ئاژانسی ئەتۆم دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن بەشار ئەسەدەوە پشتڕاستدەکاتەوە
پووختەی هەواڵەکە
- ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئاشکرایکرد سووریا لە سەردەمی بەشار ئەسەددا سەرقاڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بووە.
- ڕیاکتۆرە ئەتۆمییەکەی سووریا بە هاوکاری کۆریای باکوور لە پارێزگای دێرەزوور لە ڕۆژئاوای کوردستان دروستکراوە.
- دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، پشکنەرانی ئاژانسەکە دەستیان بەسەر 73 تۆن یۆرانیۆمی سروشتیدا گرتووە.
پڕۆژەیەکی گەورەی نهێنیی ڕژێمی پێشووی سووریا ئاشکرابووە کە تێیدا بەشار ئەسەد بە هاوکاریی کۆریای باکوور هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی داوە، بەڵام بۆردومانەکانی ئیسرائیل و دواتر ڕووخانی ڕژێمەکە کۆتایی بەو هەوڵە هێناوە و ئێستا تەواوی یۆرانیۆمە شاراوەکان ڕادەستی پشکنەرانی نێودەوڵەتی کراون.
هەڵوێست و زانیارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم:
- ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسەکە ڕایگەیاند، ڕیاکتۆرەکەی دێرەزوور زۆر پێشکەوتوو بووە و نزیک بووە لە تەواوبوون بۆ بەرهەمهێنانی ماددەی چەکی ئەتۆمی.
- ئاژانسەکە جەخت دەکاتەوە کە پڕۆژەکەی سووریا جێگەی نیگەرانییەکی جدی بووە بۆ بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا.
- پشکنەرانی ئاژانسەکە دوای تێکدانی چەند دیوارێک و چوونە شوێنە نهێنییەکان، توانییان دەست بەسەر 73 تۆن یۆرانیۆمی سروشتیدا بگرن.
- بەڕێوەبەری ئاژانسەکە پێشوازی لە شەفافیەت و هاوکارییەکانی حکومەتی نوێی سووریا دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ڕابردوو.
هەڵوێستی حکومەتی نوێی سووریا:
لە بەرامبەردا، حکومەتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، بە فەرمی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی لە بوونی ئەو پێگە نهێنییانە ئاگادارکردەوە و ڕێگەی پێدان پشکنینی بۆ بکەن. وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕایگەیاندووە کە ئەو ماددانە مەترسییان نییە و لەژێر چاودێری کامێراکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیدا دەمێننەوە، هاوکات جەختیان لەوە کردووەتەوە کە سووریا مافی خۆیەتی لە داهاتوودا بۆ مەبەستی مەدەنی و بەرهەمهێنانی وزەی ئاشتییانە بەکاریان بهێنێت.
زانیاریی لەسەر بابەتەکە:
لە ساڵی 2007 ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر بنکەی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی کیبار لە پارێزگای دێرەزوور و بە تەواوی وێرانی کرد، لەو کاتەشدا ڕژێمی ئەسەد نکوڵیی لە بوونی پڕۆژەکە دەکرد. دواتر لە مانگی تەممووزی 2026دا حکومەتی نوێی سووریا دەرگای بەڕووی پشکنەراندا کردەوە. ئێستاش بەهۆی ئەو هاوکارییە بەرفراوانەی حکومەتی نوێوە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەرەو داخستنی دۆسیەی لێکۆڵینەوە مێژووییەکانی تایبەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی سەردەمی ئەسەد هەنگاو دەنێت.
زانیاریی زیاتر بۆ تۆ
خەمڵاندنەکان باس لە بوونی 100 پێگەی چەکی کیمیایی لە سووریا دەکەن
سووریا و ئیسرائیل لەسەر ئاستی باڵا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان کۆبوونەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا