کونسوڵخانەی چین لە هەولێر: لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی خوێندکارە کوردەکە پێکهێنراوە
یەسنا ئومێد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پووختەى هەواڵەکە
- کونسوڵخانەی چین لە هەولێر: لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیانلەدەستدانی خوێندکارە کوردەکە پێکهێنراوە.
- کونسوڵخانەی چین: بە گرنگییەوە لە ڕووداوی گیانلەدەستدانی خوێندکارە کوردەکە دەکۆڵینەوە.
- کونسوڵخانەی چین: هاریکاری خێزانی خوێندکارەکە دەکەین بچنە چین و ڕێکارەکان ئەنجامبدەن.
کونسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاشكرایکرد، لیژنەیەکی تایبەتمەند پێکهێنراوە، تاوەکو لێکۆڵینەوەکانیان بە گوێرەی یاسا و ڕێکارە گونجاوەکان لەسەر ڕووداوی گیانلەدەستدانی هاونیشتمانییەکی کورد لە چین دەستپێبکەن.
کونسوڵخانەى چین چۆن باسى ڕووداوەکە دەکات و داواکارییەکانیان چییە؟
- گوتەبێژی کونسوڵخانەی گشتی چین لە هەولێر لە ڕاگەیێنراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، "لە درەنگانی شەوی 8ـی ئەیلوولی 2026 ئاگادار کرانەوە لە ڕووداوی گیانلەدەستدانی محەممەد سەعدەدەین هادی، خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی ئۆشن لە چین، لە وڵاتەکەیان خنکاوە.
- کونسوڵخانەی گشتی چین: سەرەخۆشی لە خانەوادەی خوێندکارە کوردەکە کردووە.
- کونسوڵخانەی گشتی چین: بە گرنگییەوە لە ڕووداوەکە دەڕوانن و هەرزوو پەیوەندییان بە بەرپرسانی وڵاتەکە کردووە، تاوەکو وردەکاری زیاتر لەسەر ڕووداوەکە بزانن.
- لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، هێزی ئەمنی گشتی و زانکۆکەش بەپەلە لیژنەیەکی تایبەتمەندیان پێکهێناوە، تاوەکو لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر ئەم ڕووداوە دەستپێبکەن.
- بەرپرسانی ئەمنی چینیش لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ باڵیۆزخانەی چین لە عێراق بۆ ئاگادار کردنەوەیان لە زانیارییەکان.
- لە ماوەی بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکانیش، کونسوڵخانەی چین داوا لە میدیاکان دەکات ڕێز لە تایبەتمەندیی خێزانی خوێندکارەکە بگرن و دووربن لەوەی هیچ زانیارییەکی ناڕاست بڵاوبکەنەوە.
- کونسوڵخانەکە ئامادەیی دەربڕیوە، تاوەکو سەرجەم هەماهەنگییە مرۆییەکان بۆ خێزانی محەممەد سەعدەدەین هادی دابین بکەن، تاوەکو بچنە چین و ڕێکارە پێویستەکان ئەنجامبدەن.
لە 8ـی ئەیلوول، تەرمی مامۆستایەکی زانکۆی هەڵەبجە لە وڵاتی چین دۆزرایەوە کە خوێندکاری دکتۆرایە و بە مەبەستی تەواوکردنی خوێندن ڕووی لەو وڵاتە کردبوو.
هەر لەسەر ئەم بابەتە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، داوای لە حکومەتی چین کرد، هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو خوێندکارە کوردە ئاشکرا بکات و کارئاسانییش بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی بکەن.
زانیارى زیاتر بۆ تۆ
تەرمی مامۆستایەکى زانکۆى هەڵەبجە لە وڵاتی چین دۆزرایەوە
قوباد تاڵەبانى داوایکرد چین هۆکارى گیان لەدەستدانى خوێندکارە هەڵەبجەییەکە ڕوونبکاتەوە
یەسنا ئومێد
2 کاتژمێر پێش ئێستا