بڕیار ڕەشید: 3 داواکاری بۆ دامەزراندن و گەڕاندنەوەی ماف ئاڕاستەی لیژنەی دارایی کراون
پووختەی هەواڵەکە
- سێ داواکاری لەبارەی دامەزراندن، پلەبەرزکردنەوە و مامۆستایانی وانەبێژی لادراو گەیێنرانە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.
- داواکارییەکان تایبەتن بە دەرچووانی پزیشکی، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم و 700 مامۆستای وانەبێژ.
- هەوڵدەدرێت لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی داهاتوودا چارەسەری دارایی و یاسایی بۆ داواکارییەکان بدۆزرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەک، کە بە کەناڵ8 گەیشتووە، بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند سێ داواکاریی فەرمی بە واژۆی پەرلەمانتاران گەیێنراونەتە لیژنەی دارایی، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی و دارایی لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی داهاتوودا.
دەقی داواکارییە ئاڕاستەکراوەکان بۆ لیژنەی دارایی
- تەرخانکردنی پلەی تایبەت و دامەزراندن بۆ دەرچووانی کۆلێجەکانی پزیشکی ددان و دەرمانسازی.
- ڕاگەڕاندنی پلەبەرزکردنەوە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2016وە ڕاگیراون.
- چارەسەرکردنی کێشەی نزیکەی 700 مامۆستای وانەبێژی لادراو کە 10 بۆ 12 ساڵ خزمەتیان هەبووە.
- نەکردنی جیاوازی لە نێوان فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراقدا.
- ڕەچاوکردنی خزمەتی وانەبێژە لادراوەکان و دابینکردنی پێداویستیی دارایی بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ دامەزراوەکان.
دەستپێشخەری پەرلەمانتاران و پشتیوانی فراکسیۆنەکان
بڕیار ڕەشید ئاماژەی بەوە کرد گەیشتنی ئەم داواکارییانە بە مانای دڵنیایی تەواوی جێبەجێبوونیان نییە، بەڵام وەک پەرلەمانتاران لە بەدواداچوونەکانیان بەردەوام دەبن، هەروەها هیواشی خواست سەرجەم پەرلەمانتاران لە هەموو فراکسیۆنەکان و بەتایبەتی فراکسیۆنە کوردستانییەکان هاوکار و پشتیوانی ئەم داواکارییانە بن تاوەکو بە هەوڵی هاوبەش بگەنە ئەنجام.
زانیاریی زیاتر لەسەر بابەتەکە
داواکاریی فەرمانبەران و دەرچووانی زانکۆکان لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کۆسپ بووەتەوە، لە لایەکەوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە ساڵی 2016وە ڕاگیراوە و لە لایەکی دیکەشەوە دەرچووانی پزیشکی ددان و دەرمانسازی لەگەڵ سەدان مامۆستای وانەبێژ چاوەڕێی دابینکردنی میلاک و شایستەی دارایی دەکەن لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا تاوەکو بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
د.بڕیار ڕەشید بۆ کەناڵ8: سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان لەسەر کار لادرا
بڕیار ڕەشید: هاوردەکردنی دۆلار بۆ عێراق بەردەوامە و هیچ ئاستەنگێک لەبەردەمیدا نییە
عێراق؛ پڕۆژەیاسایەک بۆ دامەزراندنی سندوقی سەقامگیریی مووچە ئامادە دەکرێت
هەوڵ بۆ دامەزراندنی 200 هەزار دەرچووی پزیشکی لە عێراق دەستیپێکرد
2 کاتژمێر پێش ئێستا