لە سلێمانی کڕین و فرۆشتنی ماتۆڕسکیلی بێسەرەتا و دەنگبەرز قەدەغە دەکرێت

ئارا ئیبراهیم 1 کاتژمێر پێش ئێستا
ماتۆڕسکیلە بێسەرەتاکان
ماتۆڕسکیلە بێسەرەتاکان

پووختەی هەواڵەکە:

  • ئاسایشی سلێمانی کڕین و فرۆشتنی ماتۆڕسکیلی بێسەرەتا و دەنگبەرزی قەدەغە کرد.
  • ڕۆژی 1ـی تشرینی یەکەم دوا مۆڵەتە بۆ پێشانگەکان تا مامەڵە بەو ماتۆڕسکیلانەوە ڕابگرن.
  • لە دوای وادەی دیاریکراو تەنیا ڕێگە بە فرۆشتنی ماتۆڕسکیلی کارەبایی و بێدەنگ دەدرێت.
  • تیمەکانی هاتوچۆ و قایمقامییەت دەست بەسەر سەرجەم ماتۆڕسکیلە دووچەرخە و سێچەرخە سەرپێچیکارەکاندا دەگرن.

زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8 کە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی بە فەرمی بڕیاری داوە کڕین و فرۆشتنی سەرجەم ماتۆڕسکیلە بێسەرەتا و دەنگبەرزەکان لە سنوورەکە قەدەغە بکات و دوا مۆڵەتی بۆ پێشانگەکان دیاریکردووە. ئەم بڕیارە دوای هەفتەیەک لە بەدواداچوونێکی کەناڵ8 دێت لەسەر بێزارکردنی هاوڵاتییان لەلایەن ئەو ماتۆڕسکیلانەوە، لە کاتێکدا لە دوای 1ـی تشرینی یەکەم ڕێکاری توندی یاسایی دژ بە سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.


بڕیارەکانی ئاسایشی سلێمانی و مۆڵەتی پێشانگەکان

  • ڕۆژی 1ـی تشرینی یەکەم دیاریکراوە وەک دوایین مۆڵەت بۆ پێشانگەکانی فرۆشتنی ماتۆڕسکیل تا مامەڵە بە ماتۆڕسکیلی بێسەرەتا و دەنگبەرزەوە ڕابگرن.
  • دوای تەواوبوونی ئەو مۆڵەتە، لێپرسینەوەی توندی یاسایی لەگەڵ خاوەنی ئەو پێشانگانەدا دەکرێت کە بەردەوام دەبن لە کڕین و فرۆشتنیان.
  • لە دوای وادەی دیاریکراوەوە، تەنیا ڕێگە بە مامەڵەکردن بەو جۆرە ماتۆڕسکیلانە دەدرێت کە سیستمی کارەبایی و بێدەنگیان هەیە.

هاتوچۆی سلێمانی و دەستبەسەرداگرتنی سەرپێچیکاران

موقەدەم دانا عوسمان، نوێنەری هاتوچۆ لە قایمقامییەتی سلێمانی ڕایگەیاند کە ڕۆژانە سکاڵایەکی زۆری هاونیشتمانییان لەسەر بێزاری و دەنگی بەرزی ئەو ماتۆڕسکیلانە دەگاتە دەستیان؛ ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارەکەی ئاسایش هاوتەریبە لەگەڵ کارەکانی قایمقامییەت و هاتوچۆ، و تیمەکانیان دەست بەسەر هەر ماتۆڕسکیلێکی دوو چەرخە و سێ چەرخەی دەنگبەرز یان بێسەرەتادا دەگرن کە لە شەقامەکاندا دەبینرێت.

زانیاری زیاتر بۆ تۆ

ماتۆڕسکیلە بێسەرەتاکان ساڵانە 2 ملیار دینار زیان بە هاونیشتمانییان دەگەیەنن

ئارا ئیبراهیم

1 کاتژمێر پێش ئێستا