ڕێنماییە خۆپارێزییەکان بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە هەوکردنی ڕێڕەوی میز

سەروەر سالار 3 کاتژمێر پێش ئێستا
زۆر ئاو خواردنەوە مەترسیی تووشبوون بە هەوکردنی ڕێڕەوی میز کەم دەکاتەوە
زۆر ئاو خواردنەوە مەترسیی تووشبوون بە هەوکردنی ڕێڕەوی میز کەم دەکاتەوە

د. ڕەوا عومەر، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و میزەڕۆ، سەبارەت بە هەوکردنی ڕێڕەوی میز، دەڵێت:

  • هەوکردنی ڕێڕەوی میز لە خانماندا یەکێکە لە کێشە تەندروستییە باوەکان
  • هەوکردنی ڕێڕەوی میز زیاتر بەهۆی چوونەژوورەوەی بەکتریاوە بۆ ناو ڕێڕەوی میز ڕوودەدات
  • بەهۆی کورتیی ڕێڕەوی میزەوە، خانمان ئەگەری تووشبوونیان بە هەوکردنی ڕێڕەوی میز زیاترە بە بەراورد بە پیاوان

نیشانە باوەکانی هەوکردنی ڕێڕەوی میز لە خانماندا

  • سووتانەوە یان بوونی ئازار لە کاتی میزکردندا
  • هەستکردن بە پێویستیی بەپەلە و بەردەوام بۆ میزکردن
  • لێڵبوونی ڕەنگی میز یان بوونی بۆنی ناخۆشی میز
  • هەستکردن بە ئازار لە بەشی خوارەوەی ورگ یان حەوز
  • لە کەسانی بەساڵاچوودا ڕەنگە نیشانەکان وەک سەرلێشێوان یان گۆڕانی ڕەفتار دەربکەون

ڕێنماییە خۆپارێزییەکان بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە هەوکردنی ڕێڕەوی میز

  • خواردنەوەی ئاوی پێویست: هەموو ڕۆژێک لانی کەم دوو بۆ سێ  لیتر ئاو بخورێنەوە بۆ شوشتنەوەی بەکتریان لە ڕێڕەوی میزدا
  • میزکردن لە دوای سەرجێیکردن: بۆ دەرکردنی ئەو بەکتریایانەی کە ڕەنگە چووبێتنە ناو ڕێڕەوی میز
  • ڕاگرتنی پاکی و خاوێنیی ئەندامی زاوزێ
  • چوونە توالێت دوانەخرێت
  • دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی بەرهەمی کیمیایی: وەک بەکارنەهێنانی سابوونی بۆندار و گیراوەی کیمیایی بەهێز بۆ پاککردنەوەی ناوچەی حەوز

زانیاریی زیاتر

بۆ دەستکەوتنی زانیاریی زیاتر دەتوانن سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن

بۆچی زووزوو تووشی هەوکردنی ڕێڕەوی میز دەبیت؟

سەروەر سالار

3 کاتژمێر پێش ئێستا