وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان پێشنیازەکانى لەبارەى سووتەمەنى دەداتە لیژنەى نەوت و گاز
پووختەی هەواڵەکە:
- وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان ئامادەیی دەربڕیوە 50 هەزار بەرمیلەکە بداتە وەزارەتى نەوت
- وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان داواى 140 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە دەکات
- وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان داواى 14%ـى سووتەمەنیى دابینکراو بۆ عێراق دەکات
سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێت، داوایان لە وەزارەتى نەوت و سامانە سرووشتییەکان کردوە، پێشنیازى خۆیان بنێرن بۆ چارەسەری گرانیی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، دواى گەیشتنى پێشنیازەکانى وەزارەتى نەوت، ڕاپۆرتێک ئاڕاستەى سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنى نوێنەران دەکەن.
لێدوانی سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان
- داوا لە وەزارەتی نەوت و سامانە سرووشتییەکان کراوە هەردوولا بە نووسراو پێشنیاز و داواكانیان ئاڕاستەى لیژنەکەیان بکەن.
- وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، بۆ دابینكردنی بەنزینی 450 دیناری و سووتەمەنییەكانی دیکە، بە نووسراوی فەرمی پێشنیازەکانى خۆى خستووەتەڕوو.
- ئەگەر حکومەتى ناوەند، پێچووى دەرهێنان و گواستنەوەى 50 هەزار بەرمیلەکە لە ئەستۆ بگرێت، دەتوانن بەنزین بە 450 دینار بۆ هەر لیترێک دابین بکەن.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکى لیژنەى نەوت و گاز لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لە 26 و 27ـى ئاب لیژنەکەیان لەگەڵ هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سرووشتییەكان كۆبووەوە، داوایان كردووە هەردوولا بە نووسراو پێشنیاز و داواكانیان ئاڕاستەى لیژنەکەیان بکەن.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، بۆ دابینكردنی بەنزینی 450 دیناری و سووتەمەنییەكانی دیکە، بە بڕ و نرخی وەك پارێزگاكانی دیکەى عێراق، بە نووسراوی فەرمی پێشنیازەکانى خۆى خستووەتەڕوو.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان داوای لە %14ـی تەوتی خاوی دابینکراوی کردووە
وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان لە نووسراوەکەیدا داوایکردووە 14%ـى نەوتى خاوى دابینکراو بدرێتە هەرێمى کوردستان کە 140 هەزار بەرمیلى ڕۆژانەیە، یاخود 14%ـى بەنزین و سووتەمەنییەکانى دیکەى دابینکراو بۆ عێراق بدرێتە هەرێمى کوردستان، لەبەرامبەردا لارییان نییە 50 هەزار بەرمیلەکە ڕادەستى وەزارەتى نەوتى عێراق بکەن.
لە خاڵێکى دیکەشدا، وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان ڕایگەیاندووە، ئەگەر حکومەتى ناوەند، تێچووى دەرهێنان و گواستنەوەى 50 هەزار بەرمیلەکە لە ئەستۆ بگرێت، دەتوانن بەنزین بە 450 دینار بۆ هەر لیترێک دابین بکەن.
ڕەتکردنەوەی داوایەکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە لایەن وەزیری داراییەوە
هەروەها وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان، وێنەیەکى ئەو نووسراوەى ناردووەتەوە بۆ لیژنەکە، کە داواى لە وەزیرى نەوت کردووە هاوشێوەى پارێزگاکانى عێراق بەرهەمە نەوتییەکانییان لە پاڵاوتنى 15 هەزار بەرمیل نەوتى خاو لەسەر بنەماى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ دابینبکرێت، بەڵام وەزیرى دارایی ڕەتیکردووەتەوە.
لە نووسراوێکى دیکەدا کە لە 20ـى تەمموز نێردراوە بۆ کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکان، پێداویستییەکانى هەرێمى کوردستانى بەمجۆرە دیاری کردووە.
پێداویستیی ڕۆژانەى وێستگەکانى کارەبا بە نەوتى ڕەش 3250 تۆن
پێداویستیى ڕۆژانەى وێستگەکانى کارەبا بە گازوایل/ ملیۆنێک و 950 هەزار لیتر
پێداویسیی ڕۆژانەى هەرێمى کوردستان بە غازى ئێڵ پى جى/ 2000 تۆن
پێداویستیی ڕۆژانەى هەرێمى کوردستان لە بەنزین/ حەوت ملیۆن لیتر
پێداویستیی ڕۆژانەى هەرێمى کوردستان لە سووتەمەنیى فڕۆکە 50 هەزار لیتر
پێداویستیی ساڵانەى هەرێمى کوردستان بە نەوتى سپى 563 ملیۆن و 500 هەزار لیتر
هەرێم کەمال ئاغا، ڕاشیگەیاند، لیژنەکەیان داواى لە وەزارەتى نەوتى عێراقیش کردووە، پێشنیازەکانى بۆ چارەسەرکردنى قەیرانى بەنزین لە هەرێمى کوردستان، بەنووسراو بنێرێت بۆ لیژنەکەیان.
گوتیشى، دواى گەیشتنى پێشنیازەکانى وەزارەتى نەوت، ڕاپۆرتێک ئاڕاستەى سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنى نوێنەران دەکەن.
تاوەکو بڕیارێک پەسەند بکرێت و بەهۆیەوە هاونیشتمانییانى هەرێمى کوردستانیش هاوشێوەى پارێزگاکانى دیکەى عێراق سوودمەندبن لە بەنزینى 450 دینارى.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی: بەدوای چارەسەرێکی بنەڕەتیدا دەگەڕێین بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بەنزین
بۆ چارەسەری قەیرانی بەنزین لە هەرێم چاوەکان لەسەر بەغدادن
هەرێم کەمال ئاغا: قەیرانی بەنزین لە هەرێم "دەستکردە" و چارەسەرەکە لە بەغدادە
هەرێم کەمال ئاغا: پێویستە ماف و شایستەکانى هاونیشتمانییانى هەرێمى کوردستان لە بودجە جێگیر بکەین
3 کاتژمێر پێش ئێستا