵاتییان، خێزان و دامەزراوەکانی دەوڵەت لە خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا دەکات.

ئاڕاستەکردنی نووسراو بۆ ئەنجوومەنی وەزیران


سەبارەت بە یاسای حەشدی شەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، نووسراویان ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، لەبارەی ناردنی پڕۆژەیاسای خزمەت و خانەنشینی ئەندامانی حەشدی شەعبی، تاوەکو پەسەندی بکەن، چونکە کاری دەستەکە ڕێکدەخات و مافی ئەندامانی دەپارێزێت.

بە گوتەی عەدنان فەیحان، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردووەتەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پڕۆژەیاساکە ڕەوانەی پەرلەمان دەکات.

داواشی لە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی کرد، پەلە بکەن لە ڕێکارەکانی تایبەت بە یاسای خزمەتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و یاسای خزمەتی سەربازی.

میوانداریکردنی پەرپرسانی ئەمنی و سەربازی

عەدنان فەیحان ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە ڕۆژانی داهاتوودا میوانداری بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی دەکەن، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە ئامادەکارییە ئەمنییەکانی قۆناغی داهاتوو، دوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان، کە بڕیارە 30ـى ئەیلول هێزەکانى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى لە عێراق بکشێنەوە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

پڕۆژەیاسای نوێی حەشدی شەعبی ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت

زەیدى: یاسای حەشدی شەعبی و بودجەى 2027 بۆ ئەنجوومەنى نوێنەران دەنێرین

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: 71 بارەگای وەهمیی حەشدی شەعبی داخراون

ئارام یوسف

34 خولەک پێش ئێستا