داوادەکرێت قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە نرخی فەرمیی دۆلار بێت
پووختەی هەواڵەکە:
- دەستەی وەبەرهێنانی عێراق داوا لە هەرێم دەکات قیستی یەکەکان بە نرخی فەرمی وەربگیرێت.
- بەپێی گشتاندنەکە دەبێت نرخی 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار لە کڕیاران وەربگیرێت.
- جیاوازیی نرخی دۆلاری بازاڕ و بانکی ناوەندی لە سەرووی 20 هەزار دینارەوەیە.
- پابەندنەبوونی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بە نرخی فەرمی بارگرانیی بۆ هاووڵاتییان دروستکردووە.
دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنانی عێراق بە فەرمی داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە دەستبەرداری نرخی بازاڕی دۆلار ببن؛ ئاڕاستەکردنی ئەم گشتاندنە بە مەبەستی ناچارکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونە تاوەکو وەرگرتنی قیستە مانگانەکان هاوتای نرخی فەرمیی 132 هەزار دینار بکەن و کۆتایی بە سەپاندنی نرخی بەرزی بازاڕ بەسەر هاووڵاتییاندا بهێنن.
دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنانی عێراق و نوێنەرانی پەرلەمان ئەم ڕێکارانەیان دیاریکردووە:
- دەرکردنی گشتاندنی فەرمی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پابەندکردنی سەرجەم پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.
- دیاریکردنی نرخی 100 دۆلار بە 132,000 دینار وەک تاقە پێوەری فەرمیی وەرگرتنی قیستی مانگانەی یەکەکانی نیشتەجێبوون.
- داواکاریی پەرلەمانتاران بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بە شێوەیەکی ئیجباری بەسەر سەرجەم کۆمپانیاکانی نیشتەجێبووندا بەبێ جیاوازی.
- ڕێگریکردن لە زیانگەیشتن بە کڕیاران و یەکسانکردنی مامەڵە داراییەکان لە تەواوی پارێزگاکانی عێراقدا.
بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان:
دۆخی مامەڵەکردن لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بارگرانییەکی قورسی دارایی لەسەر کڕیارانی یەکەکانی نیشتەجێبوون دروستکردووە؛ سەرەڕای ئەوەی لە 8ی شوباتی 2023ـەوە بانکی ناوەندیی عێراق نرخی فەرمیی 100 دۆلاری بە 132,000 دینار جێگیرکردووە، بەڵام جیاوازیی نرخ لە بازاڕی ئاڵۆگۆڕی دراودا بە زیاتر لە 20,000 دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک ماوەتەوە، هاوکات پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بە نرخی بازاڕ یاخود بە دۆلاری کاش قیستەکان وەردەگرن، ئەمەش وایکردووە کڕیاران مانگانە بڕێکی زۆر لە پارەی زیادە بدەن.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ:
وەزارەتی پلاندانانی عێراق: زیاد لە هەشت ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون لە عێراقدا هەیە
2 کاتژمێر پێش ئێستا