چوارچێوەی هەماهەنگی داوای پەسەندکردنی چوار یاسای جێی ناکۆکی دەکات

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی
کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی

پووختەی هەواڵەکە:

  • چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەیەکدا داوای دەرکردنی پڕۆژەیاساکانی حەشدی شەعبی، نەوت و غاز، دادگای فیدراڵی و ئەنجوومەنی فیدراڵی کرد.
  • ئەو یاسایانەی داوای یەکلابوونەوەیان دەکرێت، لە دوای ساڵی 2005ـەوە بەهۆی نەبوونی سازانی سیاسی لە پەرلەمان پەسەند نەکراون.
  • پرۆژەیاسای نەوت و غاز دەسەڵاتی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی داهات لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد یەکلادەکاتەوە.
  • بەشێک لە لایەنەکان هۆشداری دەدەن لەوەی تێپەڕاندنی ئەو یاسایانە بەبێ ڕێککەوتنی پێشوەختە، ململانێی سیاسی نوێ دروستدەکات.

سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی کۆبوونەتەوە و بڕیاریانداوە کار بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسایانە بکەن کە بۆ ماوەی 19 ساڵە نێو ماڵی شیعە، سوننە و کورد لەسەریان ڕێکنەکەوتوون. بەپێی زانیارییەکان، هەوڵەکان بۆ ئەوەن پێگەی یاسایی حەشدی شەعبی و دادگای فیدراڵی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا جێگیر بکرێت و دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش یەکلایی بکرێتەوە. ئەم هەنگاوە ڕەنگە ناکۆکییە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق بگەیەنێتە لوتکە ئەگەر بێ سازان بخرێنە دەنگدانەوە.


چوارچێوەی هەماهەنگی:

  • پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی پێویستە ئەم یاسایانە لە خولی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەربکرێن.
  • داوای تەواوکردنی بڕگە یاساییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی دەکات، بە ئامانجی ڕێکخستنی کارەکانی و بەهێزکردنی ڕۆڵی لەناو دەوڵەتدا.
  • دەرکردنی یاساکانی نەوت و غاز، دادگای باڵای فیدراڵی و ئەنجوومەنی فیدراڵی بە بنەمای تەواوکردنی دامەزراوە دەستوورییەکان دەزانێت.

پێکهاتەکانی دیکە و ناڕازییان:

کورد و سوننە بە وریایی و خۆپارێزییەوە مامەڵە لەگەڵ بەیاساییکردنی دەستەی حەشدی شەعبی دەکەن، بەتایبەت کە لەناو خودی لایەنە شیعەکانیشدا لەبارەی دەسەڵاتەکانی ئەو هێزە ڕێککەوتنی تەواو نییە. هاوکات لە پرسی یاسای نەوت و غازدا، هەرێمی کوردستان داوا دەکات مافی دەسەڵاتی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی کێڵگە هاوبەشەکان بەپێی دەستوور پارێزراو بێت، نەک لە ڕێگەی زۆرینەی پەرلەمانییەوە بڕیاری لەسەر بدرێت.

زانیاری لەسەر دۆسیەکە:

یاسای نەوت و غاز: لە دوای ساڵی 2005ـەوە 4 جار ڕەشنووسەکەی ئامادە کراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەسەر دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و دابەشکردنی داهات، نەخراوەتە بەرنامەی کاری پەرلەمان.

دادگای باڵای فیدراڵی: بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق و لە ساڵی 2005 پێکهێنراوە. دادگاکە لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین بڕیاری دژی هەرێمی کوردستان دەرکردووە، لەوانە: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمی 2017، نادەستووریبوونی یاسای نەوت و غازی هەرێم لە 2022، کەمکردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 بۆ 100 کورسی لە شوباتی 2024، و هەڵوەشاندنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم لە هەمان ساڵدا.

ئەنجوومەنی فیدراڵی: بەگوێرەی ماددەی 65ـی دەستووری عێراق، دەبوو وەک ئەنجوومەنێکی یاسادانان بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەرێم و پارێزگاکان پێکبهێنرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا وەک دەقێکی دەستووری ماوەتەوە و دانەمەزراوە.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی کۆبووەوە

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا