لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی قیستەکانی شووقە و خانوو بە نرخی فەرمی وەردەگیرێن
پووختەی هەواڵەکە:
- لەسەر داوای نووسینگەی قوباد تاڵەبانی بەشێک لە وەبەرهێنەران قیستی یەکەکان بە نرخی فەرمی وەردەگرن.
- بانکی ناوەندیی عێراق دۆلاری فەرمی بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان نادات.
- دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنانی عێراق داوای جێبەجێکردنی ئیجباریی نرخی فەرمی لە هەرێم دەکات.
- جیاوازیی نرخی 100 دۆلار لە نێوان بازاڕ و نرخی فەرمی لە سەرووی 20 هەزار دینارەوەیە.
زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8 کە دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی دۆلار، بەشێک لە کۆمپانیاکانی نیشتەجێبوونی لە هەرێمی کوردستان ناچارکردووە دەستبەرداری نرخی بازاڕ ببن؛ سەرەڕای بێبەشکردنی پڕۆژەکان لە دۆلاری فەرمیی بانکی ناوەندی، هەوڵە ئیدارییەکان وایکردووە چەندین وەبەرهێنەر وەرگرتنی قیستی مانگانەی یەکەکان هاوتای 132 هەزار دینار بکەن بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر هاووڵاتییان.
عەزیز سەعید، ڕاوێژکاری قوباد تاڵەبانی بۆ کاروباری وەبەرهێنان بۆ کەناڵ8:
- دەستپێشخەریی نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ داواکردن لە وەبەرهێنەران تاوەکو قیستەکان بە نرخی فەرمی وەربگرن.
- ڕازیبوونی بەشێک لە کۆمپانیاکانی نیشتەجێبوون بۆ مامەڵەکردن بە نرخی 132,000 دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک لە بەرژەوەندیی کڕیاران.
- دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە بانکی ناوەندیی عێراق دۆلاری پاڵپشتیکراوی فەرمی بە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان نادات.
- بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ فراوانکردنی بازنەی ئەو پڕۆژانەی کە هاوکاریی هاووڵاتییان دەکەن لە شێوازی وەرگرتنی قیستەکاندا.
دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنانی عێراق:
هەوڵە یاساییەکان لەسەر ئاستی عێراق چڕبوونەتەوە؛ دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنانی عێراق بە فەرمی گشتاندنی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم کردووە بۆ ئەوەی سەرجەم پڕۆژەکان پابەند بکرێن بە دیاریکردنی 100 دۆلار بە 132,000 دینار، هاوکات محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم جەختی لە هاندانی بەردەوامی کۆمپانیاکان کردووەتەوە بۆ پەیڕەوکردنی ئەو نرخە، لە کاتێکدا جیاوازیی نرخی فەرمی و بازاڕ کە زیاتر لە 20,000 دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێک، هێشتا وەک بارگرانییەکی دارایی لەسەر شانی بەشێکی زۆری کڕیاران ماوەتەوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ:
محەمەد شوکرى: بانکى ناوەندیی عێراق بە نرخى فەرمى دۆلار ناداتە وەبەرهێنەرانى هەرێمى کوردستان
داوادەکرێت قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە نرخی فەرمیی دۆلار بێت
2 کاتژمێر پێش ئێستا