دوای دوو رۆژ تەرمی گەنجە ونبووەکەی رواندز دۆزرایەوە
پووختەی هەواڵەکە:
- ئیبراهیم ئیسماعیل تەمەن 25 ساڵ دوای 2 رۆژ لە بێسەروشوێنبوونی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە.
- تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵی دەرهێنانی تەرمەکەدان بەهۆی سەختیی هەڵکەوتەی شوێنەکەوە.
- پێشتر کەلوپەلی راوەماسییەکەی لە خەرەندی خاڵەڕەش لە نزیک رووباری کاولۆکان دۆزرابووەوە.
زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8 کە دوای 2 رۆژ لە ونبوونی و گەڕانێکی زۆر بەدوایدا، دواجار کۆتایی بە چارەنووسی ئەو گەنجە 25 ساڵەی رواندز هات و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە تەرمەکەی لە ناوچەیەکی سەختی ئاوییەوە دۆزرایەوە کە پێشتر تەنیا کەلوپەلەکانى راوەماسییەکەی لەسەر رووبارەکە جێمابوون.
هەوڵ و رێکارەکانی بەرگریی شارستانی:
- کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران رایدەگەیەنێت، تیمێکی 12 کەسی راسپێردرابوون بۆ گەڕان بەدوای گەنجەکەدا.
- دوابەدوای ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن هاووڵاتییەکەوە بە ناوی سۆران، توانیویانە تەرمەکە بدۆزنەوە.
- لە ئێستادا بەهۆی سەختیی شوێنەکەوە، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەرهێنانی تەرمەکە لە ئاوەکە و گواستنەوەی بۆ پزیشکی داد.
زانیارییەکانی کەسوکاری گەنجەکە:
لە بەرامبەردا، مامی گەنجەکە باسی لەوە کردووە کە ئیبراهیم ئیسماعیل دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی رواندزە و لە رۆژی یەکشەممەوە لە ماڵ دەرچووە بەمەبەستی راوەماسی. دواتر تەنیا کەلوپەلەکانی لە نزیک رووباری کاولۆکان دۆزراونەتەوە و هیچ سۆراغێکی دیکەی نەبووە تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ کە تەرمەکەی دۆزرایەوە.
زانیاریی لەسەر بابەتەکە:
بەپێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 11 حاڵەتی خنکان لە چەم و رووبارەکانی سنووری ئیدارەی سۆران تۆمارکراون و 10 کەسیش لە خنکان رزگارکراون. بەپێی زانیارییەکان زۆربەی حاڵەتەکانی رزگارکردنیش لە هەمان ئەو ناوچەیە بوون کە کەلوپەلەکانی ئەم گەنجەی لێ دۆزرایەوە.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
لە دوێنێوە گەنجێکی دانیشتووى ڕواندز لە ماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە
ئەمساڵ 57 هاونیشتمانی خنکاون و سەرپێچیکردنیش هۆکاری سەرەکیی خنکانەکانە
2 کاتژمێر پێش ئێستا