د. سومەییە نەقشبەندی: منداڵدانی دوولا مەترسیی لەبارچوونی کۆرپەلە زیاد دەکات

سەروەر سالار 2 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی منداڵدانی دوولا
وێنەی منداڵدانی دوولا

د. سومەییە عەتا نەقشبەندی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، سەبارەت بە منداڵدانی دوولا، دەڵێت:

  • منداڵدانی دوولا ناتەواوییەکی زگماکییە لە پێکهاتەی منداڵداندا
  • لە بری ئەوەی منداڵدان شێوەی ئاسایی خۆی هەبێت وەکو هەرمێیەکی سەرەوژێر، لە سەرەوە بەش بەش بووە و شێوەی دوو لای وەرگرتووە

کاریگەریی منداڵدانی دوولا لەسەر دووگیانی و منداڵبوون

  • زۆرێک لە خانمان لەکاتی بوونی منداڵدانی دوولادا دەتوانن بە شێوەیەکی سروشتی دووگیان بن و منداڵی تەندروستیان ببێت، بەڵام بە گشتی بە دووگیانییەکی مەترسیدار هەژمار دەکرێت و پێویستی بە چاودێریی پزیشکی زیاتر هەیە
  • لەبارچوونی منداڵ: منداڵدانی دوولا مەترسیی لەبارچوون لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا کەمێک زیاتر دەکات، چونکە بۆشایی ناو منداڵدان بەراورد بە ئاسایی تەسکترە یان ڕێژەی گەیشتنی خوێن بۆ دیواری منداڵدانەکە وەک پێویست نییە
  • منداڵبوونی پێشوەختە: بەهۆی کەمبوونی بۆشایی ناو منداڵدان بۆ گەشەکردنی کۆرپەلە، منداڵدان زووتر دەکشێت، کە ئەمەش دەبێتەهۆی دروستبوونی ژانی منداڵبوون پێش کاتی ئاسایی (پێش هەفتەی 37)
  • گۆڕانی دۆخی کۆرپەلە بەهۆی شێوەی منداڵدانەکەوە، کۆرپەلە ناتوانێت بە ئاسایی بسوڕێتەوە بۆ ئەوەی سەری بەرەو خوار بێت، بۆیە زۆرجار کۆرپەلە بە پێ یان بە دانیشتنەوە دەمێنێتەوە لە ناو منداڵداندا
  • زیادبوونی ئەگەری ئەنجامدانی نەشتەرگەری: ئەگەر کۆرپەلە سەری بەرەو خوار نەبێت یان بۆشایی پێویست بۆ منداڵبوونی سروشتی نەبێت، بۆ دەکرێت پزیشکەکە بڕیاری ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ منداڵبوونی خانمەکە دەدات
  • کەمبوونی کێشی منداڵ: بەهۆی بەرتەسکی شوێنی گەشەکردنی کۆرپەلەوە لە ناو منداڵداندا، ئەگەری هەیە منداڵەکە کاتی لەدایکبوون کێشی لە ڕێژەی ئاسایی کەمتر بێت

زانیاریی زیاتر

بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر دەتوانن سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن

کاریگەریی گرێکانی منداڵدان لەسەر ماوەی دووگیانی

سەروەر سالار

2 کاتژمێر پێش ئێستا