دیاریکردنی وادەی کۆتایی هاوکارییە داراییەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی جێگری سەرۆک لەگەڵ شاندێکی ڕاوێژکاریی هاوپەیمانان
کۆبوونەوەی جێگری سەرۆک لەگەڵ شاندێکی ڕاوێژکاریی هاوپەیمانان

پووختەی هەواڵەکە:

  • هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تاوەکو 30ـی ئەیلولی 2026 بەردەوام دەبێت.
  • بڕیارە بۆ دوو مانگی داهاتوو هاوکارییەکان بەهەمان بڕە پارە بەسەر 79000 ئەفسەر و پێشمەرگەدا دابەش بکرێت.
  • وەزارەتی پێشمەرگە داوای لە هاوپەیمانان کردووە پشتیوانییە دارایی و لۆجستییەکان بۆ ساڵانی داهاتووش بەردەوام بن.
  • لە بودجەی 2027ـی سێنتکۆمدا، بڕی 119 ملیۆن دۆلار بۆ هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە تەرخانکراوە.

زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 کە هاوکارییە داراییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تەنها بۆ دوو مانگی دیکە مسۆگەر کراوە. ئەم پشتیوانییە کە هەفتەی ڕابردوو بڕی 82 هەزار دیناری لێ دراوە بە هەر پێشمەرگەیەک، بەستراوەتەوە بەو ڕێککەوتنەی کە وادەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دیاری دەکات و چارەنووسی دوای 30ـی ئەیلول لەسەر گفتوگۆکانی نێوان هەولێر، بەغداد و واشنتن وەستاوە.


هەڵوێستی وەزارەتی پێشمەرگە:

  • هاوکاریی دارایی مانگی 7 بە بڕی 6 ملیار و 478 ملیۆن دینار بەسەر 79000 پێشمەرگە و ئەفسەردا دابەشکراوە.
  • هەر پلەدار و پێشمەرگەیەک بڕی 82 هەزار دیناری وەرگرتووە و ئەم پرۆسەیە بۆ مانگەکانی 8 و 9 بەردەوام دەبێت.
  • وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە ئەم هاوکارییانە هۆکارێکی سەرەکین بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
  • داواکاری فەرمی پێشکەش بە هاوپەیمانان کراوە بۆ ئەوەی هاوکارییە لۆجستی و داراییەکان بۆ ساڵانی داهاتووش درێژ بکرێنەوە.

بودجە و پلانە داهاتووەکان:

بەگوێرەی نوێترین زانیارییەکان، قەبارەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ ساڵی 2026 بڕی 61 ملیۆن دۆلار دەبێت. هەروەها لە چوارچێوەی بودجەی چالاکییەکانی سێنتکۆم بۆ ساڵی 2027، بڕی 303 ملیۆن دۆلار بۆ ڕاهێنان و پڕچەککردنی هێزە هاوبەشەکان لە ناوچەکە تەرخانکراوە، کە دابەشکارییەکەی بەم شێوەیەیە:

  • بڕی 119 ملیۆن دۆلار بۆ هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە.
  • بڕی 130 ملیۆن دۆلار بۆ هێز و گرووپەکانی سووریا.
  • بڕی 36 ملیۆن دۆلار بۆ سوپای لوبنان.
  • بڕی 18 ملیۆن دۆلار بۆ سوپای ئوردن.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە: هاوپەیمانان سیستمی پاتریۆت لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەگوازنەوە

کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق و داواکاریی هەرێمی کوردستان بۆ سیستمی بەرگری

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا