شاندی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ نووسینەوەی بودجە دەچێتە بەغداد

ئارا ئیبراهیم 1 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەیەکی پێشتری  شاندی هەرێمی کوردستان و لیژنەی وەزاری حکومەتی فیدراڵی
کۆبوونەوەیەکی پێشتری شاندی هەرێمی کوردستان و لیژنەی وەزاری حکومەتی فیدراڵی

پووختەی هەواڵەکە:

  • شاندی دارایی هەرێمی کوردستان ئەم هەفتەیە بۆ بەشداریکردن لە داڕشتنی بودجەی 2027 دەچێتەوە بەغداد.
  • هەرێم هەوڵدەدات 29 تریلیۆن دینار و پشکی %14.1 بەپێی سەرژمێری لە بودجەدا بچەسپێنێت.
  • شاندەکە ڕایدەگەیەنێت هەرێم ناتوانێت 400 هەزار بەرمیل دابین بکات و تواناکەی تەنیا 270 هەزار بەرمیلە.
  • خەرجکردنی 5.5 تریلیۆن دینار بۆ وەبەرهێنان لە ڕێگەی سیستمێکی ئەلیکترۆنی لەگەڵ بەغداد چاودێری دەکرێت.

شاندێکی تەکنیکی و دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم هەفتەیە دەگاتە بەغداد تاوەکو ڕاستەوخۆ بەشداری لە نووسینەوەی ماددە و بڕگەکانی تایبەت بە پشکی هەرێم لە بودجەی 2027 بکات. شاندەکە کار لەسەر چەسپاندنی 29 تریلیۆن دینار و مافە داراییەکانی وەک پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندن دەکات، هاوکات پرسی نەوت و توانای ڕاستەقینەی بەرهەمهێنان وەک گرێکوێرەی سەرەکیی گفتوگۆکان ماوەتەوە.


شاندی دارایی هەرێم و پاکێجی داواکارییەکان

  • شاندەکە لە دکتۆر ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکاری وەزارەتی دارایی پێکدێت.
  • شاندەکە کار لەسەر جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم دەکات کە نزیکەی 29 تریلیۆن دینارە بە پشکی %14.1 بەپێی سەرژمێریی دانیشتووان.
  • پاکێجەکە مافەکانی مووچەخۆران، پلەبەرزکردنەوەی مەدەنی و سەربازی، دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان و پشکی پێشمەرگە لە بودجەی سیادی لەخۆدەگرێت.
  • بۆ پاراستنی پشکی وەبەرهێنان کە داوای 5.5 تریلیۆن دینار کراوە، لە ڕێگەی سیستمێکی ئەلیکترۆنییەوە بەغداد چاودێریی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەکات تا وادەی تەواوبوونیان.

قەبارەی بودجەی عێراق و کێشەی نەوت

بەپێی پێشبینییەکان، قەبارەی پڕۆژەبودجەی 2027ـی عێراق لەنێوان 180 بۆ کەمتر لە 200 تریلیۆن دیناردا دەبێت، بەڵام خاڵی ناکۆکی لە نێوان هەردوولادا لەسەر پرسی ڕادەستکردنی نەوتە؛ لە کاتێکدا بەغداد داوای ڕادەستکردنی ڕۆژانەی 400 هەزار بەرمیل دەکات، شاندی هەرێم ڕوونی دەکاتەوە کە لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی ناوخۆ لە نێوان 260 بۆ 270 هەزار بەرمیل نەوتدایە و ناتوانرێت ئەو بڕەی بەغداد داوای دەکات دابین بکرێت.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

زانیاریی کەناڵ8: سەرەتاى ئەم هەفتەیە تەمویلی مووچەى مانگى 8 ڕەوانە دەکرێت

ئارا ئیبراهیم

1 کاتژمێر پێش ئێستا