چارەسەری قەیرانی بەنزینی هەرێمی کوردستان لە نێوان هەولێر و بەغداددایە
پووختەی هەواڵەکە:
- لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق چاوەڕێی پێشنیازی هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی بەنزین.
- هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجام دەدرێت و ڕاپۆرتێک بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان ئامادە دەکرێت.
- هەرێمی کوردستان داوای زیادکردنی پشکی نەوتی خاوی ناوخۆیی دەکات، بەڵام بەغداد تاوەکو ئێستا ڕەزامەندی لەسەر زیادکردنی بڕەکە دەرنەبڕیوە.
- لە ئێستادا تەنیا 50,000 بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی ناوخۆ تەرخان کراوە کە بەشی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بازاڕی هەرێمی کوردستان ناکات.
زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 ئاماژە بەوە دەکات، قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان چووەتە قۆناغێکی نوێی گفتوگۆوە و لیژنەیەکی باڵای پەرلەمانی هەوڵدەدات بەغداد ناچار بکات پشکی نەوتی پاڵاوگەکان زیاد بکات تاوەکو نرخی بەنزین لە بازاڕەکاندا داببەزێت.
لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمان:
- هەرێم کەمال ئاغا بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند کە لیژنەکەیان چاوەڕێی پێشنیازی هەردوو وەزارەتەکەیە بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکە.
- هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی نوێ بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازە فەرمییەکان ئەنجام دەدرێت.
- ڕاپۆرتی کۆتایی لیژنەکە ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت تاوەکو بڕیاری یاسایی لەسەر بدرێت.
- لیژنەکە ئەرکی دۆزینەوەی میکانیزمێکە کە هاوسەنگی لەنێوان دابینکردنی سووتەمەنی و نرخەکاندا دروست بکات.
وەزارەتەکانی نەوت و سامانە سروشتییەکان:
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم جەخت لەسەر زیادکردنی بڕی ئەو نەوتە دەکاتەوە کە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ تەرخان دەکرێت تاوەکو پاڵاوگەکان بتوانن بەنزینی زیاتر بەرهەم بهێنن. لە بەرامبەردا، وەزارەتی نەوتی عێراق تاوەکو ئێستا تەنیا ڕێگەی بە گلدانەوەی 50,000 بەرمیل نەوت داوە و ئامادە نییە ئەو بڕە زیاد بکات، ئەمەش وایکردووە قەیرانی بەنزین لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بمێنێتەوە و نرخەکەی دانەبەزێت.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
تیمى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەکە گەیشتە پەرلەمان
3 کاتژمێر پێش ئێستا