مامۆستایانی گرێبەست بۆ بەهەمیشەییکردنیان لە سلێمانی گردبوونەوە ئەنجامدەدەن

ئارا ئیبراهیم 57 خولەک پێش ئێستا
دیمەنی گردبوونەوەیەکی مامۆستایانی گرێبەست
دیمەنی گردبوونەوەیەکی مامۆستایانی گرێبەست

پووختەی هەواڵەکە:

  • رۆژی پێنجشەممە مامۆستایانی گرێبەست لە سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیکە بۆ بەهەمیشەییکردنیان گرددەبنەوە.
  • ئامانجی گردبوونەوەکە فشارکردنە بۆ جێگیرکردنی تەرخانی دارایی دامەزراندنیان لە پڕۆژەبودجەی 2027ـی عێراقدا.
  • وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوای تەرخانی دارایی بۆ بەهەمیشەییکردنیان لە بەغداد کردووە.

زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8 کە دوای ئەوەی زیاتر لە 37 هەزار وانەبێژ کرانە گرێبەست، ئێستا دەیانەوێت قۆناغێکی نوێی فشار دروستبکەن و لەرێگەی شەقامەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە بەغداد ناچاربکەن بودجەی بەهەمیشەییکردنیان لە ساڵی 2027 جێگیر بکەن و بۆ ئەمەش ئامادەکارییان بۆ خۆپیشاندانێکی گەورە کردووە.


داواکاری و هەڵوێستی نوێنەری مامۆستایان:

  • کاروخ عەبدوڵا، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست رایدەگەیەنێت، رۆژی پێنجشەممە 10ـی ئەیلول لەبەردەم پەروەردەی گشتیی سلێمانی گردبوونەوەیەکی فراوان ئەنجامدەدەن.
  • داواکارن نوێنەرانی کورد لە بەغداد و حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ بەهەمیشەییکردنیان بکەن و داواکارییەکانیان بخرێتە بودجەی 2027ـەوە.
  • هاوکات لە چەند شارۆچکەیەکی دیکەش گردبوونەوە دەکرێت و بەنیازیشن لە داهاتوویەکی نزیکدا خۆپیشاندانێکی گەورە بە بەشداری توێژەکانی دیکە ئەنجامبدەن.

هەنگاوەکانی لایەنی حکومی و بەغداد:

لە بەرامبەر ئەم داواکارییانەدا، نوێنەرانی مامۆستایان پێشتر سەردانی بەغدادیان کردووە و فراکسیۆنە کوردییەکان بەڵێنی پاڵپشتییان پێداون. لەسەر ئاستی ناوخۆش، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ بەهەمیشەییکردنی سەرجەم فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست، بەجۆرێک یەکێکە لەو خاڵە سەرەکییانەی کە لە پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەبودجەی 2027ـی عێراق داوای تەرخانی دارایی بۆ کراوە.

زانیاریی لەسەر بابەتەکە:

لە هەرێمی کوردستان 37933 مامۆستای گرێبەست سەر بە وەزارەتی پەروەردە بوونیان هەیە. ئەم ژمارەیە زۆرە دوای چەندین ساڵ لە خزمەتکردن، دواجار لە مانگی تەممووزی 2024 بە بڕیارێکی حکومەت لە مامۆستای وانەبێژییەوە کرانە مامۆستای گرێبەست، ئێستاش دەیانەوێت هەنگاوێکی دیکە بچنە پێشەوە و هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکە بە یەکجاری و بەشێوەی هەمیشەیی دابمەزرێن.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

هەوڵەکان بۆ بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان لە بەغداد

نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست بۆ جێگیرکردنی مووچەکانیان لە بەغدادن

ئارا ئیبراهیم

57 خولەک پێش ئێستا